عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد
Appearance
عەندەلیبی دڵ کە چاوی کەوتە غونچەی بامیداد | دائیمەن وێردی زوبانی بۆتە ئایەی ان يكاد |
لەرزی پیری عوودی سیواکی لە دەس بەردامەوە | تازە چەرخی بێ وەفا بۆم زین ئەکا ئەسپی موراد |
نامورادی پیری کردم موختەسەر لێم ناگەڕێ | کامەکامەم پێ دەکا دونیا خودا هاوار و داد |
عومری گەنجیمان بە غوسسە و نامورادی بردەسەر | وا لە پیری هاتەدەس سەرڕشتەیی کار و موراد |
باوەکوژمان کردە باب و باوەژنمان کردە داک | گەنجی عومر و حاسیلاتی ڕەنجی خۆمان دا بە باد |
یا ئیلاهی، خۆشەویستم ماری نەفسی نەیگەزی | چونکە تریاکی نییە ئەو زەهرە تا يوم التناد |
کردەوەی ناپوختە گشتی بۆ تەعامی پوختەیە | ڕۆژ ژیانت خوویی حەیوان، شەو بە خەوتن وەک جەماد |
زیکر و فیکری ئەهلی دونیا نان و ئاشە سابیری | یەعنی چی؟ خۆ دوشمنیشیانە لە ئەسڵا نان و زاد |
لەم نەخۆشی بێ دەوایە، دادڕەس سابیر خودایە | هیممەتێکە پایە پایە، بێمەوە سەر ڕێی ڕەشاد |
سابیری عومرت بە زایع دا ئیتر وریابەوە | عومری ڕابردوو قەزاکە بێرە سەر ڕێگەی ڕەشاد |
سابیری دنیا لە تۆ بێزارە ئەمما مەیلی تۆ | هەر لەسەر ئەو ماوە بۆیە ناگرێ ڕێگەی ڕەشاد |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|