دیوانی وەفایی/تایێکی ڕیشەیی دڵ بە نووکی غەمزەدا دا
Appearance
تایێکی ڕیشەیی دڵ بە نووکی غەمزەدا دا | دەستێکی بۆ سەما برد ڕووبەندی ماهی لادا |
نافەی گوڵی بە دەرکەوت عەتری بە دەم سەبا دا | باریک و لووس و ناسک وەک زولفی خاوی بادا |
وەک شاخی گوڵ بەلادا، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
نووکی تەشی بە گەردوش چەرخێکی قوتبی پێوە | مەجەڕڕە بوو بە داوی کە چەرخی کەوتە نێوە |
وەک زوهرە دەستی کێشا کە بەندی قەوسی زێوە | ئەستێرە ماهی داگرت سابت گەڕا بە پێوە |
عەرەق بە ڕوو بەڕێوە، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
لە بانی عارەقی ڕشت لە پێکەنینی زاری | بە خەندە غونچە گوڵ بوو گوڵاوی لێ دەباری |
وتم: بفەرموو سەر دوو چاوی من بە یاری | بە چاوی من ببینن تەلیسمی سیحرکاری |
کە سەروی جۆیباری، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
کە دەستی برد و هێنا بە دڵبەری بە تادا | هێنایە چەرخ و گێڕای بە ڕانی سافیدا دا |
عەیان بوو پەنجەیی ڕۆژ بە خەتتی ئیستیوادا | بە سوبحی سادق ئەنگووت زەنەب لەنێو سەمادا |
حیرەت لە ماسیوادا، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
کە هاتە چەرخ و بازی تەشی بە ڕانی لووسی | دەکەوتە پایبووسی دوو زولفی ئابنووسی |
زەنەب لە مانگەشەودا دەهاتە چاپلووسی | لەسەر بەیازی گەردەن بە خەتتی خۆشی نووسی |
مەهتابە پایبووسی، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
یەخەی کراسی لاچوو پشکووت بە هەردوو لێوان | گوڵ و شەکەر دەباری لە کووچەباغی سێوان |
زولفی پەخشان بوو کوڵمی وە دەردەکەوت لەنێوان | شەمس و قەمەر هەڵاتن دوێنێکە نوێژی شێوان |
وەفایی کەوتە کێوان، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
کە کەوتە چەرخ و گەردش تەشی بەدەستی ڕەنگین | هەودای لە لێو و دەم دا خورشیدی سینە نەسرین |
سەمای بە زووزەنەب دا: كف الخضيبی شیرین | گرتی خەتی مەداران شەفەق بە عیقدی پەروین |
سیحرێکە بۆ دڵ و دین، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
دوو زولفی چین بە چین کرد، کە نافەیی خەتایە | دوو مەمکی خستە سەر لۆق هەناری دڵگوشایە |
بە خەندەی چەرخێکی دا کە شەوق و نەشئە وایە | بە نوکتە پێی نیشان دام سەما لەسەر هەوایە |
هەموو ئیشارە وایە، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
بە عیشوە زولفی لادا لەسەر عیزار و زاری | دوگمەی کراسی ترازا، بزووت هەوای بەهاری |
کە شەو بەیانی بەردا گوڵ و وەنەوشە باری | سەڵای بە عاشقان دا باغی گوڵ و هەناری |
دونیا بە ئینتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
کە زولفی کەوتە سەر ڕوو هەموو خەتای بە چین دا | خەرامی تاووسانەی بە سەروی نازەنین دا |
سفیدەیی بەیانی بە باغی یاسەمین دا | فەنایی پڕ بەقا بوو دەمی لە پێکەنین دا |
سەد ئافەتی لە دین دا، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
سمی غەزاڵەیی چین لە نافەدا عەیانە | دەڵەی لە نیوەشەودا سفیدەیی بەیانە |
قەدی گوڵ و دەمی گوڵ ئەمەی کە قووتی جانە | لە باغی یاسەمیندا شکۆفەیی گوڵانە |
بەهاری بێ خەزانە، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
شکۆفە وا هەڵستا لە زێڕ و زیو حوبابێ | لە کەوسەری بەهەشتێ دەروونی پڕ کرابێ |
خڕ و لەتیف و نازک بلووری خودنوما بێ | بە تەرزی درزی دەرزی لە خۆوە درزی دابێ |
دیارە سەروی وا بێ، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
شەوێ لە پیرەخەودا جەماڵی ویم بە دڵ دی | دوو چاوی مەست و کاڵم وەکوو غەزاڵی سڵ دی |
ئەگەرچی نەوبەهارم بە ڕەنگی باغی گوڵ دی | هەناری نەوڕەسیدەم شکاو و خاو و بڵ دی |
گوڵم لە خاک و گڵ دی، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
وتم: چ بوو نەمام! بە خاڵ و خەت نەماوی؟ | وەکوو بەیاری سونبول بڵاو و تێکشکاوی؟ |
وتی: گڵاوی سەگ بوو شکۆفە گوڵ، گوڵاوی | بە کەرتەشی سماوە ستارەیی سەماوی |
بەسەر چوو چاو و ڕاوی، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
مەنعی مەکەن وەفایی کە خاوێ دڵ بڵاوە | سەرێکە مەستی نازی، دڵێکە بۆی نەماوە |
بە داو و دڵ دڵی خۆی بە داوی زولفی داوە | دڵم حەقی بە دەستە فتوایی سەری داوە |
کە ئەم غەزاڵە چاوە، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
قوتووی لوئالییانە لە زیوی داڕژاوە | لەبالەبە لە حیکمەت لە شەهدی هەڵکراوە |
لەبەر نەزاکەتی ڕۆژ ڕەواقی دادڕاوە | بە تەرزی درزی دەرزی لە خۆوە درزی داوە |
بە مەی عەیان کراوە، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
شیفای جەراحەتی دڵ تەشی نەبوو، کە ڕستی | شەشپەڕی کاکی خۆیە پڕاوپڕە بە دەستی |
هەتیوێ کەللەشەق بوو بە داوی حیلە بەستی | لە ناوی هاتوچۆدا بە لێوی غونچە گەستی |
بە ڕووح و دڵ بە قەستی، شیرین تەشی دەڕێسێ | |
بە دڵ بە دیدە سووژن لە غونچەگوڵ یەرەق بوو | شەشپەڕەکەی وەفایی کوڵوفت و تیژ و ڕەق بوو |
لە هاتوچۆی سەماوی گوڵ هەم وەرەق وەرەق بوو | شەقایقێکە شەق بوو شەقایقێ کە شەق بوو |
بەڵێ چ موستەحەق بوو، شیرین تەشی دەڕێسێ |