Jump to content

دیوانی وەفایی/و

From Wikisource
310956دیوانی وەفایی — پیتی و1902وەفایی

1

[edit]
شەهیدی خەنجەرت ئەو ڕۆژە عومری جاویدانی بوو مەڵێ پەروانە خۆ سووتاوە، مەرگی زیندەگانی بوو
بە تیرێ خۆ لە عالەم بۆوە چاوت، ئەی شەهیدی بم لە کن خۆ ئەو فەڕەنگی زادە عەینی ناتەوانی بوو؟!
سەر و ماڵی بە بێدادی حەبەش پاماڵە، ئەی سەد حەیف! شەهی حوسنت کە دایم چەتری سونبول سایەبانی بوو
لەبەر تەئسیری خەندەت من کە سووتام ئەودەمە زانیم بەڵایی خەرمەنی من هەرچی بوو بەرقی نیهانی بوو
بەخۆڕایی وەکوو پەروانە من سووتام و نەمزانی ئەوەی ئێمەی لە داو خست، ئیلتیفاتی سەر زمانی بوو
بە بەدمەستی دەترسێم بێتە دیوانی خودا فەریاد! کەسێ وەک من شەهیدی چاوەکانی نیکتەزانی بوو
ئەمن ئەو ڕۆژە لێم مەعلووم بوو کەعبەی دین و دڵ گیرا کە وەک تابووری هیندوو لەشکری ئەگریجە، سانی بوو
لەبی گوڵ، زاری گوڵ، ئەندامی گوڵ، ڕوخساری گوڵ، بەر گوڵ هەتا کەی من بڵێم سەربەستە جەللادم فڵانی بوو؟
بە هەر سیحرێکی بوو هەر وەک وەفایی کوشتمت، ئاخر ئەگەر ئەندازەیی نازت، ئەگەر نامیهرەبانی بوو

2

[edit]
بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو بە قەتڵی عاشقی شەیدا مەفەرموو
کە من کوشتەی جەمالی تۆم عەزیزم لە باغی جنة المأوی مەفەرموو
ئەتۆ مووسونبوڵ و ڕووئافتابی لە حوسنی تەلعەتی لەیلا مەفەرموو
دەڵێن: فەرمووتە بمکوژێ بە ناحەق کە تۆ سوڵتانی حوسنی وا مەفەرموو
دوو چاوم، دوور لە تۆ، تۆفانی خوێنە لە مەوج و جۆششی دەریا مەفەرموو
دەمت وا بێنە، قیبلەم، تۆی تەبیبم بە تەشریفی دەمی عیسا مەفەرموو
من و یەک لەحزە شەوئارام و تاقەت؟! لە دووری ماهی شەوئارا؟ مەفەرموو
بە خۆت بمکوژە نەک بەو چاوە بازە بە جەللادانی بێپەروا مەفەرموو
وەفایی عاشقی ئەندامی تۆیە شەهیدی قامەتی تووبا مەفەرموو

3

[edit]
ئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو جان و دڵ مەحرووقی نارم، ئاخ لە بۆ تێڕێک دراو!
ئاخ لە بۆ تێڕێک دراوان، نووری دڵ، بینایی چاوان مەرهەمی دڵ کۆکراوان، مۆمیای پشتی شکاو
کوا ڕەفیقێکی تەواو بێ، شێرمەرد و دەست بڵاو بێ؟ ساحیبی چایی و پڵاو بێ، حاتەمی دەوران بە ناو
زێڕ و زیو فیکر و خەیاڵمە، دایک و باب و مام و خاڵمە دولبەری سەد ماهـ و ساڵمە، لازم و مەلزووم کراو
زێڕ و زیو بابی هەتیوان، غەوس و قوتبی هیچ نەدیوان ئاخ کە لە منیش بۆتە میوان، دین و دڵ بۆی دانراو
هەر کە پارێکی دەبینم، دێتە کوڵ جۆشی گرینم دادەنێم ئیمان و دینم، دێمە ئیکلام و سڵاو
دێمە ئیکلام و سڵاوان، زێڕ و زیو بینایی چاوان ڕاحەتی جەرگ و هەناوان، گەر بە سیهابێ تەواو
چا و زێڕم بۆ وەدەرنێن، سوێند و موسحافم لە بەرنێن خەنجەر و شیرم لەسەر نێن، عاشقم عاشقی دراو
عاشقم عاشق بە زێڕم، ئەی خودا چاوان دەگێڕم پڕبکەی خورجین و تێڕم، دا منیش ببمە پیاو
قەد کەست دی تەرزی من بێ! ساحیبی منداڵ و ژن بێ دەستمایەی کێر و گون بێ! ڕووت و قووت و کەس نەماو؟
غەرقی دەریایی ڕیا بێ، مەستی تۆبەی دوو هەوا بێ عاشقی مسکین وەفا بێ ئەی خودا بیخەی لە داو!

4

[edit]
بۆ چی هەودای زولف و دڵ حاکم لە ڕووی جانانە بوو ئەو پەرێشانییە هەموو تەقسیر و سووچی شانە بوو
موددەتێک بوو نووری چاوم چوو بوو، ڕۆژم ببوە شەو ڕووی درەخشانی لەبەر زولفی پەرێشان وا نەبوو
زولفی لادا هەر بە ئوممێد بووم کە ڕۆژ ئاوا ببێ ماڵی من وێران بوو عومری من چوو، ڕۆژ ئاوا نەبوو
قەترە قەترە خوێنی چاوم یەک دەم ئارامی نییە ڕۆژێکی بۆ کاروانی عاشقان ئاوا نەبوو؟
وەک چرا سووتام و ڕوحمێکی بە حاڵی من نەکرد جارێکی لوتفێ لەلای ئەو یارە بێپەروا نەبوو
زولفی لادا خاڵی ڕووی دەرکەوت و هیچ ڕووی پێ نەدام شەو چوو ئەستێرەی بەیان هات، ڕۆژی من پەیدا نەبوو
لەوحی مەحفووزم لەبەر چاوی بە سەد دڵ خوێندەوە غەیری بیماری نەسیبی عاشقی شەیدا نەبوو
بەستەیی زنجیری زولفی تۆم نیگاهێ! ڕەحمەتێ! ئەی تەبیبی میهرەبان! ئامان دڵم دێوانە بوو
یا نەخۆشی چاوی تۆم یا بێقەراری زولفی تۆ عاشقی بێچارە قەت بێدەرد و واوەیلا نەبوو
وا بە دەردی چاو و داغی زولفی تۆ حاڵم نییە وەک نەخۆشێکی پەرێشان چی کوتم هیچ وا نەبوو
پەڕپەڕی ئەوراقی دڵ پڕ خوێنی وەک گوڵ کردووە دەفتەرێکە پڕ لە خوێن هەر ئەو بوو چی تێدا نەبوو
قەت بە چاوی سووک تەماشای ڕەند و ڕووتێکی مەکە ئەی بەسا ئاوری نیهانی موهلیکی سەد خانە بوو
هەر دەمێکی مەزهەری دیداری وادی أیمنە خۆ تەجەللا مونحەسیر بۆ سینەیی سینا نەبوو
باغەبان بۆ خۆی کە هات ئارایشی گوڵزاری دا خاری مسکین تۆ بڵێی چ بکا گوڵی ڕەعنا نەبوو؟!
ئەی فرووغی زوڵمەت و نوور! تۆ و چراغی دین و دڵ! ڕەحمەتێ، وەبزانە ئەم وێرانە هەر ئاوا نەبوو
گوڵ بەبا سونبوول بە تاراجی خەزان چوو عاقیبەت هەچ گوڵێک لافی لە ڕەنگ و بۆت نەدا ڕیسوا نەبوو
گەر ئەتۆ لوتفێک بفەرمووی بێزوبانی من بەسە مەیلی تۆ بوو وەرنە ئادەم عالمی ئەسما نەبوو
تا بە ئاهـ و ناڵە نەگریت فەیزی ڕەحمەت زەحمەتە بێ نەسیمی بەرق و باران جۆششی دەریا نەبوو
شای گوڵان، سولتانی خووبان، ئەوشۆ هات دامەنکەشان ڕۆژ و شەو، خورشید و زوڵمەت، گەنجی نێو وێرانە بوو
بانگی نۆشانۆشی ساقی، دەنگی موتریب، سەوتی تار قووتی جان، ڕۆحی ڕەوان، ئارامی دڵ قەت وانەبوو
دڵ بە دڵبەر، جان بە جانان، شاد و خوڕڕەم کەفزەنان وەسڵی بولبول، بەزمی گوڵ، شایی شەم و پەروانە بوو
خاڵی گۆشەی چاوەکەی فەرمووی، وەفایی پێت بڵێم «تا نەبوومە خادیمی مەیخانە کارم چا نەبوو!»

5

[edit]
ئەی لە سایەی سەری زولفت بە نیگا و خەت و ڕوو بەستەیی داوە، چ تاووسە، چ شەهبازە، چ قوو
مەستی ئەو نێرگسە کاڵەم دەگریم بۆ لەبی تۆ شیشە بۆ جامی شەرابم، کوڵی گریەم لە گەروو
مەمدە بەر حەڵقەیی ئەو زولفە لەسەر ماچی دەمت لە تەنافم مەدە مەمکوژە لە سەر هیچ و نەبوو
تێک نەچوو قەت سەری زولفت لە هەناسەی دڵی من دووکەڵی ئەو شەمە هەرگیز بە نەفەس واوە نەچوو
لە دوو زولف و سەری کوڵمانی عەجەب ماوم ئەمن! ڕاستە ئەو نوورە بەڵام نوور نییە دوو سایە لە ڕوو
وەرە بەو نێرگسە ساقی بە فیدای گەردشتم نەفەسێ بێنەوە گەردش بە وەفای جام و سەبوو
عاریز و زولفی بە خەندە بە وەفایی دەفرۆت گوڵ بە تا، نافە بە خەرمەن، دوڕڕ و شەکەر بە قوتوو

6

[edit]
ئەی مایەیی سەد فیتنە بە دوو نێرگسی جادوو ئەی حەڵقەیی زولفت ڕەسەنی گەردەنی ئاهوو
ئەی دەستەگوڵی باغی بەهەشتی بە مەلاحەت ئەی پستەدەم و سەروقەد و سیلسیلەگێسوو
خەت سەرشکەنی زولفی لە ئازاری دڵان کرد گەر تەربیەتی داوە فەڕەنگ چین بە خەتا چوو
ڕۆژ بۆوە کزەی با لە خەیابانی گوڵاندا زولفی بە هەناسەم کە لەسەر عاریزی لاچوو
فەرمووی: وەڕەزەم لەو غەرەزی پڕ مەرەزی ئەو ڕازی مەرەزی چاوی کە پرسیم لە ئەرەستوو
خەندەی دەمی تۆ بۆیە شیفای دەردی دڵانە پەروەردە لەگەڵ گوڵشەکەرە گەوهەر و لوئلوو
ئەو خاڵە چ شیرینە لە نێو حەڵقەیی زولفت نەمدیوە سوهەیلی یەمەنی بێتە تەرازوو
تۆ ڕەنجە مەبە کوشتنی ئاسانە وەفایی بەو غەمزە ئیشارەت بکە، بەو چاوە بفەرموو