دیوانی نالی/ر
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]ئیلتیقای پۆڵا و ئاسن هەر نیزاعە و گیر و دار | جەمعی ماء و نار و، زەند و زەندە و، مەرخ و عەفار |
ئەم لەسەر تەعزیم و گەورە گرتنی ئەو بێ قوسوور | ئەو لەسەر تەحقیر و تەخفیف و شکستی زاری مار |
ئەم بچێ، ئەو دادەنیشێ دەم وەکوو گوڵ خەندەران | ئەم دەبێ هەستێ کە ئەو بێ، چاو یەک و قەترە هەزار |
ئەم بە چاو دوڕڕ و بە سەر لەعلی هەدییە بۆ دەبا | ئەو بە تف دەیکا بە میزابی شکستەی ئابشار |
نەزمی نالی میسلی ئاو و ئاوێنە ڕەنگی نییە | دوو ڕووە بۆ سەیری خاتر: یەک خەفی و یەک ئاشکار |
2
[edit]سەیلی هیجرت بەردی بنچینەی لە ڕەگ هێنامەدەر | باری فیکرت قەددی ڕاستی تێشکاندم وەک فەنەر |
شیری ئەبرۆت، تیری غەمزەت وا لەجەرگم کارییە | دێت لە تۆفانی دوو چاوم لەت لەتی خوێنی جگەر |
چاو و دڵ شەڕیانە، نازانم خەتای کامیانە خۆ | تا بە داری کەم، دەری کەم بیخەمە شین و چەمەر |
نووری چاوم! چاوەکەم بێنوورە بێتۆ، زەڕڕەیی | خاکی دەرگاکەت ببێژم بیکەمە کوحلی بەسەر |
دڵ موشەببەک بوو لەبەر ئێشان و نێشانی موژەت | ئیشی چاو بوو بۆیە هێند گریام و خوێنی کەوتە سەر |
لەت لەت و کون کون بووە دڵ وا لە شەوقی شیرەکەت | ڕۆحەکەم دێت و دەچێ، داخۆ لە کامیان دێتە دەر؟! |
هەرچی مەحبووبەم دەبینێ وا تەحەییور دەیگرێ | سوێن دەخوا بەخوا دەڵێ بِاللّهِ ما هذا بَشَر |
چەندە خۆشە دابنیشین دوو بە دوو ئەمن و گوڵم | داکەوێتن موددەعی لەو خوارە هەروەک دەستی کەر |
ڕۆژپەرستی ڕووتە نالی بۆیە دائیم وەک غوڵام | زەرد و گەردن کەچ لە دەرگات حازرە دەستەو نەزەر |
3
[edit]شەوی بەهاری جوانی خەوێ بوو پڕ تەشویر | لە فەجری پاییزی پیری بەیانی دا تەعبیر |
چ شەو، چ ڕۆژ؟ وەها کورتی لەهو و لەعب و میزاح | کە هەردوو وەک یەک چوون بە نەغمەیی بەم و زیر |
ئەسەف درێژی شەو و ڕۆژی ئەو شەو و ڕۆژەم | قوسووریان بووە توولی نەدامەتی تەقسیر |
سەوادی توڕڕەیی ئەو ئیشتیباهی سەهوی جوان | بەیازی غوڕڕەیی ئەم ئینتیباهی سوجدەیی پیر |
وەکوو نەهاری بەهاری درێژ و پاییزی کورت | ئەمەل گەلێک و تەویل و، عەمەل کەمێک و قەسیر |
غوباری ئەو شەو و ڕۆژەن ڕدێنی ماش و برنج | کە تێکەڵن شەبەهی سوبح و شام و شیر و قیر |
سپی نەزیرە هەموو موو لە سیڕڕی وَجْهُ لە سەر | مونەووەرە، لە تەرەف نوورەوە بووە بە نەزیر |
مرووری نەکسە کە عەکسی قەمەر دەکا بە ڕەمەق | دوبوولی نیکسە دەگێڕێ کە عەکسی ڕیش بە شیر |
دەلیلی ڕۆشنە بۆ بەدء و عەود و کورتیی عومر | تەنی هیلال کە بە تەلعەت جوان، بە خەلعەت پیر |
لە شەرحی هەیئەتی مەتنی بەدەن کە هەر جوزئی | سەقیمە، عاجزە تەسحیح و ڕابیتی تەدبیر |
تێدا حەدیسی حەداسەت زەعیف و مەترووکە | کە قەتعە سیححەتی ئیسنادی عەنعەنی تەقریر |
چ مشت و پەنجە؟ وەکوو مشتی شانە ڕەق کە دەڵێی | لە شانیدا نەبووە دەست و بردی کوشت و گیر |
چ قەد کەوانێ؟ وەکوو پێ شکاو و ئوفتادە، | کە بازی سێ قەدەمی قەت نەداوە وەک پەڕی تیر |
لە نەحو و سەرفی ئەداتی مەپرسە ئەی موعریب | کە ڕەفع و نەسب و جەڕ و جەزمە ئالەتی تەقریر |
وەها سەقیم و موجەززا عەوامیلی ئەجزا | کە ئالەتی عەمەلی نەحوی مەحوی سەحوی زەمیر |
حورووفی جەڕڕە تێیاندا نەماوە ئاوی عەمەل | هەموو موعەللەق و مولغایی عامیلی تەقدیر |
بە غەیری «عەن» کە لە بۆ نەزع و عەزلی زەنبوورە | کە ژاری ماری نەچێژێ عوسەیلەیی هەنجیر |
خورووجی «با» لە لوسوق و «عەلا» لە ئیستیعلا | دوخوولی عەتبەیی «عەن» فاسیلە لە تیری جەفیر |
ئەلیف نەکیرە و بێگانە، نایەتە تەعریف | عەلەم موشابیهی غەیر و مولازیمی تەنکیر |
4
[edit]قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور! | ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور! |
ئەی لوتفەکەت خەفی و هەوا خواهـ و هەمدەمە! | وەی سروەکەت بەشارەتی سەرگۆشەیی حوزوور! |
ئەی هەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان! | تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور! |
گاهێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ | گاهێ دەبی بە دەم، دەدەمێنی دەمی غوروور |
مەحوی قەبووڵی خاتری عاتر شەمیمتە | گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور |
سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون | نەیماوە غەیری گۆشەیی زیکرێکی یا سەبوور |
هەم هەمعەنانی ئاهم و، هەم هەم ڕیکابی ئەشک | ڕەحمێ بەم ئاهـ و ئەشکە بکە، هەستە بێقوسوور |
وەک ئاهەکەم دەوان بە هەتا خاکی کۆیی یار | وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە هەتا ئاوی شیوەسوور |
بەو ئاوە خوت بشۆ لە کودووراتی سەرزەمین | شاد بن بە وەسلی یەکدی کە تۆی تاهیر، ئەو تەهوور |
ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی سەر چنار | ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور |
چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ، بە ڕۆشنی | فەورانی، نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور |
یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا | ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەهابی نوور |
یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە | یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور |
دەم وت دوو چاوی خۆمە ئەگەر بەکرەجۆیی ئەشک | نەبوایە تیژ و بێسەمەر و گەرم و سوێر و سوور |
داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی خاک و خۆڵ | هەتا نەکەی بە خاکی سولەیمانییا عوبوور |
یەعنی ڕیازی ڕەوزە کە تێدا بە چەن دەمێ | موشکین دەبی بە کاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور |
خاکی میزاجی عەنبەر و، داری ڕەواجی عوود | بەردی خەراجی گەوهەر و، جۆباری عەینی نوور |
شامی هەموو نەهار و، فوسوولی هەموو بەهار | تۆزی هەموو عەبیر و، بوخاری هەموو بوخوور |
شارێکە عەدل و گەرمە، لە جێگێکە خۆش و نەرم | بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور |
ئەهلێکی وای هەیە کە هەموو ئەهلی دانشن | هەم نازیمی عوقوودن و هەم نازیری ئوموور |
سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان | دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور |
داخۆ دەروونی شەق نەبووە پردی سەرشەقام؟! | پیر و فوتادە تەن نەبووە داری پیرمەسوور؟! |
ئێستەش بە بەرگ و بارە عەلەمداری شێخ هەباس، | یا بێنەوا و بەرگە، گەڕاوە بە شەخسی عوور؟! |
ئایا بە جەمع و دائیرەیە دەوری کانی با، | یاخۆ بووە بە تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور؟! |
سەیوان نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف، | یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور؟! |
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە کانی ئاسکان، | یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور؟! |
ئێستەش سوروشکی عیشقی هەیە شیوی ئاودار، | یاخۆ بووە بە سۆفیی وشکی لە حەق بە دوور؟! |
داخۆ دەروونی سافە، گوڕەی ماوە تانجەرۆ، | یاخۆ ئەسیری خاکە بە لێڵی دەکا عوبوور؟ |
سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو خانەقا بکە | ئایا ڕەبیعی ئاهووە، یا چایری ستوور؟! |
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە وەک خەتتی ڕوویی یار | یا پووشی وشک و زوورە وەکوو ڕیشی کاکە سوور؟ |
قەلبی مونەووەرە لە حەبیبانی نازەنین، | یا وەک سەقەر پڕە لە ڕەقیبانی لەندەهوور؟ |
دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن، | یا حەڵقەیانە سۆفی ملخوار و مەندەبوور؟ |
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە: | ئەوراقیان موقەددیمەیی شینە یا نە سوور؟ |
حەوزی پڕی کە نائیبی دیدەی منە لەوێ، | لێڵاوی دانەهاتووە وەک سەیلی شیوەسوور؟ |
ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە، | یاریی تیایە، یا بووەتە مەعرەزی نوفوور؟ |
چاوێ بخە لە سەبزە و سێرابی دائیرە | جێ جیلوەگاهی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور؟ |
توخوا فەزایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش | مەحشەر میسالە یا بووەتە چۆڵی سەلم و توور؟ |
واسیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم | چی ماوە، چی نەماوە، لە هەیوان و تاق و ژوور؟ |
ئەو غاری یارە ئێستە پڕ ئەغیارە، یا نە خۆ | هەر غاری یارە، یا بووەتە غاری مار و موور؟ |
زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ! | ئایا دەکەومە زار و بە دڵدا دەکەم خوتوور؟! |
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە | دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور! |
ئایا مەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە، | یا مەسڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی سوور؟ |
حاڵی بکە بە خوفیە: کە ئەی یاری سەنگ دڵ | نالی لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور... |