لە کەسێ بووردی پەشیمان مەبە
Appearance
لە کەسێ بووردی پەشیمان مەبە | لە خوا لامەدە، بێ ئیمان مەبە |
بە هیوا بژیت دڵت خۆش ئەبێ | بە نائومێدی ڕەنجت بۆش ئەبێ |
کە بە ڕەنجی شان پارەت پەیدا کرد | بە فیڕۆی نادەی هەروا دەست و برد |
بەڵام لە «ها»یێ بە «هوو»یێ ئەڕوا | بەم های و هوویەی ڕەنج ئەچێ بە با |
ئەو کەسەی چاوی لە ماڵی خەڵکە | بێ بەر و سێبەر وەک داری پەڵکە |
قەناعەت ئینسان دەوڵەمەند ئەکا | تەماع بەند نابێ، پێ لە بەند ئەکا |
کە بە ترس و لەرز ئەیدزی شەوێ | ڕۆژ دڵ لە مستی، لێت دەرنەکەوێ |
تۆ بزانە ئەگەر ماڵت بدزن | چەند پێت ناخۆشە و ئەبی بە دوژمن! |
دیارە کە خەڵکیش ماڵی خۆش ئەوێ | کە ئەو پەیدای کرد، بەر تۆ ناکەوێ |
ئایینی ئیسلام ئەگەر بزانی | بە ئاسوودەیی مەردی جیهانی |
لەو ڕێیە لادەی شوێن شەیتان کەوی | پێت هەڵئەنگوێ، لە پڕ ئەکەوی |
هەڵکردی دنیا، دەوران دەورانە | لە هەموو لایە هەر شەڕە نانە |
ئەگەر بەبێ نان هەڵکردمان ئەبوو | کەس بەسەر بەشی کەسا نەدەچوو |
بەڵام ئاخ باوکمان کە ئەو گەنمەی خوارد | خۆیشی دەرکرا بە هەناسەی سارد |
ئێمەش بەو ئیرسە لە دووی نان شەقین | شەق تێهەڵدانە و بەدخوڵق و شەقین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 745
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|