لە زیندانا چواردەی تەمووز
Appearance
دەنگێکی دوور،
دوور... ئێجگار دوور...
بە ئاستەمێک ئەگاتە ژوور!
ئەی دەنگی دوور!
بە ئاستەمێک ئەگەیتە ژوور!
ئاخۆ سپییت یان ڕەش یان سوور؟
وەرە پێشتر...
چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر،
لەڕێی گوێوە، بڕژێرە گیان،
زیندانم پڕ کە لە کۆڵ دان!
زنجیری پێ،
کپ بە تاوێ، وەک لۆکەی گوێ!
هەوای شڵەقاوی زیندان،
بنوو، وەک بەرمەمکان ئەنوێ!
با دەستڕێژی ئەم دەنگەی دەر
گوللەی مانای، گوێم بپێکێ
بەڵکوو گڕەی تینوێتیی سەر
وەک تۆپ ناڵەی بێ و بتەقێ!
***
لە لێشاوی غەڵبەغەڵبا
بانگێکی دا لە گوێچکەم «با»:
«ڕژێمی جەمهووری بژی!»
خەو ئەبینم! جەمهووریی چی؟
- نەء، خەو نییە...
شایلۆغانی جەمهوورییە:
ئەم دەنگ و مژدەی دوورییە!
سا لەشی زیندانی مردوو:
بێرە سەما!
ئەی لە بستێ گۆڕا زیندوو:
مردن نەما!
1958
بەندیخانەی بەعقووبە
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|