Jump to content

عەبایێکم هەبوو

From Wikisource
عەبایێکم هەبوو (1945)
by مەلا مارف کۆکەیی
309252عەبایێکم هەبوو1945مەلا مارف کۆکەیی
عەبایێکم هەبوو ئەمما عەبایێکی گەلێ چا بوو خەڵاتی حەزرەتی شێخ یادگاری لوتفی مەولا بوو
لە نێو ئەهلی تەریقەتدا لیباسێکی موقەددەس بوو لەکن ئەربابی مەعنی مەزهەری نووری تەجەللا بوو
لە حەدد و ڕەسمی تامی چوونکە عاجز بوو، قەڵەم نووسی بە سەنعەت کاری شام و سورمەکاری تووری سینا بوو
ئەگەر چی کاری ئوستادانی سەنعەت بوو لە واقیعدا نموونەی «سوندوس» و «ئیستەبرەق»ی فیردەوسی ئەعلا بوو
مەتاعێک بوو هەتا ئەوڕۆ لە فابریکی عەبابافی بە تەسدیقی موسەددیق موفڕەدێکی لاموسەننا بوو
پەڕاوێزی موتەڕڕەز بوو بە سیمی سافی مینایی شەمامە و شەمسەیی جەیب و بەر و دۆشی موتەللا بوو
کەنار و حاشییەی شانی بە خەتتی سەوزی ڕەیحانی بە «هذا احسن الملبوس» مەنقووش و موحەششا بوو
بە شکڵ و سووڕەتی خالیس لە تەعلیماتی ئۆقلیدۆس هەموو هەودای ئیشاراتی لە عیلمی ئیبنی سینا بوو
لەسەر تەحقیقی کەمم و کەیف و وەزع و جیسم و تەعلیمی لە بەینی فەیلەسووفانی ئورووپا جەنگ و دەعوا بوو
پڕۆفسۆری تەبیعی هەرئەوەندەی بۆ موحەققەق بوو کە جیسمێکی موڕەککەب هەم لە سووڕەت هەم هەیوولا بوو
لە نێو شاگردەکانی مەکتەبی عیلم و سەنایعدا لەسەر لەوحەی هونەر سەرمەشقی تەعلیم و تەماشا بوو
لەبەر ئیزهاری قودرەت گەر نەبایە ئیختراعی ئەو بە حوکمی ئەقڵی کول خاریج لە فکری ئەهلی دنیا بوو
لە لام وابوو مەحاڵە ئینقلابی عەین و ماهییەت کە تێفکریم عەباکەم کاشفی سیڕڕی موعەمما بوو
بە ڕۆژ قالیچە و شەو پێخەفم بوو ئەو عەبا چاکە لە وەختی نوێژ و تاعەت عەینی بەرماڵ و موسەللا بوو
بە چەتر و سایەبان و ئاگر و کورسی نەبوو کارم بە زستان و بە هاوین لابەری سەرما و گەرما بوو
ئەگەرچی نێوی من «مەعڕووف»ە هەر کاتێ کە دەمپۆشی موخاتەب بووم بە حەزرەت، ناوی من قوربان و ئاغا بوو
بەڵێ ئیسمی عەبا بوو سووڕەتەن ئەمما لە مەعنادا وەکوو خێری خودا وابوو عەسایی دەستی مووسا بوو
بە چاوی پڕ لە ئەسرین و ئەسەف ئەوڕۆم تەماشا کرد وەکوو نەسجولعەناکیب یانی ئیسمی بێ موسەمما بوو
بە نووکی نەشتەری پیری وەکوو من جەرگی کون کون بوو قەڵشتی ئاشیانەی عەقرەب و مار و ڕوتەیلا بوو
لە هەوری ماتەمی ئەربابی فوقدانی کەرەم دیتم بە بەفری غەم هەموو گیانی بە وێنەی یەددی بەیزا بوو
تەماحم بوو بنووسم بۆ جەبوون ئاغای سەقیل باشی ئەگەرچی قەیسەر و دارا نەبوو قاڕوون و دارا بوو
سەریعەن قووەیی عەقڵییە پەیدا بوو گوتی غافڵ ئەوێ ڕۆژێ کە ئادەم جەننەتولفیردەوسی مەئوا بوو
لەبەر نوتفەی سەقیل و مومسیک و ئەشخاسی دوون هیممەت بە خشڵ و زیوەری «قلنا اهبطو منها» موحەللا بوو
ئەوەی تۆ پێت هوما بوو من کە چووم و ئیمتیحانم کرد ئەگەرچی کوندەشاخی بوو شەبیهی تەیری عیسا بوو
لە ترسی نووری قووەی بەرق و ڕەعدی ئایەتی «آتوا» مەقام و مەنزڵی مەعلوومی عیلمی حەق تەعالا بوو
لە خۆفی لەشکری سوڵتانی مەنسووری «فلا تنهر» گەهێ تەحتەسسەرا بوو مەسکەنی، جارێ سووڕەییا بوو
بنووسە بۆ جەنابی موهتەدی «يا ايها الهادي» عەرووسی فیکری بیکرم سەردەمێکی شۆخ و ڕەعنا بوو
کە دیم هەر باڕەکەڵڵا و ئافەرینە جایزەی شێعرم کەرەم کبریتی ئەحمەر، زولمەکاریم باڵی عەنقا بوو
لە گوڵزاری ئەدەب بولبول موساوی بوو لەگەڵ بووما سەدای زاغ و زەغەن هەر وەک چریکەی بازی شەهلا بوو
ئەوا من چوومە کونج و زاویەی هیجران و خامۆشی بە قەولی ئەهلی مەعنا ئینقیتاع از «ماسوى الله» بوو
فەقەت ئەوڕۆ بە یادی قەندی لوتفت تووتیی تەبعم بە ئاهەنگی حیجازی و لەحنی داوودی شەکەرخا بوو


This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
  • The creator(s) died before 22 August 1980, for works that their copyright expired before 22 August 2010 according to the 1970 law.
  • The creator(s) died more than 50 years ago. (Reformation of article 12 - 22 August 2010)

In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):

  • Photographic or cinematographic works.
  • In cases where the work belongs to a legal person or rights are transferred to a legal person.