Jump to content

شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت

From Wikisource
شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت (1950)
by پیرەمێرد
305452شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت1950پیرەمێرد
شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت لە ماناکەیا مەراقەم ڕێکەوت
مانای شیعرەکەم لێ بوو بە مەتەڵ نەمزانی قازان بووە بە مەنجەڵ
«قازان قەتار بەست قوڵنگان هەوایی حەیفە قیبلەکەم شەو بە تەنهایی»
دە فەرموو قاز و قوڵنگ و دوڕاج ئەمانەم بۆ بکە بە مەنجەڵ و پاچ
قازان، قوڵنگان پۆلی باڵداران پێکەوە ئەژین وەک دەستەی یاران
یەعنی کە ئەوان قەتار ئەبەستن حەیفە تۆ تەنها بە بێ من نووستن
یاخود کە مەنجەل لە ڕیز بە قەتار ئاو گەرم ئەکەن بۆ مردووی نازدار
وا هات جەمعی قاز کە بوو بە قازان مەنجەڵی گەورەیش پێی ئەڵێن قازان
ئینجا قوڵنگان قوڵنگی باڵدار ئەکەونە هەوا ئەڕۆن بە قەتار
پاچیش قوڵنگە جەمعی قوڵنگان بەرز ئەبنەوە وەختی پاچ لێدان
یەعنی پاچ بە دەست قەبرەڵکەنەوە بۆ داوەشاندن بەرزیەکەنەوە
بەمە مردنمان ئەخەنەوە بیر های شیعری مبهەم، های عەقل و تەدبیر
ئێمە مردنمان ناوە بە لاوە تازە عومرمان لەنوێ نووسراوە
تریاکمان پێیە لە مار ناترسین لەبیر خستنەوەی مردن وەڕەسین
دوای مردن پرسین نییە مەترسە چۆنت هاتە پێش لێدە مەپرسە
ئێمە کە عومر بە کەم ئەژمێرین حەیف نییە ئەویش بە ترس ڕابوێرین
دانا لە نادان بادەنۆش ترە گۆم هەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشترە
بیری دواڕۆژمان بوو بە ئەفسانە نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە
قەیدی قیامەت مەخەرەوە یاد بزەن بەر ڕەندان هەرچی بادا باد
دنیات بەم ڕەنگە بۆ ئەچێتە سەر بۆ دین و ویژدان خۆت مەخە خەتەر
چونکە ئەم دوانە ئێستا فیرارین کەوتوونە شاخان شوێن نادیارین

ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 549 و 143
1938/01/27


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).