Jump to content

دیوانی شێخ نووری/خەییام بە کوردی

From Wikisource
306364دیوانی شێخ نووری — خەییام بە کوردی1970شێخ نووری شێخ ساڵح

وا بۆتە لەعل بە مەی هەموو گەوهەری من

[edit]
وا بۆتە لەعل بە مەی هەموو گەوهەری من هاتۆتە فوغان لە دەستی من ساغەری من
هێندە مەی ئەخۆم پیاڵە لەسەر پیاڵە مودام من چوومەتە ناو سەری مەی و مەی سەری من

بێگانە ئەگەر وەفای ببێ خوێشی منە

[edit]
بێگانە ئەگەر وەفای ببێ خوێشی منە خزمێ کە جەفای ببێ بەدئەندێشی منە
زەهرێ کە موافیق بێ، لەلام دەرمانە نۆشێ، کە موخالیف بێ، هەمووی نێشی منە

پیاوێ کە دڵی، مایەی تەجریدی کەمە

[edit]
پیاوێ کە دڵی، مایەی تەجریدی کەمە بێچارە هەموو عومری نەدیمی نەدەمە
غەیری دڵی فارغ کە نیشاتێکی هەیە هەرچی هەیە باقی هەموو ئەسبابی غەمە

دەستێ وەکوو دەستی من کە ساغر بگرێ

[edit]
دەستێ وەکوو دەستی من کە ساغر بگرێ حەیفە لە شەرابی ناب کەمتر بگرێ
تۆ سۆفی وشکی و منیش فاسقی تەڕ نەمبیستووە داری تەڕ کە ئاگر بگرێ

یەک پیاڵە هەزار پیاوی بێ دین دێنێ

[edit]
یەک پیاڵە هەزار پیاوی بێ دین دێنێ چۆڕێ لە شەڕاب، کیشوەرەکەی چین دێنێ
لە جیهان چی بێ لە مەی خۆشتر بێ تاڵێکە هەزار ڕۆحی شیرین دێنێ

ئەسراری ئەزەل، بادە پەرست ئەیزانێ

[edit]
ئەسراری ئەزەل، بادە پەرست ئەیزانێ قەدری مەی و جام، تەنگ دەست ئەیزانێ
گەر چاوت لە حاڵی من بێ ئەیزانی چییە بێ شوبهە کە حاڵی مەست، مەست ئەیزانێ

مەیلم لە شەرابی ناب ئەبێ تا مەحشەر

[edit]
مەیلم لە شەرابی ناب ئەبێ تا مەحشەر گوێم هەر لە نەی و ڕوباب ئەبێ تا مەحشەر
بێ و بیکەنە گۆزە خۆڵەکەم گۆزەکەران ئەو گۆزەیە پڕ شەراب ئەبێ تا مەحشەر

بەم هاتنی نەوبەهارە، بەم ڕۆیینی دەی

[edit]
بەم هاتنی نەوبەهارە، بەم ڕۆیینی دەی ئەوراقی وجوودی ئێمەیە و ئەیکا تەی
مەی نۆش کە، خەفەت مەخۆ حەکیمێ فەرمووی: ئازاری زەمانە زەهرە، تریاکی مەی

گەر ڕووی زەمین بە جارێ تۆ بونیاد کەی

[edit]
گەر ڕووی زەمین بە جارێ تۆ بونیاد کەی ناگاتە ئەوە دڵی زەبوونێ شاد کەی
گەر شەخسێ بە مەرحەمەت بکەیتە بەندە چاترە لەوە، کە بەندەیە ئازاد کەی

ساقی مەیی کۆنە، یاری دێرینی منە

[edit]
ساقی مەیی کۆنە، یاری دێرینی منە کەی بێ کچی ڕەز، مەسەڕڕەت ئایینی منە
بیستوومە ئەڵێن بادەخۆر دینی نییە من بادە ئەخۆم و خواردنەوەی دینی منە

ساقی بە بەهەشت ئەوەندە بۆ موشتاقی؟

[edit]
ساقی بە بەهەشت ئەوەندە بۆ موشتاقی؟ جەننەت مەی و ساقییە و بەتاڵە باقی
لێرە مەی و ساقییە، لەوێش هەر ئەوەیە چی چاترە ئیتر لە شەراب و ساقی؟

تۆ فەرموو حیسابی کە ئەگەر باخەبەری

[edit]
تۆ فەرموو حیسابی کە ئەگەر باخەبەری هاتووی شتت پێ نەبووە، کە چووی هیچ نەبەری
فەرمووتە کە ناخۆمەوە مەی من ئەمرم بیخۆیەوە ئەمریت و نەخۆی هەر ئەمری

دەنگی کەڵەباب و بانگی وەختی سەحەری

[edit]
دەنگی کەڵەباب و بانگی وەختی سەحەری زانیوتە لەبەر چییە ئەکا نەوحەگەری
یەعنی کە لە ئاوێنەی سوبحا دیومە ڕۆیی لە عومر، شەوێک و تۆ بێ خەبەری

گیانم بە فیدای ئەو کەسە بێ وا ئەهلە

[edit]
گیانم بە فیدای ئەو کەسە بێ وا ئەهلە سەر گەر بخەمە ژێر بەری پێی لام سەهلە
گەر تۆ ئەتەوێ بزانی مەعنای دۆزەخ دۆزەخ لە جیهان ڕەفاقەتی نائەهلە

ئەی موفتی لە تۆ گەلێ عەقڵدارترین

[edit]
ئەی موفتی لە تۆ گەلێ عەقڵدارترین بەم مەستییەوە لە ئێوە هۆشیارترین
تۆ خوێنی کەسان ئەخۆیت و من خوێنی ڕەزان کاممان لەوی ترمان بەد و خوێنخوارترین

ئیمڕۆ کە ئەڵێن جومعەیە بۆ ئیسلامە

[edit]
ئیمڕۆ کە ئەڵێن جومعەیە بۆ ئیسلامە مەی نۆش کە بە قەڕابە، چ وەختی جامە
جاران قەدەحێ مووچەیی ڕۆژانەت بوو ئیمڕۆ دووە، چونکی «سيد الايام»ە

سانع کە گڵی وجوودی ئارایش دا

[edit]
سانع کە گڵی وجوودی ئارایش دا زانی چ ئەبێ لە فعلی ئێمە پەیدا
بێ ئەمری نییە هەرچی گوناهێ کە ئەکەین سووتانی جەهەننەمی لەبەرچی دانا؟

لازم نییە بۆ گوناهی زۆرت ماتەم

[edit]
لازم نییە بۆ گوناهی زۆرت ماتەم غەمخواری چ فائیدەی نییە زۆر و کەم
بۆ بێ گوناهان بەبێ لزوومە بەخشین بەخشایشی خوا، بۆ گوناهە، نەتبێ خەم

ئەبڕێتەوە ئەم عومرە چ شیرین و چ تاڵ

[edit]
ئەبڕێتەوە ئەم عومرە چ شیرین و چ تاڵ ڕۆح هاتە سەری لێوت، چ شا بی و چ حەماڵ
مەی نۆش کە، ساڵ و مانگ گەلێ پاش من و تۆ مانگ ئەوەلی دێ و ئەگاتەوە ئاخر ساڵ

ئەی دڵ خەفەتی جیهان ئەکا غەمناکت

[edit]
ئەی دڵ خەفەتی جیهان ئەکا غەمناکت خۆ هەر دەرئەچێ لە لەشی ڕەوانی پاکت
دانیشە لەسەر سەبزە بژی چەند ڕۆژێ تا دەرنەچووە سەبزە لە خۆڵ و خاکت

دام ناوە سەرم ئێستا بە فەرمانی شەراب

[edit]
دام ناوە سەرم ئێستا بە فەرمانی شەراب ڕۆحم بە فیدایی لەعلی خەندانی شەراب
هەم ساقی ملی سوراحیی وا لە دەسا هەم گەیوەتە سەر لێوی قەدەح، جانی شەراب

سەرکردەیی ڕەندانی خەرابات منم

[edit]
سەرکردەیی ڕەندانی خەرابات منم نێزیک لە گوناهـ، دوور لە تاعات منم
ئەو شەخسە بەتولی شەو هەتا وەختی سەحەر خوێنی جگەری کرد بە موناجات منم

دەستێ بە کەلامی خواوە دەستێ ملی جام

[edit]
دەستێ بە کەلامی خواوە دەستێ ملی جام گەهـ یاری حەڵاڵین و گەهێ دۆستی حەرام
ئێمەین کە لەژێر گومەزی شینی چەرخا نە کافری موتڵەق و نە موسڵمانی تەمام

ئەو کافری بەرماڵ پەرستانە کەرن

[edit]
ئەو کافری بەرماڵ پەرستانە کەرن چونکی لە ئیتاعەتی خودا بێ خەبەرن
بڕوانە لەژێر پەردەی ڕۆژ و نوێژا ئیسلام فرۆشێکی لە کافر بەتەرن

وا چاکە بە جامی بادە دڵمان شاد کەین

[edit]
وا چاکە بە جامی بادە دڵمان شاد کەین بەس هاتن و ڕۆیینی ئەم و ئەو یاد کەین
ئەم گیانە گورفتارە لە زیندانی غەما با نەختێ لە بەندی خیرەدی ئازاد کەین

سەبزە کە لەسەر کەناری ئاوێ ڕواوە

[edit]
سەبزە کە لەسەر کەناری ئاوێ ڕواوە وا دیارە لە لێوی تازە لاوێ ڕواوە
مەیشێلە بە پێ، مەڕۆ بەسەریا بە غروور بێ شوبهە لە ڕووی دڵڕوبایێ ڕواوە

تینووم و دەستم بە جامێ نەگەیی

[edit]
تینووم و دەستم بە جامێ نەگەیی پێی سستی تەمەنناش بە مەقامێ نەگەیی
هێند مایەوە دڵ بە حەسرەت و ناکامی تا «عاقبة الأمر» بە کامێ نەگەیی

جۆرێکی وەها بڕۆ کە بۆت نەکرێ سەلام

[edit]
جۆرێکی وەها بڕۆ کە بۆت نەکرێ سەلام وا بە لەگەڵ ئەم خەڵقە کە بۆت نەکرێ قیام
بۆ مەسجد ئەگەر بچی، فەقیرانە بچۆ بانگت نەکەنە پێشەوە، بتکەن بە ئیمام