دیوانی شێخ نووری/شیوەن و ماتەمنامە
Appearance
شیوەنی شێخ عەزیزی برای
[edit]لە فوارەی دڵ لەبەرچی خوێنی گەش نەڕژێتە سەرچاوم | لەبەرچی سوور نەبێ داوێنی بەدبەختیی بە خوێناوم |
کە من زانیم ئیتر مەرهەم نییە بۆ جەرگی سووتاوم | ئەناڵێنم لە دووری تۆ، ئەڵێم شەرتە هەتا ماوم |
ئەسیری خاکی گۆڕ و نەوجەوانی پڕ مەلالم ڕۆ عەزیزم ڕۆ، عەزیزم ڕۆ، عەزیزی نەونیهالم ڕۆ | |
بە ئومێدی ئەوەی بێمە سەرینت هەر وەکوو مەجنوون | لە دووجەیلی نەهاتیدا ئەناڵێنێ دڵەی مەفتوون |
بە فرمێسکی پەژارەم چۆڵی «قفرە»م ئاو ئەدا مەحزوون | کەچی ئەمڕۆ بیابانێ بە خوێنی دڵ ئەکەم گوڵگوون |
ئەسیری خاکی گۆڕ و نەوجەوانی پڕ مەلالم ڕۆ عەزیزم ڕۆ، عەزیزم ڕۆ، عەزیزی نەونیهالم ڕۆ | |
لەوێ دیجلە وەکیلی دیدەکەی من بوو بە لێڵی و سوور | سکووتی خەستەخانەت، بوو بە شینی عائیلەی ڕەنجوور |
لەکاتی گیانەڵای مەرگا بە بێکەس مای، لە خوێشان دوور | ئەمە تیرێکە جەرگم کون ئەکا تا ڕۆژی نەفخی سوور |
برایی جەرگ و دڵ سووتاوی کوردی پڕ مەلالم ڕۆ عەزیزم ڕۆ، عەزیزم ڕۆ، عەزیزی نەونیهالم ڕۆ |
شیوەنی مەلا مەحموودی بێخود
[edit]خەمم نەدیوە کە دڵ هەڵدڕێ وەکوو نەشتەر | خەمم نەدیوە وەکوو تیر بدا لە بەندی جگەر |
خەمم نەدیوە کە ڕووناکی و فەڕەح لە دڵا | وەها نەهێڵێ، لە جێگەی نەمێنێ شوێن و ئەسەر |
خەمم نەدیوە لەسەر تەختەنەردی دنیادا | وەها ببەستێ لە خۆشی و لە پێکەنین شەشدەر |
خەمم نەدیوە بەری خوێنی دڵ وەها بەردا | لە فوارەیی دڵەوە هەڵقوڵێتە دیدە و سەر |
مەگەر خەمێ کە لەناکاو ڕژایە لادێ و شار | بەکارەساتی وەفاتی ئەدیبی دانشوەر |
حەفیدی حەزرەتی عەللامە، موفتی چاومار | فەقیدی میللەتی کورد، جێنشینی جەد و پدەر |
جەنابی «بێخود» ئەفەندی ئەدیبی بەرزی وڵات | یەکەم موسەوری دنیای سروور و حوزن و کەدەر |
لە ئاسمانی ئەدەبدا، بەباڵی تیژی زەکا | فڕی هەتا گەیییە بەرزیی کەمال و هونەر |
ئەدەب لە ڕۆحی ئەوا چەشنی خوێن ئەهات و ئەچوو | وەکوو فوارە هەڵئەڕژایە سەر پەڕەی دەفتەر |
لە موبتەداوە وەها تێپەڕی بە یەک هەنگاو | گەیشتە تەوقە سەری کێوی سەخت و بەرزی خەبەر |
لە بەحری بێ بنی عیلما، هەتا بڵێی مەلەوان | لە ئەرزی بێ حەددی شیعرا، سەرۆکی سەیر و سەفەر |
چ شاعیرێ لە کون و قوژبنی خەیاڵاتا | جیهانی شیعری وەکوو زەڕەیە ئەهاتە نەزەر |
بە شەو لەناو چەمەنی نەزمی بلبلی ئیلهام | تەرانەگۆیی خەیاڵاتی ئەو بوو، تا بە سەحەر |
بە ڕۆژ لە مەدرەسە، مەشغولی عیلم و تەفسیری | کەلام و سورە و ئایاتی ئێزەدی ئەکبەر |
هەمیشە مەستی مەی «لا اله الا الله» | قەسیدەخوانی سەنای جەمالی پێغەمبەر |
خەم و پەژارەیی کۆچی حەزین و دڵسۆزی | بەجارێ خۆشی و شادی جیهانی کردە کەدەر |
حەقی بەدەستە کە دڵ تا ئەبەد بناڵێنێ | میسالی دەنگی بریندارێ نایێ ناڵە لەبەر |
حەقە کەلام و بەدیع ڕەش لەبەرکەن و ئاداب | لە قوڕ بنیشێ لە پێوە هەتاکوو تەوقی سەر |
بە هەوری ماتەمی، ڕۆژی دڵم وەها گیرا | بە حاڵ ترووسکە ئەدا، چەشنی چاوی تانە لەسەر |
سەرێ نییە کە نەبێ گێژ و دەردەداری خەفەت | دڵێ نییە، کە نەبێ غەمگوساری ئێش و کەدەر |
نەمردووە و هەر ئەژی ناوی بەرز و ئاساری | هەتا بمێنێ جیهان و سەما و مەهـ و ئەختەر |
ژیان و بەرزیی ناوی وەکوو شوعاعێکە | هەتاکوو لاموتەناهی وجوودی دێتە نەزەر |
خودا لە شیعر و لە ئینتاجی عیلم و ئەفکاری | دروستی کردووە بۆی هەیکەلێکی بەرزی زەفەر |
نەسب کراوە لە ساحەی خلوود و سەرمەدیا | بە هەیبەت و عەزەمەت، باقییە هەتا مەحشەر |
بە نووکی خامەی برژانگ، لە خوێنی دڵ «نووری» | بنووسە ساڵی وەفاتی «فەقیدی فەزڵ و هونەر» |
شیوەنی شێخ برایمی برای
[edit]بە شیوەن بۆ پژا، بۆچی زبانی لاڵ و گیراوم؟ | بە فرمێسکی جەفا هەڵهاتووە برژانگەکەی چاوم؟ |
ئەبێ بۆ هەر بەشی من ناڵە و گریان و ماتەم بێ؟ | لەبەرچی دائیما هەر مەستی غەم، سەرخۆشی زووخاوم؟ |
برالە کۆچی ناکامیت و جێگای بێ سەر و شوێنت | بەجارێ تانەیی لێڵایی، وا هێنایە سەرچاوم |
نەمامی عەیشەکەم نێژرا، خەفەت گۆپکە و چرۆی دەرکرد | ڕەگ و تەرزی کەدەر ئاڵایە گیانی هەڵکڕوزاوم |
خەفەت دەستی لەمل کردووم، دەمی غەم وا لەناو دەمما | موبەدەل بوو بە تاڵی، عەیش و نۆش و شایی و ڕاوم |
بە دەم «با» و گێژەڵووکەی نەگبەتی و ئاسیبی دنیاوە | بە بنجی دەردەوە، وەک پووشی با بردوویە ئاڵاوم |
بڵێسەی ئاگری مەرگت بە نەوعێ دڵمی هەڵقرچان | گەیشتە عەرشی ئەعلا بۆ چرووکی جەرگی سووتاوم |
مەگەر هەر دەستەوئەژنۆ دانیشم بۆ حاڵی خۆم بگریم | مەگەر هەر قوڕ بەسەر خۆما بکەم بۆ حاڵی شێواوم |
ئەڵێی سەرچاوەکەی دڵ بۆتە بەحری خوێنی ئاڵ و سوور | لە خوێناوی گەشی فرمێسکما بەم ڕەنگە گەوزاوم |
مەزانە بێکەس و تەنیا لە دوای تۆ من بەجێ ماوم | سەری خۆی دائەنێ قەومی خەفەت، دایم لە پێناوم |
لەسەر لێوم ئەبێ ئەم ئاخ و داخ و ئۆفە تا مردن | لەسەر چاوم ئەبێ فرمێسکی خوێناویی هەتا ماوم |
تەوژمی ئاهـ و لافاوی سروشک ئەمبا بەڕێگاوە | چڵ و چێوم بە بنجی داری بەدبەختییەوە گیرساوم |
ببوورن ئەی ڕەفیقان زامەکەی وێرانە دڵ حەقییە | بەخوڕ ئەیدا بە دیدە جۆگەلەی فرمێسکی خوێناوم |
لە ساڵی مەرگی تۆی پرسی یەکێ پێم وت: بە مووی برژانگ | ئەنووسم «شێخ برایم ڕۆ بە خوێناوی گەشی چاوم |
شیوەنی مەحموود جەودەت
[edit]نەبووە قەت نەمدیوە تا ئێستا لە پاییزدا بەهار | بۆ چییە و بۆچی جلی شینی لەبەر کرد کائینات؟! |
بۆچی وا وشک و برنگە، مەوسمی زستانەکەی؟! | بۆ ئەناڵێنێ بە هاوین، ڕەعدی بێ وەعدەی نەهات؟! |
بۆ بەهاری خستە پاییز، بۆچی هاوین بوو بە دەی؟! | بۆچی زستان بوو بە گڕ، بەربوو لە خەرمانی وڵات؟! |
بۆچی «نووری» کەوتە تەندووری فیراقی یارەوە؟! | بۆچی وا ئاوارەیە بلبل لە گوڵزاری حەیات؟! |
ئەم سوئالانەم لە نەوزادی عەقڵ پرسی، وتی: | من جوابێکم هەیە، تێفکرە چەند مەعقوولە لات |
ساڵەکەی عەکسە ئەوی یارە ئەبێ ئاوارە بێ | گەردنی ئەهلی کەمالیش بۆ پەت و سێدارە بێ |
کۆچی مەلا ئەفەندی هەولێر
[edit]دووبارە ئاسمانی فەرەج هەوری گرتە بەر | یەعنی لیباسی ماتەمی پۆشی بەنی بەشەر |
دووبارە دڵ لە مەجلیسی پڕ سۆزی سینەدا | سووتا بە ناری حادیسە، وەک مۆمی ناو فەنەر |
ڕیشەی دڵی پساوە لە هەولێرەوە کشا | ناوی نراوە تەل، بە وڵاتا ئەکا گوزەر |
لوولەی شکاوی ئێسک و پرووسکی هەموو لەشێک | هاتۆتە ناڵە وەک نەیی دڵ پڕ لە خوێنی تەڕ |
دونیا هەموو بەچاوی تەڕ و لێوی وشکەوە | ئەمڕۆ ئەڵێی لە ڕۆژی قیامەت ئەدا خەبەر |
ئەم ئاهـ و ناڵەیە بە زمانی فەسیح ئەڵێ: | چی کرد بە کوردی لیتە بەسەر، چەرخی کینەوەر |
نێژرا سروور و خەم سەری هێنایە دەر لە خاک | خەو کەوتە چاوی خۆشی و هەڵسا لە خەو کەدەر |
ئەگری تەڕەب، خەفەت دەسی کردۆتە پێکەنین | شایی لە شیوەنایە، کەدەر کەیفی کەوتە سەر |
مەنتیق زوبانی لاڵە، بەلاغەت شپرزەیە | با موختەسەر بڵێم، لە موتەوەل نەما ئەسەر |
کێ وای ئەزانی ئەمڕۆ لە شوومیی وڵاتە وا | بەم نەوبەهارە فەسڵی خەزان سەر ئەکاتە دەر |
بارە لە حەیات و غوبارە لەسەر نەشات | کۆچی مەلا بەڕاستی بۆ کوردی قوڕ بەسەر |
عومرێکە باخەوانی دڵ ئەتلێ بەداخەوە | بەینێکە هەر نەمامی ئەمەل خەم ئەدا سەمەر |
ڕۆیی پدەر، ئەوا گەیییە قەسری خۆی بەڵام | یاڕەب بەعیزی دین و سەعادەت بژی پسەر |
بۆ ساڵی ڕحلەتی بە دەبیری خیرد بڵێ: | «مغفور لە» جوابیە، پرسی یەکێ ئەگەر |
1924/02/22
بۆ کێلی قەبرەکەی شێخ مەحموود
[edit]ئەمە ئەو شاهەیە ئاواتی کوردی پێوە ئاڵا بوو | کە خاکی مەرقەدی کاک ئەحمەدی شێخی بە مەئوا بوو |
لە کاتی نەوجەوانێوە هەتا مردن بەگیان و دڵ | بەشوێن ئامالی پڕ ئالامی کوردا وێڵ و شەیدا بوو |
بنووسە تۆش لە خوێنی دیدە ساڵی مەرگی شێخ مەحموود | «کە ڕۆژێ بووی لە ئاسۆی کورد و کوردستان ئاوا بوو» |
1956
بۆ تەئریخی وەفاتی قادر ئاغا
[edit]کۆچی قادر بۆ جیهانێ ماتەم و ڕەنجوورییە | پڕ لە ئێش و سوێی برین و شیوەنی مەجوورییە |
لەفز و ماعنای شیعرەکانم شین و ئازاری دڵە | ساڵی مەرگی بۆیە «شیعری ناتەوانای نوورییە» |
وەفاتی «قادر ئاغای حاجی محیەددین»
[edit]ئەمەش هەر بۆ وەفاتی «قادر ئاغای حاجی محیەددین» وتراوە.
بە تەئسیری پەژارەی مەرگی قادر بوو سولەیمانی | وەکوو بولبول لە دووی گوڵ کەوتنە سەر شیوەن و زاری |
ئەگەر پرسی یەکێ تەئریخی «قادر»ی ناکام | بڵێ «شێخ نووری» ناوی نا بە «ئەندوهـ و خەفەت باری» |
شیوەنی ئاوڕەحمانی خاڵۆزای
[edit]چییە؟ ئەمڕۆ قەڵەم دووبارە هاتۆتە زوبان ئەگری | بەتاو چاو و بەکوڵ دڵ، ئەم بە گوڕ دێ ئەو ڕەوان ئەگری |
لە سەرچاوەی دڵەی سووتاوەوە لافاوی خوێنی گەش | بە تاڤگەی دیدەما ئەمڕۆ بە خوڕ دێ و بێ ئەمان ئەگری |
قوماشی شیوەن و دیبای واوەیلا چ هەرزانە | لەبێ بازاڕیی نرخی مەتاعا کاروان ئەگری |
کوڵی گریان و ئێشی زام و کسپەی دڵ تەماشاکە | پلووسکی وشک و لوولەی تێکشکاوی ئیستیخوان ئەگری |
تومەس باڵای ئاوڕەحمانی دی دیدەم لەژێر خاکا | لەگەڵ هەوری بەهارا وا ئەڵێی بۆ ئیمتیحان ئەگری |
لە باغا گوڵ کە چاوی کردەوە، تۆ چاوی خۆت لێکنا | مەگەر بۆ چاوی لێکناوت بە چاوی چاوەڕوان ئەگری |
بەسەر پەڕەی گوڵی زوو هەڵوەریوی نەوجەوانیتا | چەمەن ئەگری، گوڵ ئەگری، بلبل ئەگری، باغەبان ئەگری |
بە باڵای تۆوە سەد هێلانەی دڵ بەند و پێوەند بوو | جیهانی بلبلی ئاوارەیە و بۆ گوڵستان ئەگری |
پەشێوا و شپرزە و والە و شەیدا بەشوێن تۆدا | ویقار و حوسنی خولق و شەرم و شیرینی زبان ئەگری |
لە تۆ ماڵێ کە خاڵی مایەوە بۆ شین و گریانە | سکووتی چۆڵیی هێلانە، بۆ مورغی جەوان ئەگری |
پەلەی زوو ڕۆیینت بوو، بۆ دیدەنی غیلمان و حۆری بوو | بەسەد چاوی موحیبەت چاوەڕێی تۆیە و جینان ئەگری |
لەدووری ئێوە «نووری» خۆی ئەناڵێنێ هەتا ماوە | لە دوای خۆی ڕۆحی غەمدیدەی بە شیعری ناتەوان ئەگری |
وتم ئەی دڵ بنووسە ساڵی ماتەم، دەسبەجێ فەرمووی: | بەشوێن تۆدا هەزارێک بلبلی بێ ئاشیان ئەگری |
1941/04/20
شیوەنی شێخ مەحموودی سەرۆک
[edit]چ نووکی خەنجەرێ بوو وا بڕی ڕیشەی دڵ و گیانم؟! | چ تینی ئاگرێ بوو وا بەجارێ جەرگی سووتانم؟! |
لە سەرچاوەی تەقیوی دڵمەوە خوێناوی ئاڵ و گەش | بەناو شەریانەکانا دێتە سەرچاوەی دوو چاوانم |
لەگەڵ دوودی هەناسەم تێکەڵاوی یەک ئەبێ ئەوسا | ئەبێتە دانەیی فرمێسکی خوێن، ئەڕژێتە دامانم |
تومەز تیری خەفەت بەندی جگەرمی وا کوناودەر کرد | گەیاندوویە بە یەکتر «تانجەڕۆ» و «زەڵمی» دوو ئاوانم |
ئەپاڵێوێ پەڕەی دڵ نمنمە خوێناوی لێڵ و وێڵ | ئەڕێژێنێ مووژەی چاو قەترە قەترە ئەشکی گریانم |
وەرن سەیری تەبیعەت کەن، لە هەوری ئاهـ و خوێنی دڵ | کە چۆن تاوێکی هێنا و بارییە سەر مەزرەعەی ژیانم |
پەژارە و خەم سەری هێنایە دەر بەم تاوە بارانە | وەری گۆپکەی چناری عەیش و نۆشی سەرچنارانم |
ئەمەل نێژرا لەناو خاکا، ئەلەم گۆپکە و چرۆی دەرکرد | بەجارێ هەڵکڕووزا سەبزەزاری نەوبەهارانم |
بە کۆچی تۆوە بوو مەحبووبی حەق، مەحموودی ڕەبانی! | وەکوو «غەزنە»، بەچۆڵی مایەوە شاری «سلەیمانی» |
لە دوای تۆ شار و لادێ بوو بە کولبەی ماتەم و ئەحزان | وەتەن دانیشتووە بۆ تەعزییە و بۆ فاتیحا خوانی |
بەکۆچی تۆ قەڵای ئامالی کورد بنچینەکەی ڕووخا | بەلافاوی خەفەت شاری ئەمەل ڕووی کردە وێرانی |
بەجارێ میللەتی کوردی هەژارت بۆ سیاپۆشە | سلەیمانی بووەتە یەک نموونەی گردی سەیوانی |
لە هیچ لایەکەوە دەنگی کەمان و عوود و نەی نایە | بەجارێ داخرا ڕادیۆ، نەماوە دەنگی گۆرانی |
لە ماڵان شیوەنە و زاری، لە بازاڕا خەفەت باری | نەماوە پێکەنین ئیللا بە دەگمەن یا بە پەنهانی |
هەزاران ڕۆحی جۆشانی وەتەن خواهانی کوردستان | لەسەر تابووتەکەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی |
بەسەر سەیارەوە بەیداخی ڕەش ئەشنێتەوە دایم | جلی ڕەش بۆتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلەیمانی |
حەرامە کردنەوەی ڕادیۆ لە چایخانە و لە ماڵانا | بەغەیری گوێ لە ئەخبار گرتن و ئایاتی قورئانی |
هەتا ڕۆژی چلەی بەم ڕەنگە بوو ئەحواڵی ئەم شارە | لە پاش ڕۆژی چلەش ئیتر نەما ئەوزاعی جارانی |
1956/10/09
تالعی کوردی بەدبەخت
[edit]دیسان لە ئێمە قاپییەکەی غەم کرایەوە | دەرگای تەڕەب، لە عالەمی دڵ داخرایەوە |
دیسان جگەر کرا بە قەنارەی موشەققەتا | یەعنی دوکانی چەرخی جگەرچی کرایەوە |
دیسان برینی کۆنی غەمی ئێمە هاتە سوێ | جامی فەرەح بە بەردی حەوادیس شکایەوە |
دیسان دووچاوی سووری وەتەن بوو بەگۆمی خوێن | فرمێسکی وەک فوارە، لە دڵ هەڵقوڵایەوە |
دیسان لیوایی عەزا، لە لیواو ناحیەو قەزا | بۆ کوردی قوڕ بەسەر، بە مەسەل هەڵکرایەوە |
ئەستێرەیەکی بورجی حقووقی هەبوو وەتەن | ئەمشەو لەپڕ کشاو بەجارێ کوژایەوە |
داخ و غەمی فیراقی کە دانا لەسەر جگەر | زامی هەزار ساڵەیی دڵ وا کولایەوە |
گریا وەتەن، وتی جگەری من بڕایەوە نووری چرایی مەجلیسی غیرەت کوژایەوە | |
ئەی چەرخی بەد موعامەلە، تاکەی خەتا ئەکەی! | ئەم کوردە بێ کەسانە بە غەم ئاشنا ئەکەی |
دەغڵی وجوودی ئێمە هەتاکەی ئەکەی بە ئارد | خەرمانی عومری ئێمە هەتاکەی بە «با» ئەکەی! |
جەڕڕاحی و کەچی ئەکوژی عالەمێ بەغەدر | گۆیا برینی کۆنە و نوێمان دەوا ئەکەی |
مەعشووق ئەکەی بەدوژمن و عاشق وەکوو ڕەقیب | باوک لە کوڕ ئەکەیت و برا بێ برا ئەکەی |
کوردی فەقیر ئەبێ چ گوناهێکی کردبێ | هەر لەحزەیێ بە سەد ئەلەمی موبتەلا ئەکەی |
«عەبدولکەریم» کە دوێنێ لەسەر تەختی «ئینفراد» | حاکم بوو، ئەمڕۆ مەسنەدی داری فەنا ئەکەی |
ئەم دایکی کوردی قوڕ بەسەرەت خستۆتە تەعزییە | ئەولادەکانی چونکە ئەسیری بەڵا ئەکەی |
ئەگری و ئەڵێ وەتەن: جگەری من بڕایەوە نووری چرایی بەزمی حەمییەت کوژایەوە | |
ئەی خاکی تیرەدڵ، هەیە گەر زەڕڕەیێ حەیات | ڕۆحت ئەکەیتە خادیمی سەرچاوەکەی حەیات |
زوڵمەت نەدیدە، چونکە گەیشتی بەئاوی خزر | تۆ نامریت و عالەم ئەکا یەک بەیەک کش و مات |
ئەو حاکمە کە مەرکەزی قانوون بوو سنگی ئەو | راجیع بەتۆیە، قوڕ بەسەر ئەهلی موراجەعات |
ئەو حاکمە کە عەینی وەفا بوو حقووقی مەحز | تەرکی سەریری مەعدەلەتی کرد و هاتە لات |
تۆش توخوا وەرە، وەکوو تێگەییوەکانی کورد | تەفسیر مەکە لە خزمەتی، ئەی ڕۆحەکەم فیدات |
چەند ئەهلی غەدر و زاڵمی بێ دینی کرد ئەسیر | چەند بێگوناهی دا لە حەپسخانەدا نەجات |
زاتێکی وا لە ماتەمی ئەودابێ ئەهلی فەزڵ | چونکە لە زایعاتی وەتەن بوو لە زایعات |
ئەگری و ئەڵێ وەتەن، جگەری من بڕایەوە نووری چرای مەجلیسی عیرفان کوژایەوە | |
ئەی بلبلی وەتەن وەرە، ئەی باخەوانی کورد | ئەی باعیسی نەمانی درەختی ژیانی کورد |
ئەی واعیزی تەرەقیی میللەت بە ڕۆح و ماڵ | سەر دەفتەری جەمیعی فیداکارەکانی کورد |
زەحمەت کە خۆشی بێتەوە تا ڕۆژی ڕەستخێز | داغی غەمت لەسەر جگەری سەروەرانی کورد |
بۆ غەیری تۆ وەفا و حقووقت لە حاکمان | گەورە و بچووکی میللەت و پیر و جوانی کورد |
ئەوراقی سەبری ئێمە بەجارێ وەری درێغ | ڕۆیشت بەهاری عەیش و پەیا بوو خەزانی کورد |
تا موڵکی ئاوەدانی بەقا بوو بە مەنزڵت | وێرانەکەی عەدەم بووەتە جێ و مەکانی کورد |
نەعشی ڕەفیعی تۆی وەتەنی قوڕ بەسەر کە دی | پشتی شکا، کە عیزەت و ناوونیشانی کورد |
گریا وەتەن، وتی: جگەری من بڕایەوە نووری ئەلەکتریکی شەوی من کوژایەوە |
کارەساتەی لە هێنانەوەی جەنازەکەی «شێخ مەحموود»دا ڕووی دا
[edit]شەو بوو جەنازەکەی گەیشتە کەناری شار | گیرایە ناو ژمارەیەکی زۆری بێ شومار |
بردیانە بەندیخانە کە بیبینێ «شێخ لەتیف» | دەستێ بکاتە گەردنی باوکی هەژارەوە |
کوژرا ژنی «ڕەشۆڵ» بە یەکەم گوللە، بێگوناهـ | داخێکی نا بە جەرگی گوڵ و لالەزارەوە |
وەک «ئەختەر»ی «ڕەشۆڵ»ی بەسەزمان لە ئاسمان | چۆن زوو کوژایەوە، بە ڕوخی تابدارەوە |
زۆر نەوجەوانی تر وەکوو ئەو کوشتە و جەریح | شارانەوە هەموو بە لەشی زامدارەوە |
زانرا نەتیجەکەی کە شتێکی فەلاکەتە | عالەم لە ترسی گوللە کشانە کەنارەوە |
سبحەینێ وەزعی مەملەکەتم زۆر شپرزە دی | هەر «شورتە»یە و خولەی دێ بە دونکی و بە دارەوە |
وەک ڕووی نەدابێ حادیسەیەک ئەمر ئەدەن، ئەڵێن | عالەم ئەبێ خەریک بێ، بەسەر ئیش و کارەوە |
تیجوال مەنع کرا لە دەمی عەسرەوە هەتا | ڕۆژ هەڵئەهات و شەوقی ئەخستە دیارەوە |
بۆ مەنعی ئەو کەسانە ئەهاتن لە دوورەوە | حازر کرابوو شورتە، بە پیادە و بە سوارەوە |
بێجگە لەمەش ئەمر بە نەواحی و قەزا درا | نابێ بە ناوی پرسەوە کەس بێتە شارەوە |
سێ ڕۆژی ماتەمی، کە «دی»یان بەم حەقارەتە | بڕیار درا بەجارێ بە لادێ و بە شارەوە |
غەمبار بن و جلی ڕەشی ماتەم لەبەر بکەن | پیر و جوان، هەموو بە دڵی غەمگوسارەوە |
وەختێ ئیدارە فەرقی بە عەزمی ئەمانە کرد | قانوونی هێزی «شورتە»یی لێ خستنە کارەوە |
پۆلیسێ جل ڕەشێکی بکەوتایە بەر نەزەر | ئەیبردە گۆشەیەکی پەنا و نادیارەوە |
ئەوەل نەسیحەت و هەڕەشەی دەستی پێ ئەکرد | ئەیووت بەمانە خۆت مەخەرە گیر و دارەوە |
پێتان ئەڵێم بە ڕەسمی: جلی ڕەش لەبەر مەکەن | یاساغە کەس ببینرێ بە لێوی بە بارەوە |
پشتێنی ڕەش جەریمەیە بیگۆڕە تا زووە | تاکوو فڕێی ئەدەی بچۆ زوو خۆت بشارەوە |
هەر چایچییە و بەدەم شەقی پۆلیسەوە زەلیل | هەر سایقە ئەناڵێ بەدەم لیس و دارەوە |
ڕادیۆ بە زۆری شەق ئەبێ بکرێتەوە لە هەر | دوکان و چایخانە، بە نەغمەی قەتارەوە |
هەر جل ڕەشی هەژار بوو، ئەیانبرد بە زۆری لیس | ئەخرایە ژێر سوئالی، گەلێ نالەبارەوە |
قۆڵیان ئەگرت بەدووکەس و ئەبرایە بەردەمی | قۆمیسەری، بە فیز و کڵاوێکی لارەوە |
ئەیوت: بەمن بڵێن چییە کەوتوونەتە سەری؟! | خۆت تووش مەکە، بەکۆڵێ مناڵی هەژارەوە |
کێ مردووە؟ سەبەب چییە ئەم حوزن و ماتەمە؟ | خۆ ئاسمان بەجارێ نەکەوتۆتە خوارەوە |
لێی هاتە جواب، شپرزەیی شەق، سەر شکاوی دار | ڕووی کردە قۆمیسەر، بە دڵی زامدارەوە |
من سەروەری وڵاتم و سەرداری قەومەکەم | بمرێ بە ئێشی دەردی دڵ و ئیحتیقارەوە! |
من بێم لەبەر ڕەزای دڵی تۆ یا یەکێکی تر | نامووسی کوردەواری بنێمە کەنارەوە؟! |
تۆ و ئەو کەسەش کە وای وتووە باشی تێبگەن | کورد نایەوێ بژی بە لەکەی، عەیب و عارەوە |