شیعری ئامینە ژنی قانع
Appearance
خوشکی خۆشەویست، زادەی کوردستان | سپاستان ئەکەم پۆلی چاومەستان |
لە پاش سپاس و دۆعاخوانیتان | عەرزی ئێحترام مێهرەبانیتان |
وەسیەت بێ بۆتان، هەرچی من ئەڵێم | بیگرنە گوێتان، با نەشزانن کێم |
کوڕێ بەخێو کەین بە خوێنی جگەر | ئازاری نەبێ بۆ نەوەی بەشەر |
بۆ سوودی شەخسی، بۆ مڵکی جیهان | برای وڵاتی نەخاتە زیندان |
کۆ نەکاتەوە درهەم و دینار | هەڵنەمژێ خوێنی بێتین و هەژار |
ئەگەر تەبیعەت کردی بە میران | هەژار نەخاتە بێگار و فرمان |
ئەگەر بۆی ڕێکەوت کردیان بە میر | نەشکێنێ دڵی کۆمەڵی زویر |
ئەر تەعین کرا و بوو بە مەعاشخۆر | ماڵی هەژاران نەکێشێ بە زۆر |
نە ئەفەندی بێ، نە کوێخادێ بێ | نە وەک هێندێ کەس چەتری سەرڕێ بێ |
نەڵێ ئامانجم بەرتیلخواردنە | لێی ئاشکرا بێ: دنیا مردنە |
کوڕێ بەخێو کەین بە خوێنی جگەر | ئازاری نەبێ بۆ نەوەی بەشەر |
هیوای شیرینی، هەوڵ و کۆشش بێ | گەر دەوڵەمەن بێ، خاوەن بەخشش بێ |
ئەگەر هەژار بێ، بە ئیش و فرمان | خزمەتی گەل کا بە دڵ و بە گیان |
ئەگەر کوێخا بوو، نەڵێ من کوێخام | سەرکاری ناودێ و وەکیلی ئاغام |
نەکەوێتە سەر ڕەوشتی بۆگەن | خەڵکی دێکەی خۆی نەخاتە ناو بەن |
دەوڵەمەن نەبێ و خادمی دینار | خۆی دوور خاتەوە لە برای هەژار |
نە پیاوی ئاغا، نە مەعاشخۆر بێ | دڵسۆزی گەل بێ، سا بە هەر جۆر بێ |
گیانی شیرینی بۆ سوودی هەموان | بەخت کا لە ڕێی چاکیی نیشتمان |
ئەوجارە ئەڵێم منیش کوڕدارم | لە ناو بەشانا منیش بەشدارم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|