لۆمەم مەکەن ئەی یاران، ئەم عەشقە بەڵایێکە
Appearance
لۆمەم مەکەن ئەی یاران، ئەم عەشقە بەڵایێکە | لەم حاڵەتە نازانن، بۆ دڵ چ جەفایێکە |
گەهـ شادی و گەهـ شینە، گەهـ خەندە وو ناڵینە | جوملەی ڕەگ و پۆیی دڵ، هەر لەحزە هەوایێکە |
گەهـ عاقل و فەرزانە، گەهـ والە وو حەیرانە | ئایا دڵی دێوانە جێگەی لە چ لایێکە |
کەوتووتە پەڕێشانی، تفڵێ بوو کە نەیزانی | یاران چییە دەرمانی، چارەی لە چ لایێکە |
ئاخر بە دڵی شەیدا، پێم گوت کە ئەتۆی ڕیسوا | بەم شۆرە ئەتۆی تەنها، وا بۆ تۆ خەتایێکە |
پەیغامی دڵم زانی، گۆتی تۆ موسوڵمانی | لەم عەشقە کە نازانی، تۆ بەحسی چ گیایێکە |
تۆ ناسحی نادانی، بەو عەقڵە پەڕێشانی | ئەو کفر و موسوڵمانی، گشتی لە هەوایێکە |
ئەم سیڕڕە پەنهانە، بۆ عالەمی عیرفانە | تۆ خۆت مەکە دێوانە، هەر قالوبەلایێکە |
ئەو عالەمە نەیڕەنگە، دەیبینی کە چەن دەنگە | سەرپاکی جودا ڕەنگە، لەو باوک و دایێکە |
هەرکەس کە لە هەر جیێە، هەر یێکە بە نەوعێیە | هەر سەر لە هەوایێک و هەر سینە سەدایێکە |
ویش قودرەتی عوزمایە، بۆ مەعریفەتوڵڵایە | ناسینی لە ئەو دایە، زانینی سەفایێکە |
ئەوجا وەرە گەر یاری، واز بێنە لە عەییاری | تەرکی کە ڕیاکاری، دونیا کە هەبایێکە |
دونیا کە وەها خۆشە، جێ عالەمی بێهۆشە | زەهرێکە تۆ مەینۆشە، دەورانی فەنایێکە |
هەر حیلە وو ئەفسوونە، جێ عالەمی مادوونە | تۆ مەیگرە ئەم دوونە، تێکچوونی بە بایێکە |
من چەندە کە نادانم، یا عاقڵ و چازانم | غەیری ئەمە نازانم، بە خودا کە خودا یێکە |
یاڕەب تۆ بە زاتی خۆت، بەو سیڕڕی سفاتی خۆت | لەو عەبدی عەساتی خۆت، ڕەحمێک و عەتایێ کە |
یاڕەب کە تۆ غەففاری، لەو ئۆمەتە موختاری | عەفوی کە گوناهکارێ، لای تۆ پەڕەکایێکە |
دڵ ئۆمەتی موختارە، هەرچەندە سیاکارە | عەفوی بکە غەففارا، شایانی عەفایێکە |
ئەی سەروەر و سەردارم، وەی خاتەم و موختارم | هەر چەندێ خەتابارم، ئەمما تۆ وەفایێ کە |
بۆ شافعی خاسی تۆ، لەو بەحرە غەواسی تۆ | ئەو ئۆمەتی عاسی تۆ، چاوی لە ڕەجایێکە |
ئەی شاهیدی بەغدایی، تۆ مەلجەء و مەئوایی | هەر دەم دڵی سەودایی، موحتاج بە دووعایێکە |
ئوستادی و پیری تۆ، هەم شاهـ و ئەمیری تۆ | موددێکە فەقیری تۆ حاجەت بە سەخایێکە |
مەنواڕە وەفایی من، بنواڕە جەفایی من | عالەم لە سەدایی من، هەر دەم لە جەزایێکە |
ئەی شاهی لە هیرانی، مەئزوونی لە گەیلانی | حەقا تۆ سلەیمانی، دەردم تۆ دەوایێکە |
ئەی جەددی وەفادارم، نەسلی تووە موختارم | بنواڕنە ئازارم، تەدبیری چ ڕایێکە |
ئەی سافیی هیرانی، ئەولادی عەلی و سانی | چارەت لە پەڕێشانی، دەرگانەیی شایێکە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|