Jump to content

لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ

From Wikisource
لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ (1952)
by فایق زێوەر
304945لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ1952فایق زێوەر
لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ لە شادی هەڵمدابوو بەیداخێ
جێیەک بوو کۆنە ئێڵاخی شاهان ئاوەڵی هەوری بەرزی ئاسمان
ئاوی وەک چاوی قرژاڵ ڕووناک بوو دەرمانی دڵی تەنگ و غەمناک بوو
بریسک و هوڕڕی هەروەک مرواری بەنرخ بوو بەڵام کەم بوو کڕیاری
بۆنی کەنێرە و گوڵەبەڕۆنە هەنگی کێش ئەکرد لە دوور بەو بۆنە
بەیان لە دەنگی مەلی ناو نزار لە خەو هەڵئەستام گوێم ئەگرت زۆر جار
نە ساز و سەمتوور نە عوود و کەمان خۆشییەکی وای نەئەدا بە گیان
بای شەماڵ فێنک ئەهات بەرەو ڕووم زۆر بۆنی خۆشی ئەسوو لە کەپووم
لە دامێنەوە چەم و چغورد بوو ڕێبازی جاف و گۆران و کورد بوو
جگە لەوانەش کە مانگ هەڵ ئەهات بە پرشنگی نوور ئەیکردم خەڵات
سەرم بە وێنەی قوتووی وێنەگر ئەو دیمەنانەی ئەگرت کوتوپڕ
لەناو شۆراوی قوڵکەی چاومدا ئەیشتنەوانێ تا خۆی دەرئەدا
بە شەو یەک بە یەک ئەیخستە بەرچاو شەویش بەوانە دڵ ئەکەوتە داو
لەوێ بەتەنیا کە دوورە شار بووم بۆ خۆم ئاسوودە زۆر بەختیار بووم
ڕۆژێک کە ڕوانیم کچێک چواردە ساڵ هاتە لام دانیشت بۆم بوو بە ئاواڵ
بە قسەی شیرین بە عیشوەداری خستمیە گێژی دەریای دڵداری
دوو هاوڕێی دۆست و دوو یاری گیانی کەوتینە سەیران بە شادمانی
دڵپاک بێ کینە لە گوڵ ڕەنگین تر ڕەوشتی لە خۆی زیاتر شیرینتر
بە شۆخوشەنگی بە چاوی بادام دڵەی هەژار و بێ هۆشی بادام
بەڵێ لەپێشا هەرچەند تەنیا بووم بە ڕاستی خاوەن سەیر و سەفا بووم
کە ئەو هات ئێجگار دڵشادی کردم لە تەنیایی ژین ئازادی کردم
بە شەو دائەنیشت لە ژوور سەرینم خوا خوام بوو نەڕوا یاری شیرینم
بەیانێک بێ من ڕووی کردە ناودێ هەر چاوەڕوان بووم بێتەوە لەوێ
بەڵام ڕۆژ ڕابوورد شەوی سەختم بوو بە شەو هەر دەنگی پەپووی بەختم بوو
نەگەڕایەوە گیانی شیرینم سەری خۆم هەڵگرت بچم بیوێنم
ئەمە چەند ساڵە بۆی سەرگەردانم لە کوردستانا وێڵی شارانم
نازانم چووەتە کام دێ کام هەوار چۆن منی جێ هێشت بە ئێش و ئازار
تۆ بڵێی یاران بۆ جارێکی تر یەک بگرینەوە هەردوو کوتوپڕ
بەڵام داخەکەم خەتا هی ئەو بوو نایبینمەوە وا بزانم خەو بوو

1944/11/01


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).