دیوانی مەحوی/د
Jump to navigation
Jump to search
-١-
[edit]دڵی سووتا بە حاڵی زاری تیفلی دڵم و چاری کرد | سەری زوڵفی لە دەم نا، زەھری ماری پڕ بە زاری کرد |
بەسەر روخساری زەردا جۆگەلەی کێشاوە ئەشکی سوور | بە یادی سەرووی باڵایەک ئەوەندەم شین وزاری کرد |
ھوجوومی ((ھیندوو))ی خەت سەر ((فەرەنگستان))ی روخساری | بە حەشرێ بوو، وەکوو ئەو حەشرە ((میقادۆ)) بە ((چاری)) کرد |
وتوویانە کە ((نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەسەر خوانە)) | چووە، چوو، پێ چووە، کەم عەقڵە ھەر کەس باسی پاری کرد |
قسەی زوڵفی ئەوەندە توولی کێشا تاقەتی چوو خۆی | وتی: شەو نیوە بوو، نەبڕایەوە، کێ باسی ماری کرد |
لەبۆ ئیمدادی گریانم، دەروونی کردمە خوێناو | لە چاوم سەیری کەن ئەم حوکمە جەرگ و دڵمی جاری کرد |
خەتی پشتی لەبی دی، بوومە چار ئەبرۆ وتی، وتمان | کە ھەرکەس بەختیارە ئیختیاری چار یاری کرد |
بەیانی ھاتە باغ ئەو ماھە، ئەم وا تێ گەیی ڕۆژە | لە شەبنم، گوڵ بە دامەن گەوھەری ھێنا، نیساری کرد |
((رەحە)) بەو شێتییە ((الحق)) قسەیەکی عاقڵانەی وت: | منم عاقڵ لە بەرگی عاریە خۆمم کە عاری کرد |
دڵ بێ بارە، مایەی کارە، ھەرکەس کاروباری خۆی | لە دنیادا، موەففەق بوو بە دڵ تەفویزی باری کرد |
جونوونی ئەو زوھوورە ((مەحویا)) دێوانەگی مەنسوور | کە دێوانەن ھەموو مائیل بە بەرد، ئەو مەیلی داری کرد |
-٢-
[edit]چ خەیاڵێکە لیقا بێ بە فەناچوونی جەسەد | ((تا پریشان نشود کار بسامان نرسد)) |
ھەر دڵێ پێوە نەبێ داغ و خەتی جێ دەمی تێغ | دەعوەیی عیشقی بێ دەعوییە بێ مۆر و سەنەد |
ئەغڵەبەی تەکیە و دەرگاھی بیلادی رۆمم | پشکنی، دی: چەلەبی ھەر جەڵەبی بوو، دەدە دەد |
خەو ئەزانێ نیە، دەیوت: دە بنوو بێمە خەوت | نێک بەختم بە وەنەوزێ بکە، ئەی بەختە مەدەد! |
داغی کۆنە و شەبەقی تازە لە سینەی چاکا | تێکەڵن، سەیری ھەیە پڕ لە گوڵ و لالە سەبەد |
غەیری وەحدەت لە وجوودا نیە، کەسرەت وەھمە | سادە تەکراری یەکە، مەنشەئی ئەوھامی عەدەد |
چاری ھەر دەرد و غەمێ کردنە مردن، چ بکا | نەیتوانیوە بکا چاری غەم و دەردی حەسەد |
ھەرکەسێ چاوی کە بەو جیلوە مونەووەر بووبێ و.. | کەسی کە بێتە نەزەر، دیدەیی پڕ بێ لە رەمەد |
((مەحویا)) با بەسی بێ شیرکی تەشەببوس بەم و بەو | بگرە بەس دامەنی تەوحیدی ((ھو اللە أحد)) |