زۆر توولی کێشا عەزیز هیجرانت
Appearance
زۆر توولی کێشا، «عەزیز» هیجرانت! | لاڵ بم نابینم مەیلی جارانت |
چ قەوما ئەوساڵ لەبەر چاو کەوتم؟ | چلۆنت دڵ هات لە دڵ دەرکەوتم؟ |
لە چێشتانێڕا تا بانگی شێوان | چاوم لە ڕێدا، لە دەشت و کێوان |
چاوم هەر لەڕێی «کانی کووزەڵە» | دنیام لەبەر چاو تەم و دووکەڵە |
ساڵان هەر مانگێک، مایەی حەیاتم! | یا تۆ دەهاتی، یا من دەهاتم |
هەر هاتەهات بوو ئەوساڵ، نەهاتی | ئەویش بەدبەختیم مایەی نەهاتی |
دەورانی دووریت وشکەسەرمایە | لە بەختی ڕەشمە، باش ڕەشەبایە |
هەمڕازی شەوێم فیکر و خەیاڵت | ڕەفیقی ڕۆژێم یادی جەماڵت |
ژینی بەبێ تۆم ناخۆش و تاڵە | وەتاغم زیندان، ماڵم پێ چاڵە |
هەناسەی ساردم، فرمێسکی گەرمم | بەستوویە لەسەر ڕووی زەردی نەرمم |
شەوانم شین و گریە و ڕۆڕۆیە | ژیربوونی ڕۆژم بۆ هاتنی تۆیە |
ڕاستت پێ بڵێم «عەزیز»، براکەم! | ناژیم، نامێنم، بێ تۆ هەڵناکەم |
موژدەی هاتنت «ئەولێ» پێی داوم | بەو بۆنە دەژیم، هەر بۆیە ماوم |
هیلالی ئەبرۆت چونکە نەبینرا | جێژنمان تێک چوو، ڕۆژوو نەگیرا |
ڕۆژووشم بێ تۆ لێ قەبووڵ نابێ | سەرفترەش بدەم، سەرم چا نابێ |
نوێژ و ڕۆژووی تۆ یاخودا قەبووڵ بێ | جێژنت مبارەک، حەجت وسووڵ بێ |
لە ئینتیزاریت عەیشم نەماوە | هەر لەحزێک حەسەن سەد جار کوژراوە |
زووتر نووسیبووت لە دەی دوایە | کە دێم و دەچین بۆ خانەقایە |
ئەو دەیە ڕۆیی ئەوا دەی دیش هات | دەی مانگیش گەیی لە سەرمان نەهات |
ئەوە دوو ساڵە مەحروومم لەوێ | بە حاڵی من بێ هەر کەس تۆی نەوێ |
هەر کەس بە تەمای دین و دنیا بێ | دەبێ لەو دەرکە خاکی دەرگا بێ |
قیبلەیە بۆمە، زۆر لەمێژ ساڵە | ڕووی لێ وەرگێڕین، نوێژمان بەتاڵە |
فیکر و وەسوەسە و خوتوورە و خەیاڵ | نامێنێ لەوێ خواردنی حەڵاڵ |
دڵ وەک ئاوێنە جەلای هەڵدێنێ | ژەنگی گوناح و ژاری نامێنێ |
جێگا و بارەگای شەمسی بورهانە | شەیتان وەک شێتان لێی سەرگەردانە |
ڕۆژ، لە عاسمانێ دنیا پاک دەکا | ئەو، لە ژێر عەرزی دین ڕووناک دەکا |
فەرقی دەگەڵ ڕۆژ، عەرز و عاسمانە | دنیا ڕادەبڕێ، مایەی دینمانە |
بۆخۆی فەرموویە: ئەو بستە خاکە | مەنعی بەرەکەت، قەت لەنگۆ ناکا |
لەپاش من خۆتان بە کەس مەسپێرن | خوێنوو بڕێژن ڕوو وەرمەگێڕن |
چەن خۆشە خەتمی پاش نوێژی شێوان | فەیز و بەرەکەت، جەزبە و پەشێوان |
نوێژی سبەینان، پاش خەتمی قورئان | لە سووڕەی یۆسف یا ئالی عیمران |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|