شەرابی دووبارە
Appearance
لە کاتی خۆیا مامۆستا تۆفیق وەهبی نامەیەکی ناردووە بۆ پیرەمێرد لەبارەی قافیەی شیعرەوە بەتایبەتی شیعری کوردی. پیرەمێردیش بەم هەڵبەستەی خوارەوە وەرامی داوەتەوە:
کێ دەڵێ کوردیی قافیەی خۆی نییە | کە ئەمەیان دی ئەوە خۆی نییە |
ئامان چەند خۆشە تافی جوانی | خۆزگە خوا بیدا، جوانی و نەوجوانی |
بە هەرزەکاریم کە باوکم ساغ بوو | هەرزەکەریمان لەلا یاساغ بوو |
ڕەز و خانوومان بوو لە گورگەدەر | گورگانەشەوێم ئەکرد بێ کەدەر |
هاوینان کۆچمان ئەکرد بۆ ئەوێ | ڕامانئەسپارد: وڵاغمان ئەوێ |
ورد و درشتیان ئەهاتنە شوێنمان | لەو دیارەوە دیار ئەبوو شوێنمان |
ئەکەوتینە ڕێ بە ڕیزە و قەتار | بە سۆزی شمشاڵ، بە بەستە و قەتار |
لە سەری گۆیژە هەڵپەرکێ و سەما | سەیریان ئەکردین فریشتەی سەما |
لەو بەندەنەدا چۆپی و دەستبەندی | لەو دەربەنەدا بە ناو دەربەندی |
لەو بەرزییەدا ئاوازەی شایی | بەرزتر لە تەپڵ و ئاوازەی شایی |
لەبەر ئاوایی تفەنگ ئەتەقی | ئاوایی دڵی بەدکار ئەتەقی |
ساڵێک ئیجارەی کردبوو دەسدارێ | دەسدار دەس بەدار، خەڵک دەس بەردارێ |
هاتبوون زەوی خەڵکیان ئەخەسان | نەوەک ڕەز خێویان وەک خێو ئەخەسان |
بێوەژنێک بوو ناوی پەروەر بوو | چوار هەتیوی بوو، هەتیوپەروەر بوو |
کاری هاتبووە سەر کرێکاری | دەستی بەسترابوو بە گرێی کاری |
مێردی ئەو ژنە ڕەزی ناشتبوو | تا هاتبووە بەر خۆیان ناشتبوو |
ڕەزێکی وێران لە خوار ئاوایی | ڕەنگی گەڵای زەرد وەک خۆرئاوایی |
ڕەزخەسێنێکی لای خۆی دانابوو | چواربار دەیەکی لەسەر دانا بوو |
پەروەریان هێنا بە پەل ڕاکێشان | نیوحوقە ترێی نەبوو بە کێشان |
زۆردار گاڵی دا زۆری تێهەڵڵا | بە ناچار کردیە گریان و هەڵڵا |
ڕایکرد خۆی خستە قسنی خەرگەڕەش | زۆردار دەسبەجێ کەوتە ڕۆژی ڕەش |
تیری پەنهانی جەرگی بڕیبوو | بۆ ئەوە دنیا لەپڕ بەری بوو |
خوا وای لێکردن وا ئەو نەوەیە | هێند کز و ماتن نە دەنگ، نە وەیە |
جەوری ستەمکار ئاهی لە دوایە | زۆر دەوری دوایی کاری لە دوایە |
1948/06/10
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|