ستەمکاری
Appearance
هەور ئەگری بە کوڵ، گوڵ پێئەکەنێ | باوک و فرزەندی بێرەحم ئەنوێنێ |
نێرگز بە بۆنەی چاوی مەستەوە | ئەژاکێ لە دەس دەستاودەستەوە |
گوڵاڵە ئاڵای ئاڵ و واڵای خۆی | بووە بە لەکەی داخی دەروون بۆی |
بەڕەزا ئەڕوێ لە پەنا هەردا | بای مەینەت سەری ئەدا بە بەردا |
وەنەوشە شێوەی شینی شینی خۆی | بووە بە باری گەردنکەچیی بۆی |
پیشۆک لە خاکا بە خاکساری | پەرێشان پرچە لەبەر هەژاری |
خۆی لە ژێر خاکا ئەشارێتەوە | ژنەلادێیی ئەیدۆزێتەوە |
هەڵەکۆک کە باو لە بەفر ئەسێنێ | بێڵەکان سەر و بنی دەردێنێ |
شنگی شۆخ و شەنگ بە سنگێکی دار | سنگی ئەشکێنن ئەیخەنە بازاڕ |
لاولاو کە بە شەو ئەگەشێتەوە | ڕۆژ ڕووی خۆی لە ڕۆژ ئەپێچێتەوە |
مێخەک گەردنی هەڵئەقرتێنن | سنگ و بەرۆکی پێ ئەڕازێنن |
گوڵ بەو جوانییە ئەیخەنە مەنجەڵ | جواناو ئەڕێژێ بە هەڵم و دووکەڵ |
بە بۆنەی بۆنە وا ئەیخنکێنن | ئامانی نادەن هەڵیەپچورکێنن |
چیمەن کە سەوزەی نەوخیزی ناوە | بە لەقەی فتبۆڵ پێپەست کراوە |
ئەرخەوان پەنای بردە بەر مردوو | لەویشدا ئەیکەن بە داری مردوو |
ئەمە ناو ئەنێن سەیرانی بەهار!! | منیش ئەڵێم: داد لە دەست ستەمکار! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|