مۆسکۆی جوان
Appearance
ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپی پۆش! | ناودەمی ئاڵ پڕ لە گۆرانیی خۆش خۆش! |
بە ئاوازەی «ئۆرکسترا»ت وا مەستم، | هەر شەپۆلی شیعرە و ئەدا لە هەستم! |
لە هەنگوینی ئەفسانەی دانسی «بالێ»ت، | بە هەردوو چنگ ئەخۆم وێنەی برسیی شێت! |
لەرەی دەنگی «ئۆپێرا»کەت کە تک تک، | لە ناو گوێوە نەشتەر ئەدا لە گورچک، |
خونچەی تەڕی چیرۆکی بەستەکانی | بۆم ئەپشکوێت وەک گوڵی بەربەیانی! |
ئەی مۆسکۆی جوان، گەورە کچی ئوکتۆبەر! | حەوت ئەستێرەی یاقووت کە داوتن لە سەر، |
لە ناو زیوی تەما گەش ئەجریوێنن، | هەزار زوهرەی ئاسمانی شین ئەهێنن! |
«مەترۆ»ت ئەڵێی نوێنەگای نیگارە، | «مەیدانی سوور» جێی هەزاران هەزارە! |
تاقە گوڵی سووری جقەی دانشگات، | عەتری شەپۆل ئەدا وڵات بە وڵات! |
ڕۆژ لەنینە و لەسەر سەرت وەستاوە، | ڕێگات ڕووناک وەک بەفری بەر هەتاوە! |
مناڵەکەی ڕوومەت ئاڵی تێرشیرت | گوڵی پارکی «گۆرکی» دێنێتە بیرت، |
بۆیە کۆتری سپی و نەرمی باوەشت | مل هەڵئەسوێ، بێ سڵ لە گەرمیی لەشت! |
لە ناو بەفری بەرپێتا واق وڕماوم، | لە کام جوانیت نازانم، بدرووم چاوم؟! |
*** | |
ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپی پۆش | هەروەک: مەمێک زینێک ناکا فەرامۆش |
هەتا ئەمرێ، منیش، هەتا هەتایە | دڵگیریی تۆم هەرگیز لە دڵ دەرنایە! |
بە شەو چەمی گەوهەربەندی پشتێنت | لێم ئەبێتە ئاوێنەی باڵانوێنت، |
لە ناو ئاوا مۆسکۆیەکی نازدارتر، | لەنجەی دانسی گیان پڕ ئەکا لە ئاگر! |
جادەی شۆراو بریقەی دێ وەک بلوور، | تیا ئەلەرزێ «وێنە»ی گڕی سەوز و سوور، |
تاکسیم ئەکشێ بە شەقامی بێگەردا | بە سەر عەکسی وەنەوشەیی، یان زەردا |
ئەم ڕەنگانە و ئەو پرشنگەی ئاوازە | ئەیدا لە ڕووی پەنجەرەی کۆشکی تازە، |
بێ هەست ئەمکەن بە زاوای بەردەمی بووک، | دەم بو ماچت ئەبەم مۆسکۆی ئێسک سووک! |
1958/11
مۆسکۆ
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|