دەردی کۆمەڵایەتی
Appearance
تیاترۆی ئێرەو گشت ئینتزامی | ئێستا هاتۆتە سەرگەمەی ڕامی |
بڵاو بۆتەوە لە ناو خاس و عام | جۆکەریان کردە وێردی سوبح و شام |
گەر بێ خەبەری فەرموو بیبینە | شەوێک بچۆرە چاخانەی مینە |
ئەوسا ئەبینی لە هەموو لایەک | هەرچەند کەسێکە و چوونە پەنایەک |
دەوری کاغەزیان داوە و دانیشتوون | بۆ وەسڵی جۆکەر شێت و شەیدا بوون |
خەریکی یارین هۆشیان نەماوە | ملیان کووڕ بووە و پشتیان چەماوە |
هەر زرم و هووڕ و هەراهەرایە | سەیرێکی خۆشە وەک سینەمایە |
بڵێ: لە «الحمد» ئەم گەلی کوردە | بۆ شتی بێ فەڕ بەدەستوبردە |
نیفاق و فیتنە و جاسوسی و قومار | تیایا شارەزان وەکوو دانی مار |
ئەنجا بێینەوە سەر یاریکەران | هەر دەستەی بەجیا بۆت بکەم بەیان |
تێکەڵ بەیەک بوون وەک چێشتی سواڵکەر | تاقمێک مەئموور، سدارە بەسەر |
یەکێک مدیرە و یەکێک محاسب | یەکێک موعەللم، یەکێک باشکاتب |
ئەمڕۆ لەوێدا وەکوو مەئموورە | کۆڕیان دێتە جۆش بە چەشنی کوورە |
لە هەوەڵی مانگ تا پێنج و شەشی | هەر لەسەر پارە ئەکرێت دووبەشی |
بەڵام برادەر کە هەشت و نۆی دێ | گووی سەگ بەحاڵی هەر خۆی بە خۆی بێ |
ئەنجا قەرز ئەکا پارە لەم و لەو | لەبەر قەرزاری خۆ نانوێ بە شەو |
بەم نەوعە لات بوو پارەی نەماوە | یارییەکەی دێتە سەر چایی و قاوە |
بە کورتی، دائیم پەست و غەمبارە | بێ قەدر و قیمەت، سووک و قەرزارە |
دەستەیەکی تر ئەویش تجارە | سلکی کاسبی و ئەهلی بازاڕە |
بە ڕۆژ هەوڵ ئەدەن بەو حاڵە پیسە | بە سەد ئۆین و سوێند و دەسیسە |
دەستی خەڵک ئەبڕن شتێک ئەفرۆشن | کە شەویان لێهات وەها بەجۆشن |
لێکی بەرەوە و چاکی بزانە | ئەمە ئەحواڵی موجتەمەعمانە |
من ڕێگەی یاری ناگرم بە کوللی | با بکرێت بەڵام بە موعتەدلی |
ئێمە قەومێکین وا لە ژێر بارین | حەیفە ئەوەندە خەریکی یارین |
جارێ با خۆمان دەرکەین لە وەحشەت | ئەوسا دەس بەنە ئەسبابی عوشرەت |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|