Jump to content

من پێشمەرگەم

From Wikisource
من پێشمەرگەم (1966)
by عوسمان عوزێری
303286من پێشمەرگەم1966عوسمان عوزێری
وەرن سەیر کەن دونیای بێوەفا هەر وەک سینەما خۆی پیشان ئەدا
بزانن دنیا بۆ کەس نامێنێ مێژوو بە پڕتاو تۆڵە ئەسێنێ
وەها بێزار بووین تا کەوتینە کێو چەند ڕۆژ لە سەنگەر بێ نان و بێ شێو
دەستمان کردە مل چەکی ڕزگاری نەمانگرتە دڵ پەستی و بێزاری
یەکێ پەرداخی خوێن بە دەستەوە بە گورجوگۆڵی، نەک بە پەستەوە
تینیش بە دیلی بمێنێتەوە تۆڵەی کوردستان ئەسێنێتەوە
خوێنی شەهیدان بەجیا دانراوە لەگەل مێژوودا تێکەڵ کراوە
تا بەرز بکرێ بە تای تەرازوو نەوەک بخرێتە گۆڕی ئارەزوو
ئەبێ ئەم خاکە باوەش بهێنێ تا کورد قوربانی تیا بچێنێ
ئەبێ پاڵپشتی پارتی پێشڕەو بێ کوردستانیانە وێڵی زمان بێ
با پشتیوان بێ پێشمەرگەی پێشڕەو خاوەن خەبات و بەهێز و پتەو
پێشمەرگەی دلێر هەر بە چەکداری هەڵگرێ نامەی بەرزی ڕزگاری
باوەڕ قایم و دڵسۆز و دلێر دەرچن لە بێشە هەر وەک نەڕەشێر
هەر کەسێ لە کورد ببێ بە زوحاک بە زۆری چەکوش ئەچێتە ژێر خاک
قەت تەنیا یەک کەس نامێنێتەوە بەڵام میللەتێ سەر نانێتەوە
هەر ڕزگار دەبێ ئەم کوردستانە پارتیی خاوەنی ناو و نیشانە
لاپەڕەی مێژوو نووسی لە دەفتەر پێشڕەوی کوردە پیاوی خەباتکەر
منیش داومەتێ خوێن لەگەڵ پەیمان چونکە پێشمەرگەم لە بۆ کوردستان
من فیداکارم بۆ نیشتمانم خۆم بە ملکەچی پارتی ئەزانم
هەر پارتی ڕاستە بۆ ئەم میللەتە ئەوەی ئەیفرۆشێ ئەنجامی پەتە
من کە پێشمەرگەم بۆ کوردستانم چەکی ڕزگاریم وا لە سەر شانم
پەیمانم داوە بە پارتی و چەکم دایناگرمە خوار هەتا میللەتم
ئاڵا هەڵ نەکا لە شاخ و چیا سنوورەکانی دیاری نەکا جیا
خائینەکانی بدا بە دادگا لەبەر چاوی کورد گشت سزا بدا
ئینجا هەڵ بکا ئاڵای ئازادی بانگەواز بکا بۆ کوردەواری
بڵێ ئەو ڕۆژەی ئاواتەخواز بوو ئەوا هاتە دی خێرا زووبەزوو
تێر تەماشا کەم ئەم خاکە جوانە ڕزگاری بووە لە دەست بێگانە
بە دلێکی خۆش خاڵی لە خەیاڵ بگەڕێمەوە ناو ماڵ و منداڵ
ئەگەر مردیشم جێگام بەهەشتە لەدوام فاتیحا و خێر و ڕەحمەتە
ئیتر خواحافیر هاونیشتمانییەکان هەرگیز کۆڵ نەدەن قەد لە تێکۆشان
بمرێ خائین و کوردفرۆشەکان سەربەرز و ڕزگار کورد و کوردستان


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).