Jump to content

دیوانی کوردی/ێ

From Wikisource
313123دیوانی کوردی — پیتی ێ1850کوردی

1

[edit]
دڵ گرفتاری غەمانە چاوی جانانی دەوێ لەعلی لێوی شەککەرین و گەوهەر ئەفشانی دەوێ
حەپسی چاهی میحنەت و دەرد و غەمی تۆیە مودام بۆ شفایی دەردی خۆی وا ماچی کوڵمانی دەوێ
زەخمەکەی دڵ کارییە هەرگیز عیلاجی ناکرێ وا لە گوڵزاری جەماڵت دەستە ڕەیحانی دەوێ
گاهـ بە وەسڵت دڵ فەڕەحناکە لە غەم ئازاد دەبێ مەستی جامی عوشرەتێکە قەترە بارانی دەوێ
بەسکی سەرگەردانی عیشقە ئیختیاری بۆ نییە میسلی غونچە و زاغە و سیبی زەنەخدانی دەوێ
غەرقی بەحری حەسرەتە بیماری تیری غەمزەیە ماچی کوڵمەی ئاڵ و لەعلی لێوی خەندانی دەوێ
هیجری ئەمڕۆ شەوقی دیداری بە سەردا کەوتووە تەشنەیی دیداری تۆیە ئابی حەیوانی دەوێ

2

[edit]
ئەمان! مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ
وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی ڕەفیقان نیوە سووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ
لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ
ئەلای هەرکەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد؟ درێغ کوا حاڵ زانێ؟ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ
لە ژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بوو بە سەربارێ
لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەس بێ دەڵێ کافر ئەمە چیت دیگە؟ تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ
سەبا! یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووە عەییارێ
دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی خوا سا کوا لە دنیادا قەدر زانێ، خەریدارێ؟

3

[edit]
لاوی قەد لاو لاوی من گەر بێ بە ناز چاو هەڵبڕێ وا دەزانم شێخ لە من زووتر لە ئیمان وەرگەڕێ
ڕۆژێ بێجام کرد و ساتێ چوومە لای شێخ بۆ سەماع وەک کوزە کەمتیاری پێ بێ دەسبەجێ لایدام لەڕێ
واعیز ئەمڕۆکەش ئەوا هەڵواخوری کەوتۆتە یاد نەک لە ڕێگەت لابدا گوێ مەگرە لێی با هەڵتڕێ
وا ڕەقیب دەستی بە فیشاڵ کردەوە وەک بای غەزەب بۆیە وا ئەمشەو لە بەزمی یار چرای من ناگڕێ
خوێنی من بۆ شوێن ونی دەسڕێ بە پەنجەی قاتڵی وەختە خۆی ئەنگوشت نما کا لێی گەڕێ با بیبڕێ
تیغ بە ملما دێنێ و بە درۆ دەڵێ نابڕێ قوبان تیغی تۆ بوڕڕەندەیە هاوارە بەختم نابڕێ
پێم دەڵێ کوردی خۆ تۆ عاقڵ بووی بۆچ شێت بووگی؟ سیحری چاوی خۆت نەدیوە، حەقتە لۆمەم کەی لە ڕێ

4

[edit]
چاوەکەم! زانیوتە بۆ چی خەو لە چاوم ناکەوێ؟ چونکە من پێشخزمەتم، پێشخزمەتان نانوون شەوێ
ڕۆژ و شەو دایم لەبەر دیدەی خەیاڵم حازری سا چ فەرقێکی هەیە بۆ من ئیتر ئێرە و ئەوێ؟
بەس نییە لێرە دەوێرم جار بە جار باست بکەم نەمدەوێرا قەت لەبەر ئەغیار کە ناوت بەم لەوێ
دڵ لە تاو زامی فیراقت دائیمەن زاری دەکا ڕۆژ بە ڕۆژ مەنعی دەکەم، باز دەردی سەختە و ناسرەوێ
عەقڵ و هۆشم داوە پێت لێشی دەتۆرێی ماڵ وێران؟ دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحیبە، بۆ چی ناتەوێ؟
گەر موخەییەر بم لە نێوانی بەهەشت و وەسڵی یار وەسڵی تۆ بۆ من جەهەننەم پڕ لە جەننەت نامەوێ
ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟ باوکە کوژتەت نیم ئەرێ هەی بەدمەزەب چیت لێم دەوێ؟
هەروەکوو کێوی دەماوەندێ سەرم پڕ شۆڕشە قەت تەمی هیجران و خەم ساتێ لە دەوری ناڕەوێ
گەردنی کوردی لە کێوی بێستوون مەحکەمترە چونکە چەند ساڵە لە ژێر باری غەمایە نانەوێ

5

[edit]
ئەو سەرە بۆ چی بە دایم پڕ لە عەشقی یار نەبێ؟ ئەو دڵە بۆ چی بە دایم عاجز و غەمبار نەبێ؟
بۆ دەڵێن عاشق کەسێ لاف و گەزافێ لێ بدا؟ تا لە سەر گۆنەی نیشانەی جێگە گەزتەی مار نەبێ
هەرکەسێ بێت و بڵێ من عاشقم باوەڕ مەکە تا بە پەیکانی موژەی مەحبووبەکەی زامار نەبێ
دڵ بە مەحبووبە مەدە مەششاتە گەر بێ و حیلەباز ئەسمەر و قەد عەرعەر و خونخار و چاو بە خومار نەبێ
گیان فیدای مەحبووبەیێ بێ دڵنەواز و حاڵزان هەمدەمی ناکەس بەچە و هەم سوحبەتی ئەغیار نەبێ
قەدری عاشق کەی دەزانێ چونکە تفڵە و بەدخووە؟ تا خەتی موشکین لەسەر سەفحەی ڕوخی ئیزهار نەبێ
ئەو جەفا و جەورەی کە کوردی لەو نیگارەی چەژتووە سەد کە بێعار بێ دەبێ بۆ چی لە ڕوح بێزار نەبێ؟

6

[edit]
دڵ گرفتارە خودا چبکەم عیلاجی ناکرێ زۆر زویر و عاجزە غەم دەستی لێ هەڵناگرێ
غەم ڕەوێنێکی نییە بێچارە ساتێ بێتە لای باری دەردی سووک بکا نەیهێڵێ غەم وا دایگرێ
هەوری میحنەت بەرق و بارانێ دەبارێنێ لە تاو بای جەفای دێ خێوەتی کەیفی دڵم هەڵنادرێ
دڵ بە دەم دەردا دەناڵێ پێی خۆشە ئەم حاڵە زۆر بەڵکە تەئسیرێ بکا فەڕشی وەفای بۆ ڕاخرێ
ڕۆژ و شەو بەدکاری بێ فەڕ، کاری هەر بەدگۆیییە وا دەزانێ هەر دەمێنێ ئەم سەگە قەت نامرێ
کوردی دانیشە لە کونجی بێ کەسیدا دەنگ مەکە بەڵکە پەیدا بێ لە بۆت جوابێ لەلایەن قادرێ