لە بارەگادا تا بارە کایە
Appearance
لە بارەگادا تا بارە کایە | بە دیاری نەبەی، ناچیتە کایە |
لە بارەگای خوایش عادەت هەر وایە | بەڵام بۆ ئەوێ، دیاری تەقوایە |
هیچ کەس هیچ کەسێ ناباتە بەهەشت | «دە»م بۆ نەژمێری ناڵێم بگرە «هەشت» |
ئەمەندەی هەیە پیاوی وەفادار | ئەگەر دەست کەوێ، ئەو بکە بە یار |
دۆستی سەر سفرە، لای چەپا سفرە | لە تەنگانەدا بە دۆستی مەگرە |
هەر چی لەلای تۆ ئەخوا کە ڕۆیی | ئەڵێ: لێمان دا، بە کەری خێوی |
نازانێ ئەوەی نان بە خەڵک ئەدا | بە هیوای پاداش، ڕەنج بە با نادا |
ئەمە زەوقێکە خۆی لە لای خۆشە | ئەگینە هیوای غەیری خوا بۆشە |
هەزار جار تاقی کراوەتەوە | کەرەم پاداشی نەدراوەتەوە |
هەیە بە دەرسی عیلم و بە پارە | عومری خۆی دانا کەم کەسی یارە |
یەکێک ئەناسم کە لە «هەولێرە» | لە عیلم و نانی، عالەمێ تێرە |
کەچی نان خۆری زۆری حەسوودە | هەندێ پێی ئەڵێن، ڕەنجی بێهوودە |
حاشا لە لای خوا پایەی بڵندە | ئیتر با سپڵە نەبێ بە بەندە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 682
1942/09/10
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|