مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی
Appearance
مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی | تۆ لە باوکم زیاتر بۆ من دڵسۆزی |
جوان هەست ئەکەم بە زوبانێکی شیرین | پێم ئەبەخشی زانستی خۆت چین بە چین |
هێزی دڵ و دماغت هێندە بەرزە | وتارەکەم هەستیم دێنێتە لەرزە |
تۆ بە بیری ڕووناک ڕێگەی ژیانم | ڕۆشن ئەکەی چەوتیم ئەدەی نیشانم |
ئاگام لێیە بەباسی کرداری جوان | ئەمخەیتە سەر شەقامی ڕاست و ڕەوان |
زۆر حەز ئەکەی وەک دانیشتووی ڕۆژئاوا | خۆم و هۆزم بەرز بینەوە بێ داوا |
لە مەیدانی ژیانا سەربەخۆبین | زانا و هوشیار لەگەڵ یەک بێ درۆبین |
مامۆستا گیان تۆ پێشەوای جوانانی | چرای ڕووناکیی خاکی کوردستانی |
لە نیشتمانا سەرکردەی زانستیت | بنچینە دانەری قەڵای سەربەستیت |
بەڵام سەد ئاخ ئەوەمان ناتەواوە | لای کورد هێشتا قەدرت باش نەزانراوە |
ئەمجا تۆش گەورەم چونکە ئێجگار ژیری | لام وایە لەم حاڵە کەمێ دڵگیری |
باوەڕ ناکەم ئەوەش عەزمت بشکێنێ | دانا هیچ کاتێک عەزمی نانەوێنێ |
ڕۆژێک ئەبێ قەدرت بگرن بە چاوان | لەبەر دەمتا بوەستن تیپی لاوان |
هەیکەلێکت بۆ بکەن گشتی ئاڵتوون | گوڵبارانی بکەن بە شەوقی دەروون |
هیوای من و تۆ ئەوسا دێتە مەیدان | کوڕنووش بەرن بۆ هەیکەلت پیر و جوان |
1947/02/26
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|