Jump to content

قانع و ئاشەکەی

From Wikisource
قانع و ئاشەکەی (1955)
by قانع
306800قانع و ئاشەکەی1955قانع
ئەی ئاشی مەینەت! دیوار داڕووخاو! سەرنێ داتەپیو! جۆگە بەبێ ئاو!
هەیوان گێج خواردوو، ناو داڵان تەپیو! هۆدە شەوەزەنگ، ڕۆشنی‌نەدیو
کۆڵەکە شکاو، تیرەک لار و چەوت لە ئاش قەت نەچوو، بە وێنەی ئەشکەوت!
دۆڵیانە کون‌کون، نێ ئاش قڵیشاو چەقەنە لەت‌لەت، کەوچکە دڕاو
داری پێ زەنگ‌زەنگ، تۆپ کون‌هەڵاتوو مۆرەسەنگ نابار، خوانکە لەدەس‌چوو
بەرداش لارەسەنگ، تەوەرە شکاو بست وەک زوانی مار، پەڕە پرتکاو
گەڕاننی تۆ سێحری لۆنییە کە ئاوت نییە ئەم فیشقە چییە؟
نە گونجت هەیە، نە ڕاسە نە گێڕ لە شەڕ زیاتر لە تۆ نەمدی خێر
لە کانی بێزار پەنم پێ ئەدەی بە هەوەڵ پرشنگ چاوم کوێر ئەکەی
بە کۆڵە پەین پشتم شکاوە هێشتا فیشقەکەت هەر نەگرساوە
کاتی بەهاران لە وەختی لافاو وەک ژنی دووگیان بێزوەکەی بە ئاو
دیوار پڕ لە مشک، سەرمیچ پڕ لە مار شۆرەتی پیست ئەڕوا شارەو شار
خۆم و کوتەک و خەنجەر و وریا ئەسرین و پرشنگ، ڕووناک و هیوا
بۆ مزەی نەبووت گشت چاوەڕوانین بە شەو و بە ڕۆژ وەک پاسەوانین
بە ئاردەماڵک مێزەر مەلاییم خستە سەر شانم خەرقەی گەداییم
ئەوەن نەنوستووم شەو بە لاتەوە ئەڕۆم بە ڕێدا خەو ئەمباتەوە
چاوت کوێر کردم بە تۆز و غوبار پشتەڕێشەم گرت لە ژێر کۆڵەدار
نە مشتێ گەنم، نە لوێچێ جۆ دە ساڵە ئاشی، نەمدیوە لە تۆ
کە خاوەن دەغڵ باراش ئەنێرن ئەیکەی بە بڕوێش، پێم ئەبژێرن
ئاخ من ئەمردم هەروا زووبەزوو یان تۆ ئەڕووخای نەجاتم ئەبوو
نازانم ئەمساڵ لەم گشت لافاوە کەچیی جەنابت بۆچی هەر ماوە؟
ڕاستم پێ بڵێ کەی نەجاتمەدەی؟ منیش لە پاش تۆ تێر بڵێم ئۆخەی
وەڵامی ئاش بۆ قانع
قانعی شڕۆڵ، هەژار و داماو لە من خرابتر، تەپیو و ڕووخاو
لە من خرابتر، ماڵ بێ ئاو و نان بێ ڕزق و ڕۆزی، دایم سەرگەردان
کراس بێ‌لاشە، کەوا چاک چڕاو سەر بێ مێزەرە، کڵاش داڕزاو
لەو ڕۆژەی خوا پێی داوە بە تۆ کەوشی نەدیوە، ڕاس بەبێ درۆ
یەلەک بێ قۆپچە، ناوقەد بێ پشتێن دەرپێ شڕ و وڕ، بەبێ بەنەخوێن
چون پێخاوسی، پێت درێژ بووە ڕەنگ و ڕوخسارت چەشنی مردووە
سەر وەک پەڕەدووخ، چاو کونی دەرزی لە چلەی هاوین تۆ هەر ئەلەرزی
مل تاڵێ دەزوو، سەر دەبەی شکاو درێژ و بێ ڕۆح، کەپۆڵە نەماو
بۆچی نازانی، مەشهووری عامە ماڵ لە خاوەنی نەچێ حەرامە
تا ئاشی تۆ بم، ئەبێ هەر وا بم لەوە خرابتر سووک و ڕیسوا بم
ئەگەر تۆ مردی و من نەجاتم بوو خاوەنێ تر هات، هیچ لە تۆ نەچوو
بەرداش ئەسێنێ بە شەش حەوت دینار جۆگەم ئەماڵێ بە هۆی کرێکار
بەرمیل ئەسێنێ و بۆم ئەکا بە نێ تۆپ و پەڕە و بست هەمووی دائەنێ
چەقەنە و خوانکە و دارپێ و موورەسەنگ بۆم حازر ئەکا بێ هەرا و بێ دەنگ
مشار و تەشوێ و چەکوش و قەڵەم گشتم بۆ دێنێ، لە لام ئەیکا جەم
ئەوساکە منیش دێمە سەر گرمە جا بۆم بڕوانە لەو زرمەزرمە
ئاردەشانی من وەک کلکەڕێوی بدات لە دیوار لە خۆشی خێوی
هۆدە و داڵان و هەیوان و سەر نێ بە چیمەنتۆ و خشت دیوار دائەنێ
ئەمکا بە ئاشێ وەکوو بێسان سوور لە ڕووی گێتیدا تەواوی مەشوور
بە کوێری چاوت هەر شەوێ بیست بار گەنم ئەهاڕم، نابم شەرمەسار
جا بێرە سەیری لرفەلرفی من بە شایی دۆس و بە کوێری دوژمن


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).