دیوانی مەحوی/ە
Appearance
-1-
[edit]لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو شۆخە سەرمەستە | سەریش ئەبڕێ، سەریشی لێ دەدا، هەی هەی چ سەربەستە! |
بنازم بەم سەراپا نازە، بازی غەمزە تێ بەردا | ئەگەر سیمرغی بەر بێ هەم بووە یەک مورغی پەڕ بەستە |
ئەسیری چاهی غەم بێ، خانە با دەربەستە بێ مەجنوون | لە خەیمەی نازدا عوشرەت دەکا لەیلا، چ دەربەستە! |
بە فکرێکە کە ئەم خوونڕێژە شیری بەستە پشت ئەمڕۆ، | لە ئەستۆ دانی کێیە؟ کێ دەکا ئاخۆ کەمەر بەستە؟! |
بەرەڵدا کردنی نەفست زەرەرخێزە و فەسادئەنگێز | بە ڕەحمەت بن قەدیمی ئێمە فەرموویانە: «خەر بەستە...» |
قسێکی پڕ لە تەئسیری بە فرزەندی دەوت پیرێ: | عەزیزم تازە گەیوی تۆ، ئەمن باری سەفەر بەستە |
لە بەر قاپی خەراباتا منی دی، عیشوەیێکی کرد | وتی: مەحوی لە بادەت چی، ئەتۆ خوێنی جگەر بەستە |
-2-
[edit]کە دیم ئالۆزە چاوی، زوو وتم: ئەم فیتنە هەڵبەستە | وتی: جاران ئەتۆ دەتوت بە من: کەم فیتنە هەڵبەستە |
بە سووتن چم، گلەم نەبووە لە دەردی سەردی میهری تۆ | من و شەکوە؟ وتی: گوێ ناگرم لەم فیتنە هەڵبەستە |
بە غەیرەز شوکر، ئەگەر شەکوەم لە جەوری تۆ ببێ، سپڵەم | وتی: حاشا، دەزانم ئەم ڕەقیبەم فیتنە هەڵبەستە |
بە جێیە کوشتنم، سووتاندنم، خاکت بە با بۆ دام؟! | وتی: ئاهەنگی عیشقی من مەقاماتە لەگەڵ بەستە |
بە زوڵفیدا هەڵاوەسرابوو دڵ عومری بە سەد ئامال | نیگاهی وەک ئەجەل هات و وتی توولی ئەمەل بەستە |
قەزا بێ دەستەڵاتت کا، چیە غەیری ڕەزا چارە؟ | لە بەر دەستی جەلابا ڕێویێکە شێری پەل بەستە |
بە خۆ کوشتن نەجاتی خۆ بدە مەحوی وەکوو فەرهاد | لە زۆری قەهرەمانی عیشق، ئەفەندم، هەر ئەجەل بەستە |
-3-
[edit]لە ڕێگەی مەهلەکەی عیشق ئەر بەڵاجۆ نی، برا، لا دە | ئەوی من چووم و لەوما دی هەر ئاهـ و داد و فەریادە |
لە بەحری نووری حوسنی بێ نیشان ئیفشا کە یەک مەوجە | نیشانی دە بە عالەم ئیختیراعی حەشری بێ وادە |
چییە؟ خوسران ئەمەندە مەستی لەهو و لەعبی دنیا بوون | برا! عومری گرامی بەس لەڕێی ئەم بادە بەر با دە |
بە غیبتە بەو خوداپێداوە طوبىٰ لَهیە ئەهلی خولد | لە کوورەی ناری غەمدایە بە داغی دەردی تۆ شادە |
هەمیشە دیدە بەحری گەوهەرە و دڵ پڕ لە نەقدی داغ | لە بن نایێ بە مەسرەف چونکە خەزنەی من خودا دادە |
لەسەر تۆ بوومە پەندی عالەمێ، وتم و وتی: مەحوی | بەسی بێ موشریکی، بەس، یا لە دنیا یا لە من لا دە |
-4-
[edit]عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە وا تێ دەگا مەردە | کە چی وەک خان و خانم دائیما دڵخۆش و بێ دەردە |
بە پیری مەرگەوە فرسەخ بە فرسەخ ڕۆیون مەردان | ئەوی باکی لە مردن بێ دیارە بڵح و نامەردە |
لە بەر قاپی مەحەببەت ئەو خودا پێ داوەیە ڕووسوور | حەزینە، دیدە پڕەسرینە، دڵ خوێنینە، ڕوو زەردە |
لە ئەحبابی قەدیمی بەزمی ئولفەت ماوەتن دو تەن | یەکێ پەروانە هەمدەردە، یەکێ بولبول کە هەم فەردە |
برالە! ئەم هەموو ئۆباڵە بێ بەو گەردنە حەیفە | بنیشێ بەم حەدە ئەم گەردە لەو مینایی بێ گەردە |
لە دەورمدا حەسار: ئافەت، لە سەر سەر خەیمە: دوودی ئاهـ | لە سایەی عیشقەوە بوومە شەهی ساحیب سەراپەردە |
چلۆن ئەو دێتە چاوی من کە یەکسەر عونسوری ئاوە | مەحاڵە من کە بچمە دڵیەوە، دڵ کیشوەری بەردە |
تەپ و تۆزی غوباری دیم و ڕێگەی گۆڕی و دەیوت: | دەترسم دامەنم ئاخر ببێ ئالوودە بەم گەردە |
دەبینم ئەهلی دڵ یا سەنگەسارە، یا لە سەر دارە | دیاری عیشق، ئەگەر ساغت دەوێ، هەر دارە هەر بەردە |
لە باغی سێو و بەیدا باسی ڕوخسار و چەنەی کەی بوو | خەجڵ ما سێو و بەی ترسا کە وا ئەو سوورە ئەم زەردە |
ئەگەرچی من گەدام، ئەو شا، لە عورفی عیشقدا مەحوی | بەسە نیسبەت لە بەینا، من سیا بەخت، ئەو سیاچەردە |
-5-
[edit]دیدە عەینی جارییە، دڵ پڕ لە ناری مووەققەدە | ئاب و تابی حوسن ئەدەم بەو گوڵ عوزاری موو قەدە |
سەیری سەگ مەرگی ڕەقیب کە، کە غەیری ئەو سەگە | شیری غەمزەت شێر و بەوری ڕوو بە ڕوو بێ، دوو قەدە |
لالە داغە، غونچە دەردە، پێ لە خاکا ماوە سەرو | تا موشەڕەف بوو چەمەن بەو ڕوومەت و لێو و قەدە |
چاوی مەیگوونت وەها مەیخانەی ئاوا کردەوە | چۆڵی کرد ئاخر بە زاهید خەڵوەخانەی شەعبەدە |
دڵ دەبا غەمزەت، چ فەرقی ڕەند و سۆفی بۆ نیە | سەیدی مردوو حەیفە ئەم شەهبازەتی تێ بەرمەدە |
بەشمە پێی قانیعم و بەسمە داغ و دەردی سەرمەدی | سەر بە دەردین ئێمە، بێ دەردی! لە ئێمە سەر مەدە |
شەو بە قەتڵم وەعدی دا. ئەمڕۆ پەشیمانە، خودا! | خۆ لە مەحوی جونحە هەر گەردەن کەچی بوو سەرزەدە |
-6-
[edit]حقاً لە ڕەقیب ئەو بەر و دەرگانە حەرامە | لەو دێوە، کە ئەم تەختی سولەیمانە حەرامە |
قیلێکی زەعیف: ئاهی حەزین ئیزنە لە عیشقا | گریانی بە کوڵ، ناڵەیی مەستانە حەرامە |
سووتانی بە بێ دەنگییە ئادابی مەحەببەت | وەک بولبول ئەم ئەفغانە بە پەروانە حەرامە |
وا دەربەدەرە دڵ، وەتەنی سینەمی ون کرد | لەو شێرە خوێڕی بووە ئەم لانە حەرامە |
دەیوت کە بەڕەهمەن مەهی ڕۆی ئەم سەنەمەم دی | گەر بت ئەمە بێ، خزمەتی بتخانە حەرامە |
من پادشەهی عیشقم و هەر داغی جنوونم | تاجی سەرە، باقی کە لە دێوانە حەرامە |
هەر کۆکەن و مەجنوونە کوڕی کێو و بیابان | غەیری کون و قوژبن کە لە فەرزانە حەرامە |
بێ داغی نەدامەت دڵ و بێ دەردی ئەسەف جان | لەم کالیبەدە دڵ، لە دڵ ئەو جانە حەرامە |
خوێناوی جگەر، گۆشەیی بیت الحزنێ بوو | مەحوی! بەسە، مەیلی مەی و مەیخانە حەرامە |
-7-
[edit]بە ئەفسوون و دوعا تەسخیری ئەو شۆخە چ ئیمکانە! | خەیاڵی خاوە عەنقا ناکەوێتە داوی ئەفسانە |
هوجوومی عاشقانی دی کە مشتێ جوێنی پێ بەخشین | بە سەر خۆتانیا دابەش بکەن، سا بەش بکا یا نە! |
غوڵامانە سەرم دانا لە بەر پێیا، وەکوو زوڵفی | کە چی ئەو هەر منی خستۆتە پشت گوێ وەک غوڵامانە |
سەکینەی مەرتەبەی سووتانییە ئاتەش پەرستی عیشق | ئەگەر ساحێب ئیرادەت بێ عەجەب پیرێکە پەروانە |
بە بێ تۆ سەیری گوڵشەن کردنم هەر وەحشەتی بەردا | گوڵم دی جامەچاک و بولبولم دی غەرقی ئەفغانە |
نەسیحەت بێ برا! گەر ڕۆڵە بوو مەڕوانە بۆ ئابا | گەواهی عەدڵی ئەم دەعوایە پووری پووری مەروانە |
مەتاعی سیدق و ئیخلاسم لە بازاڕی ڕیاکاران | لە سوورەی قل هُو الله دەکەم لەم موشریکستانە |
ئەوەندەم لەو قەد و باڵایە ئاشووب و بەڵا دیوە | لە سەیری سەروی باغم غایلەی غوولی بیابانە |
نەما جێیی ئەو جگەرگۆشە، مەگەر ڕۆح و ئەویش دەڕوا | جگەر سۆزانە دڵ بریانە، دیدە پڕ لە گریانە |
چ بەرقی جیلوەیەک هەوری بەهاری کردووە بێ تاب | بە ناڵە و گریەوە دێت و دەچێ وەک تازە دێوانە |
سیابەختی لە مەجنوونی من ئیتر چی دەوێ مەحوی | سەرم شێواوە، ڕۆژم تیرەیە، حاڵم پەڕێشانە! |
-8-
[edit]شمشادە ئەمە، یا قەدە، یا سەروی ڕەوانە | یا عەرعەرە یا نەخلی مرادی دڵ و جانە! |
داخۆ ئەمە ئەگریجەیە پەخشاوە بە سەردا | یا سونبولە کردوویە سەبا زوڵفی بە شانە! |
ئاهووی خوتەنە جیلوە دەکاتن لە خەتادا | یا چاوی ڕەشی فیتنەگەری سورمەکەشانە! |
دڵ هایمە دائیم کە ئەمە قەترەیە داخۆ | یا جوزئێکی بێ جوزئە موسەمما بە دەهانە! |
ئەم مەی سیفەتی خوون خۆرە وا ناوک و سوورە | یاقووتی لەبە، یا گوڵە، یا قووتی ڕەوانە! |
ناڵاندم و فەرمووی کە ئەم ئاوازە حەزینە | یا مەحوییە، یا بولبولەکەی فەسڵی خەزانە |
-9-
[edit]لە ڕۆژێ هەڵدرا ئەم کۆنە خەیمەی تان و پۆ شینە | لە سایەیدا شەرابی بەزمی عوشرەت گریە جۆشینە |
دەبینی جێیەک ئەمڕۆ بەزمی عەیش و بادە نۆشینە | سبەینێ زوو زەمانە وەزعی گۆڕیوە، لە نۆشینە |
لە کێ پرسم دڵی بۆ پڕ لە خوێنی حەسرەتە یاقووت؟ | عەزاپۆشی چیە و کێیە، جلی پیرۆزە بۆ شینە! |
بەهارێکی کە داخۆ بێ، نەیێ، هەی بێن و شینێ کەین | فەلەک هەر شینە، سەحرا شینە، کێو و لێوی جۆشینە |
وتم: بۆ ڕووت و پووتن ئەو کەسانەی عاشقی ڕووتن؟ | وتی: شان و شکۆهی زیندە دڵ هەر ژەندە پۆشینە |
سەفای سافی جوانی ڕۆی و دوردی پیری هات | خومارێ ماوە بەس ئەمشەو لە بادەی بەزمی دۆشینە |
کوڕی بێ، تا سەر ئەم دایەی زەمانە مەمکی کەس نادا | کە سەعبە شیری شەفقەت مەحویا لەم شێرە دۆشینە |
-10-
[edit]لە سەیری خەستەخانەی عیشق ئەوی سەوزەی کە وا شینە | لە سەر هەر خەستە دێ یا خوێندنی یاسینە، یا شینە |
شەهیدی غەمزەیە بەعزێ، سەقیمی عیشوەیە جەمعێ | دیارە، سەرنویشتی ئەهلی دڵ یا شینە یا سینە |
لە بەنگ ئەم بەنگیانە چی دەبینن، خۆ لە خۆ گۆڕان | لە دنیادا مەداری عەیش و خۆشی، خۆ نەناسینە |
بە سەر دڵ دا لە قاپی فەیزەوە دێ نەشئە پەی دەر پەی | چ غەمزەی دیدە مەخموورێکە ئەم شەو کون دەکا سینە |
هەناسەم دا بە ناڵە عەرزی حاڵی کەم کە تاساوە | لە خوێناوی دڵ و جەرگم دەروونم کەیلە تا سینە |
لە عالەمدا عەلامەی سوبحی حەشر ئیمشەو بەیانی دا | خودا عالم، لە چاکی ئەو بەرۆکە دەردەخا سینە |
مەلا تەڵقینی مەحوی دانەدا، حبل المتینی ئەو | لە جێگەی زەللە زەیلی ڕەئفەتی تاها و یاسینە |
-11-
[edit]غایب لە دیدە، چاوی سەرم، دڵمە پێتەوە! | دەستم بە ئاسمانەوە، چاوم بە ڕێتەوە |
جان سەختە، یا لە دەعوەیی عیشقا درۆزنە | ئەو زیندە ماوە تا لە سەفەر یاری دێتەوە! |
جانانە ڕۆی و جان و دڵم هەردوو دوو بە دوویی | یا ڕەببی چی بکەم بە نیساری کە بێتەوە! |
ڕۆشن کە چاوی مونتەزیرانت بە گەردی ڕێت | تۆ دێی و نووری دیدەیی من دێ بە پێتەوە |
خۆم و خوێنمت لە فکر چوو، دوعا دەکەم | ڕەنگی خوێنی من کە لە دەستت نەچێتەوە |
لەحزێکی من لە سەومەعەدا دیبوو، ئەمری دا: | ئەو هەرزە گەردە لەم دەرە دەرکەن، نەیێتەوە |
ئینسافی دا کە دی تەبی عیشقم لە شیددەتا | حەقیە وتی: بەم ئاگرە گەر بشتوێتەوە |
وەک شەو کشا بە سەر مەهی ڕوخساریا خەتی | گیرا ئەم ئافتابە کە قەت بەر نەبێتەوە |
مەحوی بە یادی تۆوەیە شوغڵی کە ڕۆیوی | غایب لە دیدە بوو! بە خودا دڵمە پێتەوە |
-12-
[edit]دەوای ئەم نەفسە مەلعوونەت دەوێ، هەر دەردە وەک جیوە | کە هاتی کوشتتن، ئەو ڕۆحی مەحز، ئەم جەوهەری زیوە |
لە دنیا تا دەگاتە ئاخیرەت کاریگەرە تیری | وەکوو تیری تەهەمتەن زامی پاک ئەم دیو و ئەو دیوە |
لە ئەحواڵ و مەقامات ئەر دوا خۆ، خۆ نەگۆڕێ لێت | هەر ئەو گورگە، «ئەبوزەیدی سورووجی» تەوری گۆڕیوە |
عەلاوەی بوونە ڕۆح، هەر بیکوژی، ئەعدا عەدوو دەکوژی | چ عەقڵە؟ دوشمنی وا پەروەری، کێ خێری لێ دیوە! |
لە عیشوەی پڕ فەنی دنیا مەبە ئەیمەن، کە وەک نۆشی | بە تەفرەی مەی سەد دانا قەڕابەی زەهری نۆشیوە |
وەکوو قەترینە بەحرێ دین و دنیایی پێشەکی لێ سەند | بە هەرکەس قەترەیە بەرماوە وەسڵێکی ڕەوا دیوە |
وەکوو دێو ئیشی عەکسە، میهری قەهرە، شەربەتی زەهرە | فریبە، گەنمی هەر جۆ، شیری هەر دۆ، ڕۆنی هەر پیوە |
کە دەستت بۆ لە سەر سەر نێ، سەر و ماڵت بە غارەت چوو | کە لێوی پێ کەنی، عالەم دەکا سەرشێت و کالیوە |
لە مەکری ئەم عەجووزە و سیحری دێوی نەفس ئەمن مەحوی | پەنا دەگرم بە زاتی ئەقدەسی بێچوونی نادیوە |
-13-
[edit]کە بێ لێوی لە سەر لێوم بنێ، ڕۆحم لە سەر لێوە | کە لێوی لا بەرێ، ئەڵبەتتە ڕۆحم دەردەچێ پێوە |
شەکەرباری، نمەکپاشی، ئەگەر ببووایە من دەموت: | کە غونچەی تازە پشکووتوو دەشوبهێ بەو دەم و لێوە |
دەڵێ هەر کەس ببینێ یار و ئەخباری بە ئەترافا | خودا چین ئەم هەموو دێوە لە دەوری ئەم پەری شێوە! |
هەتا ڕۆژە دەبێ بۆ شامی شەو هەوڵێ بدا هەر کەس، | ئەگەر شاهەنشەهە ئەو ڕۆژە ڕۆیی شەو بە بێ شێوە |
بەهارێ بوو جوانی، بوو بە سوخرەی پاییزی پیری | بە سەر چوو باغ و باقی ماوەوەی مشتێ چڵ و چێوە |
مەگەر شاری عەدەم، جێیی وا تیا سەر گەشتە بم قاتە | بیابانە بەشی مەجنوونە، خاسی کۆهکەن کێوە |
ئەمینی شێتییە مەحوی لە مەکری نەفسی ئەممارە | مەگەر ڕەحمی خودا دەمبەستی کا ئەم مارە ئەنگێوە |
-14-
[edit]سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکە تاڵم بۆ چیە! | دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە! |
دەرد و داغێکی دەروونی گەر ببێ، با ڕەنگ و ڕوو | سیس و موغبەڕ بێ، کەماڵم بوو جەماڵم بۆ چیە! |
تەجرەبەی عاشق بە سووتانی دەکرد ئەو زاڵمە | سەیری کەن ئێستا دەڵێ: مشتێ زوخاڵم بۆ چیە! |
پێیی بە سەرما نا کە بوومە خاکی ڕێی، گەردم شوکر | گەییە داوێنی، دەڵاڵی بای شەماڵم بۆ چیە! |
داخی سینە و پێچ و تابی دوودی ئاهم خۆ هەیە | مۆر و توڕڕەی ئینپەراتۆر و قەڕاڵم بۆ چیە! |
خەڵق ئەوا مەجبووری دوو خۆخستنی خەڵقن بە جان | من بە دڵ مەنفوورمە، ڕوتبەی جەجاڵم بۆ چیە! |
ماڵە پیتکێنێیە ماڵ و گەینە حاڵی خۆیە حاڵ | من کە وا حاڵی بم، ئیتر ماڵ و حاڵم بۆ چیە! |
پڕ بە پێ زنجیری شێتی، داغی سەودا پڕ بە سەر | سەیری حاڵی خۆمە، سەیری زوڵف و خاڵم بۆ چیە! |
دەردەدار ئەڵبەت زوبانی دەرد و حەسرەت تێ دەگا | چاوی بیماری دەزانێ، ناڵە ناڵم بۆ چیە! |
دڵ گلە و شەکوەی لە ئەشکەنجەی عەزابی زوڵفی یار | کرد و ئەو فەرمووی: ئەی زنجیری زاڵم بۆ چیە! |
حاڵە بەدحاڵی لە شوێن و ماڵە وێرانی لە دوو | مەحویا! گەر ئەهلی حاڵی، حاڵ و ماڵم بۆ چیە! |