دیوانی مەحوی/ح
Jump to navigation
Jump to search
-١-
[edit]ساقی ئەی مایەی تەرەب لەب، پەرچەمت رەیحانی رووح | نیم خەندێ کە لە غونچە، دەرخە سەرچاوەی سەبووح |
پرسشێ کا حاڵی زاری ئێمە، زاری کردەوە | ئەو ددانانەی کە دەدرەوشایەوە نەجمی فوتووح |
لێوی دەرخست ە بە ناسیح لێوە لەرزەی خست ئەگەر | بێ تەبەسسوم کا دەبێتە ئافەتی تەوبەی نەسووح |
بێ منەت رزقێکە غەم، بمرم لە برسان، ئەو دەخۆم | تەفرە ناخۆم و تەڵەب ناکەم لە دنیا قووتی رووح |
((الحذر)) ((مەحوی)) لە نەوحەی بێ گوناھان ((الحذر)) | ئاوی چاوی بوو جیھانی دا بە قڕ تۆفانی نووح |
-2-
[edit]کە تێغت دڵ دەکا دوو قەد، دەدا تەبشیری ((قد افلح)) | دەنوسێتن لە سەفحەی سینە تەفسیری ((ألم نشرح)) |
ئەگەر ئەو شۆخە ساقی بەزمە، باقڵ قازی و موفتیش | دەبێ ببنە قەدەح وەرگر لەگەڵ فەتوی ((و لا یقدح)) |
ئەسیرت وەقتی کوشتن شادەمەرگن، ناگەنە کوشتن | لە خۆشی خۆشییا رۆحی فڕیوە تا چووە مەزبەح |
رەقیب ئەو دامەنەی دی سەوزە وەک گا لرفی بۆ ھێنا | نەبوو حاڵی لە لەفزی عەیبە عەیبە، تا وتم: وەح وەح |
بووە ھەم قافیەی لێوت زوبانم، ئیتیفاقاتە | دەبێ عاجز نەبی، وا ھاتووە، ئەو ئەملەح، ئەم ئەفسەح |
بە خەندەی لەب دەداتن موژدە ((لا تحزن)) بە مەحزوونان | دەمی تێغی برۆی ئیفشا دەکا تەھدیدی ((لا تفرح)) |
دڵی ((مەحوی)) لە سینەی تەنگیا ھەر ما بە دڵ تەنگی | بە جاھی مووسەوی بۆ مەش وەکوو بۆ ئەو بوو (( رب أشرح)) |