Jump to content

دیوانی فایق بێکەس/کۆمەڵایەتی

From Wikisource
305230دیوانی فایق بێکەس — کۆمەڵایەتی1948فایەق بێکەس

کە پارە بوو خزم زۆرە

[edit]
سەرم سوڕماوە نازانم چ شەخسێ بێ غەش و چاکە لەناو ئەم قەومەدا کێیە لەگەڵ هاوجینسی خۆی پاکە
لەلام وا باشە ئێستاکە بەکەس پشتێ نەبەستی تۆ لە خزم و دۆست و ئاشنایان هەتا ئەتوانێ هەر ڕاکە
ئەگەر پارەت نەبێ بەخوا هەزار خزمت ببێ پەشمە کە پارەت بوو هەموو عالەم براتە و پێت ئەڵێ کاکە
کەس و کارت وەکوو مارن، ئومێدت هیچ نەبێ پێیان لەژێر سایەی ئەوان دەرچۆ برادەر خۆتی لێ لاکە
بەڕەنجی خۆت لە دنیادا بژی ئازاد و سەربەست بە هەموو کەس پێت ئەڵێ مەردە و کوڕێکە چوست و چالاکە

1924
سلێمانی

عەیبە... عەیبە

[edit]
«... عەیبە... عەیبە» ئەی ڕەفیقان ماڵی خەڵک وێران ئەکا پیاو ئەخاتە سواڵ و سووکی، گەورە سەرگەردان ئەکا
واسیتەی عەیبە کە دائیم قەومی کورد بێ سەروەتن بێ مەعاریف، بێ سەنایع تووشی سەد دەردیان ئەکا
سەیر ئەکەی شەخسێکی مەئموور گەر وەزیفەی لێ بڕا هیچی پێ ناکرێ لەبەر عەیب، ماڵی خۆی تاڵان ئەکا
ناعیلاجی دێ بەسەریا دەس لە خەڵکی پان ئەکا یا کەسێکی زۆر بەسەروەت هات و لێی قەوما، ئیتر
هەر لە ترسی دەنگی عەیبە تەرکی گشت فرمان ئەکا حاسڵی بێ کاسبی و کار دائەنیشێ بێ قەدر
بێ عەزییەت خۆی ڕەزیلی خزم و ناو یاران ئەکا سەیری کە ئەم عەیبە عەیبە چەندە تەئسیری هەیە
کوردی کردۆتە موهاجیر ئیشی ناو شاران ئەکا چونکە پێی عەیبە لە جێی خۆی ئیش بکا قەدری ئەبەن
بۆیە وا ئەڕواتە غوربەت تەرکی کوردستان ئەکا بەسیەتی ئەم فکرە پیسە، غەفڵەت و نوستن بەسە
سەیری ئەقوامی غەرب کەن کەشفی ناو ئاسمان ئەکا

1926
سلێمانی

داد لە دەست تیاترۆ!

[edit]
خەیاڵ و عەشقی تیاترۆ، فایقی کردووە پەرێشان مەراق و دەردی کەم بوو، ئەویشی هاتە سەر شان
جاران غەمی ورگم بوو، ئێستا لەوەش ترازا تالیبی بەزم و ڕەزمم، مائیلی چاڵغی و کەمان
نازانم هەوڵی چی دەم، هەوڵی قووت و ئیدارە یاخود بۆ پارەی تیاترۆ بکەومە ساختە لێدان
حاسڵی تووشی داوێ بووم نییە ڕێی نەجاتم دائیم مەحزوون و موفلیس هەمیشە مات و حەیران
بەڕۆژ شان و قۆڵ ئەکوتین، سا هەرچێکمان دەس کەوێ شەوێ تەسلیم بە «نۆبار» ئەکرێ و ئەیخاتە گیرفان
خۆ ئەوەندەش نەگبەتم هەر ئەچمە ڕیزی ئەووەڵ ئەڵێم گۆم هەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشە بۆ ئینسان
بەو ڕەنگە ماڵی باوکی خۆم کاول کرد بەجارێ وەها پەڕپووت و لات بووم بۆ پولێ ئەچمە ئاسمان
خێرێ کە ئەم عالەمە ئەیدەنەوە بۆ «نۆبار» باوک بۆ ئەولادی خۆی نایداتەوە بەیەزدان
پارە و پوولمان لێ بڕا، کەوتینە ماڵ فرۆشتن تەنیا لێفەمان ماوە، ئەویش ئەخرێتە مەیدان
کارێ ئەم تیاترۆیە کردی بەم ئەهلی شارە با بە دەواری شڕی ناکا ئەبەد ڕەفیقان
ئەڵێن دنیا ئەمینە نەما چەتە و درۆزن کەچی ئێستاکە زیاتر چەتە کەوتۆتە ناومان
فەرقی «نۆبار» و چەتە ئەبێ چی بێ برادەر؟ ئەوی کە «نۆبار» ئەیکا، نایکا چەتەی بەسەزمان
سیڕڕێکی زۆر عەجیبە گەر تێ فکری بە دیققەت مەحوی وڵاتت ئەکەن هێشتا مەمنوونی لێیان
خوڵاسە کەس نەماوە تۆپی ئاگر نەدابێ مەئموور: قەرزار و موفلیس، کاسب: حەزین و گریان
خوانەخواستە وەزعییەت بەم نەوعە بێ هەتا سەر هەموو لەبەر بێ نانی بۆ سواڵ ئەچینە شاران
هەتا زووە عیلاجێ ئەمانە لێرە دەرکەن وابێ بەرگە ناگرین، ئیتر ویجدانی خۆتان!...

1927
سلێمانی

تیاترۆ ببێ چاترە

[edit]
خەڵقە، نەمزانی زۆر پەشیمانم هەجوی تیاترۆم کرد، لاڵ بێ زمانم
دەستی شکاوم بۆ ئەو زەمانە کە «نۆبار» ئیشی ئەکرد لێرانە
زەمانێکی زۆر خۆش بوو برادەر کاشکی هەر لێرە بوونایە تا سەر
لەوسا ڕۆیشتوون زۆر بێ قەرارم هەمیشە مات و پەست و غەمبارم
ئێستا کە شەوێ بوو بە سەعات سێ بۆ دەرمان لە دەر نابینی کەسێ
خواە و ناخوا هی ئەم خەڵقە بەزۆر ئەچنە ماڵەوە بۆ ژێر لێفە بۆر
سەیری شار بکەی کە چەند تاریکە بێ زەوق و بێ دەنگ بێ ئەلکتریکە
هەر وا ئەزانی کە قەبرستانە یا چەشنی بابل هەمووی وێرانە
بەڵام کاکی خۆم بەتاریکە شەو شتی وا ئەکرێ نەبینرێ بەخەو
هەندێ شت هەیە با تۆش بیزانی ئەیڵێم با لە کەس نەبێ پەنهانی
چەند کەسانێ هەن لە گەنجی وەتەن کە شەویان لێ هات هەر قومار ئەکەن
هەر شەوەی ئەچنە ماڵی یەکێکیان خەریکی یارین تا بەری بەیان
نۆتی تازە و کۆن دێتە فڕک و هووڕ کۆڕیان گەرم ئەبێ هەروەکو تەنوور
پارە دائەنرێ ئەوسا بەتەغار ڕوپیەی تیا ئەڕوا لە سەد تا هەزار
سەیرە، هەرایە، ڕوپیە بارانە بگرە و بەردەیە، سوێن و قورئانە
ئەو ئەڵێ بەخوا نایدەم هیی منە ئەم ئەڵێ ڕابوورد، دەستت بەم گونە
لە پاشا لێیان ئەبێتە هەرا کاتێ ئەزانێ یاری تێک درا
ئەمجار ئەوانەی ئەکەونە لاتی لێی پاڵ ئەکەون لەوێ بەماتی
هەناسەی ساردیان دەردێ لە دەروون ئینسان لە تاوا بۆی ئەبێ مەحزوون
بەڵام غاڵبەکان شاد و مەسروورن سەربەرز و قنج و قیت و ڕووسوورن
دەنگی پێکەنین ئەڕوا دە قۆناخ ئەگەشێنەوە هەروەک گوڵەباخ
ئەنجا وەک تەراح ڕائەکشێن ئەنوون دەستەیەک دڵ شاد، دەستەیەک مەحزوون
بەو ڕەنگە خۆیان پەرێشان ئەکەن کاسبی و تێکۆشین بۆ شەیتان ئەکەن
ئەوقاتی خۆیان وا ڕائەبوێرن مانگ بەدەقیقە و سەعات ئەژمێرن
مانگ زۆر درێژە بۆ پیاوی نابووت تا مەعاش ئەدرێ ڕۆح دێتە سەر لووت
ناچار ئەفەندی بۆ قوماری شەو پارە قەرز ئەکا دائیم لەم و لەو
مەعاشی هەموو سەراپا قەرزە دانەوەی قەرزیش دیارە کە فەرزە
هەروا تا ئەمرێ دوانزە مانگەی ساڵ موحتاج و لاتە لە حاڵەتی سواڵ
گیرفانی سووک و پاک و تەمیزە قەرزار و موفلیس سووک و سەرحیزە
ئەمجا با باسی نەخوێندەواران نەختێ بەکورتی بکەم بۆ یاران
ئەوانیش هەموو بەشەو سەرخۆشن لاکەی سەریان دێ مەست و بێ هۆشن
دەسووڕێنەوە تا ڕۆژ وەکوو مار بەدوای هەتیو و عارەق و قومار
خولاسە تیاترۆ کە سەفەری کرد ئەم شارە بەخوا زۆر زەرەری کرد
گەر تیاترۆ بێ ئەحواڵ ناگۆڕێ پارە بەیاری هێندە نادۆڕێ
بەمیقدارێکی زۆر هەرزان و کەم ئینسان کەیف ئەکا دەرئەچێ لە غەم
خراپ گەیشتم لە ئەوەڵی ئیش سمێڵم دانا لە پێناوی ڕیش
ئەم وت واسیتەی لاتیی ئەم شارە بێ شک تاقم و جۆقەی «نۆبار»ە
ئاخری ڕۆیین بۆیان چۆڵ کردین ئەگەر چی نەختێ پارەشیان بردین
دوا ڕۆژم ئەوەندە خراپ دێتە بەرچاو فرمێسک بۆ جاران ئەڕێژم وەک ئاو
ئەگەر هاتنەوە ماوەیان بدەن خێرتان ئەنووسرێ با یاری بکەن
میسالێکە زۆر نایاب و فەسیح وتراوە دەفعی ئەقبەح بە قەبیح!...

سلێمانی

بەبۆنەی دانانی یانەی فەرمانبەرانی هەولێرەوە

[edit]
بەنووری عەدل و ئاسایش مونەووەر بوو هەموو هەولێر لەژێر کابووسی غەم دەرچوو خەلایق شاد و خەندانە
تلوعی فەیز بەخشی تۆ شەوی دەیجووری واڵا کرد لە هەر لایەک تەماشاکەی جولووس بەزم و سەیرانە
لە سایەی هیممەت و لوتفی...ی عەدالەت خوا وەکوو فیردەوسە ئەم شارە بەدایم ڕوو لە عیمرانە
چراغی فیکری ڕووناکی لە هەر شوێنێ کە داگیرسا شەوی تاریکی وەک ڕۆژە، خەراباتی گولستانە
بەتەئسیس و بناغەی ئەم بینایە عەرزی تەبشیری هەموو مەئموور ئەکەم ئیتر نەجاتی بوو لە چاخانە
مەحەللی ئیجتماعی وا هەتا ئێستا نەبوو لێرە زەمانی غەدر و وەحشەت بوو تفوو لەو ڕۆژ و دەورانە
لە سایەی خواوە خورشیدی سەعادەت وا لە کەل دەرکەوت بوخار و هەوری میحنەت ڕۆیی، زیایی میهری تابانە
دەوامی «بانگی یاری» بۆ ئەهالی فەرز و پێویستە کە یاری و خزمەتی ئێرە لەسەر شانی هەموومانە
ئومێدم لای خودا وایە کە ئەشرافی هەموو هەولێر لە بەرزیدا بژین تا سەر لەگەڵ ئەم قەومی کوردانە

1928
هەولێر

هەوڵ و تێکۆشین

[edit]
ڕۆژ و ئەرز و مانگ وا لە گەڕایە

تۆش تێ بکۆشە تا هێزت تیایە
ئینسانی ئیشکەر حەبیبی خوایە

بەکەم ڕازی بیت زۆر لە ڕێ دایە سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
کاکە دانیشتن ماڵ وێران ئەکا

بێ ئیشی ئینسان پەرێشان ئەکا
نەفرەت لە خۆی و لە ژیان ئەکا

نان و مافی تۆ هەر لە کارایە سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
مێروولە دەعبای بچووک و وردە

سەیری کە کە چەند بەدەست و بردە
دائیم خەریکە بەکۆش و کردە

پیاوی بێکارە وەک مردوو وایە سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
بەپێی فەرموودەی ئایەتی قورئان

لە سەعی زیاتر نییە بۆ ئینسان
هەوڵ و تێکۆشین فەرزە بۆ ژیان

نابێ مەیئوس بی تۆ لەم دنیایە سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
مەڵێ فەقیرم، کوفری نیعمەتە

لەشی ساغ بۆ تۆ موڵک و سەروەتە
پیاوی تەوەزەل لات و نەگبەتە

قۆڵی لێ هەڵکە بچۆرە کایە سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە...

1939/11/3
سلێمانی

خوا کێو نەبینێ، بەفری تێ ناکا

[edit]
بڵێم چی لەگەڵ چەرخی ئەفلاکا

سەیری کە چۆن چووین بەناخی خاکا
وا چاکە ئینسان لەم باسە ڕاکا

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەگەرچی ئێمە قەومێکی زۆرین

بەڵام داخەکەم چەوت و خۆخۆرین
بۆیە وا لەژێر چەپۆک و زۆرین

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
بۆ کوشتنی یەک گورج و بەکارین

ڕۆژێ دەسمان بێ بڵح و زۆردارین
لە پێویستیدا وەک ژن هەژارین

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەزانی بۆ چی وا کورد زەلیلە

بێ ناونیشان و هەمیشە دیلە
چونکە دوودڵ و خام و بەخیلە

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
لەم عەسرە کەوا عەسری بیستەمە

هەموو میللەتێ خاوەنی حوکمە
هەر کوردی نەگبەت وا لەژێر غەمە

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
مونەووەر زۆری هەر لەبەر نانی

وەتەن ئەفرۆشێ بەیەک تارانی
ئەخاتە ژێر پێ دین و ئیمانی

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەشرافمان هەموو بێ ڕۆح و سستن

دەخیلە پشتیان هیچ پێ نەبەستن
هەموو ناکۆک و پارە پەرستن

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
قەومێ سەوییەی ئەگەر ئاوا بێ

مەحاڵە خاکی بەرز و ئاوا بێ
بۆ مردن باشە تەفر و تونا بێ

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەمڕۆ بەبێ شک لەناو عالەما

هیچ قەومێ وەک کورد وا بەجێ نەما
ناوی وا لەناو خانەی عەدەما

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئێمەی کوژراوی دەستی نیفاقین

موحتاجی پارە و عیلم و ئەخلاقین
بۆیە وا پەستین، بێ ئیتتیفاقین

کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا

1939/11/6
سلێمانی

نەسرین

[edit]
نەسرین دەمێکە داخت لە دڵمە

گیرۆدەی بەندی، ژیانت زوڵمە
وا من پێت ئەڵێم چونکە لەسەرمە

هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە
***
ئەمڕۆ زەمانی عیلم و عیرفانە

عالەم شەو و ڕۆژ وا لە فرمانە
فەرقی نێر و مێ نییە بیزانە

هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە
***
مەڵێ من کچم، تۆش وەکوو منی

موحتاجی عیلم و فەن و خوێندنی
مەجبووری ئیش و خزمەت کردنی

هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە
***
هێندە دانیشتی پشتت چەماوە

زەرد و لاواز بویت هێزت نەماوە
کچی بێگانەت خۆ لەبەرچاوە

هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە
***
خشڵ و جوانیی تۆ حەیا و فێربوونە

پاشەڕۆژیشت هەر بەوان ڕوونە
کچی بێ عیلم دیل و زەبوونە

هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە
***
وەک خوشک و برا ئەبێ هەردووکمان

قۆڵی لێ هەڵکەین بچینە مەیدان
تا کورد بەرینە ڕێزی میللەتان

هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە

1944
سلێمانی

فیز و لەخۆ بایی بوون

[edit]
عومرێکی توڕڕەهاتە بێ کەڵک و بێ سەباتە
ئاخری قەبری تەنگە ئەوی کە لۆرت و لاتە
***
دنیایەکی بەڵایە پڕ دەرد و پڕ جەفایە
هانایە پێوە بایی مەبن، بەخوا خەتایە
***
نە موسای پێغەمبەر دەوامی بوو هەتا سەر
نە دارا و نە ئەسکەندەر نە تەخت و بەختی قەیسەر
***
خەوێکی کورت و تاڵە بێ فائیدە و بەتاڵە
شریتی سینەمایە کاکە هەروەک خەیاڵە
***
چەند خانەدان بەسەر چوو چەند نازەنینی خۆش ڕوو
لەژێر ئەم خاکە بوونە خۆراکی مار و مێروو
***
بۆ وا بەلار و لەنجە ئەڕۆی بە نووکی پەنجە
تێ بفکرە لەژێر پێت هەر گۆڕی پێیی گەنجە
***
زۆر عەیبە دەعیە لێدان بەسەر ئێسقانی ئینسان
گەر ئەتوانی بەدەعیە بفڕە بچۆرە ئاسمان...

قومار

[edit]
وا سلێمانی گشت ئینتیزامی هاتە سەر باری «پۆکەر» و «ڕامی»
بڵاوبۆتەوە لەناو خاس و عام «جۆکەر»یان کردە وێردی سوبح و شام
گەر بێ خەبەری لەم ئەحواڵانە شەوێ بچۆرە ئەو چاخانانە
ئەوسا ئەبینی لە هەموو لایەک هەر چەند کەسێکە و چۆتە پەنایەک
دەوری قاقەزیان داوە و دانیشتوون بۆ وەسڵی جۆکەر شێت و شەیدا بوون
خەریکی یارین هۆشیان نەماوە ملیان کووڕ بووە و پشتیان چەماوە
هەر تەق و هووڕ و هەرا هەرایە سەیرێکی خۆشە وەک سینەمایە
بەڵێ درێغا ئەم قەومی کوردە بۆ شتی بێ فەڕ بەدەست و بردە
نیفاق و درۆ و جاسووسی و قومار تێیا ماهیرن وەکوو دانی مار
***
ئەمجا بابێینە سەر یاریکەران هەر دەستە بەجیا بۆت ئەکەم بەیان
تاقمی مەئموور سدارە بەسەر لێی تێکەڵاوبوون وەک چێشتی سواڵکەر
یەکێ مودیرە، یەکێ موحاسیب یەکێ موعەللیم، یەکێ باش کاتیب
ئامیر لەوێدا وەکوو مەئموورە کۆڕیان گەرم ئەبێ بەوێنەی کوورە
لە ئەوەڵی مانگ تا پێنج و شەشی لەسەر پارەی زۆر ئەکرێ دوو بەشی
بەڵام کە وەختێ مانگ هەشت و نۆ بێ کیسەی چۆڵ ئەبێ هەر خۆی بەخۆی بێ
پارە قەرز ئەکا دائیم لەم و لەو لەبەر قەرزاری هیچ نانوێ بەشەو
گیرفانی سووک و پاک و تەمیزە قەرزار و موفلیس پەست و سەرحیزە
ئەمە کردەوەی لاوەکانمانە کەوا کوردستان چاوی لەوانە
***
تاقمێکی تر ئەویش توجاڕە یاخود کەسەبە و ئەهلی بازاڕە
بە ڕۆژ هەوڵ ئەدەن بەو حاڵە پیسە بە هەزار حاڵ و سوێند و دەسیسە
دەستی خەڵک ئەبڕن شتێ ئەفرۆشن شەویش بۆ یاری وەها بەجۆشن
***
لێکی بەرەوە چاکی بزانە ئەمە ئەحواڵی موجتەمەعمانە
من مەنعی یاری ناکەم بەکوللی با بکرێ ئەمما بەموعتەدیلی
ئێمە قەومێکین وا لەژێر بارین حەیفە ئەوەندە خەریکی یارین
با جارێ خۆمان دەرکەین لە زیللەت ئەوسا دەست دەینە قومار و عوشرەت

سلێمانی

ئاواتی دڵ

[edit]
دڵ کە زۆر مەسروورە ئەمڕۆ، ئارەزووی ئیزهار ئەکا حەز لە فنجانی شەرابی دەست و پەنجەی یار ئەکا
دڵ گەشە، وەک گوڵ وەهایە، دەرد و ئازاری نەما تالیبی وێسکی و شەرابە، حەز لە عوود و تار ئەکا
دڵ نەجاتی بوو لە تەنگی کەوتە بەزم و ڕەزمەوە عاشقی سەیر و سەفایە، مەیلی ناو گوڵزار ئەکا
دڵ ئەوەندە مەست و کەیلە، شێتە هیچ هۆشی نییە وا لە ڕەقسایە خەریکە عالەمێ بێزار ئەکا
دڵ بەنەشئە و بەزمی میللیییەت شوکر بووژایەوە شایییە، سەیرانە، بەزمە، پڕ بەدەم هاوار ئەکا
دڵ بەئاواتی گەیشت و لاوی کوردی دی کەوا یەک دڵ و یەک دەم خەریکە میللەتی هۆشیار ئەکا
دڵ لە کینە خاڵییە، بێ گەردە، سافە وەک بلوور سەد تف و لەعنەت لە چارەی خائینی سەگسار ئەکا
دڵ ئەڵێ بێکەس هەتاکەی لافی میللیییەت بە دەم هەوڵ و تێکۆشینە تەنها قەومی کورد ڕزگار ئەکا
گەر بەڕاستی بێنە پێشێ، دەس لە دەست یەک کەن هەموو کێیە ئەوسایە حوقووقی قەومی کورد ئینکار ئەکا؟!
یەکتریتان خۆش بوێ تا نەگبەتی بەرتان بدا دوو دڵی ئەم قەومە دیل و سووک و بەد ڕەفتار ئەکا...

شێخەکان

[edit]
شێخ کە دەف لێ دەن وەکوو «......» لە زیکرا هەڵپەڕێ حەقیەتی دەروێشی مسکین نا عیلاجی گەر هەڵتڕێ
شێخ لەبەر چاوی مریدا خۆی بەجیبریل دائەنێ «بالتبع» هەر شەخسی جاهیل زوو بە زوو بۆی دێتە ڕێ
شێخ لەبەر تەئمینی قووتی ڕێی حەقیقەت لا ئەدا ............... دنیای چ باسە، یاخۆ دینی وەرگرێ
کەی خودا فەرمووی کە وەک گا بۆڕەبۆڕ دەست پێ بکەی ورگی خۆت ڕووت کەی بەشمشێر لێی بدەی تا هەڵدڕێ
سەد ئەسەف بۆ دینی ئیسلام چەند پەرێشان بوو لە دەس شێخ و دەروێش و مەلای... خوایە ئەمسالیان بڕێ

ئەی مەلا

[edit]
ئەی مەلا دیارە خەریکی فیتنەیەک بەرپا ئەکەی دەوری پاپا و عەسری ئیرهاب لێرەدا ئیحیا ئەکەی
تۆ کە هیچ کەڵکت نەبێ غەیرەز سوواڵ و تەمبەڵی ئێستە وا هاربووی لەبەرچی پێم بڵێ بۆ وا ئەکەی؟!
تۆ لە باتیی وەعز و ئیرشاد و نەسیحەت کەی، کەچی بوویتە شەیتانی عەوام و جاهیلان ئیغوا ئەکەی
گا بەنووسینی مەزابیت، گەهـ بە تەحریکاتی خەڵک بۆ ڕەزای شەخسێ هەزاران ئیشی بێ مەعنا ئەکەی
ئالەتی دەستت، کە کز بووی، دینە تەنها بۆ سوواڵ ڕۆژی دەست دارییش سیلاحتە و خەڵقی پێ ئیمحا ئەکەی
نووری ئازادی جیهانی گرتەوە، وا تازە تۆ مەحکەمەی تەفتیشی نەگبەت سەر لە نوێ ئینشا ئەکەی
واز لە عالەم بێنە، دانیشە، بەرۆکمان بەر بدە مەلعەنەت بەسیە هەتا کەی خۆت وەها ڕیسوا ئەکەی
من ئەزانم تۆ بەفیتی کێیە کەوتوویتە سەما سەگ کە هار بوو چل شەوی عومرە ئەگەر بڕوا ئەکەی

ئاخ مەلا

[edit]

هەردوو گوێم پڕ بوو لە باسی وەعز و سەرفیترە و زەکات
هەر هەواڵی حەشر و نەشرم پێ ئەڵێی تاکو مەمات
بەسیە لەم مەوزووعە لادە فێری نوێژ بوو کائینات
خوتبەیێکی ئیجتیماعیم پێ بڵێ بۆ ڕێی حەیات
ئەی مەلا تۆ بی خوا دا لەم فیکرە کۆنە لابدە
فەننی تازەم پێ نیشان دە بۆ تەرەققی و ڕێی نەجات

***

«أطلبوا العلم ولو بالصين» گەر تێ بگەی تەمام
قەتعییەن تەحسیلی فەن و مەعریفەت ناکەی حەرام
فائیدەی چی «قام زید»، کەڵکی چی دێ؟ پەشمەلام
عالەمت کەر کرد مەلا خوا لێت بسێنێ ئینتیقام
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
تۆی بەڕاستی مانیعی بەرزی و تەرەققی و ئینتزام

***

چاوم لە دەقنە و نانی ڕاتوومەبڕە دائیم مل قەوی
خوا بەڵات لێدا هەتاکەی وا لە خۆراک و خەوی
تەمبەڵی، مردووت مرێ بەسیە لەکن خۆت پێشڕەوی
هەستە تەشویقێ بکە بۆ ئیشی دینی و دونیەوی
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
واسیتەی تۆیە کە دینی بەرزی ئیسلام بوو نەوی

***

هەر کەسێ هەستا و بەساختە مێزەری نایە سەری
عالمە و مەسمووعە قەولی گەرچی کەر بێ و سەرسەری
حاسڵی خەڵقی ئەبێتە نۆکەر و عەبد و کەری
ماڵی ئیسلامی بە قوڕ گرت و لە دین کردی بەری
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
خائینی گەر وا دەوام کەی، ڕوو سیاهی مەحشەری

***

ئەوروپا پاپای تەمێ کرد، دەستی دایە عیلم و فەن
بێ تەلە و کەشتی دروست کرد، دائیمی هەر هەوڵ ئەدەن
قەومی ئیسلامیش مەلا گەر بێت و زوو ئیسلاح نەکەن
دائیمەن مەحکوومی جەهلن سووک و ڕیسوا و ناپەسەن
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
باسی قەبر و مار بگۆڕە، بێرە سەر باسی وەتەن

***

خوایە یەک «لووتەر» بنێری بۆ گەلی کوردی فەقیر
با نەجاتی دا لەژێر دەستی مەلا و شێخان و پیر
ئەم شەوی دەیجوورە تاکەی؟ دەرکەوێ ڕۆژی مونیر
«عارەبیش» وابوونە حاکم، ئێمە هەر دیل و ئەسیر
ئەی مەلا تۆ بی خودا لەم فیکرە کۆنە لابدە
باسی باوەڕ کە نەماوە باسی فیردەوس و سەعیر

سلێمانی

مەلا و شێخەکان

[edit]
لای مەلا وایە کە جەننەت تەکیە و لات خانەیە جێی موردید و شێخ و سۆفی، مەلجەئی دێوانەیە
غەیری ئەم قیسمانە باقی کافری بتخانەیە موختەریع، عالم، مونەووەر پەشمە لای، ئەفسانەیە
***
شێخ ئەگەر سەد کەس بەخەنجەر لەت بکا بەئسی نییە «....» بکا، تاڵان بکا، کوشتار بکا، ترسی نییە
چونکە ئەولادی ڕەسوولە قەتعییەن پرسی نییە خائین و بێ دین لەکن ئەو عاشقی پەیمانەیە
***
مامە سۆفی وای تەمایە هەر بەڕیشی پانەوە قەسری بۆ حازر کرابێ پڕ بە حۆری جوانەوە
ئەو ئەڵێ جەننەت بەڕیشە، نەک بەهۆی عیرفانەوە
***
سەد «صلاح الدین» و «دارا» قیمەتی یەک ئانەیە گەر بەهەشت هەر بێتە جێگەی جاهیل و شێت و کەران
دۆزەخیش مەخسووسی پیاوی فازیل و ساحێب نیشان خوایە بمخەیتە جەهەننەم نەچمە ڕیزی وەحشییان
جەننەتی چی گەر وەها بێ عەینی تیمارخانەیە
***
چاوەکەم بەخوا خەیاڵتان خاوە چاکی تێ بگەن خوا یەکێکی خۆش ئەوێ دانابێ ساحێب فیکر و فەن
ئیستفادەی بۆ بەشەر بێ، خادیمی موڵک و وەتەن های هوویی بێ سەمەر هەر کردەوەی شێتانە

باسی ڕەمەزان

[edit]
خەڵقە پێم بڵێن کە چی قەوماوە ئەم خەڵقە بۆ چی ئەڕۆن ڕۆژاوە؟
هەر غەڵبە غەڵبی خەڵکە و تێ ناگەم هەر ئەڵێن هەورە و فەرقی پێ ناکەم
یەکێ هات وتی چۆن تۆ نازانی لە سایەی خواوە خۆ موسوڵمانی
ئەمڕۆ سی و یەکە وا ڕەمەزانە مانگێکی گەورەی موسوڵمانانە
ئەم خەڵقە بۆیە گردن لێرانە بزانن دیارە مانگ یا پەنهانە
خۆم پێ نەگیرا زوبانم نەسرەوت وتم ئەی هاوڕێ ئەوا ناوکم کەوت
خوا بتان گرێ بۆ چ منتان تۆقان بۆچ لەم کاتەدا لێم بوون بەشەیتان
حاسڵی لێم دا چوومە ماڵەوە بەدڵێکی زۆر پڕ خەیاڵەوە
هێندەی پێ نەچوو زرمەی تۆپ هەڵسا عالەم لە دەنگ و ناڵەی ئەترسا
هەرا پەیابوو لەناو خاس و عالەم ڕێ بەر نەئەکەوت لەبەر ئیزدحام
خوایە کەرەمت هەر بۆ من غەمە سەد شوکر خوایە من ڕازیم بەمە
خۆ داخی ڕۆژوو هێندە گرانە لەسەر دڵی من ئەڵێی باتمانە
توشی گون ڕەشی خۆم ئەوا هاتم نازانم چی بکەم، کوا ڕێی نەجاتم
بەڕۆژ بەڕۆژوو گێژ و بێ هۆشم لاکەی سەرم دێ چەشنی سەرخۆشم
ئەوقاتم لەبەر بێ هێزی وەک تر دەڕوات و کەوتووم وەک ئێشکی کەر
دەی چاوەڕوان بە تا وەختی ئیفتار سەیری سەعات کە و بکە ئینتیزار
کاتێ ئەزانی تۆپ ئاگر درا ناوساجی و شفتە و ماستاو دانرا
بەڵام پێم بڵێن هەی داد و بێداد بۆ چی پێم ناخورێ لە دوو پاروو زیاد
خۆ لە پێش تۆپدا من لە دڵی خۆم ئەموت قەت مومکین نییە تێر بخۆم
کەچی کەوەختێ هاتمە سەر سینی ئەوە خواردنمە کە ئەبینی
لە دوای نان خواردن نۆرەی گەڕانە یان چاخانەیە یان دیوەخانە
چاخانەش هەروەک حەمامی ژنان دەنگ و قیڕەیان ئەگاتە ئاسمان
لە شەق و هووڕی دۆمینە و قومار ئینسان لە ژینی خۆی ئەبێ بێزار
ئەمجا بام سەرێ لە دیوەخان دەین بزانین چییە و هەواڵ تێ بگەین
ئەگەر هەواڵی ئەوێیش ئەپرسی هیچ نییە غەیرەز باسی مەبعووسی
یەکێکیان ئەڵێ فڵان کەس باشە ئەوی تر ئەڵێ ئەحمەق و جاشە
کۆمەڵێکی زۆر بێ زەوق و سروور دایم هەرایە پڕ لە گرم و هووڕ
ئەوا بەم حاڵە شەویشمان ڕابوورد چوینە ماڵەوە پارشێویشمان کرد
هیچی تر نەما جا نۆرەی خەوە بەسەر خواردندا وەرە پاڵ کەوە
کە نیوەڕۆ بوو عالەم هەستاوە دەم وشک و بۆگەن چاویان ئاوساوە
دەروونیان گەرمە هەروەک ئاگرن دایم بۆ شەڕ و هەرا حازرن
لە جێی ڕۆژباش و قسەی پیاوانە هەر شەڕەجوێنە لەیەک هەڵدانە
ئەمە تەعریفی مام ڕەمەزانە لەبەری بکە و چاکی بزانە!...
یا ڕەب بە دوورمان بکەی لە ئافات لادەی لە سەرمان دەرد و مجافات

مەرهەم و دەرمانی

[edit]
مەرهەم و دەرمانی دەردی ئێمە تەنها مەکتەبە فرسەتە هەستن لە خەو ئیتر چ وەختی نووستنە
با چرای «زانستی» هەڵکەین و لە زوڵمەت دەربچین زۆر بەجێ ماوین لە خەڵکی عەیبە، عارە، مردنە

1921
سلێمانی

یانەی سەرکەوتن

[edit]
یا خوا هەر بژی، یانەی سەرکەوتن ڕەهبەری عیلم و ڕێگەی پێشکەوتن
تۆ مایەی فەخری قەومی کوردانی باعیسی ڕوتبە و ناو و نیشانی
دافیعی جەهل و زوڵم و وەحشەتی ئەلەکتریکی شەوی زوڵمەتی
قیبلەی ئومێدی هەموو کوردێکی زیارەتگاهی هەموو فەردێکی
میللەت بەتۆوە بەرز و مەسعودە لەناو عالەما ناوی مەوجودە
ئەوی میللەتی لا خۆشەویستە خزمەتی تۆی لا، فەرز و پێویستە!!
ئەبێ وەک برا دەست بدەینە دەس یاری یانە بدەین تا ئاخیر نەفەس
تاکوو ناوی کورد بێتە پێشەوە، وەک شێر بێتە دەر لەناو بێشەوە!

ئەلەکتریکی سلێمانی

[edit]

ئەم هۆنراوەیە لە ساڵی ١٩٣٠ دا بەبۆنەی دامەزراندنی مەکینەی کارەبا لە شاری سلێمانی دانراوە

لە تاریکی نەجاتی بوو سولەیمانی تەماشاکە جلووسە بەزمە سەیرانە شەوی وەک ڕۆژی ڕووناکە
تریفەی کارەبا ئێستا لەناو حەوز و درەختا وەک تریفەی مانگ و ئەستێرە شەوانی سایەقەی پاکە
لەسەر تاسلووجەوە سەیری نزارەی ئەم چراخانە بکە، بێ شک ئەڵێی پاریسە موکمەل شارە ئێستاکە
لە زوڵم و وەحشیەتی زوڵمەت ئەوا ڕزگار بوو خەڵقی سوپاهی نووری عادیل وا هجوومی کردە ئەم خاکە
وەکو کۆڵان و سەرجادە و کون و قوژبن منەوەر بوو دەماغ و فیکر و مێشکمان وەها تەنویر بکەین چاکە
حەکیمی زەخمی ئەم کوردە بگاتە عیلم و عیرفانی لەژێر باری غەم و وەحشیەت چەماوە پشتی هیلاکە
بەعیلم و یەک دڵی ئەوسا ئەگەینە ڕوتبە و پایە بەتەنها میللەتی یەک دڵ لە دنیا حوڕ و بێ باکە
نیفاق و کینە دەرحەق یەک هەتاکەی بەسیە وا مردین خوایە تەفر و تونا بێ ئەوی دڵ پیس و ناپاکە!

1930

ئەی هاوار لە دەست دختۆری خراپ

[edit]
ئەمان حکومەت هاوار بەماڵمان ڕەحمێ بکە بە ماڵ و مناڵمان!
تووشی دختۆرێکی واتان کردوین هەموومانی کوشت لە دەردا مردین
ئەگەر زوو بەزوو عیلاجمان نەکەن ئەم دختۆرەمان زوو لە کۆڵ نەخەن
لێتان مەعلووم بێ خەڵقی ئەم شارە چارە و نەجاتیان هەر بەفیرارە!
هێند دختۆرێکی بەبێ ویجدانە حاسڵی عالەم لێی هەراسانە!
نەخێر سەهووم کرد حەمدی هەر چاکە دختۆرێکی زۆر ماهیر و تاکە!
فائیدەی زۆرە بۆ سلێمانی بەهۆی خزمەت و کردەوەی جوانی
بەڵام بۆ ئەوەی سائیر لیواکان لێی موستەفید بن وەک ئێمە و مانان
لوتفەن تەحویلی بکەن لێرانە ئێمەی لێی تێر بووین نۆرەی ئەوانە!!

وەسفی حاڵ « بۆ پیرەمێرد »

[edit]

خاڵە حاجی با وەکو من موفلیس و بێ پارە بێ
بێ جەلال و بێ جەمیل و بێ کەس و دڵ پارە بێ
دائیما مەحکوومی قەهر و میحنەتی و بێ چارە بێ
شانی خواری هەڵتەکێنێ و باسی میللیەت بکا

با لە شارێکی بەسیتی وەک سلێمانی نەبێ
با لەخاکی وا ئەسیر و جاهیلستانی نەبێ
با لە سایەی جرت و فرتی خوشکەزاکانی نەبێ
شانی خواری هەڵتەکێنێ و باسی میللیەت بکا

پاشەکەوتکردن

[edit]
دەردی موفلیس ئەی ڕەفیقان زۆر گران و زەحمەتە عاجیز و دائیم لە دنیا غەرقی دەریای میحنەتە!
حورمەت و قەدر و ڕەواجی زەڕەیەک لای کەس نییە سەر کز و ڕووڕەش هەمیشە نەگبەت و بێ هەیبەتە
گەر لە عیلما فەیلەسووف بێ ناو و نیشانی نییە گەر لە ئەسلا پادشا بێ ناوی هەر بێ قیمەتە
یا وەکو شێر بێ جەسوور بێ لای هەموو کەس ڕێویە یا لە حیکمەتدا وەکو لوقمان بێ ژینی زیللەتە
هەر کەسێ ماڵی سەرف کرد لافی گەورەش لێ بدا حاڵی ئەو بێ شک ڕەزیلە و عەیش و نۆشی حەسرەتە
مەقسەد و غایەم لەمەشدا موختەسەر هەر عەرزت ئەکەم پێ لە لێفەی خۆت زیاتر ڕابکێشی نەگبەتە!!
پاشەکەوتکردن لە دنیا بۆ هەموو کەس لازمە، پەندی «بێکەس» بگرە تاکوو تووش نەبی بەم حاڵەتە!