لە بەختی تار
Appearance
لە بەختی تاری شەو ناکەم شکایەت، | شەبیهە چونکە بەو زوڵفی سیایەت! |
نییە قابیل بڕینی ڕاهی دووری | وەکوو پرچت کشاوە بێ نیهایەت! |
بە هیچ خاکستەرێ ناگەم نەکا بۆم | لە ئەنجامی لەهیبی حوب حیکایەت! |
کە تیری نیونیگات چەرخانە ئینسان، | قەفەس خاڵی ئەکا مورغی دیرایەت! |
لە چاوی بەد، خوا عومری جوانی | قوبووڵ کا لێم بە پاداشتی ویقایەت! |
خەوی منداڵ و سەهری عاشقی زار، | ئەبەخشێ حوزنی نەغمەی لایەلایەت! |
هووەیدایە لە ڕەنگی ئاڵی دەستت | کە دائیم پیشەتە قەتڵ و جینایەت! |
هەتا کەی، بادەنۆشی عەشقی تۆ بم؟ | هەتاکەی، بێ مەزەی ماچی کیفایەت؟ |
دەخیلت بم هومای زولفەینی دڵبەر، | بەسەر سەرما بکێشە فەیزی سایەت! |
بە گۆران ناکرێ قەت تەرکی سەودا، | کلا نابم لەسەر جادەی هیدایەت! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|