دیوانی سالم/و
Appearance
1
[edit]تابی کوا ئایینە ڕووی تۆی بێتە ناو | گەر لە سەنگ بێ یەک نیگەهـ دەیکا بە ئاو |
بیمی زوڵفت مورغی دڵ دێنێتە لەرز | گەر بە سینەمدا بکێشم نەقشی داو |
گاهێ ڕووتی موشتەری ڕووتم بە جان | خۆشە بۆ ڕووتیی گەدا ڕۆژی هەتاو |
قەت بە کەس ناچێتە سەر دیواری عیشق | ئەم بینایە تا حەشر نابێ تەواو |
کەس نەکا وەسفی خەدەنگی پووری زاڵ | بەحسی خوونڕێزیی موژەت گەر بێتە ناو |
کێ دەڵێ: ئاهوویی سەیدئەفگەن نییە؟ | وا شکاری دڵ دەکا دڵبەر بە چاو |
حاسڵی عیشقم کراسی میحنەتە | موردە نابا ماڵی دونیا غەیری جاو |
بۆ دڵی سالم موژەت وەختی نەزەر | دەم بە دەم دێ وەک خەدەنگی تازەساو! |
2
[edit]دەزانی ئاینەی دڵ کەی لە میعراجی جەلادا بوو؟ | لە عەکسی ڕوویی تۆ وەختێ لە ئاغووشی لیقادا بوو |
زمانی ڕەوغەنی وەسڵت چراغی عومری ڕۆشن کرد | بە سروەی بادی هیجرانت لە حاڵاتی فەنادا بوو |
بە دەمتا ئیسمی من هات و دەبێ سککەی ئەبەد لێ دەم | دەمێنێ تا حەشر ناوم لەناو ئابی بەقادا بوو |
کە ناوی موددەعیت هێنا بە لەبدا من لە خۆم بوردم | درێغا شەربەتی مەرگم لەناو ئەسڵی دەوادا بوو |
لەناو زوڵفا بە زاری هاتە گوێم ناڵینی دڵ ئەمشەو | گەزیم ئەنگوشتی حەیرەت دیم لە کامی ئەژدەهادا بوو |
بەدڵ باوەڕ مەکەن مەعشووقە هەرگیز تەرکی عاشق کا | نیهانی لوتفی دڵدارم لە هەنگامی جەفادا بوو |
تەرەققی بوو بە وەسڵت دەردی عیشقی سالمی موشتاق | شکستی ئوستوخانی ئەو لەژێر سەر مۆمیادا بوو |
3
[edit]ئەی حاریس ئەگەر دەوڵەت و جاهـ و حەشەمت بوو | دوڕڕ و گوهەر و لوئلوء و لەعل و درەمت بوو |
مەهڕوویی سیەهموویی سەمەنبوو خەدەمت بوو | «هەر چەند کە عومری خزر و عەیشی جەمت بوو |
چونکە ئەمەلت زۆرە چ عومرێکی کەمت بوو» | |
گاهێ بە دوعا ڕوو دەکەیە قیبلەیی حاجات | گاهێ لە ڕەعییەت دەبییە مەرگی موفاجات |
ناکەی بە ئەبەد قەت لە دڵا فیکری موکافات | «ئەی جامیعی دونیا و قیامەت بە خەیاڵات |
ئەو ڕۆژە کە ڕۆیی نە ئەوت بوو نە ئەمت بوو» | |
ئەی مونکیری ئەفسوردەیی زاڵمدڵی بەدزات | ئەی زاهیدی باتین بەد و زاهیر لە عیبادات |
بێ تەربییەتی موڕشید و بێ تەییی مەقامات | «دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافی کەرامات |
ئەمڕۆ نە دەمت بوو، نە دەمت بوو، نەدەمت بوو» | |
ئەووەل فەرەحی دا فەلەک ئاخر غەمی هێنا | گوم بوو لە دەهەن خەندە و دڵ ماتەمی هێنا |
باقڵ دەمی مەرگە کە هەناسەت کەمی هێنا | «عومرت نەفەسێکی کە هەموو عالەمی دێنا |
بمرە لە غەمیدا کە هەموو سەرفی غەمت بوو» |
4
[edit]ئەگەرچی سینە بۆ دڵ وەک سوپەر بوو | وەلێ زەخمی خەدەنگت کاریگەر بوو |
لە وەختی حاسڵا زانیم بە تەحقیق | نیهالی سەروی قەددت بێ سەمەر بوو |
لەبت سەرچشمەیی ئاوی حەیاتە | وەلێ بۆ کیشتی قەترەی شەرەر بوو |
لە ڕەشکی لێوی تۆ غونچە شەقی برد | لە خەندەت موعجیزەی شق القمر بوو |
دەسووتێ دڵ بە یادی ڕەنجی فەرهاد | ئەویش وەک من غەریب و دەربەدەر بوو |
بەبێ ڕووی تۆ فەزای باغی سەنەندوج | لەناو دڵما وەکوو ناری سەقەر بوو |
لە زاهید مەگرە دڵ سالم کودوورەت | لە ئەسراری مەحەببەت بێ خەبەر بوو |
5
[edit]میزاجی تارەمی قەلبم لە «ڕەی»دا میسلی «تاڵش» بوو | بە هاوینیش لە هەوری چاوی تارم، تاوی بارش بوو |
لە هەنگامی نەزەردا وەختی غەفڵەت بۆ نیشانەی دڵ | موژەت هەر یەک، بە ئوستادیی نیگەهـ، وەک تیری ئارش بوو |
لە عاریزتا دەبینم ئاگری گەش وا لەناو ئاوا! | چ سیحرێکە لە بەینی ئاگر و ئاوا کە سازش بوو؟ |
دەوایی زەخمی هیجرانم کە زانی وەسڵە، لێم تۆرا | چ مەوقیع بوو جەفا؟! لەم وەختەدا فەسڵی نەوازش بوو |
بە دەوری تیغی جەللادا دەڕەقسێ جان بە خۆشنوودی | کە توغرای پڕ لە نازت بۆ سەری سالم نیگارش بوو |
6
[edit]ئەگەرچی شەو ئەنیسم وەک مەلەک بوو | بەبێ تۆ تیری ئاهم تا فەلەک بوو |
کە ئەڵماسی موژەت گێڕا بە دڵما | بەجوز تۆ هەرچی مەوجووداتە حەک بوو |
کە فەسساد قەسدی فەسدی لێوی تۆی کرد | لەجێی نەشتەر لەباتی خوێن نەمەک بوو |
دەڵێی فیردەوسە گوڵزاری سەنەندوج | وەلێ بێ تۆ لەلای من وەک دەرەک بوو |
دڵ و جان و سەرم تەسلیمی تۆ کرد | کە زانیم بۆ جەفا جوملەت گەرەک بوو |
کە دامی شانە کەوتە مەوجی زوڵفت | دڵی سالم لە خاکا وەک سەمەک بوو |
7
[edit]بە غەمزەی چاوی مەخموورت بەتاڵ بوو | لە مەشریق تا بە مەغریب سیحر و جادوو |
غەریب و گۆشەگیر و فەردە وەک من | لە تورکستانی ڕووتا خاڵی هیندوو |
بە حەلقەی موویی زوڵفت تا میانە | میانت چۆن تەفاوەت کەم لەگەڵ موو؟ |
لە بەزمت تا بە ناکامی جودا بم | جودا نابێ سەرم یەکدەم لە زانوو |
سەوادێکە لە نوسخەی چینی زوڵفت | سیاهی زوڵمەتی پەڕڕی پەرەستوو |
بە قەسدی گەردنی دڵ تورکی چاوت | بە ڕووما تێخی ڕاکێشا لە ئەبروو |
سەفا و زەوقی نییە سالم لەلای من | بەبێ ڕوخساری دڵبەر باغی مینوو |
8
[edit]سەر و کاری خەیاڵت ئیبتدا وەختێ لەگەڵ دڵ بوو | نە بەحسی سەرکەشیی گوڵ بوو نە عەهدی شۆری بولبول بوو |
هەتا نەکرا لە توڕڕەی زوڵفی تۆ مەشقی پەرێشانی | نە پێچ و تابی سونبول بوو نە حەلقە و چینی کاکوڵ بوو |
لە سیڕڕی مەتڵەبی ئیما بەجوز من کەس نەبوو واقیف | نیگاهی چاوی مەستی وا لە حاڵاتی تەغافول بوو |
لە وەرعا زاهیدی ئەفسوردە نەیدی حاڵەتی مەستی | بە عەفوا چوو سەراسەر ڕۆزگاری چونکی بێدڵ بوو |
بڕۆ نەزدیکە سالم دڵ لە زوڵفا وەختی شادیتە | ئەگەرچی تەییی ڕاهی ئیبتدا پڕ پێچ و موشکڵ بوو |
9
[edit]ئەو یارە کە دایم وەکوو پارەی جگەرم بوو | تا بوو لە دڵا مەیلی بە فەرمانی سەرم بوو |
دەیدا لە دڵی خەستە بە یەک غەمزە دووسەد تیر | هەردەم بە تەرەفیا کە نیشانەی نەزەرم بوو |
کووچەی گوزەری تیری لە دڵ دەرچووە ئیما | گەرچی هەمەجا سینەیی سەختم سوپەرم بوو |
بۆ شەمعی فەرەح بادی فیراقت بووە ئافەت | ئاخر شەوی وەسڵت کە ویداعی سەفەرم بوو |
جانانە کە وا مەیلی بە ئازاری ڕەقیبە | تەحقیقە لە تەئسیری هەناسەی سەحەرم بوو |
دەموت نییە قەت تەڵخییی دووری لە ویساڵا | شیرینقەدی جانانە هەتا نەیشەکەرم بوو |
زاهید بە تەکەببور بەڵەدی عەیشی دەکردم | کەودەن ئەوە سالم کە نەزانێ خەبەرم بوو |
10
[edit]پارساڵ لە وەسڵدا بە سەفا عەیشی جەمم بوو | لەو کەونەدا شەوکەتی شاهی عەجەمم بوو |
وەک ڕاهیبی پازەند بە ئەدەب مەحوی نەزەر بووم | تەزیین بە تەڵا و خشڵی مولەووەن سەنەمم بوو |
لەو خەڵوەتە خاسسەم لە لەب و عاریز و دیدەی | پەیوەستە شەراب و مەزە و شەوقی شەمم بوو |
وەک تاجیری دەوڵەت بەهەوای خەزنەیی ڕووی یار | بۆ شاهیدییی گەنج بیشارت عەلەمم بوو |
دەمدا بە لەبم لەعل و دوو لەب گۆیی بلووری | پەیوەستە لەگەڵ خۆم وەکوو حاتم کەرەمم بوو |
شادیم لە هەوای سوورەتی ئەو گەییە مەقامێ | سەد شاهیدی وەک شەککەر و شیرین خەدەمم بوو |
تا ئامەدی تالیع بوو وەکوو خوسرەوی پەروێز | گەهـ بادە بە لەب، گەهـ لە لەبا غونچەدەمم بوو |
نامەد کە ترازاندی لەب و لەب لە لەب و مەی | سالم لە فیراقا نە ئەوم بوو نە ئەمم بوو |
11
[edit]لەبەر تەعمیری ئەم وێرانە جەننەت موڵکی ئادەم بوو | حەقیقەت پادشاهیی کرد وەلاکین موددەتی کەم بوو |
خوەشا ئەییامی گریانم لە خاکی کەعبەیی مەقسەد | هەموو قەترەی سروشکم بۆ شەرەف وەک ئاوی زەمزەم بوو |
خەمیری خاکی من ئەووەڵ بە بارانی فەرەح نەکرا | جەوانی و تیفلی و پیریم سەراسەر جوملەگی غەم بوو |
بە دۆشا تا پەرێشانی بینا نا زوڵفی موشکینت | نە هەر بۆ بەختی من تەنها، سیەهڕۆژیی عالەم بوو |
لەسەر سەبزەی چەمەن یاری سەهی قەددم کە جیلوەی کرد | لە سوجدەی خاڵی لای لێوی بەنەفشە گەردەنی خەم بوو |
بە قوربی خەڵوەتی دڵبەر نەنازی ئەی سەبا زینهار! | لەجێی تۆ پیش ازین سالم دەمێ هەمڕاز و مەحرەم بوو |
12
[edit]فەرەح بۆ دڵ لە تالیعما چ کەم بوو! | بە تەڵخی عومری شیرین سەرفی غەم بوو |
چ زووی کردم لە کۆی جانانە مەحرووم | لەگەڵ من چەرخی گەردوون پڕ ستەم بوو |
دەزانن بۆ موسیبەت دێتە ڕێگەم؟ | شکارم پیش ازین سەیدی حەرەم بوو |
لە وەختێکا بە خوێنم تیشنە بوو یار | کە بۆ من خاکی ڕاهی جێی قەسەم بوو |
بە جان تەسکین دەدا بۆی غونچەیی دڵ | لە زوڵفا چونکە گاهێ موحتەرەم بوو |
فەرەح بێ تۆ لە دڵ وا بوو پەرێشان | حەدیسی گورگ و ئەحواڵی غەنەم بوو |
بە عەقڵ ئەو ڕۆژە پێم زانی دەفەوتێ: | کە سالم عازیمی موڵکی عەجەم بوو |
13
[edit]بە مەخفی شەو لەناو دڵما خەیاڵی زوڵفی جانان بوو | هەتا وەختی سەحەر، هەرچەندە خاوم دی، پەرێشان بوو |
لە دیققەت مووی میانی تۆ، خیرەد داما لە حیرەتدا | چ فیکرێکە کە نازکتر لە فیکری خوردەبینان بوو؟! |
دەزانی بۆ لە چاوت پاسی سیڕڕی دڵ بە من نەکرا؟ | لە بەینا قاسیدی ڕازی نیهانی، تیری موژگان بوو! |
دەمی ئارایشت، وەختی بڕینی توڕڕە، دڵ لەرزی | سەرت ناحەق بڕی، ئەو کافرە مەیلی بە ئیمان بوو |
لە دڵما ڕاستەی سەرمەشقی فیکرم بوو قەدت، بۆیێ | هەموو شیعرم کە مەوزوونتر لە باڵای نازەنینان بوو |
کەماڵی حوسنی لەیلا، خاسە بۆ مەجنوون، تەجەللی دا | لە یار ئەو ئانە من دەمدی، لە دیدەی غەیرە پەنهان بوو |
پەناهی بردە بەر نەشئەی شەرابی گەرم و تەڕ سالم | لە وەعزی سەرد و خوشکی واعیزی بێ دڵ، هەراسان بوو |
14
[edit]هەموو ئەشعاری دووشینم لە وەسفی لێوی نووشین بوو | دەچەسپا لەب بەسەر یەکدا حەکایەت بەس کە شیرین بوو |
گرانموهری دەهانی تۆ بڕی بەندی تەرازووی دڵ | دەڵێن: یەک نوقتە وەزنی هیچە بۆچ ئەم نوقتە سەنگین بوو؟ |
مەڵێن مەجنوون شکا شانی لە بووسینی سەگی لەیلا | لەلای ئاشق خیلافی عاقڵی ئەو هەتکە تەمکین بوو |
عوبووری دڵ بە چینی زوڵفتا بۆ ماچی ڕوخسارە | قەلەندەر ڕاستە بۆ چین چوو وەلێ مەیلی بە ماچین بوو |
لە کوڵمت هەرچی خاریج بێ سەری ئەگریجە قەیچی کە | بڵێن با: سەربڕینی خاریجی بۆ ڕەونەقی دین بوو |
قەراری عاشق و قانوونی حیکمەت زیددی یەک هاتن | کە تەسکینی برینی دڵ لە نەفحەی زوڵفی موشکین بوو |
بە ئیمای دیدەیی مەعشووقە عاشق کێو لەبن دێنن | لەلای سالم کەنەنندەی بێستوون موژگانی شیرین بوو |
15
[edit]کەوکەبی سەعدم لە بورجا دەفعەیێ باڵا نەبوو | ذوذنب بۆ بەختی واروون قەت دەمێ ئاوا نەبوو |
ئەهلی دڵ بێنە تەماشای دڵبەر و ئەحواڵی من | دەفتەری فەرهاد و شیرین جوملەگی ئەفسانە بوو |
وامقیش وەک من لەرێی عیشقا جەفا و جەوری نەدی | گەر بە میسلی ڕوویی دڵبەر عاریزی عەزرا نەبوو |
جانی شیرینم لە جۆشی غەم بە خوێن پالوودەیە | حەسرەتا بۆ بەختی من لەم حاڵەشا حەڵوا نەبوو |
مەنزڵی ئەسحابی کەهفە خانەیی مەعشووقی من | هەر کە دیم دەرگانە بوو لەوسەر کە دیم دەرگا نەبوو |
جان و دڵ ئەمساڵ بە نرخی بۆسەیی دوو ساڵی تر | قەت بە مەشرووتی سەلەم لەم بەیعەشا سەودا نەبوو |
فەرعی ناقابیل دەبینێ مادەری پیری فەلەک | حاڵەتم وەختی شەبابیش شێوەیی پیرانە بوو |
وا ڕەقیب شۆخی دەکا ئەی ئاسمان تۆ موخبیری | بەختی بەد تا وا نەبوو دڵبەر لەگەڵ من وا نەبوو |
تووشی دەردێ هاتووم سالم لە عەهدی چاوی یار | شێخی سەنعان بەم سیاقە شیفتەی تەرسا نەبوو |
16
[edit]دڵی شێرئەفگەنی من سەیدی چ جادوویێ بوو | غوللی ئەم شێرە لە گێسوویی ئەوا موویێ بوو |
شەوی حەیرانییی مووسایی خیرەد بۆ دەمی قورب | سوختەتوور دڵەفروختەیی ڕوویێ بوو |
یادی ئەحواڵی گرفتاریی ئەو عەهدە بەخێر | کە کەمەندی ملی من حەلقەیی گێسوویێ بوو |
نوێژی بێ غایلە هەرگیز نەکرا بۆ سالم | ڕووی دڵی شام و سەحەر مایلی ئەبروویێ بوو |
17
[edit]تا تاقە لە سینەم دڵی غەمدیدە لە کۆی توو | مەشغووڵە وەکوو کووکویی وێرانە بە کووکوو |
وەسڵت سەمەری ڕەنجی منی زاری چە دێر دا | وەک مەوسیمی گوڵ عەهدی چ دێر هات و چە زوو چوو! |
بۆ تەرکی جەفا بێهوودەیە لابە و زاری | خۆ تا بە ئەبەد جەوهەر و قانوونە لە گوڵ ڕوو |
پڕ موشکیلە لەم حاڵە بکا چارەیی دەردم | بێ بۆیی شیفاداروویی تۆ فکری ئەرەستوو |
وا سیڕڕی هو الحق بەیەقین کەشفە لە خاتر | هەر هوو هووە شوغڵی دڵی غەمدیدە لە گەڵ هوو |
ئەبنایی حەبەشزادە چە مەقبووڵە لەلای ڕۆم | دانیشتوە بە زانووی ئەدەبا چاکیری هیندوو |
بۆ سیدقی قسەم بادی سەبا شاهیدە با بێ | بێ بۆیە لەلای توڕڕەیی تۆ نافەیی ئاهوو |
سالم بەسەرت تا قەرەسووم لێوە دیارە | بارە لە دڵی خەستە ئەلەم وەک کەلی شاهوو |
18
[edit]ئەی ڕومووزی شەهریاری، وازیحە بۆ ڕایی توو | «زینت تاج و نگینت از گوهر والای تو» |
زاهیری کرد شەعشەعەی خورشیدی نەسرت هەر تەرەف | «از کلاه خسروی، رخسار مه سیمای تو» |
مەسکەنی ئاسایش و جێگەی ئومێدە، هەر مەکان | «سایه اندازد همای چتر گردونسای تو» |
ڕەمز و شەرع و حیکمەت و ئەشکال و جەبر و هەندەسە | «نکتهٔ هرگز نشد فوت از دل دانای تو» |
بێتە گەردش یەک نیگەهـ، پەنجەی عەتارید سست دەکا | «طوطی خوش لهجه، یعنی کلک شکّرخای تو» |
مەیلی سوورمەی کێوی توور ناکەم ئەبەد بۆ چاوی یار | «روشنائی بخش چشم ماست خاک پای تو» |
شاهی ئەسکەندەر ئەوەی بۆی مرد و دەستی بۆ نەدا | «جرعهای بود از زلال جام جانفرسای تو» |
عەرز و حاڵی هەر گەدایێ، گفتوگۆ مەعلوومە لێت: | «راز کس مخفی نماند با فروغ رای تو» |
پادشاها! سەروەرا! «سالم» لە دەرگات کەوتووە | «بر امید عفو جانبخش گنهفَرسای تو» |
19
[edit]لێوی تۆ ئەو وەختە سەر ساغەر دەچوو | لێوی ساغەر خۆزگە لێوی من دەبوو |
نابڕێ ئاوی حەیاتیش تیشنەگیم | ئاوی تیغی تۆ مەگەر تەڕ کا گەڵوو |
چاوت ئاخر بۆ بە خوێنم تینووە؟ | قەت لە هیچ جێ نەبوە ئاهووی شێرخوو |
زوڵفی وەک جەوشەنلەبەر کێ دیویەتی؟ | غەیری دڵبەر کەس زرێ ناکا لە موو |
دڵ نەپەرژا تیری نازت بۆسە دا | وەک لە ئاوی دەی بە پەڕڕان دەردەچوو |
سالمی بۆ دڵ لە زوڵفا زەحمەتە: | جوملە ئەعزا زەخم و مەنزڵ موشکبوو |
20
[edit]کودوورەت کوشتمی یاران! لە دڵهادا سەفا کوێ چوو؟ | جەفاجۆم جەمعی ئەحبابن! بڵێن ئاخر وەفا کوێ چوو؟ |
بە خوێنم تیشنە جەمعێکن کە هەر یەک خوێشخۆن ڕەسمەن! | میانجی بوو وەفا، هەستا لە بەینا، بەس حەیا کوێ چوو؟ |
جەسارەت بەرزەخی شەرمی لە ڕووها دایە لا، هەر سوو | غەرەزها ئاشکارا بوو، لە دڵها مەیلەها کوێ چوو؟ |
لە دڵما شەکوەها بوو، ئەی سەبا! تۆ موختەسەر بیڵێ | حوقووقی سوحبەتی دێرێن و ڕەنجی ساڵەها کوێ چوو؟ |
چرای سەد قەسری دڵ کوژرا، هەتا یەک زاخە بوو مەعموور | بەرابەر زاخە ئاخێ کەن، چراغی قەسرەها کوێ چوو؟ |
بە قەسدی کوشتنی سالم چ بێ ڕەحمانە کۆشیون | حەدیسی «يَرْحَم و تَرْحَم» لە شەئنی ئاشنا کوێ چوو؟! |
21
[edit]فەڕەنگ و داسنیی و گەبری بەدخوو | نوسەیریی و ئەرووس و دەیلەم و جوو |
بە حاڵی من نەبن هەرگیز ئەمانە | هەزار جار ئۆف برایم ئاغا لەدەست توو |
قوڕومساغە ئەوەندە بەدسروشتە | بەدایم خوێڕییە وەک شبری سەر کوو |
لە دەنگی جوڕڕەجوڕڕی سوێسکەکانی | دوو گوێی سووکم بەجارێ هەردوو کەڕ بوو |
دەسا سەیر کەن لەبەر چینەی کەوی شین | کە عالەم گەردە هەر وەک تۆزی هۆردوو |
کەوی لۆتی بە کەیفی خۆت بخوێنە | خوا وای کرد کە حاڵی من وەها بوو |
ئیلاهی قارەمان قاڕەت نەمێنێ | چەقەڵ بدخوا سەر و سینە و پەل و پوو |
برایم ئاغا لە قوڕ نیشێ سەراپا | وەکوو باب مردووان بۆت کا خودا ڕوو |
قەجەر! ناوت بە چاوی خۆم ببینم | کە قوشچی بازی تێ بەردا بە قوو قوو |
شەپۆلت زۆر کەوی چاک و پەسەندە | شەپۆل دا سا لە خوێنا ئەی خودا! زوو |
کەوی دۆمت شەڕانی و کەوبەزێنە | ئیلاهی! دۆمەژن لێت نێ بە کاردوو |
کەوەلاڵت مەزننە زۆر عەزیز بوو | شوکور بۆیە لە بەر بینی دەرات لوو |
بەغەیرەز ئەم کەوانە باڕەکانیش | بە مردوویی لەدەوری تۆ بکەن بوو |
خوداوەندا غەزەب بۆیان ببارێ | بە یەک شەو خاس و عامیان بن قەڵاچوو |
کەو و سوێسکە و قەفەس دانێن لە لایێ | دەڵی زەرد و برایم ئاغاش بە مردوو |
لەسەر من عەهد و شەرت و فەرز و قەرز بێ | ئەگەر حاڵی برایم ئاغا وەها بوو |
بە سوورمەی شادیانە هەر دوو چاوم | وەهای ڕەش کەم وەکوو پەڕڕی پەرەستوو |
22
[edit]بە حەسرەت ئەشکی ئاڵم دێتە سەر ڕوو | بەسەر ڕووتا کە ئیفشا بوو سەحەر موو |
دەکا شیرین بە ئاشق گۆشەگیری | لە کونجی لەعلی لێوت خاڵی هیندوو |
دەزانن خەرمەنی من بۆ گڕی بەست؟ | بپرسن گەر لە یاری ئاتەشی خوو |
لە کوێ بێنێ ئیشارەی چاوەکانت | ئەگەرچی مەستە وەک ئەو چاوی ئاهوو |
بە مەرگی تۆ لەبەر تۆ شەو بە میحنەت | سەرم نابینێ بەستەر غەیری زانوو |
دەناڵێنێ دڵی زارم وەکوو زیر | لە شاما شانە کەی گەر شامی گێسوو |
عەجەب ئاسایشێکم دی لە هیجرت | لە خارا ڕەقترە بۆ من پەڕی قوو |
23
[edit]وێڵ و فیراری عیشقی تۆم، شەهر بە شەهر و سوو بە سوو | پوشتە بە پوشتە، تەل بە تەل، دەشت بە دەشت و کوو بە کوو |
قەیدە لە گەردنی دڵم زوڵفی سیاهی پڕ خەمت | حەلقە بە حەلقە چین بە چین عوقدە بە عوقدە موو بە موو |
تەنگدەهانی دڵبەرم حەسرەتی دا بە گوڵڕوخان | وا دڵی غونچە بوو بە خوێن پەردە بە پەردە توو بە توو |
کەوتە کەناری مڵکی ڕۆم جۆششی ئەشک و مەوجی خوێن | سەیل بە سەیل و شەت بە شەت، دەجلە بە دەجلە جوو بە جوو |
چەرخی زەمانە کەی دەدا بەزمی ویساڵی یار و من | بۆسە بە بۆسە لەب بە لەب دیدە بە دیدە ڕوو بە ڕوو |
نەفحە بدا لە عەتری زوڵف لەو دەمە بۆ دەماغی خوشک | تەپڵە بە تەپڵە موشک بە موشک نافە بە نافە بوو بە بوو |
خەرمەنی سالمی فەقیر سووختەیە بە ناری عیشق | خووشە بە خووشە گوڵ بە گوڵ دانە بە دانە جوو بە جوو |
24
[edit]دا بێنە بە پەهلوویی ڕوخا حەلقەیی گێسوو | مەتبووعە بە ئەترافی گوڵا سونبولی خۆشبوو |
ئەندازەیی حەوشی حەرەم و جیلوەگەریی یار | دێنێتە نەزەر دەشتی خەتا و ڕەمی ئاهوو |
خۆ زوڵف و ڕوخی زیددی یەکن سیحرە کە سازان | خستوویەتە ژێر ماری سیەهـ دۆشەکی پشکوو |
بۆ زوڵمی لە ئەندازە بەدەر وەک یەکی خولقاند | خەللاقی ئەزەل مەشرەبی تۆ و تەبعی هۆلاکوو |
دەستم بە فەریبت کە شکا حەسرەتی ناخۆم | ئەڵبەتتە شکاندووتە دەبێ بیخەیە ئەستوو |
حاسڵ لە یەکێکایە پەشیمانییە دوو مەیل | جێی نابێ لە کولبەی دڵما خەڵوەتی دووڕوو |
مینا دڵیی و بازییی وەسڵت لە میانا | ئەو شیشەیە دەشکێنێ یەقین سالمی بەدخوو |
25
[edit]یاری ساحیرنەژادی سیلسیلەموو | دڵی بردم بە دیدەیی جادوو |
دڵی ڕەوشەن مەکانی لەیلایە | مونعەکیس بوو میانی ئایینەڕوو |
بەعدەزین کاری من بە زوننارە | دینی بردم نیگاهی تەرساخوو |
هەڵسە ئەی دڵ بچینە لای مەجنوون | ڕشتەیی عاقڵی لەدەس دەرچوو |
دڵی پێکا بە عیشوە تیری موژە | تورکئەندێشەیی کەمانئەبروو |
کەرەمی کرد سیاهی و مەستی | نێرگسی ئەو بە دیدەیی ئاهوو |
باد ئەگەر ڕێی نییە بە توڕڕەیی یار | بۆ دەماغم بە بۆ موعەتتەر بوو |
مەستیی من وەرایی یارانە | ساقیا خم بده به جای سبو |
گڕی بەست دڵ بە شەو لە نەشئەی ڕام | هاتووچۆم بوو لە مەستییا هەر سوو |
شەهپەڕی دا لە دڵ خەرووسی سەحەر | دای غوباری کودوورەتم جاڕوو |
چووە سەر شاخی گوڵ وتی بولبول: | هەر کە زانی لە داوی شەو بەربوو |
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو | |
باز دڵ بێقەرار و شەیدایە | شیفتەی زوڵف و خاڵی لەیلایە |
بێ ڕەوانم ئەگەر نەدا بووسە | لەبی دڵبەر مەگەر مەسیحایە؟ |
هەر سەمەر دڵ هەوا دەکات دەستکەوت | وەسڵی دڵبەر درەختی تووبایە |
ئەی سەبا لا دە موو لەسەر چیهرە | مەرگی عاشق شەوانی یەلدایە |
حەسرەتا دڵ لە فیکری گێسوودا | وەکوو سەنعان بە دینی تەرسایە |
ساڵ و مەهـ بۆ سەبووحیی ڕەندان | دەری مەیخانە سوبحدەم وایە |
چوومە مەیخانە سوبحدەم بۆ سەیر | دیم لەوێشا خورۆش و غەوغایە |
هاتە گوێم کافرێ بە گریە وتی: | کاری هەرکەس بە فەردی یەکتایی |
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو | |
زوڵفی تۆ موو بە موو خەریکی خەمە | دڵی من توو بە توو غەریقی غەمە |
ساغەری تۆ لە بادە دایم پڕ | خاتری من هەمیشە پڕ ئەلەمە |
قەت بە ئوممێدی مەرحەمەت نابم | لە تەرەف تۆوە قیسمەتم ستەمە |
بوو بە خوێن جەرگ و دڵ لە تیری موژەت | ڕەنگی ئەشکم لە دیدە وەک بەقەمە |
ئەشکی نوقرەم ڕژاندە دامەنی یار | دانەزانێ حەریفی بێ درەمە |
بێ کەسانە مەخۆ دڵا میحنەت | نییە ڕێگەت ئەگەرچی لەو حەرەمە |
کەسی بێکەس کەسێکە بۆ هەر کەس | مەنبەعی جوود و مەعدەنی کەرەمە |
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو | |
غەم وەکوو کووهـ و تەن زەعیف و نەزار | دڵ یەکێ، غائیلەی زەمانە هەزار |
لەبی بەستم لە گفتوگۆ دڵبەر | تا نەکەم دەردی دڵ بە کەس ئیزهار |
غەیری دڵبەر کە مەحرەمی ڕازە | ناکەسم گەر بە کەس بڵێم ئەسرار |
ڕشتەیی مەعریفەت لە دەس دەرچوو | عارە بۆ من ڕەفاقەتی ئەغیار |
ئەی خیرەد تۆ خوا لەدڵ دەرچۆ | دڵ نەماوە لە فیرقەتی دڵدار |
بە حەقیقەت جیهانی بێ بونیاد | نییەتی بۆ کەسێ سوبات و قەرار |
مەکە زاهید منی بە شەوقی زەمیر | هەر ئەتۆ نیی بە سیڕڕی حەق هۆشیار |
وا لە سەربانی بوتکەدە ڕاهیب | ئەم کەلامە دەڵێ بە ناڵەی زار: |
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو وحدهُ لا الٰه الّا هو |
26
[edit]چاکە حەفتا حوجرە بێ دایم لەناو خانەی مەموو: | چاوەیێکی بۆ نشیمەن، شەست و نۆی بۆ چاڵی گوو! |
نەفخی ڕوودەی پڕپفی، گەر دابدا بۆ مەقعەدی | سەددی با نابێ، ئەگەر تێی ئاخنێ پێچی کلوو |
گەر لە ڕوویا تڕ موجەسسەم بێ بە مورغی تیزبال | بۆ گرفتی هەر یەکە داوێکە، ڕیشی موو بە موو |
ژێ سیفەت ڕوودە لە چەرخە، شیشەکی وا دێتە خول | ڕەنگە چەپ چەپ گەر کلوو بخوا، بەرێ کول کول دەزوو |
هەڵمی فەسوەی نایێڵێ سەرما لە ئەندامی بدا | تایی توممانی لە قەوسا گەرمە، وەک کەوڵی پەتوو! |
تا بینای بونیەی لەسەر گوو بێ، ئەگەر بگرێ لە سەر، | نامژێ دەم جوز عوفوونەت، جەزبی پڕزۆری زەلوو |
ڕاستە گەر مەعموورە مابەعدی بە خەیلێ فەسوە، سا | بۆ سەحەرگەهـ دێ لە ئاوازی تڕی، دەنگی پەپوو؟! |
گاهی نەفخی، نۆک ئەگەر بخوا، بە شەرتێ بیمی بێ، | ئاسمان بینێ، لە حوکمی گوللەدا دەکوژێ هەڵوو! |
گەر سەری بێنێتە جێی پێی، پێ بەرێ بۆ جێی سەری | شیشەکی جوستەن دەکا دەهـ گەز لەسەر ئوشترگەلوو |
زرتەیێ بەحری زگی سەد گۆمی دی، تا کەوتە بێخ | کەی ئەدەب دەگرێ لە مەنعا، بوو بە میچی ئاوەسوو |
وا لەپڕ لێی دا، بە جارێ سەقفی خانەی کردە تۆز | وەک لەژێر ئاگر بتۆقێ، گاهی برژانی بەڕوو |
سیحری فەسوەی شەو لە جێدا دۆشەکی بای بۆ دەکا | وەک زیاد بێ پێچی بەتنی، بایی ئەو با بێ بە قوو |
وا لە هەڵمی گەرمی دیزەی ئەو، ڕوتووبەت کەوتە ماڵ | تا بە ڕەوزەن سەقف و دیواری هەڵیهێنا کەڕوو! |
داروویی بێهۆشییە بۆی گەند لە مەغزی مەردووما | یەک نەفەس لادا لە مەجلیسدا، ئەگەر دەرکی قوتوو |
دەرکی خیگەی با کە بەردا، دوزدی خەو شەو تا بە ڕۆژ | دەنگی دەڕوا کوو بە کوو، وەک بۆڵەبۆڵی کوندەبوو! |
بۆی هەڵاڵی فەسوەیی ئەمڕۆی لەپاش دەهـ ڕۆژی تر | بۆگەنی هەر دێ بە لووتا، عەتری گوڵ کەن گەر بە بوو |
هەر بە قووەی ئاوی ئیمالەی ئەوێ قووەت دەکەن | شەڵغەم و ترپ و پیاز و سڵق و بیبار و کەدوو |
هات لە ڕیشی موددەعیی دا، بای موخالیف دەرنەهات | ڕووبەڕووی دوشمن لە غەوغادا، دەمانچە دەرنەچوو! |
چونکە وەختی قورمیشی سەمتووری پەس، بەس توولی دا | شەرح و کەششافی هیجا، بۆیێ بە سالم تەی نەبوو |
27
[edit]شەرحی ئەشعاری من ئێستاکە لە باڵایە هەموو | چونکە بەو نیسبەتە هەستاوە، چ باڵایە هەموو |
دەردی گێسووتە کە سەرگەشتە بە دەورا دەگەڕێم | موویی تا موویی لە سەرما هەم و سەودایە هەموو |
عیشق ئەگەر خەیمە بدا، مەشریق و مەغریب کەمە بۆی | لە دڵی تەنگی من ئەو خەیمەیە بەرپایە هەموو! |
میهری زەڕڕەی دەهەنت داویە بە قەلبم پەرتەو | هەرچی ئەنداممە وەک زەڕڕە لە ڕەقسایە هەموو |
بە سەدای گریەوە بێ، سەمعی قوبووڵت، بکڕە | ئەشکی ئالوودەیی من، لوئلوئی لالایە هەموو |
هەرچی عومرم هەیە بێ تۆ سەکەراتییی مەوتە | هەرچی ڕۆژم هەیە بێ تۆ شەوی یەلدایە هەموو |
ڕەنگ و بۆی دا بە ڕوخت ئاهـ و سروشکم، ئارێ | باد و بارانی بەهاری چەمەنئارایە هەموو! |
جوز نەباتی لەبی تۆ، سازشی تەبعم نییە هیچ | قەندی میسری لە دەمم تەڵخییی سەفرایە هەموو |
کە حەکیم حازیقە، «سالم» مەکە ئیزهاری مەرەز | خۆی بەسیرێکە کە بەم عالەمە بینایە هەموو |
28
[edit]لە مەهتابا کە دڵ دیی ئەگریجەی وەک عەقرەبت ئەمشەو | گورێزی دا لە عەقرەب کەوتە چاهی غەبغەبت ئەمشەو |
لە وەسڵام و لە بەدگۆ خۆفناکم ئەی فەلەک! ئامان | بە کامی من بدە تەغییری نەحسی کەوکەبت ئەمشەو |
بڵێ ئەی دڵ ئەگەر هەمداستانی زوڵفی دڵبەر بی | لەناو جەمعی پەرێشانا جەمیعی مەتڵەبت ئەمشەو |
لە سوجدەی خاکی کۆی جانانە ئەی دڵ! غەفڵەتت تا کەی؟ | دەترسم وەرگەڕابێ مولحیدئاسا مەزهەبت ئەمشەو |
ەکوو ئەشکم پەیاپەی خوێنی ئاڵم ئەی عوقابی غەم | بەسەر جەرگا لە دڵ دەڕژێ لە جێگەی میخلەبت ئەمشەو |
سەحەر گەر بۆ شکارم دێیە سەحرا با مورەخخەس بم | حەنایی کەم بە ئەشکی دیدە سممی مەرکەبت ئەمشەو |
بەپەنهانی لەکۆی یارا سەگاسا مەسکەنت دەست کەوت | تەشەککور کە گەلێ باڵایە سالم مەنسەبت ئەمشەو |
29
[edit]لەبەر پەیکانی تیری ئاهی من مۆمە حەجەر ئەمشەو | درێغا گەر نەکا دڵبەر لە ناڵینم حەزەر ئەمشەو |
لە وەسڵا چونکە پەروەردەم بە بۆسەی لێوی شیرینت | دەدا هیجرت لە ڕیشەی دڵ دەمادەم نیشتەر ئەمشەو |
بە ئاهیستە لەبم گەر بێتە سەر ڕووی نازکت یەکدەم | لە جێی بۆسەم دەبینن موعجیزەی شَق القَمَر ئەمشەو |
لە نێشی ئەژدەهای زوڵفت وەها کەوتوومە ڕووی بالین | بەجوز موهرەی لەبت ناکا عیلاجی من بەشەر ئەمشەو |
مەهی پەردەنشین سالم لە پەردە هاتە دەر بێ شک | خەجاڵەت دەیگرێ گەر مەهـ لە پەردە بێتە دەر ئەمشەو |
30
[edit]بە تەنگە دڵ لە سینەمدا وەکوو مورغی قەفەس ئەمشەو | بە جان شیوەن دەکەم یاران لە هیجرا ناهەوەس ئەمشەو |
خەو و تەرەف و فەراغەت زەحمەتە بۆ عاشقی بەدبەخت | موژەم یەک یەک لە چاوا بوو بە نێشی خار و خەس ئەمشەو |
کە مینقاری هەوەس ناگاتە سەر شەککەر وەکوو تووتی | بەسەر خۆما دەدەم دەستی تەئەسسوف وەک مەگەس ئەمشەو |
جڵەوڕێز وا بە چوستی هات و لێی دام ڕەهزەنی ئەندووهـ | لە جەڵدەڕاهی حەلقووما بڕیی ڕێگەی نەفەس ئەمشەو |
سەر و پێچ و دەم و ڕیشی ڕەقیب سەیر کەن ڕەفیق ئامان | بە چۆکا هاتووە ئەفگەندەسەر هەر وەک تەرەس ئەمشەو |
لە مەیدانی بەلاغەتدا قەڵەم سەرخۆشە بۆ نووسین | لە هاتووچۆ و تەرەددوددا دەکا مەشقی فەرەس ئەمشەو |
ئەگەر دڵبەر بپرسێ حاڵی سالم پێی بڵێن تۆ خۆش | لە کێوی میحنەتا ناگا بەسەریا هات هەرەس ئەمشەو |
31
[edit]شەپۆلی بەحری ئەشکم تەڕ دەکا پشتی سەمەک ئەمشەو | سەدای ڕەعدی فیغانم کەڕ دەکا گۆشی فەلەک ئەمشەو |
مەزەی بەزمت لە کوورەی سینەما برژا بە تەڕدەستی | لە ئەشکم بۆ کەبابی دڵ موهەییایە نەمەک ئەمشەو |
ئەگەر یەد بێ هەموو دەم غیرەتم جۆیایی پاداشە | لە ڕیشەم دەردەهێنا وەک دڵم چەرخی فەلەک ئەمشەو |
بەبێ بەزمی ئیرەمئارایی دڵبەر بەسکی دڵتەنگم | فەزای دونیا لە من پڕ نارە وەک عەینی دەرەک ئەمشەو |
لە سەحرای تەجرەبەی عیشقا دەبن ڕامم گەلەی ئاهوو | لە سیدقا ناڵەیی مەجنوون و من نابن بەیەک ئەمشەو |
مونەووەر کەی لە ڕێی میهرا ئەگەر بێی کولبەیی سالم | دەڕێژێ بۆ نیسارت ئەشک وەک دوڕ مەردومەک ئەمشەو |
32
[edit]لە گریان چوو، هەمیسان خاوم ئەمشەو | بە خوڕ خوێن دێ لە چاوەی چاوم ئەمشەو |
بە ناسۆر کەوتەوە، دیسان، برینم | سەری کرد باز لە جێی زووخاوم ئەمشەو |
شەرارەی ئاگری دووری بەتاوە | عیلاجم کەن، دەخیل! سووتاوم ئەمشەو |
نیشانەی مەرگمە، تەحقیق ئەزانم | لەسەر ڕوو زاهیرە جواناوم ئەمشەو |
لە دڵ سۆز و لە سەر شۆر و لە چاو خوێن | لە حاڵی خۆم تەعەججوب ماوم ئەمشەو |
بە زنجیری فیراقت قەیدە «سالم» | خەیاڵی زوڵفی تۆیە داوم ئەمشەو |
33
[edit]عیلاجی ئێشی دڵ ناکا بە سەد مەرهەم حەکیم ئەمشەو | لە زەخمی تیری موژگانت بە نەوعێ بەستەریم ئەمشەو |
لە لەب نەقدی حەیاتم خوونبەهای یەک بووسە داناوە | ئەگەر یاری قەمەرتەلعەت قوبووڵ کا موشتەریم ئەمشەو |
هەوای ئابی بەقای بۆسەت، شەرارەی مەزرەعەی عومرە | لە باغی زیندەگی بۆ نۆبەرەی وەسڵت بەریم ئەمشەو |
خەتایە گەر هەوای عەتری گوڵ کەم تا حەیاتم بێ | ئەگەر بێنێ لە موشکین زوڵفی تۆ بۆیێ نەسیم ئەمشەو |
هەتیتەی دڵ بکا گەر تەجروبەی قەددت بە باریکی | بەرابەر ئەو دەبێ مووی کاکوڵی هیندی زەخیم ئەمشەو |
لە خاکی ئاستانەی دڵبەرا ئوفتادەم و شادم | دەگاتە تاقی کیسرا ڕیفعەتی جێگەی سەگیم ئەمشەو |
سەحەر جێی سوجدە شاهید بێ لە ئەشکی سورخ و ڕووی زەردم | لە خاکی کۆیی تۆ ئالوودەیە مەرجان و سیم ئەمشەو |
ئەگەرچی ئیحتیاجی ڕوو لە قاپی کەس مەکە سالم | بە ئوممێدی كەرەم ئیللا خوداوەندی کەریم ئەمشەو |
34
[edit]هەمیسان ڕۆح لە تەن بێزارە ئەمشەو | لە دڵما باز خەیاڵی یارە ئەمشەو |
لە چیهرەم شێوەیی عیبرەت زوهوورە، | برای یەکدڵ لە من ئەغیارە ئەمشەو |
لە ئاهی سەرد یەخی بەست، ئەشکی گەرمم | موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە ئەمشەو |
لە دەوری نوقتەیی خاڵی لەبی یار، | خەیاڵی دڵ دەڵێی پەڕگارە ئەمشەو |
«ٲنا الّدلْبَرْ» دەڵێ دڵ وا لە سینەم | وەکوو مەنسوور سزای سەر دارە ئەمشەو |
وەها بێ ئیختیار کەوتوومە شیوەن | لە ناڵینم ڕەفیق بێزارە ئەمشەو |
بە بادی لەعلی لێوی ئاڵی دڵبەر | سروشکم شێوەیی گوڵنارە ئەمشەو |
نیهالی شادمانیم ڕیشەکەن بوو | درەختی میحنەتم پڕبارە ئەمشەو |
خەیاڵی نێشی موژگانی دڵارام | لە دڵما یەک بە یەک سووفارە ئەمشەو |
تەبیبی دەردی من، یاران! خەبەر کەن، | بڵێن: «سالم» لە غەم بیمارە ئەمشەو |
35
[edit]درێغا، باز دڵم پڕ چاکە ئەمشەو | سروشکی دیدە ئاتەشناکە ئەمشەو |
موهەییایە بەبێ تۆ ڕەختی خوابم، | بە پەهلوو خار و بالش خاکە ئەمشەو |
بە یادی چاوی مەستی مەی سروشتت | لە پێچش خاترم وەک تاکە ئەمشەو |
سەمەک ئاوی نەمەک دەخوا لە ئەشکم | هەناسەم پەیکی هەفت ئەفلاکە ئەمشەو |
موژەت ئەڵماسە بۆ کاووشیی دڵ | بە ئیما دیدە وەک حەککاکە ئەمشەو |
زەعیف و بێخودە بەختم، لە خەودا | غەمت بۆ حاڵی من تریاکە ئەمشەو |
سەری زوڵفت سەری کردە دەماغم | لە دۆشت ئەژدەهای زەححاکە ئەمشەو |
دەنووسێ غەم لە دڵ فەرمانی قەتڵم | فیراقت زاڵمی سەففاکە ئەمشەو |
دەسا غەمخواری «سالم» بە، خودایە! | لە شەوها بیشتەر غەمناکە ئەمشەو |
36
[edit]وا دڵ لە خەیاڵاتی نیهان پڕ غەمە ئەمشەو | ڕووی گونبەدی دەوران لە هەناسەم تەمە ئەمشەو |
گەر خاکی تەئەسسوف بەسەرا کەم لە فیراقت | بۆ حەسرەتی من توڕڕەیی عالەم کەمە ئەمشەو |
غەرقم لە غەمی یادی برۆت بەسکی لە هیجران | وەک ماڵی کەمان قەددی زەعیفم خەمە ئەمشەو |
وەک جەیشی مەلەخ لەشکری غەم موڵکی دڵی گرت | بۆ کشتی ئەمەل داسی تەڵەب بێ دەمە ئەمشەو |
ها سینە و ئەشک و دڵ و غەم بێنە حیمایەت | بوریان و کەباب و نمەک و سفرەمە ئەمشەو |
وەک خاتەمی تۆ نەقشە لەجێی ناخونی حەسرەت | ئەم زەخمە لە شەوقت کە لەڕووی سینەمە ئەمشەو |
مەعلوومە کە گریەم لە هەوای کەعبەیی ڕووتە | بەم ئەشکە لە دیدەم کە دەڵێی زەمزەمە ئەمشەو |
سامانی دڵی غەمزەدە جانا لە فیراقت | وەک سیلسیلەیی زوڵفی خەمت دەرهەمە ئەمشەو |
سالم لە هەوای مەجلسی ئەو جێگەیە قەددم | وەک بەربوت و نەی تا بە سەحەر ناڵەمە ئەمشەو |
37
[edit]هیلاکیی جانی بیمارانە ئەمشەو | سیەهـ وەک توڕڕەیی یارانە ئەمشەو |
لە چاو ئەشک و لە دڵ ئاهم بروون دێ | دەڵێی تۆفانی با و بۆرانە ئەمشەو |
لە نوسخەی مووتە یا تەئسیری بەختم | جیهان یەکسەر وەکوو قەترانە ئەمشەو |
لە گوێما دەنگی دەققولبابی دڵ دێ | خەیاڵی دڵبەرم میهمانە ئەمشەو |
بینات نا عەهدەکەی زەححاکی تازی | لە توڕڕەت موو بە موو مارانە ئەمشەو |
لە مەیلی سەرد و قەهری وەک سەموومت | لە باغی دڵ گەڵاڕێزانە ئەمشەو |
لە گەرمیی دڵ گوڵی شادی وەریوە | شکۆفەی غەم لەنەو خەندانە ئەمشەو |
شەبەیخوونی نیگەهـ قەلعەی دڵی گرت | بەجوز غەم هەر چی بێ تاڵانە ئەمشەو |
بە ئوممێدی بەهاری وەسڵەکەی تۆ | لە هەوری دیدە هەر بارانە ئەمشەو |
لەڕووی عەکسی خەیاڵی لەعلی لێوت | دوڕی ئەشکم وەکوو مەرجانە ئەمشەو |
لەلای سالم ئەگەر ئەکلە و ئەگەر شورب | بەبێ تۆ دوور لە تۆ سندانە ئەمشەو |
38
[edit]ڕەفیق بێن و تەماشاکەن دەمی بووک بردنە ئەمشەو | هەوای بووکێ بە دان و مەیلی زاوا کردنە ئەمشەو |
موهەییای کرد فەلەک تەوقی بلووری بۆ ملی داماد | چەلیپا هەر دوو پێی بووکی دوشاخەی گەردنە ئەمشەو |
لەگەڵ کارواندا ئاوازی پۆیلە وەک جەرەس هەستا | لەدەست زاوا لەدەست بووکا خڕنگەی بازنە ئەمشەو |
دەڵێن: بەربووکی باوان دەستەخوشکی مادەری بووکە | لە زاوا خۆی دەپرسم: بیکرە بووکێ یا ژنە ئەمشەو؟ |
خەزوورەی بووک لە ڕەقسایە وەکوو ئوشتر لە ڕووی بەچچە | خەسووی زاوا لەبەر دوختەر لە حاڵی مردنە ئەمشەو |
هەتیو و پیرەژن فیتنەن، بڵێ: سا قاو دە با دەرچن | لەدەوری پەردە، جوز مەحرەم، دەمی دەرکردنە ئەمشەو |
نەفیری شادییانەی مادەری زاوا بوڵەند نابێ | چ بوو عیننینە زاوا، یا مەگەر بووک بێ بنە ئەمشەو |
39
[edit]ئەژدەها یەک شەو ببینێ ماری زوڵفت گەر بە خەو | ئەم دەسێنێ ئینتیقامی هەر چی ئەزیەت بێ لە ئەو |
قەت نەبوو نەشئونوما کا مەزرەعەی عومرم بەهار | لێی نەدا بای خوڕڕەمی تا کەوتە حاڵاتی درەو |
توڕڕەیی هێنا بە ڕوودا ڕووبەڕووی من خۆی نواند | لێی موشەخخەس بوو کە نەهییە دیدەنی ئایینە شەو |
خەت بدا وەختێ لە سەحرای سینەما ئاهووی خەیاڵ | دەردەکا ئەسپی هەوەس هەر جا لەدەست عەقڵم جڵەو |
سامیعە و نوتقم لە تەکلیفاتی دونیا فاریغن | نیمە بێ تۆ قەت لەگەڵ کەس تاقەتی گوفت و شنەو |
کەی بە سالم دەردەچێ سالم لەبەر تیری نیگاهـ | دیدەیی ئاهوو دەپێکێ تورکی چاوت گاهی دەو |
40
[edit]ئاسمان دیهقان و عومرم کشت و داسی ماهی نەو | سەرەفگەندە و ئیستادەم خووشەئاسا بۆ درەو |
تا بە ڕەنجی عیشقی یاری گەندومین ڕووم جووتە غەم | نانوێنێ خەرمەنی دونیا لەلام یەک دانە جەو |
سازشی چوار جینس لە چوار نەوع چوار یار نادەن بەهەم: | ئاب و ئاتەش، گورگ و گەللە، عەقڵ و مەستی، عیشق و خەو |
یاری ساحیب مروەتم ئووفتادەکانی دا سەدا | سەگ بە گورگەلۆقە هات و سالمی مسکین بە دەو |
41
[edit]گەر مویەسسەر بێ لە هیجرا، خۆشە خەو | مەحزی چاولێکنان دەبینم، خۆم و ئەو! |
بێتە خەو هەر شەو حەبیبم، یا ئیلاهـ! | بێ بەقەد ڕۆژی قیامەت توولی شەو |