ماف
Appearance
ئەی ماف تۆ وشەی سەردەمی گەلی | تەرازووی ڕاستی ڕۆژی ئەزەلی |
هەوڵت بۆ ئەدەن لە هەموو جیهان | کە دەستگیری کەن بە پارە و ژیان |
چونکە ئەو گەلەی تۆی تیا بڵاو بێت | وشەت لەباتی وشەی سڵاو بێت |
ئەو گەلە وەک دار بەرز ئەبێتەوە | زۆردار لەناویا جێی نابێتەوە |
هەموو بەختیار و دڵ پڕ لە هەستن | هەر وشە و ناوی تۆ ئەپەرستن |
چونکە ئەگەر تۆ چوویتە هەر جێگا | گورگ و مەڕ بەجووت ئەڕۆن لە ڕێگا |
چەن هەزار ڕۆڵە بە سەرمایەوە | لەبەر ناوی تۆ سەری نایەوە |
بەڵام تۆی نەدی قەت بە خۆیەوە | ئەوە بوو بە زام لەسەر سۆیەوە |
هەروەها گەلی کوردی بەشکراو | بێ تۆیە بۆیە کزە و بێ هەناو |
چەن ڕۆڵەی جگەرگۆشەی هۆزی کورد | لەبەر ناوی تۆ بۆ زیندانیان برد |
هەرچەندە ئەیوت ماف لەگەڵ بافتان | لە کوێن بۆ فریام، بۆ توونای چەفتان |
لە دەنگی زنجیر زیاتر بەولاوە | هیچ کەس دیار نەبوو لە هیچ پەناوە |
هیچ ماف ئێستا بە دەستی زۆردار | گیرۆدەی بەندە نەهاتۆتە دیار |
بەڵام هەموومان وەک برووسکە و هەور | نرکە و نەعرتەی لێ ئەدەین بە جەور |
گەر بە سەربڕین یان قەنارە و بەند | تۆ ڕزگار ئەکەین لە ئەڵقەی کەمەند |
هەتا لە ئاسۆ مافمان لێ هەڵدێ | جووتیار و ڕەنجبەر ڕەنجیان وا ئەچێ |
هیچ کات تێر ناخۆن لە بەری خۆکار | چونکە چییان کرد فڕاندی زۆردار |
ئیتر تا هێزم تیا بێ بێ گەزاف | لە دوا هەناسەیش ئەڵێم کوانێ ماف |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|