مەخمووری مەی و غەمزەیی دوو نێرگسی کاڵم
Appearance
مەخمووری مەی و غەمزەیی دوو نێرگسی کاڵم | پاماڵی خوماری مەیە، ئیدراک و کەماڵم |
بێ شەمعی ڕوخی شەوقی نییە گۆشەیی ماڵم | بۆ میهری وەفا، شاهیدی مەیخانەیە حاڵم |
دیدەکاڵ و شەمعی ماڵ و ڕوو بە خاڵم بۆ نەهات؟ | |
کارم هەموو گریانە بە دەم میحنەت و دەردۆ | مردم لە ئێش و ئۆفی قسەی دوژمن و بەدگۆ |
بۆ شیوەنی من دەنگی نەبوو، تورکی جەفاجۆ | لەم تالیع و بەختی بەد و سەرگەشتە خودا ڕۆ |
تورکی چین و مەهجەبین و نازەنینم بۆ نەهات؟ | |
بێ نەغمەیە یەک بارە چەمەن داخی گرانم | گوڵشەن بە دەمێ چۆڵە، بەبێ سەروی ڕەوانم |
بێ شاهید و بێ مەیل و شەکەرڕێزی جیهانم | وێران و پەرێشانە، عەجەب باخی گوڵانم |
نەو غەزال و قەد نیهال و بێ میسالم بۆ نەهات؟ | |
شیعرم وەکوو مەی باعیسی ئەنواعی نیشاتە | سەرمایەیی شۆر و تەرەب و عەیش و حەیاتە! |
تووتیی دڵەکەم مونتەزیری قەند و نەباتە! | بۆ نوقڵی دڵی عاجز و بێ سەبر و سوباتە! |
بادە نۆش و قەند فرۆش و سورمە پۆشم بۆ نەهات؟ | |
شەیدا سیفەت و عاجز و بێ سەبر و شەکیبم | ئاشوفتە و سەرگەشتە و بێ یار و حەبیبم |
هەر من لە تەرەب عاشقی بێ سەهم و نەسیبم | گیرۆدەیی دەردی ستەم و دەستی ڕەقیبم |
تورکی جەنگ و شۆخ و شەنگ و لالە ڕەنگم بۆ نەهات؟ | |
بەهبەهـ لە گرۆهی سەفی مەستانە حیسابم | لای مورشیدی مەیخانە مولەققەب بە جەنابم |
هەم ساقی و هەم جورعەکەشی جامی شەرابم | ئوستادی نەی و تار و مەی و چەنگ و ڕوبابم |
بادە خواهـ و موو سیاهـ و کەچ کولاهم بۆ نەهات؟ | |
بێ نەشئەیی دیدەم، شەوی یەڵدایە مەقامم | خاڵی لە شەمیمی گوڵ و شەوبۆیە مەشامم |
چونکوو ئەسەری قەت نییە، ئەنجامی مەرامم | بێ ڕەونەق و تەرتیبە، گوڵی نەزم و کەلامم |
نووری چاو و بۆ گوڵاو و توڕڕە خاوم بۆ نەهات؟ | |
بیمار و نەخۆشم، بە غەم و میحنەت و هیجران | ئیشم بە هەموو دەم بووەتە شیوەن و گریان |
ئارامی نەما مورغی دڵم، مات و پەرێشان | بۆ ڕەحمی نەبوو، لوتفی نەما کەس بە غەریبان؟ |
دیدە باز و عیشوە ساز و دڵ نەوازم بۆ نەهات؟ | |
بێ یارم و بێ هەم سوخەن و هەم نەفەسێکم | بێ هەمدەم و بێ یار و بەبێ دادڕەسێکم |
بۆ نوکتەیی شیرین نەفەسی وەک مەگەسێکم | موحتاجی نیگاهـ و نەزەری میهری کەسێکم |
هەم زمان و نیکتەزان و میهرەبانم بۆ نەهات؟ | |
ناری چییە لوتفی نییە دەربانی نیگارم؟ | سووچت چییە لاتاقمی دیوانی نیگارم؟ |
بتکەم بە فیدای توڕڕەیی فەرمانی نیگارم | تۆ بێژە بە یاران و غوڵامانی نیگارم |
ئەمری شاهـ و حوکمی جاهـ و دەفعی ئاهم بۆ نەهات؟ |
This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):
|