دیوانی نالی/ێ
Appearance
1
[edit]بِحَمْدِ اللّه دوو چاوی یارم ئۆخەی | بە بێ مەی مەستە، بێ مەی مەستەبێ مەی |
لە بوستانی (ئیرەم)دا قەت نییە وەک | شەمامەی وەک شەمامەی وەک شەمامەی |
شەوی هیجر و بەقای عومری ڕەقیبم | خودا تەی بێ، خودا تەی بێ، خودا تەی |
وەرە، موتریب، بە کوێری چاوی ئەغیار | سەدای نەی دێ، سەدای نەی دێ، سەدای نەی |
لە دووری نازەنینم ڕەنگ زەردم | وەکوو بەی، هەروەکوو بەی، هەروەکوو بەی |
لە نەهرەینی دوو چاوم ئەشکی خوێنین | پەیاپەی دێ، پەیاپەی دێ، پەیاپەی |
گوتی: نالی! ئەتۆ بمرە، ئەمن دێم | خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی! |
2
[edit]حەریقی زیقی زیندانم، نەسیمی سوبحدەم با بێ! | ئەگەر ڕۆحی منت باقی دەوێ، ساقی! مەیی نابێ! |
لە وەسڵی تۆ زیاتر خەوفناکم، نەک لە هیجرانت | بە میسلی شەمع و پەروانە، بەڵێ عاشق دەبێ وا بێ! |
نییە دەخڵم لە شانامە و مەسافی، غەیری ئەم نوکتە: | کە کوشتەی بەندی تۆیە هەرکەسێ ئازاد و ئازا بێ |
کەسێ پوشتانی باڵاتە، حەریفی ئاڵ واڵاتە | کە شیبهی کاکوڵی ژۆلیدە سەرگەردانی سەودا بێ |
فیدای تەشریفی ڕێگەت بێ خەراجات و خەزێنەی دڵ | نیساری تۆزی پێت بێ گەر لە چاودا قەترەیێ مابێ |
لە عەکسی زاتی بێڕەنگت هەتا کەی دیدە ڕەنگین بێ، | جونوونی لەیل و مەیلی نەقشبەندی عەکسی ئەسما بێ؟! |
مەگەر هەر یاری نەقشینم ببێتە نەقشبەندی دڵ | کە نەقشی غەیری ڕەنگی ئەو بە ئاوی دیدە شۆرابێ |
سوبووتت باعیسی نەفیی منە، وەک لامی زولفەینت | لە هەردوو لا قەدت بگرێتە ناو، وەک (لامەلفلا) بێ |
گەهێ ئاهوو ڕەوش شاهی، گەهێ گەوهەر مەنیش ماهی | بڵا با سینە سەحرا بێ، بڵا با دیدە دەریا بێ! |
کەمەندی زوڵفی دوو لانە، لە بۆ گەبر و موسوڵمانە | دەکێشێ بێ موحابانە، چ لەم لا بێ، چ لەولا بێ! |
لەئالی ئەشکی نالی بێکەسە، غەڵتانی نێو خاکە | مەگەر سەمعی قەبووڵت موشتەری لوولوویی لالا بێ! |
3
[edit]خۆشا ڕەندێ لە دنیا بێ موبالات و موجەڕڕەد بێ! | بە ڕۆژ زیندەی جەماعەت بێ، بە شەو مات و موجەڕڕەد بێ! |
بە سوورەت: جەلوەتی، غەرقی عەلایق هەروەکوو خەڵقی | بە مەعنا: خەلوەتی، مەستی موناجات و موجەڕڕەد بێ! |
ئەگەر عالەم ببێتە خەلعەتی تەشریفی سەرتاپای، | وجوودی بێوجوودی بێ موباهات و موجەڕڕەد بێ! |
بە زاهیر تاوسی ڕەنگین، سیفاتی تِهْ عَلی التّاهی | بە باتین قومری و خاکستەری زات و موجەڕڕەد بێ! |
ئەگەر تەکیە، ئەگەر شێخە، هەموو داوی عەلایق بوون | بڵا نالی بچێ مەستی خەرابات و موجەڕڕەد بێ! |
4
[edit]لە چاوی ڕوودبارم نووری دیتن وەقتە تاری بێ | ئەمیش با ماجەرای هیجرانی نووری ڕوودباری بێ |
چ میعمارانە بۆ تەعمیری کەعبەی دڵ دەچێتە حەج! | خودا یار و مەدەدکار و نیگەهداری عەماری بێ! |
بە وەقتی تەلبییە مەستی شوهوودی صبغة اللّەبێ! | بە گاهی تەروییە سیڕڕی یداللّە دەستیاری بێ! |
فویووزاتی سەفا و مەروە هەروەک ناودان دەم دەم | لە یەنبووعی دڵی پڕ زەمزەمەی میزابی جاری بێ! |
ئەگەر خەڵوەت نشین بێ، جانی جانان بێ ئەنیسی ئەو | وەگەر هیجرەت گوزین، ڕۆحی عەزیزان یاری غاری بێ! |
شەعائیر یەک بەیەک مەسرووری سیڕڕی غەیبی لاڕەیبی | مەساعی سەربەسەر مەشکووری دەرکی بەیتی باری بێ! |
نیشانەی صبغة اللّهی لەسەر ئیسم و موسەممایە | بە بێ نەیرەنگی ئەو ڕەنگە کە ڕەنگی ئیفتیخاری بێ |
بە کوێری دوور لە (نووری) مایەوە نالی لەمێ، یاڕەب! | فویووزی تۆزی ڕێگەی کوحلی چاوی ئەشکباری بێ! |
5
[edit]یار دڵی خوێنین و چاوی پڕ لە گریانی دەوێ | ئارێ ئارێ گوڵ لە باغان ئاوی بارانی دەوێ |
هەرکەسێ ڕووی تۆ دەبینێ، خۆی بە قوربانت دەکا | چونکە ئەبرۆی تۆ هیلالی عیدە، قوربانی دەوێ |
ئاو لە چاوانم بە خوڕ دێ، ئاگری دڵ ناکوژێتەوە | وەک جەهەننەم ئەم تەنوورە ئاوی تۆفانی دەوێ |
عەشق سوڵتانێکە هەر گا ڕوو لە وێرانێ بکات | ئاهی سەرد و، ئەشکی گەرم و، قەلبی بوریانی دەوێ |
دوور لە تۆ دڵ هێندە بێئارام و بێحاڵ کەوتووە | ئەی مەسیحای عەسر! لەو لێوانە دەرمانی دەوێ |
ڕووم ئەوا زەرد بوو وەکوو پاییز لە هیجران نالیا | عەشق ئێستاکەش لە من سەیلی بەهارانی دەوێ! |
6
[edit]تەشریفی نەوبەهارە کە عالەم دەکا نوێ | دڵ، چونکە میسلی غونچەیە، بۆیێ دەپشکوێ |
لەم وەعدە خۆشەدا گوڵ و گوڵچیهرە تێکەڵن | یەک ڕەنگ و موتتەحید، بە دڵ، ئەمما بە تەن جوێ |
عەرعەر عەدیلی قەددییە، یەعنی بەرابەرن | سونبول شەبیهی زوڵفییە، فەرقی نییە مووێ |
لەم خۆشییە کە هێزمی مەتبەخ سەوز بووە، | ماوم عەجەب لە دیدەیی سۆفی کە ناڕووێ! |
تیپی شکۆفە، خەیمەیی داوە لە هەر تەرەف، | یا شاهی نەوبەهارە، هەڵیداوە هۆردووێ؟! |
دنیا کە گوڵ گوڵی بووە، قوربان، ئەتۆش وەرە... | تالیب بە گوڵ بە، قەیدی چییە گوڵ گوڵی بوێ! |
بولبول، کە گەرمە نەغمەیی، ئاگر دەکاتەوە | غونچە، حەزینە، جەرگ و دڵی بۆ دەکا توێ |
نالی! زوبانەکەی تەڕ و پاراوی سەوسەنت | حەیرانی چاوی نێرگسە، وەک لاڵە، نادوێ... |
7
[edit]خاڵی نییە ڕەشماری دوو زوڵفت لە بەڵایێ | حەڵقەی شەڕییان بەستووە هەر یێکە لە لایێ |
عاشق دڵی نایێ لە دڵارامی جودا بێ | ئەڵبەت کە دڵارامی لەوێ بێ، دڵی نایێ |
بنواڕە خۆشیی ڕەقسی لەگەڵ خەرقەیی ئەزرەق | مومکین نییە بەم پاکییە، لەم ئەرزە، سەمایێ |
مومکین نییە جەلبی دڵی خووبان بە من و تۆ | نەمبیستووە تەسخیری مەلایک بە مەلایێ |
نەقدی دڵ و جان بۆ قەدەمت نیمە بەهایە | غەیری ئەمە، قوربان، بەخودا نیمە بەهایێ |
ئەی شەمع! بترسە لە هەناسەم کە بگاتە | ئەو دووکەڵی زوڵفە کە پەرێشانە بە بایێ |
تا چاکی نەکەی پڕ لە هەوا سینەیی نالی | وەک زەنگڵە ئاوازەیی ناڵەی دڵی نایێ |
8
[edit]مەستوورە کە حەسنا و ئەدیبە بە حیسابێ | هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ! |
هاتووم، وتی، عوقدەم هەیە، قەت مومکینە وا بێ؟ | هی تۆم ئەگەرەم مەسئەلە حەل کەی بە جەوابێ |
هەر مەسئەلە بیکرێ کە بە تۆ شەرحی کرابێ | مومکین نییە کەس دەخڵی بکا چین و خەتا بێ |
ئایینە بە مایینە دەبێ ڕەنگ نوما بێ | مەستوورە بەمەستوورە دەبێ موهرەگوشا بێ |
نوکتێکی زەریفە بە نەسیبی زورەفا بێ | تەعریفی دەکەم، بەڵکوو لە بۆ دەرد شیفا بێ |
ئەم سیڕڕە چییە میسلی سوها بێ، نەسوابێ؟! | دوڕڕێ کە وەکوو دوڕڕی سەما بێ، نەسما بێ؟! |
دوککانی توحەف، کانی حەیا، کانی بەقا بێ | قوببەی لە قیبابی نوقەبا بێ، نەقوپابێ |
وەک خەیمە بە پەردێکی دوو ئەستوونە بە پا بێ | سەر تیلەکی نەختێ بە نەزاکەت قڵەشابێ |
وەک هیمەتی سۆفی کە لەنێو خەڵوە خزابێ | مەستوور و عەزیزی شەرەف و ڕیفعەت و جا بێ |
یا کۆمڵە زیوی بوخەلا دوور لە سەخا بێ | موغلەق بە بەخیلی، بە مەسەل مشتی مەلا بێ |
کاسێکی بلوورینی نخوونی لە سەرابێ | نەختێکی لەبەر مەوجی لەتافەت قڵەشابێ |
یاخۆ پەڵە بەفرێکی کە ئەسڵەن نەشکابێ | قەندیلی مونیر و گوزەری ئاب و هەوا بێ |
کام ئاب و هەوا؟ موعتەدیلی نەشئونوما بێ | یەعنی لە وەسەت کانییە گەرمێکی تێ زابێ |
لەو کانییەدا چووزەرە ڕێواسێ ڕووابێ | بەو چووزەرە ڕێواسە کەمێکی قڵەشابێ |
یا قەسری موعەللا کە لە ئاوێنە کرابێ | یا غونچەیی نەشگوفتە کە ئاوی نەدرابێ؟! |
یا گومبەدی نەزهەتگەهی نێو باغچەسەرا بێ | ئەلوانی گوڵامێز و شەکەربێزی تیا بێ؟! |
یا قورسی نمەک هەروەکوو مەڕمەڕ بە زیا بێ | جێی قەترەیە ئاوێکی لەنێودا قڵەشابێ؟! |
یا گردەکی گردێکی کە شیرین هەڵی دابێ | گردی نمەکین، یەعنی گیای لێ نەڕووابێ |
دامێنی بە ئەنواعی گوڵ و مڵ خەمڵابێ | گەنجێکی تێدا بێ کە تیلەسمی نەشکابێ |
حوققێکی زەڕی سافی لەسەر بانی نرابێ | نەختێکی بە سەد سەنعەتی مانی قڵەشابی؟! |
یا ڕەئسی یەتیمێکی کە بێ بەرگ و نەوا بێ | غەڵتان و سەراسیمە: نە داکێک و نە بابێ |
فێسێکی سپی و توندی لە کەللەی کەلی نابێ | هێشتاکو لە حەق جێگەیی خاسی نەدڕابێ |
چەسپیدە و خڕ هەروەکوو بەر قاڵبی دابێ | نەختێکی لەبەر توندی و سفتی قڵەشابی؟! |
دورجێکی موجەوهەر کە هەموو حوسن و بەها بێ | دوڕڕێکی مونەووەر کە هەموو ئاوی سەفا بێ |
بەیزێکی شوتورمورغی کە وا تازە کرابێ | وەک بەیزەیی بەیزا بە زیا و بە سەنا بێ |
خرچێکی مودەووەر، بە عەسەل ئاوی درابێ | نەختێکی لەبەر حوسن و حەلاوەت قڵەشابێ؟! |
یاخود وەکوو خۆی شاهیدە، با وەسفی وەها بێ: | سیمین مەمکێکی هەکە تازە هەڵی دابێ |
یا تازە هەنارێکی کەناری گوڵی مابێ | بێ درز و قڵیش میسلی شەمامێکی تەڵا بێ |
بۆ تەجرەبە تا لەززەتی شیرینی ئەدا بێ | نەختێکی وەکوو دیدەیی دەرزی قڵەشابێ؟! |
یاخۆ، مەسەلا، میسلی نە وا بێت و نەوا بێ | مەشهوور و خەفی هەروەکوو عەنقا و وەفا بێ |
ساحێب زەڕ و زیوێ کە فریبی عوقەلا بێ | ئیکسیری تەڵای ئەحمەری چەند قەترە لە لا بێ |
دەعوای ئومەرا چەندە لەسەر تەختی کرابێ | چەند خوێن کە ڕژابێت و چ خوێنی نەڕژابێ |
کێ بێ لە جیهاندا چ گەدا بێت و چ شا بێ | تەرکێکی وەها ناسک و پڕ لەززەتی گابێ؟! |
*** | |
دێوانە کە زانی کە دەبێ عوقدەگوشا بێ | هەستا و گوتی: ئەشکی ڕەوانم بە فیدا بێ! |
ئەم ساحێبی تەشریحە دەبێ هەیئەتی چا بێ | هەم شاریح و هەم جاریح و مووزیحە گوشا بێ |
بۆ توند و ڕەقی مەتنی مەتینی حوکەما بێ | تەدقیقی ئەمیش سیڕڕە دەبێ خوفیە ئەدا بێ |
نەرم و خۆش و مونتیج وەکوو بەستی ئودەبا بێ | توولانی و بەرجەستە وەکوو دەستی دوعا بێ |
شەو نائیم و قائیم، عەلەمی بابی ڕەزا بێ | بێ دیدە هەڵستێ بە مەسەل عەینی عەسا بێ |
مەجزووبی توروق، مورتەعیشی لەرزش و تا بێ | سالیک ڕەوشی مەسلەکی ڕێگەی سولەحا بێ |
فەرقێکی هەبێ: داخڵی میحرابی ڕەجا بێ | چاوێکی هەبێ: غەرقەیی فرمێسکی بوکا بێ |
ڕێی حورمەت و بێحورمەتی هەرگیز نەکوتابێ | چەند ئاوی ڕژابێت و، چ ئاوی نەڕژابێ |
لەم ڕێگە سەریشی کە بچێ، یەعنی کوژابێ | گەردن کەچێ بەرپێتە، قەدەم ڕەنجەکە، سا بێ |
تا گەرمڕەوی ڕێگەیی زوڵماتی بەقا بێ | ماء الخَضرت قەترە لەسەر قەترە فیدا بێ |
کێ بێ وەکوو تۆ بەم شەوە ڕەحمی بە منا بێ! | مەجزووبە سیفەت، یەعنی سیلەی ڕەحمی تێدا بێ! |
هەم جازیبە و قابیلەیی ئەخز و عەتا بێ! | مەستوورە و مەخفی، شەبەهی بادی سەبا بێ! |
مەستانە هەڵستێت و بە کوێری ڕوقەبا بێ | ئەم بابزەنە گەرم و تەڕی کا بە کەبابێ |
*** | |
نالی! وەرە هەزلێکی کە عاری شوعەرا بێ | ڕووڕەش مەکە پێی سەفحەیی هەر لەوح و کیتابێ |
تەحریری خەیاڵ و خەو ئەگەر بێتە حیسابێ، | دەروێش و گەدا، شاهـ و دەبێ شاهـ، گەدا بێ |
وا چاکە خەیاڵ و خەوت ئەسراری هودا بێ | نەک بەحسی سوروور و عەلەم و بادی هەوا بێ... |