لە سایەی کەسب و سنعەت من بە نێری هاتمە دنیاوە
Appearance
لە سایەی کەسب و سنعەت من بە نێری هاتمە دنیاوە | لەبۆ نانی منەتباری ڕیابازیم فڕێ داوە |
نە من زگ پڕ دەکەم بۆ کەس نە دێو و جن ئەسووتێنم | نە کۆتێ ڕیشی بێ ئیشی و نە مەندیلم لەسەر ناوە |
نە شێخی عازەبانم دێو و جنیی بێنە ژێر حوکمم | بڵێم ئەمیانە قەرقەش ئەوی تر سەڕسەڕی ناوە |
نە شێخم بەیعی جەننەت کەم نە کەس داخل بە دۆزەخ کەم | وەلیعەهدی خوا ناکەم بە ناوی زەهد و تەقواوە |
لە چڵکی پرچ و پەلکەم چی لە کەشکۆڵ و عەبا چی بکەم | کەسێ ناوی بەشەر بێ حوڕ بژی مەردانە تاماوە |
کە دیم تەزبیحی دەستی سۆفی و بەرماڵی سەرشانی | موحەققەق بوو لەلام هەردوو بە دانە و داوی داناوە |
بە ڕووتی ناگەڕێم و تەرکی دنیا ئەنبیا نەیکرد | هەوا و نەفسی بەشەر قەتعەن لەبۆ هیچ کەس نەکوژراوە |
دیانەت کەی لە جێگەی سنعەت و کەسب و فەلاحەت بوو | سلووکی تۆ بە من چی هیچکەسێ بۆ کەس نەخوڵقاوە |
فەلەک بۆ هەر کەسێ گەردش ئەکا ئیقبالی ڕووناکە | کەچی بۆ قەومی ئێمە چەپ ئەچەرخێ عەکسی هێناوە |
یەکێ ژینی بە هاوارە یەکێ کەشکۆڵ و ڕەشمارە | بەسەر هیچ کەس نەیە خالق ئەوی لەم قەومە قەوماوە |
گڕی سینەم بڵێسەی سەندووە واعیز مەکە مەنعم | وەکوو قەقنەس بەجارێ جەرگ و دڵ یەکدەفعە سووتاوە |
ئەگەر بێت و لە دنیا تێ نەگەی وەحشەت گەلێ خۆشە | لەلای نووستوو خەفەت نابێ خەبەر خەمبار و داماوە |
زمانم کۆڵە ڕێی تەحریر و تەقریرم نەما چی بکەم | وەئیللا فیکری من ئەرزی خەیاڵی بیکری کێڵاوە |
چ لازم ئەی تەبیب نەبزی دەسم ئەگری بە بێهوودە | لە گێژاوی مەراقا غەرقە موفتی تازە خنکاوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|