دیوانی نالی/ق
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]قوربان مەحاڵە پێکەوە بن سەبر و ئیشتیاق | خاریج لە نەسسی ئایەیە تەکلیفی لا يطاق |
مەعنایی نوور و زوڵمەت و نەشری حەیات و مەوت | بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویسال و شەوی فیراق |
ئیزهاری ئیددیعایی تەسەببور لە وەسڵی تۆ | یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیزبە، یا نیفاق |
بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکوو حۆریی جەننەتی | قەیدی چییە عەجووزەیی دونیا بدەم تەڵاق؟! |
شیرینی و، لە تاڵی و ترشی عیتابی ڕووت، | خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق |
سۆفی لە فەقر و فاقە وەکوو فاقە فاقی دا | تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق |
ئەی میهری میهرەبان وەرە سەر بامی بامیداد | دا مەهڕووان ببن بە هیلالی شەوی میحاق |
نالی کە سەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو | بۆ تۆ بووە بە دەربەدەری کووچە و سوقاق |
2
[edit]چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق | بە گوێ هەڵتاوەسیوە، سەر موعەللەق؟! |
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابی | وەها شیرین و، سینە نەرم و، دڵ ڕەق! |
سەراپای گرتووی زوڵف، بۆیە بوویی | موقەییەد، هەم موخەلخەل، هەم موتەووەق! |
لە پێت ئاڵاوە حەڵقەی ماری گێسووت | عەجایەب حەیی بێ جان قەیدی موتڵەق! |
کە لێڵ و سوور و کول بوو چاوی تیژت | ئەوەندە پێی دەڕێژی خوێنی ناحەق |
شوکر نالی سەری خەسمت وەکوو گۆ | بە خواریی، نەک بە یاری، کەوتە بەر شەق |