زامی کیوپیدی کوێر
Appearance
دڵم گوڵێکی شەستپەڕی ئاڵ بوو | تۆز و گەردیشی لێ نەنیشتبوو |
هەرگیز نەیچەشتبوو کام تامەی تاڵ بوو | بە شەونم وا جوان پێگەیشتبوو |
*** | |
بەڵام کە کاتێ «کیوپید» لەپڕ | تیرەکەی هاویشت بە باخی ژینا |
وەکوو نەریتە لەلای وا بەگوڕ | وەک تۆڵەسێنەر لە گەرمەی قینا |
*** | |
بەر هەر گوڵێ کەوت ڕەنگی ڕەنگینی | گۆڕا و سپی بوو ئەو ڕەنگەی نەما |
وەکوو لێو بەبار ڕەنگی خەمگینی | لە سپێتی دا لە ڕووی ئەبینرا |
*** | |
ئەو ڕەنگە سوورەی جوانی کردبوو | هەموو بوو بە خوێن بە پەلکەکانا |
گشتی هاتە خوار جوانی بەسەرچوو | ناسراوە ڕەنگی لەناو گوڵانا |
*** | |
«کیوپیدی کوێر» چەند ساڵ لەمەوبەر | وەکوو نەریتیە کە تیری هاویشت |
هەرچەند خۆم لادا و خۆم دا پەناوپەر | چەند پاڕامەوە هیچی لێم نەبیست |
*** | |
پێکامی کە چوو بەدەست کوتاندن | تیرەکەی هەڵگرت تاکوو بزانێ |
چەندی پێکاوە تا لێی نەبێ ون | نزای تایبەتی لەسەر بخوێنێ |
*** | |
کە هات هەڵیگرت هەردوو دڵ تەنیا | یان بڵێم دوو گوڵ پیا هەڵواسران |
پەڕەی گەڵایان چووبوون بە یەکا | کە بە تیرەکەی کاتێک سمرابوون |
*** | |
ئەویش هەر دڵی من و شیرین بوو | کە کاتێ وەها بەو تیرە پێکران |
ژینی وچانی ئا لێمان گشت چوو | بە تیری کیوپیر بریندار کراین |
*** | |
هەردووکمان ئەوسا بەرامبەر بە یەک | بۆ یەک ئەگریاین وامان بەڵێن دا |
کە هەتا «ڕزین» هەردووکمان وەک یەک | لەسەر بەڵێن بێ و سکاڵا بکا |
*** | |
بە سکاڵاوە ماوەیەک وا ماین | ئینجا ئاگری خۆشەویستیمان |
وا زیاد بوو هەتا هەردووکمان سووتاین | ناوبانگی دەرکرد یەک پەرستیمان |
*** | |
ئینجا بەجووتە بەرەو خوای گوڵان | بەرەو یەزدانی گشت خۆشەویستان |
ئەپاڕاینەوە بە سۆز هەردووکمان | بمانکات بە یەک ئەندام و گیان |
*** | |
بەڵێ نزامان گیرابوو هەردوو | بووین بە یەک گوڵە شەستپەڕ بێهاوتا |
بەخیلییان ئەبرد هەرچی گوڵ بوو | کە نزاکەمان وەها بوو گیرا |
*** | |
ئێستاش ئەو زام و برینی تیرە | گۆشتە و زوون دێنێ و ئەکولێتەوە |
ئەو کەسەی پێکرا ئیتر ئەسیرە | هەتاهەتایە چاک نابێتەوە |
1962/09/14
بەندیخانەی سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|