Jump to content

دیوانی شێخ نووری/سۆزی دەروون

From Wikisource
306368دیوانی شێخ نووری — سۆزی دەروون1970شێخ نووری شێخ ساڵح

دڵی من

[edit]
لەو ڕۆژەوە تۆی دیوە پەرێشانە دڵی من سەودا زەدە و بێ سەر و سامانە دڵی من
پیشەی خەفەت و شیوەن و گریانە دڵی من گا وێڵی کەژ و کێو و بیابانە دڵی من
گا دەربەدەری کووچەیی شارانە دڵی من سەرسامی پەڵ و بەردی مناڵانە دڵی من
***
هەرچەندە بەدوویا ئەگەڕێم شار و وڵاتان دەشت و کەژ و سەحرا و چیا، چۆڵ و بیابان
نایدۆزمەوە بێ سەروشوێن ڕۆییوە دیسان شێتانە ئەبێ ڕووی لە چ لا کردبێ یاران
وەک بلبلەکەی وێڵی گوڵستان بە بەهاران ئاخۆ لە چ گوڵزارێ، غەزەلخوانە دڵی من
***
گاهێ وەکوو لافاوی چیا، ڕوو لە بیابان وەک هەوری تەڕی فەسڵی بەهاران لە نزاران
وەک بلبلی ئاوارە لە گوڵزار و گوڵستان مەستانە ئەسووڕێتەوە، هێلانە پەرێشان
شمشاڵی گەرووی پڕ لە چریکەی غەم و هیجران هەر ساتە بە دەردێکەوە، ناڵانە دڵی من
***
ساتێ بە هەوا و مەیلی پەرستش بە گوڵی ڕووت جێی مەسجیدە بۆ سوجدەیی میحرابی دوو ئەبرووت
بەینێ بە خەیاڵاتی گرێ و پێچی سەری مووت پابەندی کلێسایە بە زنناری دوو گێسووت
حەیرانە لەبەر ڕووت و پەرێشانە لەبەر مووت گەهـ کافر و گەهـ شێخ و موسڵمانە دڵی من
***
ساتێ نەبوو، دنیا بگەڕێ، تۆزێ بە کامی ڕۆژێ نەبوو، سەد دەفعە کە نەکولێتەوە زامی
زۆرم پەلە کرد، دڵ نەبێ گیرۆدەیی دامی بێهوودە بوو خۆی تووشی بەڵا کرد بە نەفامی
ڕۆحی بە فیدا کرد و کەچی هەر نەبوو ڕامی ئێستا بە شەو و ڕۆژ، بەشی گریانە دڵی من
***
نەمدیوە دڵی وا بەد و ئاخر شەڕ و نەگبەت ڕێ لێ هەڵەبووی، چۆڵ و بیابانی موحیبەت
لاسار و سەهەندە و سەرەڕۆ و سەر بە موسیبەت وەک بایە لەلای سەرزەنش و پەند و نەسیحەت
گوێ ناگرێ لە جوێن و هەڕەشە و تەعن و مەلامەت یاڕەبی چ بێ هۆش و چ نادانە دڵی من
***
سەد خۆزگە بێ بەو ڕۆژە کە نەمبیستبوو ناوت نەمچێشتبوو تامی مەیی، مەیخانەیی چاوت
نەیدیبوو دەس و پێی دڵەکەم ، هەڵقەیی داوت ئازادبوو لە پێچ و غەمی ئەگریجەیی خاوت
وا ئێستە لە تاو ئاگری هیجرانی بە تاوت فرمێسکی ئەڵێی تەرزەو و بارانە دڵی من
***
خۆ کفری نەکرد تێپەڕی کرد ڕۆژێ بە لاتا زوو هۆگرت بوو وا کە ئەگریا بەدوواتا
سووتا وەکوو پەروانە لەناو شەوقی چراتا ئەتلێتەوە بێچارە لەناو دەرد و بەڵاتا
خوێنی بە هەدەر ڕۆیی، لە پێناوی هەواتا خۆڕایی نییە، مەیلی لە تۆرانە دڵی من
***
ئیتر بەسە هێندە مەدە ئازار و عەزابی با نەشکێ پیاڵەی پڕ و بڕژێ مەیی نابی
با نەدڕێ سەحیفەی ئەدەب و دەرس و کیتابی خۆت نەختێ بپارێزە لە دوعا و لە عیتابی
جوابت چ ئەبێ، ڕۆژی جەزا وەختی حیسابی جێی زیکری خودا و مەرکەزی ئیمانە دڵی من
***
شەرت بێ دڵەکەم بگرم و وا بیدەمە بەر دار زنجیر و کەلەپچەی کەم هەتا دێتەوە بەر بار
بیهێنمەوە ناو قەفەسی سینە وەکوو پار بیدەم بە نیگارێکی وەفادار و خریدار
گوێ بگرێ لە ناڵین و لە گریان و لە هاوار با بەس بگەڕێ ئەم کەژ و کێوانە دڵی من
***
ئەوسا بگەڕێ، یارێ بدۆزێتەوە بۆ خۆی تێر سوجدە بەرێتە بەری میحرابی دوو ئەبرۆی
ئیتر نەگەڕێ شار و دەر و دەشت و چیا بۆی ئۆباڵی هەتا هێندە نەچێتە مل و ئەستۆی
بەڵکوو ئەمە خوایە، کە کەمێ بێتەوە سەر خۆی با هێندە نەسووڕێتەوە شێتانە دڵی من
***
بڕوا سەری خۆی هەڵگرێ، ڕووکاتە دیارێ یارێ بگرێ خەندە بەلەب، شوهرەیی شارێ
دەم پڕ لە شەکەر خەندە، مەلەک چیهرە، نیگارێ بارانی غەزەب، هێندە لە ڕوانینی نەبارێ
بێنێتە سەما، ڕۆحی ڕەوانم بە وتارێ نەشکێنێ هەموو ڕۆژێ بە سەد تانە دڵی من
***
یارێکی وەها ترسی خوداوەندی لەلا بێ ڕەحمی بەقەدەر زەڕەیی موویە لە دڵا بێ
ترسێکی لە پرسینەوەیی ڕۆژی جەزا بێ دەرحەق بە موحیبانی، بە عەهد و بە وەفا بێ
زوڵمێکی کە بوو، مەرحەمەتیشی لەگەڵا بێ دەس هەڵگرێ، لەو شین و گریانە دڵی من
***
ئەم ئاهـ و ئەنینی دڵە گیانە بە شکایەت هەر بەردی سەری ڕێتە هەتا ڕۆژی قیامەت
تۆ تێ مەگە، ئەفسانەیە کردوویە بە عادەت هەر خاکی بەری پێتە بە شەوق و بە شەتارەت
بیبەخشە کە خنکاوە بەلافاوی نەدامەت هەرچەندە کە لاسارە، بەسەزمانە دڵی من
***
وادیارە کە ئاگات لەدەمی خۆت نییە «نووری» تۆ شاعیری لای خۆت و ئەڵێن ئەهلی شعووری
ببڕێتەوە ئەم ڕاز و سکاڵایە لە دووری ئەی سایەیی ڕووناکی دوو دیدەیی نووری
گوێ مەگرە لە ناڵە و لە عیتاب و لە شرووری بێهۆش و سەراسیمەیە، مەڕوانە قسووری
تۆ هەر چ بکەی، بەندەیی فەرمانە دڵی من

1951/12/21
سەنگاو

ئەی دولبەری جانی

[edit]
ئەی دولبەری جانی بەخودا جانی جیهانی ئارامی تەن و ڕاحەتی دڵ، ڕۆحی ڕەوانی
نووری بەسەر و شەمعی شەبستانە جەمالت مەحبووبی دڵ و مەحرەمی سەد ڕازی نیهانی
یاقووتی لەبت، قووتی منی ڕووتە بەقوربان ڕووت دەرخە کە بڕوا شەو و بێ وەختی بەیانی
موژگان و برۆت سەف وەکوو عەسکەر کە دەبەستن باکت چییە تۆ ساحبی شمشێر و سینانی
خوێنی منت بەو گەردنە بێ ڕۆژی قیامەت ئەم عالەمە شاهیدمە کە تۆم قاتیلی جانی
ئەی عەبدی خودا، شەرمێ لە دیوانی خودا کە ڕەحمت ببێ دنیایەکە بێ قیمەت و فانی
ببڕێتەوە ئەم دەعیەیە، بەم حوسنە مەنازە وەک عومری منی خستە «سريع الجريانی»

ڕۆژنامەی «پێشکەوتن»ی ژمارە «٩٩»

شێوەی زیوەر

[edit]
ئەزانم بینووسم بۆ هەرکەسێ من، عەرزی حاڵ ئەمڕۆ لە عەرزی حاڵی خۆم داماوم و ساحب مەلال ئەمڕۆ
شکایەت کەم لە ئەبرۆی دڵکەشی، یا چاوی خوێنخواری بڵێم چی من، لە تەئسیراتی زوڵف و خەت و خاڵ ئەمڕۆ
ئەڵێن فەوتاوە باسی بولبول و گوڵ، شەمع و پەروانە کەچی شەمعی گوڵی ڕۆحی بتێکی بێ میسال ئەمڕۆ
چراغی بەزمی عوششاقی، گوڵ و گوڵزاری ئافاقی بەناچار ئەبمە بولبول، ئەبمە پەروانەی جەمال ئەمڕۆ
ئەگەر تەنقید ئەکەن، تەقدیر ئەکەن، ئەم ڕێگە، ڕێگامە کە بچمە سەیری لە نجەی دولبەری قەد ئیعتیدال ئەمڕۆ
کە منهەجمان لەسەر دینە، نەوەک دەینە بڵێن موفتی ئیتر لادە لە فتوای فاسد و قەولی بەتاڵ ئەمڕۆ
بە حوسنێکی خودا دادی وەکوو «نووری» دووچاوانە مەکەن مەنعم بەقوربانی بکەم عەقڵ و کەمال ئەمڕۆ

سلێمانی

لەو وەختەوە تۆ چوویتە سەفەر، کوێرە بیناییم

[edit]
لەو وەختەوە تۆ چوویتە سەفەر، کوێرە بیناییم سا ڕەحمێ بە یەعقووبت کە، ئەی یووسفی سانی
بەم جیلوەیە، بەم عیشوەیەوە، وەختە نیگاهت بێ، عەینی دەڵێی حوری و غلیمانی جینانی
مەنعم مەکە وا عاجز و بیمار و نەخۆشم بڕوانەرە ئاوێنە، لە ئەحواڵم ئەزانی
«نووری» کە قسەی هەروەکوو گەوهەر دەفرۆشن بۆ مەدحی تەماشایەکی تۆ، لاڵە زمانی

تەلمیح لەسەر غەزەلی سەعدی

[edit]
چ خۆشە مەی مەزەی بێ ڕووی حەبیبان به بوی صبح بانگ عندلیبان
وەرە ڕەحمێ بە ناڵینی دڵم کە که ساکن گردد آشوب رقیبان
جەزایی دوژمنان بەسییە، ببینن حبیبان روی در روی حبیبان
نەسیبی ژینت کەسبی نەقدی وەقتە مباش ای ھوشمند از بی نصیبان
کە زانیت بۆت پەیا نابێ سەگ و شوان رها کن گوسفندان را به ذئبان
لە لای من هاودەمی ڕەندان بی باشە خلاف پارسایان و خطیبان
مفەوەز بن لەحەق من چی ئەزانن بگویند آشنایان و غریبان
لە دونیا هەر لەبی شیرین لەبانە که غارت میکند ھوش لبیبان
شەوێ بوومە ڕەفیقی نالەباران بشستم ھر چه خواندم بر ادیبان
نییە «سەعدی» بزانێ دەردی «نووری» که رنجورند از این علت طبیبان

دڵ

[edit]
جەولانگەهی نیگارە، شەوی ماهتابە دڵ ئۆخەی شوکر لە مەرحەمەتت کامیابە دڵ
لەو ساوە خاڵی دیوە لەسەر سەفحەی ڕوخت دایم خەریکی دەرس و موتاڵای کیتابە دڵ
تەختی شەهی، موحیبەتی تۆیە لە سینەما جێیەکی زۆر موقەددەس و عالی جەنابە دڵ
یاڕەبی هەوری میحنەتی لێ دوور بخەیتەوە جێگەی تڵووعی مەرحەمەتی ئافتابە دڵ
وریابە بێ دڵیی، دڵی ساحێب دڵان نەکەی ئاهی ئەگاتە عەرش، دوعای موستەجابە دڵ
عاجز مەبە، مەڕەنجە خەتایێ ئەگەر بکا جێی ڕەحمە، موستەحەقی وەفا و سەوابە دڵ
بەس بەردی پیا بماڵە نەوەک پارە پارە بێ وەک شووشەیەکی نازکی، بڕ ئینقیلابە دڵ
وەک دیدەیی نەخۆشێ، نەخۆشە لە خۆشییا وەک پەرچەمی موشەوەشی پڕ پێچ و تابە دڵ
هەرچەن نەسیحەتی ئەکەم و پێی ئەڵێم بەسە باکی نییە، موسیبەتە، پیاوی خەرابە دڵ
چی بکەم، قەباحەتی منی مەزڵووم ئەبێ چ بێ؟ بێ عار و هیچ لەگوێ نەگر و بێ حیجابە دڵ

گاڵتەیان پێ دێ، بە ئاوی چاوی پڕ گریانەکەم

[edit]
گاڵتەیان پێ دێ، بە ئاوی چاوی پڕ گریانەکەم ئێستە لێم ڕوونە کە کەس نەیدیوە ڕووی جانانەکەم
بۆ گوڵی باغی جەمالت، ڕۆحی شیرین بولبولە بۆ چرای ڕوخسارەکەت، سووتا دڵەی پەروانەکەم
مەمکەرە ڕیسوایی عالەم، ئەی بڵێسەی ئاهی گەرم بەس مونەوەر کە هەموو شەو، کولبەیی ئەحزانەکەم
دڵ لە زوخاوی غەمت دارماڵە هیتر ناگرێ بەسیە با نەڕژێ لە لێوی کەیلی خوێن، پەیمانەکەم
لەزەتی مردن بە سەد ساڵی ژیان ناگۆڕمەوە گەر بزانم تۆ لەگەڵما دێیتە سەر قەبرانەکەم
پێی بڵێن دکتۆر کەمال ئیتر عەزیەتی خۆی نەدا پەنسلین بێهوودەیە، بۆ دەردی بێ دەرمانەکەم

غەمی زەمانە

[edit]
غەمی زەمانە وەکوو پەردە، وا دڵی پۆشیم بە غەیری غوسسە و گریان و غەم، نەما خۆشیم
لە ئیبتیدای مناڵیمەوە، هەتا ئێستا فیراقی زەهری زەمانە، قەڵەم قەڵەم نۆشیم
بەسەرچوو عومرم، نەفعم نەدی لە هۆشیاری لەبەر مەراقە، خەریکی حەیاتی بێهۆشیم
لەمیش خراپە نەبێ، چاکە تووشی نەبوو سی ساڵ وەکوو مەڕ و بزنی دۆ، سەفاهەت ئەیدۆشیم
تەمامە ئێستەکە، کونجی قەناعەتێ بگرم لە شاهیی سەرفی نەزەر بێ، خەریکی دەروێشیم
خەیاڵم ئێستەکە، سەر چاوی مەستی شۆخێکە لەبەر مەراقی، بەخوێنی جگەرمە سەرخۆشیم
لە دەس زەمانە قوڕی کوێ بکەم بەسەر خۆما بە مەقسەدێ نەگەیشتم لە هەرچی تێکۆشیم

دەردی دڵی خۆم

[edit]
دەردی دڵی خۆم جوملەیەکی بێنمە تەقریر ئنس و مەلەک و جن و پەری دێنمە گریان
بێ شک موتەحەیر دەبێ، دێوانە لە زنجیر سەد عاقڵ و هۆشیار ئەخەمە کێو و بیابان
***
لەو ڕۆژەوە هاتوومەتە ناو زومرەیی ئینسان نەمدیوە لە دەس گەردشی ئەم چەرخە مەسەڕڕەت
سەودا زەدەی شیفتە و بێ سەر و سامان وەک لالە لەسەر پەڕەی دڵ نوقتەیی حەسرەت
***
یەک سانییە بێ غوسسە نەبوو، باری دڵی من ساتێ غەمی خۆم، ساتێ غەمی گەردشی دنیا
یاڕەبی بەچی ئاوی درا، داری دڵی من وا کەیلە لەبالەب لە غەما هەروەکوو مینا
***
بێ شوبهە سروشتی دڵی من قەترەیی خوێنە خوێنی دڵی حەسرەت زەدەیەکی دەسی گەردوون
ئاهێکی ستەمدیدەیی، مەزڵوومیی هەوێنە وا مایلی سەحرایە بەدایم وەکوو مەجنوون
***
ئەی چەرخ، لەگەڵ ناکەس ئەبینم کە ڕەفیقی بۆ تیری جەفا، سەد کەست کردۆتە نیشانە
بۆ بەعزێ ستەمپەروەر و بۆ بەعزێ شەفیقی ببڕێتەوە، لەم عالەمە بەس بگرە بەهانە
***
بەینێکە بەدەس تۆوە گرفتاری عەزابم دەرد و غەمت هێند زۆرە دڵم خوێن ئەتکێنێ
دایم بە گڕی ئاگری تۆ، سینە کەبابم چاوم لە غەم و میحنەتت، فرمێسک ئەڕژێنێ

ئەی فەلەک

[edit]
ئەی فەلەک دیسان لە دەس تۆ، شین و واوەیلا ئەکەم ژەهری قەهری تۆ لەگەڵ دەردی دڵم، ئیفشا ئەکەم
وەختە یەکجاری لە دەس ئاشووبی فیتنەت شەق بەرم من قسەی ڕاست و ڕەوان و خۆش و بێ پەروا ئەکەم
هێند خراپەم دی لە دەس ئەهلی زەمانە، عاقیبەت لەم وەزیفەی هاتنە دنیایە، ئیستیعفا ئەکەم
نابەمە بەر دەستی هەر نامەردێ، عەرزی ئیحتیاج من لە دنیا و لە مافیهاشی، ئیستیغنا ئەکەم
مورغی فەهمی هەر کەسێ، ناگاتە عەرشی فیکرەتم من بە چەرخی ئاسمانی سفڵە، ئیستیهزا ئەکەم
تەبعی عالی وا دەبێ، سەیری بە کۆڵێ فەقرەوە گاڵتە و سوحبەت، بە تاج و تەختی شاهنشا ئەکەم
ئەو کەسە ڕوو سوورە «نووری»، دوورە لێی نەوعێ بەشەر من لەمەولا ڕوو لە دەشتی وەحشەتی سەحرا ئەکەم

چاوم کە دوو مفتاحی کوتبخانەیی سەرمە

[edit]
چاوم کە دوو مفتاحی کوتبخانەیی سەرمە قوربانی دوو چاوت بێ، کە ئالوودەیی شەرمە
تەفسیری حەواشی خەتی نەورستەیی کوڵمت موحتاجی موتاڵا نییە، یەکدەفعە لەبەرمە
ئەو ئاڵییە دیم دوێنێ بە سەر پەنجەیی تۆوە ناسیمەوە ئەمڕۆ، ئەوە خوێناوی جگەرمە
بۆ کوێ بچم ئەی دیدە لە دەس تانەیی بەدکار لێم ناگەڕێ بەدبەختە، ئەڵێی خوێنی لەسەرمە
خاڵی ڕەش و ئەبرۆی کەچ و حەلقەیی گێسووت شاهیدی گرفتاریی و ئازار و کەدەرمە
گریانی منە، باعیسی مەیلت بە ڕەقیبان خۆشم گلەییم زۆر لە هەناسە و لە ئەسەرمە
نیمە زەڕ و زیو، بیکەمە شاباشی قدوومت هەر شیعرە کە دانەی دوڕ و ئەڵماس و گوهەرمە

پەشێوی پەرچەمی شۆخێکم

[edit]
پەشێوی پەرچەمی شۆخێکی بێ پەروا و بێ باکم موحەقەقمە کە مردم بێ گوناهـ، لایوسئەل و پاکم
سەرم وەک تۆپی فوتبۆڵ، وا لەمەیدانی شەقا ئەمڕۆ ئەسیری دەستوبردی قەڵعەچییەکی چست و چالاکم
بزانم ڕۆحی شیرینم بە قوربانت ئەکەم، ئەمرم لە ساڵێکا ئەگەر بۆ فاتیحایەک دێیتە سەر خاکم
کە میحرابی برۆی تۆم دی، ئیتر لەو وەختەوە دایم خەریکی ئامشۆی مزگەوت و وێرد و نوێژ و سیواکم
قسە و تەعنەی ڕەقیبی سەگ سیفەت مەگرەرە گوێی خۆت بە لێدان و جنێویشت ڕەزام من، بەندەیی چاکم
لە هاتوچۆی ڕێی تۆ، ئەگەر دەس هەڵگرم کوێر بم لەبەر پێتا، ئەمین بە، تا قیامەت خاک و خاشاکم
دڵ و دینم نەساری خاکی بەر پێی تۆ ئەکەم بەخوا تەنەزول گەر بفەرمووی بێیتە لام و بمکەیە حاکم

هەر مورغێ فڕی

[edit]
هەر مورغێ فڕی بۆ چەمەنستانی خەیاڵی ناگاتە ئەوێ، تێک ئەشکێ شاپەڕی باڵی
ئەحواڵی دڵی زەڕە، بەدەس ڕۆژەوە دیارە ئەی بێ خەبەران، ئێوە نەزەر کەن لە جەمالی
هەر ساعەتێ ڕەنگێکە قەد و جلیوەیی باڵای میرئاتی تەفەکور نییە، بۆ عەرزی میسالی
ئەحواڵی دڵی عاشقی بێچارە مەپرسن جیلوەی قەدی یار کافییە بۆ پرسشی حاڵی
هەرچی یەتە بەر دیدە هەموو یا ڕەمە، یا غەم عالەم هەموو دەشتێکە کە من بوومە غەزالی
بێچارە تەنەفوس نییەتی، تاقەتی پەرواز تەئسیری چ زوڵمێ بوو، کە سووتا پەڕوباڵی
وەک لالە چلۆن نایلی مەقسەد ئەبێ «نووری» تا داغی خەیاڵێکی نەبێ، زینەتی حاڵی