سوێند ئەخۆم
Appearance
گیانە وا شێت بووم لە دووریی چاوت | بۆ شێوەی شیرین باڵای لاولاوت |
ساڵ و نیوێکە من لە تۆ دوورم | هێشتا نەمدیوە شێوە و سەڵاوت |
ئێستا پەرێشان بۆ زەردەخەنەت | بۆ پێکەنین و وتەی شەککراوت |
دێتەوە بیرم ڕۆژانی پێشوو | یەجگار ئەو ڕۆژەی کەوتمە داوت |
شادیم نەماوە وەکوو دێوانە | تەلیلە ئەکەم بە وشەی ناوت |
ڕۆژی هەزار جار دڵ دائەخورپێ | یەتەوە یادم دڵەی جێماوت |
هەمیشە ڕەنگزەرد شێوا و نەخۆش | جەرگم لەتلەتە بۆ ڕووی ژاکاوت |
هەموو ئەندامم تواوە و بێهۆش | چەشنی فرمێسکی وەک باراناوت |
زووخاو لە دەمم بەر ئەبێتەوە | ئەکێشێ نەخشەی شێوەی شێواوت |
هەتاکوو مردن تۆ قیبلەگامی | دڵم نوێژ ئەکات بۆ دڵەی پاراوت |
پاراو بە خوێنی خۆشەویستیمان | شایەتە گۆنای سوورهەڵگەڕاوت |
سوێند ئەخۆم بە خوا بە دیدەکانت | بە قرچە و سۆزی جەرگی سووتاوت |
هەتا ئەو کاتەی سەر ئەنێمە گۆڕ | هاوڕێی گیانیمە دڵەی ڕەنجاوت |
1957/08/21
بەغدا
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|