من کێم و تۆ کێیت
Appearance
من قامیشە شکاوێکم | زەلە فڕێ دراوێکم |
لە سەرە ڕێی مەینەتیدا | لە چەقی خەم و پەستیدا |
تۆش نایێکی شیرینی جوان | پەنجەی هونەر، هونەرمەندان |
ئەتجووڵێنێ بۆ ساز بە ناز | بە ئاواتی جوانتر ئاواز |
من بووکەشووشەی مناڵم | ژیرکەرم هۆی گڕوگاڵم |
من «یاری»ی مناڵەوردەکەم | بێفەڕترین بووکەشووشەم |
تۆش پەیکەرێکی پیرۆزی | ڕێکوپێکی، بەرزی، قۆزی |
دیاری و قوربانیت بۆ ئەدەن | بەکۆمەڵ قۆچت بەخت ئەکەن |
من گوڵێکی دانەوێڵەم | زەرد و ملکەچی دروێنەم |
ملم بە داس هەڵئەبڕڕێ | لاشەم لە دەشت فڕێ ئەدرێ |
بێ گۆڕ و شوێن بەدەم باوە | لاشەم وردە و تووڕ دراوە |
تۆش کێڵگەیەکی بەرینی | نەمری، جوانی، شیرینی |
ماوەیەک جوان گرتمتە خۆ | وشکت کردم هەروا بێ هۆ |
بێ خواحافیزی بەرت دام | هەروەها وازت لێ هێنام |
من هەناسەیەکی سەختم | کپ و بێدەنگ و بێبەختم |
ئاهێک کە هیچ ڕەنگی نییە | لە دەرچوونیش بێبەرییە |
تۆش ئاوازێکی بەجۆشی | گۆرانییەکی زۆر خۆشی |
لەسەر سەدان لێو و دەمی | دوور لە ناخۆشی یان خەمی |
لە خۆم ئەپرسم کە من کێم؟ | دەروونی خۆم ئەپسێت لێم |
مادەم من خۆم بە خۆم ئەڵێم | خۆم ئەپرسم کەوا من کێم |
ئایا من پارچەی کڵۆڵیم | بچووکترین بەش و لەتیم |
یان کڵۆڵی لەتە لە «من» | بچووکترین کەرتە لە من |
یەکێکمان هەر لەوی ترین | بۆیە وا بە یەک هۆگرین |
من پەڵەهەورێکم کە با | سەدان ئەملاولام پێ ئەکا |
بە هەواوە ئاوارە بووم | نابارێنم چونکە تینووم |
ئایا هەوریش هەیە تینوو؟ | بێسەروشوێن، ئاوارە بوو |
ئەو فرمێسکەی ئەیبارێنم | زووخاوە گشتی ئەڕژێنم |
زووخاوی دڵ ئەیڕژێنێ | ئەو دڵەی خوێن ئەدەڵێنێ |
وا بێتین و شەکەت بووە | ئەوەندە سزای چەشتووە |
چاوەکانم واق وڕماون | لە ترووکاندن وەستاون |
ئەوی «خۆشی» یان «شتێ» بێ | ئەوان هەر گاڵتەیان لێ دێ |
نەڵێی دڵم هەر سادەیە | بەڵکوو دوو گلێنەی هەیە |
بەوان هەست بە ئازار ئەکەم | هەست بە ڕۆژ شەوی تار ئەکەم |
ئەگەر ئەوان نەبوونایە | هەستیان بە من نەدابایە |
نە خۆم وەها باش ئەناسی | نە ئەمزانی تۆش چ کەسی |
من شەتڵێکی گەلێ ساوام | بچووک، دووپەل وا لە بنتام |
گوێم لە دەنگی بولبول نییە | نازانم خۆشخوانی چییە |
ئەو پایەیەم نییە کە وا | گوێم لە سۆز بێ لە هیچ وەختا |
تۆش دارێکی گەورە و بەرزی | خاوەن گۆپکی هەزار تەرزی |
پەل و لق و گەڵات زۆرە | بولبول و لان هەمەجۆرە |
هێلانەیان لەسەر پەلان | دروست ئەکەن بە دڵ و گیان |
سۆز و ئاواز و گۆرانی | ڕۆژ تا ئێوارە و بەیانی |
بۆت ئەڵێن و پێشکەشتە کەن | بێ ئەوەی دڵ لە دڵ بدەن |
گشتی بۆ خۆتە بەتەنیا | کەس هاوبەشت نییە تێیدا |
لەگەڵ ئەوەی کە ئاوت ئەدات | هەتا پۆپەم نوقم ئەکات |
من بە جارێ ئەخنکێنێ | گیانی شیرینم دەردێنێ |
من زەلکاوێکی بچووکم | بێنرخ و بێبەها و سووکم |
بۆق نەبێ هیچی تیا ناژی | قەوزە و هەڵم بە ناخۆشی |
دەور و سەریان وا گرتووم | وا ئەحواڵیان شڕ کردووم |
تیشکی ڕۆژم قەت لێ نادات | ئاوات بە لای دڵما ناڕوات |
تۆش مێرگێکی جوان و شیرین | پڕ لە گوڵان سەوز و بەرین |
نێرگس و گوڵی وەنەوشە | کام گوڵانەی بۆنیان خۆشە |
کام گوڵانەی گەلێ جوانن | لەسەر ڕووی تۆدا ڕواون |
تیشکی ڕۆژ بە ڕەنگەکانی | هەر حەوت ڕەنگە جوانەکانی |
پەخشان ئەبێ بە سەر تۆدا | دڵت پڕ لە ئاوات ئەکا |
ئەمە تۆ بیت جا ئەمن کێم | دەروونی خۆم ئەپرسێ لێم |
بەلەمێکم ڕێ بزربوو | ئاوارە و ڕێ هەڵەکردوو |
شەپۆلی ئاو بە ئەملاولاو | هەردەم بە لایەکمدا ئەدا |
کەوتوومەتە شەوێک کە ڕێ | هەر نازانم بۆ کوێ ئەچێ |
ئاواتمە کە نوقم بم | یان بۆ ڕۆخی دەریا بچم |
بگەمە ئەوێ ئەوسا لەوێ | تۆزێ وچانم بەر کەوێ |
بەتەما بووم کەوا بگەم | بەڵام داخەکەم داخەکەم |
من ئەو کەسەم کە چەند ساڵە | ژینم بەدبەختییە و تاڵە |
پەتی قەنارەم لە گەردن | لە مل شەتەک دراوە تون |
بەبێ ئەوەی گیانم دەرچێ | یاخود وازم لێ بهێنرێ |
مردن لەمە خۆشترێکە | هەر ساتێکم مردنێکە |
ئیتر من چۆنم پێ خۆش بێ | کە ناوی تۆم لە لا ببرێ |
لە کاتێکدا کە تۆ تەنیا | ئەم گشت سزایەت بە من دا |
تۆیت هۆی ژیانی سەختی من | بوویتە هۆی وا لێ کردنم |
نزیک مەرگ یان مردنم | با کۆتا بێ باسکردنم |
چ بێوەفا و بێبارێکی | چ ژەهرێکی، چ مارێکی |
ئەگەر«ڕووناکی» نەبوایە | سەد «تاریکی» بهاتایە |
هیچ کەس ڕقی لێ نەئەبوو | بیری بۆ ڕۆژ هەر نەئەچوو |
1962/10/05
بەندینخانەی سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|