نیاز
Appearance
سەردەمێک بوو دنیای گیانم تاریک و چۆڵ بوو، | کام «بەڕۆچکە»ی گەرمە دڵم، چەشنی سەهۆڵ بوو |
قەریحەم وشک، تەبیعەتم زەرد و ژاکاو بوو | زەردەخەنەم ئاخی سەرلێو، فرمێسکی چاو بوو! |
بە ئاسمانی هیوامەوە ئەستێرەکانم | بە هەزاران شائەستێرەی گەش گەشی جوانم |
هەموو نوقمی دەریای تەمی ڕەش و تاریک بوون | وەک وەنەوشەی چنراو لەگەڵ سیس بوون خەریک بوون |
سەردەمێک بوو بێ نەغمە بوو باغچەی ژیانم | بێ ورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم |
لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکابوو | شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستابوو |
تەلی عوود و کەمانم پس، کونی شمشاڵم | بەسرابوو وەک: گرێی دڵ و زمانی لاڵم! |
سەردەمێک بوو نە تریفەی مانگی هاوینم، | نە گزنگی هەتاوی سەر لووتکەی بەفرینم |
نە لەرزینی چینی سەر ڕووی گۆماوی شینم | نە بریقەی دووری چەمی پاش زۆر بارینم |
نە ورشەی گیای مێرگی سەوزی دەمەو بەهارم | نە شنەی بای دارستانی چڕی نزارم |
چەشنی جاران دای ئەخورپان ناخی دەروونم | ئەیهێنایە سەر هەڵقوڵین سەرچاوەی ڕوونم! |
سەردەمێک بوو، سەردەمێکی دوورودرێژ بوو | نوێنی ئارام بۆ من لەسەر چەرپایەی لێژ بوو |
نە خەوم خەو، نە خەیاڵم وەک خەیاڵ وا بوو | هەستیم وێنەی ئوقیانووسی ژێر ڕەشەبا بوو |
لەشم بێ هێز، گیانم بێزار، دڵم غەمگین بوو | هیوام تاریک، مەیتی عەشقم تابووتی ژین بوو! |
ناهومێد بووم، وام ئەزانی دەردێکە کاری | بەرەو پیری چوون هێناویە دیاریی ئێجگاری! |
ئیتر ئەبێ کونجێ بگرم، دۆش دابمێنم | لەسەر مەرگی عومری جوانیم یاسین بخوێنم! |
چاوەنواڕ بم ساکەی گەردوون، گەردوونی بێ باک | جانەوەری گۆڕ هان ئەدا بمکاتە خۆراک؟ |
بەڵام ئەی یار، یاری نازدار، شۆڕەژنی شۆخ! | بە لێوی ئاڵ، بە چاوی ڕەش، چاوی ڕەشی تۆخ |
بە باڵای بەرز، بە ئەندامی نەرم و شل و جوان | ڕەوتی شیرین، عیشوە و نازی گفتوگۆ و جووڵان |
بەم جوانیانە کە زینەتی بەهەشتی دنیان | بەم جوانیانە کە لە تۆدا هەموویان پەیدان |
لەو ڕۆژەوە دیومە سیحری زەردەخەنەی تۆ | دنیای دەروون مەلەکانی هاتوونەوە گۆ |
سەرچاوەکەی عومری جوانیم هاتۆتەوە قوڵ | باغچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ!... |
ئێستا ئەگەر بێت هیچ نەبێ لوتفی تۆ جارجار، | بملاوێنێ ئەی ژنی شۆخ، ئافرەتی نازدار |
قەسەم بە تۆ! قەسەم بە ناز! قەسەم بە جوانی! | هەموو هەستیم ئەچێتەوە دۆخی جارانی |
قوڵپی گەشی خوێنی جوانی دێتەوە لەشم | دیسان شەبەق ئەدا ئاسۆی ئاسمانی ڕەشم |
ئیتر ڕابوورد من پیر ببم، یان دڵم بمرێ | یا بلووری شادمانیم هەرگیز گەرد بگرێ |
ئەمجا ئەی یار، ئەی خواژنی عەشقم، ئەی ڤێنووس! | ئەی هەیکەلی بەدەن لە عاج، توالێت ئابنووس! |
هیچ نەبێ تۆ، بۆ خاتری جاهی ئەپۆلۆ | مەلی شیعرم مەیدان مەدە بکەوێ لە گۆ! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|