لە بەختی من
Appearance
لە بەختی من مەلایەک هاتە گوفتار | جنێوی زۆری نارد بۆ ساحێب ئەشعار |
وتی یا شێخ بە تۆ چی زەرب و تەقسیم!؟ | چ لازم زانینی باتمان و خەروار!؟ |
قسەی جۆگرافییاکان هەر درۆیە | ئەمە سیحرە ئەڵێن پێی کەسری ئەعشار |
ئەگەر عیلمت ئەوێ، مردوو بشۆرە | چلۆن شۆرینێ! وەک شۆرینی مردار |
لەسەر چیخێ لە پێشا ڕایبکێشە | ئەبێ ڕاست ڕایبکێشی میسلی ڕەشمار |
ئەبێ کێری بە هەردوو دەس بدۆشی | وەکوو بزنێ کە بیدۆشێ تەمەعکار |
بە هێواشی دەست بێنی بە سکیا | هەتا دەردا ئەوی خواردوویە پێرار |
لە پاش شۆرینی چڵم و گوو و گمێزی | هەڵیسێنیتۆ، هەر وەک ورچی سەردار |
لە ساحێب مردوو ئەو وەختە بسێنە | لە حەققوزەحمەدا یەک ڕوبعە دینار |
وەهایە نانی مەردانە کە فەرمووم | دەخیل ئەم وەسیەتە نەیخەیتە پێوار |
وتم حەیوانی لایەعلەم بفامە | چلۆنە سونعیاتی چەرخی دەووار |
لە پێشا واجبە تەعلیمی دینی | لە قورئان و حەدیس و شەرع و ئاسار |
ئەوەی ئەمرە بە جێی بێنە تەواوی | ئەوەی نەهیە، نەکەی هەرگیز بە ڕەفتار |
بزانە مردن و میعاد حەققن | ئەمە مەعلوومە ڕاستە جەننەت و نار |
بە پێی ئەعمالی خۆت ئەدرێ جەزای تۆ | بە میزانا ئەکێشن جەمعی کردار |
لە چاکە چاک و بەد بەد دێتەوە ڕێت | بە قەد یەک زەڕڕە ون نابێ لە ڕەفتار |
لە پاش زانینی ئەمر و واجباتت | بزانە چۆنە وەزعی چەرخی دەووار |
لە چی پەیدا دەبێت هەوری بەهاری؟ | لە چی نەشئەت ئەکا نێرگس لە گوڵزار؟ |
ئەبێ ئینسان بەئاگا بێت لە عالەم | لە چی تەشکیل دەبێت بەفراوی کۆسار؟ |
لەبەر چی بەفر پان و تەرزە گردە؟ | چییە نەعرەی سەواعیق دێ لە ئەقتار؟ |
لە زستانا لەبەر چی سارد و سەختە؟ | لە هاوینا لەبەر چی گەرمە وەک نار؟ |
درەخت بۆچی بەهاران بەرگی سەوزە؟ | لە پاییزدا ئەمێنێ ڕووت و بێبار |
کەرە چوارپێ! ئەبێ تۆ شارەزا بیت | لە حاڵی ئەمریکایی و چین و تاتار |
لە چییەوە وەرئەگرێ گاز کاربۆن؟ | چلۆن تەرفیع ئەکات میللەت بە کردار؟ |
بە چی ئاوا ئەبێ خاکی وەتەنمان؟ | بە چی دێهات بنەخشێنین وەکوو شار؟ |
سکووتت لازمە لەم بەزمە قانع | نەوا دەورت بدەن یارانی خونخوار |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|