دیوانی شێخ نووری/هەمەجۆر
Appearance
پەپوولە
[edit]خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟ وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟ | |
پەپوولەی باڵ هەڵوەریو! | بە تیشکی گڕ داڕزیو |
باڵداری جوان و ڕەنگین | ئێسک سووک و باڵ نەخشین |
بەڕۆژ لەم گوڵ بۆ ئەوگوڵ | لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ |
ئەفڕی و ئەنیشیتەوە | بۆنی خۆش ئەچنیتەوە |
هەر تاریکیت لێ دەرکەوت | چاوت بەشوعلە و گڕ کەوت |
باڵت هەڵئەپرووزێنی | جەرگت هەڵئەقرچێنی |
باڵداری باڵ ڕەنگاوڕەنگ | دەم پڕ هاواری بێ دەنگ |
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟ وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟ | |
شەبەق ئەدا بەیانی | لە گوێ جۆگە و سەرکانی |
ئەگەڕێی تا ئەتوانی | هیچ ماندووێتی نازانی |
کام جێگا خۆش و بەرزە | کام لق ناسکە، سەوزە |
لە دوورەوە بۆی ئەفڕی | جێگای خۆتی لێ ئەگری |
بەڕۆژ جێت ناو گوڵانە | بەشەو ئەبییە پەروانە |
لە کوێ بەشوعلەت زانی | خۆت ئەکەی بەقوربانی |
پەپوولەی ناسک و نازدار | عاشقی دڵ بریندار |
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ؟ وا خۆت ئەکەی ڕەنجەڕۆ؟ |
گێژەڵووکەی بای بەتینی پێچەوانەی ڕۆژگار
[edit]گێژەڵووکەی بای بەتینی پێچەوانەی ڕۆژگار | کارەساتێکی بە من کرد، ئێسکی کردم بە پوار |
خستمییە تەق تەق بەناحەق دەستی پڕ زۆری قەدەر | «ذاب قلبي في العذاب، طار فكري في انكسار» |
«زێ» بە لێڵی و سووریا دایم لە چاوی من ئەچێ | ئاوی ئەو لێڵە و بەخوڕ دێ، ئەم تنۆکەو دێتە خوار |
خۆم ئەزانم چیم بەسەر داهات بەدەس چەپگەردەوە | «كيف فر العز مني كيف ضيعت الوقار» |
«ایستەمم رازی درونی خلقە افشار ایلیەیم» | این سخن ناگفته به هرکز مبادا اشکار |
سینە پڕ داغی فیراق و دیدە پڕ فرمێسکی غەم | نائومێد و قوڕ بەسەر، ئاوارەیی یار و دیار |
غەم وەها بێزاری کردووم خۆم بە نەفسی خۆم ئەڵێم | بویلە بر احوالدە پک اعلا دکلمی انتحار |
«ان قلبي كان مثل الطير في سجن فطار» | هەر کە هێنای بۆم سەبا موژدەی قدوومی نەوبەهار |
مرغی زاری دل چو از بندی قفس ازاد شد | شد غزلخوان آشیان بگرفت اندر مرغزار |
ناچم بۆ بەغدا
[edit]هەتا پێم بکرێ ناچم بۆ بەغدا | لە بەغدا دڵم هیچ ناکرێتەوە |
با هەزاران ڕۆژ پێکەوە ژیابن | دۆستی خۆت لەوێ ناتناسێتەوە |
با خسووس هێڵێ گەورەی کردبێ | نایەوێ کۆنی بیر کەوێتەوە |
چاوی پێت کەوێ، دڵی تێکەڵ دێ | لە ڕابووردووی خۆی قێزی دێتەوە |
ئەگەر بزانێ تۆ ئەچی بۆ لای | ئەو ڕۆژە ئەو خۆی ئەشارێتەوە |
ئەڵێ نەوەکوو، خودا نەکەردە | ئیشێکی ببێ و بپاڕێتەوە |
یا بۆ تەعینێ، یا بۆ تەرفیعێ | هاتبێ لە من، بلالێتەوە |
فەقیرێ بچێ، بۆ لای وەزیرێ | مەعنای بۆ ئەو چاک، لێک نادرێتەوە |
نازانن ڕۆژی، ئاواش ئەبینرێ | تەئریخ بۆ دواوە، بگەڕێتەوە |
هیمەتی پیران
[edit]ئەو موعەممایە کە سێ حەرفە بەناو | وەک موالیبدە شمولی کەوتە ناو |
عشقە، جەزبەی سڕڕی یەزدانی هەیە | بۆ دەماخی نەشئەیی وەحدەت مەیە |
عشقە، شێرانی جیهان دێنێتە بەند | عشقە، ڕۆحی پاک ئەخاتە ژێر کەمەند |
عشقە، کەس ناتوانێ شەرحی لێ بدا | عشقە، مایەی زەوقی ناسینی خودا |
عشقیان دانا بە دوو نەوع، ئەهلی حاڵ | عشقی سانع، عشقی مەسنووع دوو مەئال |
عشقی سانع، شێوەیی ئینسانییە | عیشقی مەسنووع، ئارەزووی حەیوانییە |
ئارەزووی حەیوانیی، دوایی جەننەتە | سەفوەتی ڕۆحانیی، مایەی جەننەتە |
عشقی زوڵف و خاڵ و ڕوومەت فانییە | عیشقی پەنهانی لەتای سوبحانییە |
ئاهـ ئەگەر «نووری» لەمە بەشدار ئەبوو | داخلی ناو دەفتەری ئەحرار ئەبوو |
ژن
[edit]ژنی بەد چەشنی کۆڵنج ژان ئەهێنێ | ئەگەر زوو نەیتەقێنی، ئەتتەقێنێ |
ژنێ ژن بێ، لە ژانی ژینی دونیا | بەجۆرێ لات ئەدا، سەر سوڕ ئەمێنێ |
ژنت گەر ژن نەبێ، ژانە ژیانت | ژنێ ژن بێ، هەموو دنیا ئەهێنێ |
بە کوردی ناوی مانگەکان
[edit]«نیسان» بەکوردی «شەستەباران»ە
ناوی «مایس»یش «بەختەباران»ە
«حوزەیران» ناوی، «باران بڕان»ە
***
ناوی «تەمموز»مان دانا «خەرمانان»
«ئاغستۆس»، «گڕە» گەرمای فراوان
«ئەیلوول»، «گەلاوێژ» فێنکی بەیان
***
ناوی «تشرین ئەوەل»، «مشتاخان»
«تشرینی دوهەم»، «پەڵە» وەرد کێڵان
ناوی «کانوونی یەک»، گەڵاڕێزان
***
ناوی «کانوونی دووهەم»، «ڕێبەندان»ە
«شوبات»، «ڕەشەمێ» ناوێکی جوانە
مانگی «مارت»، «تارە» ئاخری زستان
***
زۆر تکا ئەکەم لە خوێندەواران
لە خاوەن بیر و تیپی زانایان
لەم ناوانە گەر چاتر ئەزانن
بیڵێن بە شەرتێ باش بێ لای هەمووان
لە جێگای ئەمان، ئەو پەسەند بکرێ
ئەوە ناوی بێ، تا ئاخر زەمان
نەک من بە جۆرێ، ئەوی تر جۆرێ
ناویان بۆ دانێین بە کەیفی خۆمان
«غونچە» و «شیرین» و «کاڵێ» سێ کچن ئەولادی گیو
[edit]«غونچە» و «شیرین» و «کاڵێ» سێ کچن ئەولادی گیو | قابیلن هەر سێ وەزن بکرێن بە ئاڵتوون و بە زیو |
غونچە وا تازە خەریکی پێکەنینە بۆ فنوون | عیشوەیی «شیرینێ» سەد فەرهاد ئەخاتە بێستوون |
چاوی مەست و کاڵی «کاڵێ» پڕ لە بادەی عیسمەتە | ڕەبی هەر سێ تاجی بەرزی بن لە بۆ ئەم میللەتە |
باغی بێ خاری حەسادەت، نەوزهووری وا دەبێ | غونچە شیرین بێ بە کاڵی، باغی مەسعوودییەتە |
نابینمەوە قەت لێرە یەکێ یار و وەفادار
[edit]نابینمەوە قەت لێرە یەکێ یار و وەفادار | حەقمە کە ئەبینم لە شەوا خەو بە مەلاوە |
هەر دەربەدەر و نەفییە، ئەوی سیرەتی چابێ | ئەیقۆزنەوە کردەوەی بەد بە هەواوە |
ئینسانی وەکوو عەبدە، لە کۆی دەست ئەکەوێ ئاخ | نایدۆزمەوە هەرچەند بگەڕێم بۆی بە چراوە |
ئەو شەخسە کەوا لامی قەڵەو لای وەکوو «ڕێ»یە | پیرێکە بە شەو هیمەتی شەوکێڵ بەدواوە |
هاوار لە دەس مالییە
[edit]لە حاڵم گەر ئەپرسی، ڕۆژ و شەو، مەبهووت و حەیرانم | لە بەحری واریدات و مەسرەفا، غەرق و پەرێشانم |
بە ڕۆژ دائیم خەریکی جەدوەل و جەمعی حیساباتم | بەشەو خەو خۆ نییە، خولیا زەدەی ئیشی سبەینانم |
بە مەسرەف هەر ڕەزامەندم، وەزیفەی خۆمە پێم خۆشە | حیسابی واریداتیش تازە وا هاتووەتە سەر شانم |
لە تەحویلاتی خارج عاجزم، داخل بەهەر سووڕەت | بە میم، حێ، بیست و دوو ڕازیم، لە دەس جەمعی پەرێشانم |
لە تەوحیدی حیساباتی قەزاکان هێندە بێزارم | ئەگاتە عەرشی ئەعلا بۆچرووکی جەرگی بریانم |
لە ئازاری نیهائی و مولحەقی هەرگیز مەپرسە لێم | خودا دوور بن، لە ئازاری هەموو خوێش و عەزیزانم |
گەهێ مەشغولی دوکوم، گەهـ خەریکی جەدوەلی سولفەم | دەمێ داماوی سەهووی جەمع و تەنزیلاتی نیسانم |
لە ئاخر مەرحەلەی تەنزیمی ئەوراق و جەداولدا | چل و پێنچ فەرق ئەکا، ئیجمالی شەهری، چی بێ؟ نایزانم |
دەکەومە بەحری بێ پایانی ئەرقام و تەقەللاوە | وەرە ئەمجا تەماشای حەلوەلای مێشکی بەسەزمانم |
تومەز عەکسی ڕەقەم شانزەی بە شەست و یەک نیشان داوە | کەوا گێژی ترازاوی دەسێکی سەهو و نسیانم |
ئەگەر باوەڕ ئەفەرمووی شەو لە خەودا تاکوو سبحەینێ | لە ئێستاوە خەریکی ناردنی ئەوراقی نیسانم |
بە ڕۆژی جومعە خەڵکی وان لە بەزم و عوشرەتا دائیم | کەچی من هەر خەریکی دوکوم و جەمعی یەکونانم |
بە شەو چاو هەڵبڕم، ئیجمالی شەهری دێتە بەر چاوم | کە چاویش دانەوێنم، کۆمەڵێ ئەرقامە میوانم |
هەمیشە بلبلی تەبعم، ئەنیسی غونچە بوو ئەوسا | کەچی ئێستاکە جەدوەل بووەتە گوڵزار و گوڵستانم |
بە سەد «اذن القبض» کۆم کردەوە نەقدی خەزێنەی ژین | بە ئیزنولدەفعێ، سەرفم کرد هەموو نەقدی دڵ و جانم |
لە غەیری مادەدا نەقدی حەیاتم، سەبتی دەفتەر بوو | بە تەعدیلێ مەگەر دەستی قەدەر ڕێکی بخا ژیانم |
لە عومرم سەهووی سەرفیات ئەگەر تەنزیل بکا ئێزەد | بە سولفەی دابنێ و ئیرادی بۆ بێنێ لە حیرمانم |
لە قەیدی نائومێدی شەتب ئەگەر بکرێم و تێپەڕ بم | بەقایای بەد نەمێنێ بۆ بەقییەی موودەتی مانم |
بەجارێ ئەبمەوە ئەو بلبلەی ئەیووت لە گوڵشەندا | چەمێ هێلانەمە بۆ تائیفەی گوڵ من غەزەلخوانم |
ئەگەر بێ ساڵی مالییەی حەیاتم تێپەڕێ ئەوسا | نییە ئیمکانی ئیسڵاحاتی سەهووی قەیدی عیرفانم |
بە تەعدیلیش جەوازی نادرێ، تەسحیحی ڕابوردوو | بە ناچاری لە عەینی دەفتەرا مەجبورییە مانم |
1941/02/13