دیوانی زێوەر/خۆشەویستی
Appearance
لا بدە پەردە ئەی گوڵی ڕەعنا
[edit]لا بدە پەردە، ئەی گوڵی ڕەعنا | دەرکەوێ با دوو نێرگسی شەهلا |
یا دوو لەعلی عەقیقی بێ هەمتا | تا بە جان ئێمە بێینە سەر سەودا |
کائیناتێ ئەخەیتە وەجد و تەرەب | بە تەماشایی ماهەکەی نەخشەب |
وەهـ چ شیرینە شەهدی گوفتارت | هەی لە جیلوەی بەنازی ڕەفتارت |
بەهـ لە غەمزەی دوو چاوی سەححارت | بارەکەڵڵا لە حوسن و ئەنوارت |
سوپەرت بێ هەمیشە هیممەتی غەوس | حافیزی چاوی بەد، کەرامەتی غەوس |
تۆی شەهەنشاهی حوسن و ساحێب تاج | حازرن شاهیدان بە جیزیە و باج |
هەموو تەسلیمن و نیانە عیلاج | هەر بە تۆ لایقە عەتایی خەراج |
مەجلیسی تۆیە بارەگاهی فەرەح | دوور لە ڕووی تۆیە خوابگاهی تەرەح |
ئەی بتی شۆخ و نازک و گوستاخ | نەفەسێکم نییە بەبێ سەد ئاخ |
بوومە مەجنوونی دەشت و سەر کەل و شاخ | چاوەڕێی لوتفم ئەی بە ڕوو گوڵەباخ |
مەرحەمەت کە بە ناڵە و فەریاد | بە جەفا مەمکوژە وەکوو فەرهاد |
چەندە خۆشە لە فیرقەتا کاغەز | وەرگری تۆ لە پۆستەدا کاغەز |
وەک شیفایە لە هیجرەتا کاغەز | نیسفی وەسڵە لە میحنەتا کاغەز |
خەبەری دڵبەری شکەرگوفتار | وەک تەداوی حەکیمە بۆ بیمار |
سەیدی کردم بە داوی غەمزە و ناز | دڵبەری چیهرەئەسمەری چاوباز |
دڵبەرانیش ئەخاتە بەحری نیاز | شاهبازێکە زۆر بڵندپەرواز |
وەنیە هەر شێتی عەشقی من بم و بەس | سارییە دەردی عەشقی بۆ هەر کەس |
شوعلەیی حوسنی دڵبەری مەهوەش | دڵی کردوە بە کوورەیی ئاتەش |
کەسنەناس و بەدەعیە و سەرکەش | لە هەموو لوتف و مەرحەمەت بێبەش |
لە کەفیدا دی جەوری، دوورە خەلاس | عادەتی کوشتنە بە غەیری قیساس |
نییە هاوڕەنگی تۆ لەسەر ڕووی ئەرز | گەر بەسەریا بڕۆی بە توول و عەرز |
چۆن نەبێ میهری تۆ لەسەرمان فەرز | بە زوبان دێم ئەکەم تەشەککیم عەرز |
لە جەفای عاشقان بەسە ئیفرات | نۆبەتە بۆ وەفا و عەیش و نیشات |
با نەڵێن خەڵکی عاقڵە و واعیز | عالمی چاکە عادڵە واعیز |
چونکە لای ئێمە جاهیلە واعیز | گوفتوگۆ و وەعزی باتڵە واعیز |
مەسلەکی عاشقانە وەجد و سەماع | بە هەزار وەعز ناکرێن ئیقناع |
خۆشە فەسڵی بەهار و دیدەنی باغ | نەغمەیی بولبولان لە گوڵبەنی باغ |
سەیری ئەشجاری بەرزی مەعدەنی باغ | سەیری ئارایشی مولەووەنی باغ |
غایەتی بێ حەبیب ئەبێتە ئەسەف | شەوقی عومرت هەموو ئەچێ بەتەلەف |
ماهی من زاهیرە لەناو ئافاق | دائیمەن بەدرە، ناکەوێتە میحاق |
حوسنی ئەو عالەمێکی خستە مەراق | کەس نەماوە کە بۆی نەبێ موشتاق |
شوهرەتی حوسنی گەییە عەرش و فەلەک | بوونە خەددامی، بارەگاهی فەلەک |
ئەی مەهی ئاسمانی حوسن و جەماڵ | لە غەمی بەدری ڕووتە بوومە هیلال |
ئەو کەسە بۆتە ساحیبی ئیقباڵ | کە نزیک بێتەوە لە بەزمی ویساڵ |
هەر غەمی تۆیە بۆتە هاودەردم | زەربەیی عەشقە چیهرەی زەردم |
هەر وەکوو ئەهلی بێ میزاجە زەمان | مەسلەکی سابتی نییە بۆ مان |
دەردی دنیایە ناکرێ دەرمان | مەر لە دنیا ئەجەل بکا دەرمان |
خەڵەفاوین لە ئافەتی، من و تۆ | بەشبڕاوین لە نیعمەتی، من و تۆ |
دڵبەری شۆخ و شەنگی دیدەسیاهـ | گەهـ بە غەمزە گەهێ بە تیری نیگاهـ |
عاشقانی بەبێ خەتا و گوناهـ | هەموو خستۆتە دەرد و ناڵە و ئاهـ |
دوورە بۆ دڵبەران وەفاکاری | سەهوە بۆ نائومێدەگان زاری |
بنازم
[edit]بنازم پەرچەمت زللەی لە کەللەی عوود و عەنبەر دا | سەفای ڕوخسارەکەت تەعنەی لە ئاوێنەی سکەندەر دا |
شەڕ ئەفرۆشێ بە عالەم بێ سەبەب ئەو چاوە مەستانە | هەچی هاتە تەماشای چاوی تۆ سینەی لە خەنجەر دا |
بەڵێ عومری خزر قیسمەتمە گەرچی عومر کۆتا بێ | کەسێ نەقدی حەیاتی خۆی بە یاری شۆخ و ئەسمەر دا |
لە تەعریفی قەدی مەوزوونی، شاعیر کەوتە وریایی | هەموو دێرێکی ئەفکاری خەیاڵاتی لە میستەر دا |
کە زاهید هاتە سەیری قەوسی ئەبرۆی تۆ بە ناچاری | فڕێی دا سەبحە و سەججادە سەد لەققەی لە مینبەر دا |
دەمی تۆ خونچەیی نەشکوفتەیە، یا نوقتەیی مەوهووم | بە خەندە دوڕ بەسەر لەعلا و لەعلیشی لە شەککەردا |
بەرامبەر حەلقەیی پەرچەم خەدەنگی چاوی مەخموورت | بعەینە وەک جیهانبەخشە لەگەڵ تیری لە ئەژدەر دا |
بە مەرهەم زەحمەتە زەخمی دڵی بێچارە ناگیرێ | بە تەحریکی برۆ ئەو شۆخە دەردێکی بە زێوەر دا |
باعیسی دووریتە
[edit]باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا | دەردی هیجرانە سەبەب گەر دیدە خوونئەفشان ئەکا |
هەر زەمان ناری فیراقت دێتە ناو کوورەی دەروون | میروەحەی ناڵەم لە هەر لا ئاگرێ پەخشان ئەکا |
تۆ کە جەللادی بە ئەڵماسی موژەت دڵ کون مەکە | زەخمی ئەبرۆت کارییە چارێ لە هەر دەرمان ئەکا |
شەمعی ڕووت کەوتۆتە ناو زوڵماتی زوڵفی وەک شەوت | دڵ وەکوو پەروانە هەردەم مەیلی خۆ سووتان ئەکا |
نەوغەزالێکی تیایە دڵفڕێن و دڵبەرە | سا بەخۆڕایی نییە دڵ مەیلی کانیسکان ئەکا |
قەت بە مەقسوود و مەرامم ئاسمان دەوری نەدا | باغی خەڵقی دڵگوشاد و باغی من وێران ئەکا |
گەر هیلالی ئەبرووانت بێتە عەرسەی زاهیری | سەد وەکوو زێوەر بە ساتێ دێت و خۆی قوربان ئەکا |
کە تۆ ڕۆیی
[edit]کە تۆ ڕۆیی، بە جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا | کە ئاهوو ڕەم بکا، سەییاد بە جوز ناڵە و فوغان چ بکا |
لە سایەی عەسکەری موژگان و توڕڕەیی زولفی | نیگارم پادشای حوسنە، لە حاڵی عاشقان چ بکا |
ئەلا ئەی عاشقی بێدڵ نیگارت میهرجۆ نابێ | لە قاپیدا عەبەس کەوتووی، فەقیرە دەرگەوان چ بکا |
بە وەعز و پەندی دانا مەردی نادان بەهرەوەر نابێ | کە بەخت و تالعی ڕەش بێ گەڕانی ئاسمان چ بکا |
لە هەر لا ئیتتیفاقێ بوو، ئەگەر کێوە عەدوو هیچە | کە پەششە ئیتتیفاقی بوو ئەبێ فیلی دەمان چ بکا |
بە حوکمی حەق ڕەزا نابی ئەبەد مەتروود و مەحکوومی | ئەلا ئەی نەفسی دوون شەیتان ئەبێ غەیری زیان چ بکا |
کە بەدخولقی تەبیعەت بێ بە میسقەل زەحمەتە لاچێ | لە دەست بووجەهل و ئەمسالی، ڕەسووڵی ئینس و جان چ بکا |
لە دووریی تۆ ڕەقیبان و هەموو دنیام لەلا مەحوە | کە فەسڵی گوڵ نەما، بولبول لە باغ و باغەبان چ بکا |
لە جیلوەی گوڵ لە نەشئەی مەی، لە عەکسی تەلعەتی ساقی | کە دڵ ژەنگی غەمی تیا بێ ئەبێ زێوەر لەوان چ بکا |
ئەی نەفسی دەنی
[edit]ئەی نەفسی دەنی هەر وەکوو فیرعەونی لە کیبرا | ئەم حەشمەت و مەغروورییە تا کەی لە هەموو لا |
بۆ غەرق و هیلاکەت لە شەتی ئەشک دەمادەم | پەیدا بووە وا ساحیبی حوسن و یەدی بەیزا |
بۆ میللەتی مووسایی ئەڵێ: موعجیزە ڕوومە | خۆی بەچچەیەهودێکە عەدووی موسلیم و تەرسا |
بازاڕی هەموو گرتووە وەک یۆسفی سانی | لافی ئەوەیە زیندە بکا دینی یەهوودا |
بەززازە، بەنازە، چ عەجەب سیحرتیرازە | بۆ موشتەری ئەنوێنێ ڕوخی زوهرەیی زەهرا |
ئەی حەییەکە، بەدبەختەکە، بێ دینەکە کافر! | سوێندت دەدەم ئەمجارە بە ئەلها و بە مووسا |
تۆو عەشقی شوعەیبی نەبی و حورمەتی ئیسحاق | بۆ خاتری ئوفتادەیی دەربانی کڵێسا |
گوێ مەگرە لە ئەقوالی ڕەقیبی وەکوو هامان | ئیزهاری مەکە فیتنە و سابیت مەکە دەعوا |
ئایین و وەفا قاعیدەیی میهر و نەوازش | بنوێنە لەگەڵ عاشقی دڵخەستەیی شەیدا |
دەم، بەستەیە یا فوندوقە چاوت وەکوو بادام | ڕوو لالەیی نێو جەننەتە، قەد سەرووی دلارا |
زولفت چییە، ڕەشماری دەسی ساحیری میسرە | چیهرەت چییە خەزنەی زەڕی قاڕوونە لە دنیا |
سەرخۆش بووە زێوەر بە مەیی ناز و مەحەببەت | لەو لەعلی لەبە، بۆ مەزە چەند بۆسە، بڵێ: ها |
دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو سەبا بۆی دڵبەری هێنا
[edit]دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو، سەبا بۆی دڵبەری هێنا | حەیاتم تازە بوو ساقی شەرابی ئەحمەری هێنا |
فیدای چاوی ڕەشی بێ دڵ ئەگەر نەیبا بە پەنهانی | بە قوربانی دوو ئەگریجەم، سەبا لەو عەنبەری هێنا |
عەرەق کەوتۆتە سەر ڕوومەت وەکوو شەونم لەسەر ڕووی گوڵ | خەیاڵی قەددی تۆی کرد، دڵ موافیق عەرعەری هێنا |
ئومێدی ئابی وەسڵم بوو، هەوای کیبرت زیاتر بوو | بەسەر خانەی دڵی سووتاو زەمانە سەڕسەڕی هێنا |
بە غەیری من کە مەحروومم لە ماچی لێوی شیرینی | لە دنیا گەر هەبوو مەردێ لە چاهی غەم دەری هێنا |
ئومێدی قەتڵی کێی بوو وا منی کێشایە خزمەت خۆی | بە حیلە و مەکر و عەییاری نەسیم ئەسکەندەری هێنا |
بە پایەی شیعری ڕەنگاوڕەنگ خەیاڵی تازەگی دێنێ | لە دنیا کێ بە ئوستادی خەیاڵی زێوەری هێنا |
شێتی ڕووتە بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب
[edit]شێتی ڕووتە، بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب | شەرمەساری بووتە وا مەحجووب و پەنهانە گوڵاب |
ماهی نەخشەب سیحربازێ بوو کە شەوقێکی هەبوو | تۆ بەبێ سیحر و دەغەڵ شەو تا سەحەر وەک ماهتاب |
من لە کوورەی فیرقەتا ناکەم خەیاڵی غەیری تۆ | ئارەزووی باغی بەهەشتە دائیمەن ئەهلی عەزاب |
ساقی بادەی ئەرغەوانی بێنە، وا خەمڵیوە گوڵ | شیشەیی تۆبەم شکاند تا دەس کەوێ شیشەی شەراب |
گوڵ لەسەر تەختی چەمەن شاهێکە، بولبول موتریبە | باغەبان ئامان دەخیلم، دێم و تۆ نەمکەی جەواب |
زاهیرەن زاهید خەریکی دەسبڕینی عالەمە | بۆیە وەک دز خۆی خزاندە گۆشەیی کونجی خەراب |
نامەوێ ئابی حەیات و تەخت و جاهی خوسرەوی | گەر مویەسسەر بێ ویسالی دڵبەری شیرینخیتاب |
بمدەرە بەر تیری تەعنە تۆش وەکوو عالەم، ڕەزام | گەر نەبێ میهرەت بە قەهرت شادمانم بێ حیساب |
تۆ لە زێوەر قەت مەڕەنجێ خاکی دەرگات کا بەسەر | چونکە شێت هەرگیز نەبۆتە مەوریدی تەعنە و عیتاب |
مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت
[edit]مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت | بێ جونحە و بێ واسیتەیی جورم و جینایەت |
شاهێکی کەڵەماهیی و ماهێکی سوپەهدار | لای کێ بنوێنم وەرەقی زوڵم و شیکایەت |
گاهێ بە خەدەنگی مووژە، گاهێ بە نیگاهێ | سەندووتە لە من هۆش و خیرەد، فەهم و دیرایەت |
بەم حوسنە لەسەر عاریزی تۆ عاریزە ئێستا | بێباکیی و جەورت گەیییە ڕوتبەی غایەت |
ئەم بەندەیە بەو خەندەیە دڵ زیندووە سا دەی | تەجدیدی بکە عومرم، ئەوا هاتە نیهایەت |
ئازاری دڵی خۆت مەدە ئەی واعیزی مەجلیس | فەرقی نییە لای ئێمە چ وەعز و چ حیکایەت |
بێ پەردە لەگەڵ زێوەر ئەتۆ هاتییە مەیدان | نەتخستە موعەمما و دەرت کرد لە کینایەت |
پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت
[edit]پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت | بریندارم بە تیری غەمزەیی دوو چاوی فەتتانت |
هەناسەم ئاسمانی گرتە بەر، بێ توڕڕەیی لوولت | سوروشکم لەعلی ڕوممانە بەبێ چیهرەی درەخشانت |
نەسیمی سوبحدەم جارێ لە عەتری زولفەکەی بێنە | دەوای هەر دەردە، تەقسیرێ مەکە، جانم بە قوربانت |
ئەمن وەک زەڕڕەیی بێ جیلوە، تۆ خورشیدی عالەمگیر | چلۆن دەستم بگاتە خاکی پاکی چاکی دامانت |
ئیرادەم وایە تەرکی عالەمی دنیا بکەم یەکجار | ئەگەر نەمخاتەوە داوی هەوای کاکۆڵی ئەفشانت |
بە ئوممێدی سەحابی فەیزی تۆیە گوڵشەنی سینە | دەروونم لالەسان داغە بە شەوقی بەرقی هیجرانت |
لە دەورەی لەعلی لێوت قافڵەی خەت باری خۆی لێ خست | بە غەیری زێوەر ی بێدڵ نەما توشنەی زەنەخدانت |
ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت
[edit]ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت | شکستی دا بە تابووری خەیاڵم تیپی موژگانت |
ئەتۆ وەک یۆسفیی و من لە چاهی میحنەتا بەندم | ئەما من دیم لە خەودا کەوکەبی ڕوخساری ڕەخشانت |
بە شمشێری برۆ ئەمڕۆ سوپەهسالاری خووبانی | مەگەر ئینسان لە ڕۆحی خۆی ببوورێ بێتە مەیدانت |
خوا شەوقێکی وای بەخشی بە دڵ قەت تێر لە تیر نابێ | لە موغناتیس گەلێ جاذیبترە بۆ جەزبی پەیکانت |
ئەگەرچی نائومێدی باغی وەسڵی تۆم ئەما ناڵێم | بە تاراجی خەزانی ئاهی من چێ باغ و بوستانت |
شەرابی عەهدی جەم بۆ کەی، دەخیلم هەستە سا، ساقی | بینای فەقر و غەمم لابە! بە جیلوەی جەور و جەولانت |
دڵی زێوەر بە غەمزەی چاوەکەت مەشکێنە جێی خۆتە | تەرەححوم کە لە ڕێگای لوتف و عەهد و شەرتی جارانت |
شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت
[edit]شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت | فڕاندی تاعەت و تەقوا و عیبادەت، زوڵفی زوننارت |
بە قەد سەروە، بە دەم غونچە، بە چاو نێرگس، بە ڕوو وەک گوڵ | سەراپا باغی حوسنی جانفەزایە باغ و گوڵزارت |
لە ئەوقاتی تەغافول قیمەتی چینە نیگاهێکت | خەتایە، نرخی دنیایە نیگاهی چاوی بیمارت |
بە باڵا سەروە، ڕەفتاری وەکوو کەبکی دەری وایە | فیدای باڵایی بەرزت بم فیدای عینوان و ڕەفتارت |
بە ڕۆح هاتوونە سەودا، بۆ تەماشای موشتەری ناکەی | لە سایەی شەککەری لێوت عەجایب گەرمە بازاڕت |
بە باڵای بەرز و سوخمەی سەوز و تەرزی دڵبەری تاقی | کەوا تاقەی عیراقی، زۆرە وەک یۆسف خڕیدارت |
تەشەککور لازمە زێوەر لە ئاساری وەفا و میهری | عەجەب تەئسیری کردە ئەو دڵە ئەفغان و هاوارت |
ئەنجومەن ئارایە ڕوویی ئەنوەرت
[edit]ئەنجومەن ئارایە ڕوویی ئەنوەرت | تووتیایە بۆ بەسەر خاکی دەرت |
زەمزەمە یا کەوسەرە چاهی زەنەخ | لەعلە یا یاقووتە لێوی ئەحمەرت |
کەسبی هاڕووتی ئەکا چاوی ڕەشت | چەندە فەتتانە جەماڵی ئەسمەرت |
بێ سەبەب لێم زویر ئەبی لێم دوور ئەبی | جان و دڵ هەر دوو بەقوربانی سەرت |
حوسنی بێ پەردەت پەسەندی عالەمە | بێ موبالاتی لە زیب و (زێوەر) ت |
چ شیرین جیلوەیێکی گرتووە سەوزەی کەوا شیرداخ
[edit]چ شیرین جیلوەیێکی گرتووە سەوزەی کەوا شیرداخ | کە وا شێر داخ ئەکا شوعلەی نیگاهێکی کە بێ گوستاخ |
هوجوومی کردە موڵکی دڵ سوپای موژگانی گەڕیاوە | بە میسلی عەسکەری عوسمانیی و تەسخیرەکەی سابڵاخ |
سوپاهی حوزن و غەم جەمعن لەلام، ئاهم فەلەکگیرە | بەڵێ بۆ زینەتی لەشکر ئەبێ ئامادە بێ بەیداخ |
هەموو دڵ عەکسی تۆی بۆ خۆی بەوەجهی یادگاری گرت | لە نوسخەی موعتەبەر بێ غایەتە جۆبایی ئیستینساخ |
بە یادی شەهدی لێوی دڵبەری زەنبوور قەد، دائیم | سەراپا جەرگ و دڵ وا لەتلەتە تێیدایە سەد سۆراخ |
کە نەگریم و نەناڵێنم لە دووریی تۆ ئەبێ چ بکەم؟ | نسیبی عاشقی بێچارە شەو گریانە ڕۆژیش ئاخ |
ئەگەر ئەهلی کەماڵی ڕوو لە ئارایش مەکە هەرگیز | لە مەعنا تێفکرە، مەنواڕە ڕوخسار و سەر و ساچاخ |
چ زاهیربینن ئەهلی ئەم زەمانە فەرقی کەس ناکەن | مونەووەر دڵپەرێشانە بە شانەی پۆشتە و پەرداخ |
لە کەس ناترسێ بۆیە حاڵی زێوەر ئێستە ناپرسێ | چ موحتاجە بە مورغی خانەباز و وەحشیی سەرشاخ |
کەسێ تەشبیهی باڵای تۆ بە سەروی نەونەمامی کرد
[edit]کەسێ تەشبیهی باڵای تۆ بە سەروی نەونەمامی کرد | زمانی لازمە ببڕن بڵێن تەرکی کەلامی کرد |
لە بەردەم کەعبەیا گەر مەنعە، سەییادیی لەبەر چی بوو | لەبەر میحرابی ئەبرۆتا دوو چاوت قەتڵوعامی کرد |
بە مەدحی ڕووی و مووی و قامەتی ڕێکت زمان لاڵە | ئەگەر چی دڵ بەپەنهانی خەیاڵێکی تەمامی کرد |
ئەتۆی ڕۆژێ کە پێت دانا لە خانەی سینەما دڵ ڕۆی | عەجایب قەدری میهمانی نەگرت و زوو قیامی کرد |
مەڵێن: مورغی دڵت بۆ چی گرفتاری نیگارت بوو | بە غەممازیی هەزارێکی وەها مەحبووسی دامی کرد |
نیگاهێکی نەکردە قەلبی زارم دڵبەرم ئەمڕۆ | وەکوو ئاهوو، وەکوو تاووس بەبەر چاوما خەرامی کرد |
سەبا! گەر تۆ بە کۆی جانانە واسڵ بووی بڵێ: زێوەر | لە حەسرەت ئیشتیاقی تۆ بەجارێ تەرکی کامی کرد |
زاهید وەرە ئەمجارە بکەن تەرکی هەموو کار
[edit]زاهید وەرە ئەمجارە بکەن تەرکی هەموو کار | بێنە نەزەری دڵبەری پڕ دانشی عەییار |
ئەی شێخ و مەلا پیر و جوان ئێوە لەبەر چی | نایێنە تەماشا و نیگەهی ڕۆژێ دوو سەد جار |
شەو ڕۆژە، بە ڕۆژ ڕۆژ ونە حەیران لە فەلەکدا | وەختێ کە لە ماڵ بێتە دەرێ تورکی ستەمکار |
ڕوومەتگوڵ و مووسونبول و قەد وەکوو عەرعەر | بۆ سەیری ئەوەستن لە سەما سەبعەیی سەییار |
میحرابی برۆی جووتە وەکوو قەوس و موژەی تیر | تێی کردووە ڕوو ئەرمەنی و شیعە و کوففار |
ئەی دڵ بە عەبەس ناڵەیی بێ فائیدە بۆ چی | تەئسیری نییە ناڵەیی عاشق لە دڵی یار |
زێوەر! بەسە زاری کە لە زاریت هەموو عالەم | بێزارن و غەمبارن و ئەندۆهـ و دڵازار |
یەک لەحزەیی ویسالت ئەی ماهی میهرپەروەر
[edit]یەک لەحزەیی ویسالت ئەی ماهی میهرپەروەر | نایدەم بە تەخت و تاجی دارا و موڵکی سەنجەر |
کێ بێ بەرابەرت بێ، موژگانی خەنجەرینت | جەوهەر دەبا لە خەنجەر، خەنجەر ئەدا لە جەوهەر |
یاڕەب حەیاتی ئێمەی بۆ خستە ناو هیلاکەت | دەم چەشمەیی حەیاتم مەحبووبی چیهرەئەسمەر |
هەر کەس بە دەردی عەشقت سووتا دەروونی ڕوونی | بۆ ئاتەشی مەسائیب دەڕوا وەکوو سەمەندەر |
ماددەی نیشاتی ئێمە یا هیجرە یا گرینە | بۆ فێعلی عاشقان تا ئەو شۆخە بۆتە: مەسدەر |
مەنوێنە دیدە جانا، بنوێنە ئاینەی ڕوو | تا ڕووی ببێتە بەربەند ئایینەیی سکەندەر |
دەنووکی وەک قوڵنگە بۆ سەتحی سەفحەیی گوڵ | بولبول ئەگەر ببینێ یەکدەفعە ڕوویی دڵبەر |
زێوەر لە تەعنی زاهید بێباک و بێخەیاڵە | کەی خەوف ئەکا لە مالوم ڕەندمەشڕەبی قەلەندەر |
چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر
[edit]چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر | ئاگرت بەردایە خەرمانی وجوودم وەک شەرەر |
زوڵمەتی ئابی حەیاتە گیسووانی عەنبەرین | یا وەکوو هالە لەناو خۆی گرتووە شوعلەی قەمەر |
دەمبەدەم هەر لەحزە، هەر ساتێ ئەناڵێنم بەجۆش | ئەی خوا سا کەی حەبیبم سەر لە ماڵ بێنێتە دەر؟ |
سەبر و هۆشم چوو بە تاڵان ئەقڵ و فامیشم نەما | لەشکری دەرد و فیراقت حەملەیان هێنامە سەر |
بەس ببارێنە سوروشک ئەی دیدە ڕەنجت بوو عەبەس | بەس بناڵێنە ئەتۆ ئەی دڵ لە یار ناکا ئەسەر |
ئیلتیفاتێکی نەماوە گاهگاهێ دڵبەرم | بۆ نەکەم خاکی هەموو دنیا بەسەر، خاکم بەسەر |
ئینتیخابی کردووە زێوەر لە دنیادا یەکێ | دەستی لێ هەڵناگرێ گەر بێتە ڕێی سەد شۆر و شەر |
سوبحی گوڵشەن کەی ئەگاتە لەززەتی لەیلی ویسال
[edit]سوبحی گوڵشەن کەی ئەگاتە لەززەتی لەیلی ویسال | شەمعی مەجلیس کەی بەرابەر بوو لەگەڵ شەوقی جەماڵ |
پڕتەوی نووری جەبینت لالەیی هەر مەجلیسە | شەوچرای بەزمی دڵانی، بێیتە مەیدانی خەیاڵ |
شاهڕاهی کۆیی تۆ هەر وەک تەریقی جەننەتە | هەر کەسێ ئەو ڕێگە بگرێ هاتە سەر ڕێگەی کەماڵ |
دەستی من ناگاتە داوێنت، لە ئەوجی عیززەتی | من گەدایی بێنەوا، تۆ پادشای ساحێب جەلال |
دەفعەیێ سا شادمانم کە بە وەعدەی وەسڵی خۆت | تابەکەی عومرم گوزەر کا هەر لەڕێی هیجر و مەلال |
بادیەی غەم بێ دەلیلە دڵ لەناویا کەوتووە | چاوی لوتفی خۆتی سەرخە بێ بە سەرچەشمەی زوڵاڵ |
نەونیهالی ئارەزووی هەرکەس زەڕە گەر بێ زەڕە | ئیعتیباری هەر کەسێکە زێوەر ئێستا نەقد و ماڵ |
هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل
[edit]هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل | ئیللا لە گەردنی تۆ دەستم بکەم حەمائیل |
دەریایی غەم شەپۆڵی یەلکانی جیسمی هەڵدا | تێکچوو وجوودی نابوود، کەوتۆتە گێژی هائیل |
ساقی بە عەشقی پیرت چاوم لە دەستی تۆیە | دەستی کەرەم پەیاپەی مەگرە لە مەردی سائیل |
ئەی عاریفی حەقیقەت، وەی سالیکی تەریقەت | پیری موغان پەنایە بۆ حەللی هەر مەسائیل |
عەکسی جەماڵی جانان شەوقی لە هەر دڵێ دا | گەر کێوە زوڵمەتی غەم زوو بوو وجوودی زائیل |
هەر ناڵەناڵی دڵمە وەک قومریێکی بێ باڵ | تاکەی ببێ بە وەسڵی ئەو سەر و قەددە نائیل |
دیسان ڕەقیبی وەک سەگ ڕووی کردە ئاسکی ماڵی | کوا ساحیبی دیانەت مەنسووسە دەفعی سائیل |
عومدەی مەرامی عاشق جەلبی دڵی نیگارە | وەک فەزڵەیە لەلای ئەو، سیم و زەڕ و فەزائیل |
چۆن نامەیێ بنووسێ وەختی فیراقی جانان | زێوەر کە وا سوروشکی وەک سەددە، بۆتە حائیل |
لە گۆشەی حوزندا ماوم زەلیلی کونجی هیجرانم
[edit]لە گۆشەی حوزندا ماوم، زەلیلی کونجی هیجرانم | دڵی خۆم زۆر بە خۆم سووتا لە چاوی پڕ لە گریانم |
ئەگەر حاڵم ئەپرسی -دوور لە چاوت- کوێرە بیناییم | بە ڕەنگی پەرچەمت ئەمڕۆ سییەهـ ڕۆژ و پەرێشانم |
هەتا کەی مەستی خوابی غەفڵەتی ئەی بەخت، ئیمدادێ | لە تەئسیری منیش یەکبارە شێواون ڕەفیقانم |
قوسوورم گەر هەیە قوربان وەرە ئەمجارە بمبەخشە | هەچی کردوومە، کردوومە، پەشیمانم، پەشیمانم |
بە نیمەنازەکەت ڕووحم، بە نیمەخەندە دڵ حازر | خەیاڵی خام نەکەی هەرگیز ئەمن هەر عەبدی جارانم |
بەمیسلی مووری بێچارە لەبەر پێی هەر کەسا کەوتووم | هەتا ڕەنجیدەخاتر بێ لە من شاهی سولێمانم |
مەڵێ زێوەر چییە، بێ جەوهەرە من تالیب بە ئەو نابم | لەبۆ قەتعی غەمی قەلبت وەکوو تیغی خوراسانم |
قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم
[edit]قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم | حەسرەتی ئاوی حەیاتە قەترەیی گریانی خۆم |
تۆبەیێکم کردووە وەک کێوی ئاسن مەحکەمە | تا لە دونیادا بمێنم عەشقی چاومەستانی خۆم |
نیعمەتی دنیا سەراسەر با لەبۆ تۆ بێ ڕەقیب | بەسمە تەنها فیکری بیکر و جیلوەیی جانانی خۆم |
دەشتی تەنهایی چ خۆشە بۆ منی پڕ غائیلە | چونکە تەنها غار ئەکەم هەم ئەسپ خۆم مەیدانی خۆم |
تازە تەڵقینم ئەکەی لادەم لە عەشقی گوڵڕوخان | تووخوا لێم لادە واعیز دینی خۆم ئیمانی خۆم |
من بە سەد ئیسویچرە و چین و خەتای ناگۆڕمەوە | ئەرخەوانی گردی سەیوان، ئاوی کانێسکانی خۆم |
بۆ چی بوختان کەم کە شەیتانە گوناهم پێ ئەکا | من چ شەیتانم نییە هەر نەفسمە شەیتانی خۆم |
بۆیە زۆر پێم خۆشە پیریی و خەمیدەقامەتی | چونکە دەستم هەر دەگاتە گۆشەیی دامانی خۆم |
سەیلی عیسیانم ئەگەر دیجلە و فوراتە قەترەیە | سەددەیی ڕێگەی نەجاتە پادشای گەیلانی خۆم |
لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم
[edit]لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم | وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم؟ |
لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ | تەشەببوس گەر بە کەشتیی نووحی إلاالله نەکەم چ بکەم؟ |
مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە | لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم |
ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم | بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپیی خوا نەکەم چ بکەم |
لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی | بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم |
بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم | لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم |
ئەڵێن: ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات | وەکوو زێوەر بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم |
بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم
[edit]بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم | بەرقی غەمی تۆ ئاگری بەرداوەتە ماڵم |
پەروانەم و پەروای سەری خۆم نییە بێ تۆ | دێوانەم و سەحرا بووەتە خانە و ماڵم |
پەنجەم وەکوو تیشە لە فیراقت لە فەرقدا | فەرهادم و کوا ئەرمەنیی دیدەغەزاڵم؟ |
خاڵی سیەهت کەوتە ئەسەر لەعلی بەدەخشان | بۆ نەیکەمە قوربانی لەبت فیکر و خەیاڵم |
بۆ پەرچەمی پڕ چینی ئەتۆ ڕۆحە فیدای بێ | بۆ قیمەتی ماچێکە دەبەخشم سەر و ماڵم |
هەر چەندە کە توڕڕەی وەکوو ڕێحانەیی باغە | پابەندی ئەوێ نیم و ئەسیری خەتوخاڵم |
هیجرانە لە یاران و ڕەفیقان و عەزیزان | مەعلوومە کە وەک قومریی بێچارە دەناڵم |
دوێنێ کە لە جانیب منەوە تووشی خەفەت بووی | یاڕەببی دەسی من بخەیە کۆتەیی زاڵم |
مەشغووڵی خەیاڵی لەبی لەعلی نمەکینە | ساعات و دەقیقە، شەو و ڕۆژ و مەهـ و ساڵم |
ڕەحمت لە دڵا بێت و نیگاهێ بەسە بۆ من | گاهێ بەغەڵەت تۆ خەبەرێ بگرە لە حاڵم |
زێوەر بەتەمای میهر و وەفای تۆیە ئەگەر چی | نەیدیوە بەجوز یاری جەفاپیشە و زاڵم |
چریکەی بولبولی دڵ شۆڕشی ئەفغانی پڕ جۆشم
[edit]چریکەی بولبولی دڵ، شۆڕشی ئەفغانی پڕ جۆشم | چ خۆشە! گەر بگاتە سەمعی یاری مەست و مەدهۆشم؟ |
بە نەشئەی چاوەکەی مەستم، کە وا ئوفتادەیی خاکم | وەگەر نا عالەم ئەیزانێ نە بەنگکێشم نە مەینۆشم |
لە داغی لالەیی چیهرەی ئەڕێژێ دیدە سەیلی خوێن | لە حەسرەت سونبولی زوڵفی وەکوو عەبدی سیاپۆشم |
لە هیجری خوسرەوی خووبان و شیرینی زەمان هەرگیز | نەکیسا و باربود ئەمشەو سەدای نایێتە بەر گۆشم |
نەوەک هەر کوشتەیی تەعنەی ڕەقیب و تیری ئەعداتم | زەلیلی تالیعی خۆم و ئەسیری پەرچەمی تۆشم |
مەڕەنجێ گەر دەهانبەستە و زوبان لاڵم لە خزمەتدا | لە گریە و ناڵە و شێوەن وەکوو پەروانە خامۆشم |
چ موحتاجە بە زێوەر ئەو کە ماهـ و شاهی خووبانە | فەریدی عالەمە، بۆیە بە جیلوەی قەددی مەدهۆشم |
ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم
[edit]ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم | لەو وەسفی دەمی بەستەیەتە بەستەزوبانم |
بێزارم و بێ زاری شەوم نەبوە کە بڕوا | بێ تەلعەتی ئەو شەمسەیە تاریکە ژیانم |
بۆ سەیری ڕوخی ئاتەشییەت! بوومە مەجووسی | لەم عەسرە منیش واریسی زەردەشتی زەمانم |
چاوت کە گەلاوێژە سووها ڕەنگە گەلاوێژ | هەر دەربکەوێ لەرزە ئەخاتە دڵ و گیانم |
تەسویری گوڵ و باخچە ئەکەن غەیری گوڵی ڕووت | حەیرانی غەڵەت کردنی ڕەسسامی جیهانم |
ئەو ڕوویی فەرەحئاوەرە وەک فەجری بەهارە | من لەو ڕووەوە هەرچی بڵێم ڕووتە بەیانم |
دوورن لە هونەر هەرچی هەیە ساحێبی دینار | مەمنوونی پەلی پینەچیی و شانی سەپانم |
وا مەستی مەیی غەمزەیی خوونڕێزی نیگارم
[edit]وا مەستی مەیی غەمزەیی خوونڕێزی نیگارم | تا ماوە جیهان باقییە مەستیی و خومارم |
وامیق بە خەیاڵاتی سەری توڕڕەیی عەزرا | وەک من نەبوو سەودازەدەیی پەرچەمی یارم |
حەسرەتزەدەیی حوسنی ئەیازی بە نیگاهێ | سەد غەزنەوی ناگاتە مەقامی دڵی زارم |
گیرۆدەیی نەمروودمیزاجێکە دڵی من | بێ بتشکەنی داخڵی ناو کوورەیی نارم |
غەم عەینی تەمی کۆهی دەماوەندە لەسەر دڵ | ئەمما بە سوروشکم وەکوو ئەڵوەندە کەنارم |
مەقسوودی دڵم وەسفی بینای میهر و وەفایە | بێ میهر و وەفا زەحمەتە ئارام و قەرارم |
وا تێ مەگە زێوەر کە بەبێ ڕوویی تۆ شادە | بێ تۆ شەوە ڕۆژم، بە خودا ناڵەیە کارم |
دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم
[edit]دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم | سەروی چەمەنە قامەتی دڵجوویی برایم |
نەخشینە بە نووکی قەڵەمی سونعی ئیلاهی | دنیا ئەگرێ قووەتی بازوویی برایم |
فیکرم هەموو ڕەنگینە لە فەیزی دڵی خوێنین | ئەی من بە فیدای خەنجەری ئەبروویی برایم |
ئەستێرەیی ڕوخساری دڵی عالەمی سووتان | بورهانی مونەججیم بوو مەگەر ڕوویی برایم |
بیستوومە بە دام و بە شکار ئاسک ئەگیرێ | ئینسان ئەگرێ دیدەیی ئاهوویی برایم |
دەعوایی شەهادەت ئەکەم جەننەت ئەگەر بوو | تاری کفنم ڕوشتەیی گێسوویی برایم |
ئەو نیعمەتە پڕ لەززەتە ڕۆژێ کە ببینم | دەستی من ئەسەر گەردن و ئەستۆیی برایم |
بەدبەختییە ئازادی لە زنجیری مەحەببەت | بەم ڕەنگەیە تا سیلسیلەیی موویی برایم |
زێوەر بەحەزەر بە ئەمە ئاشووبە پەیا بوو | ئیمان ئەدزێ قووەتی بازوویی برایم |
بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم
[edit]بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم | گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم |
زەلیلی لەیلی بێ مەیل، مەجنوونی کۆهـ و دەشتم | بێ یار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشییانم |
تکا، شکا، بە جارێ شەراب و شیشەیی دڵ | ئەسراری مەخفییاتم کەوتۆتە سەر زوبانم |
مەنواڕە جوستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من | شیرینە قیل و قالم مەدداحی دڵبەرانم |
لە داغی باغی ڕووی ئەو وەک عەندەلیب ئەناڵم | تەزەروی سەروی باڵای، بێ ئافەتی خەزانم |
من پەستی شەستی دەستی چاومەستی دیدەشەنگم | موحتاجی باجی ماچی ڕوومەتگوڵی جینانم |
دڵ بۆتە بۆتە بۆ تۆ پڕ نار و پڕ حەرارەت | سووتاوە دڵ ئەمێستا خەریکی حیفزی جانم |
هەمیشە حیلەبازی، جارجارە دڵنەوازی | گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم |
زێوەر غوڵامی خۆتە، ئەم جەورە حەیفە خووتە | مەمنوونە گەر بفەرمووی: تۆ عەبدی ئاستانم! |
بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان
[edit]بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان | نەمزانی وەفا و شەرت و قەرارت نییە قوربان |
چاوبازەکە! پڕ نازەکە! غەممازەکەیی خۆم | باعیس بە چییە مەیلی شکارت نییە قوربان |
بۆ چی بە هەموو وەقت و زەمان ئێستە نەناڵم | وەک عەهدی قەدیم بۆس و کەنارت نییە قوربان |
غەمبار و خەفەتبار و دڵازار و حەزینم | لەو ساوە لەگەڵ من سەروکارت نییە قوربان |
عاجز مەبە ئەم عالەمە گەر تالیبی ڕووتن | لەم حوسنی خودادادییە چارت نییە قوربان |
بۆچ دەعوەیی سوڵتانیی خووبان نەکەی ئیمڕۆ | بۆچ لەعلی لەب و چاوی خومارت نییە قوربان؟ |
وەک بەچچەیی ئاسک لە دڵی زێوەر ئەکەی ڕەم | ئەمما لە ڕەقیب مەیلی فیرارت نییە قوربان |
چ شیرینە چایی لە فەسڵی بەهاران
[edit]چ شیرینە چایی لە فەسڵی بەهاران | لەگەڵ یاری سادق لەگوێ جۆیباران!؟ |
بە خەندەی نیگاری بە گریەی سەماوەر | زەمین وەک سەما بێ بە بەرق و بە باران |
موغەننی بە پەردەی عێراقی بخوێنێ | خودا نازی لێ گوم نەکا نازداران |
ئەسیری مەحەببەت بی، ئازادی عالەم | نەناسی بەجوز جیلوەی گوڵعوزاران |
ئەگەر وایە بەزمت بە حەققەت بەهەشتە | فیدای بێ هەزار مەجلیسی بادەخۆران |
ئەوا بوویتە سوڵتانی ئێران و تووران | چلۆن دێتەوە شەوقی جاران و یاران |
بەسی بێ خەیاڵاتی بێهوودە زێوەر | وەکوو شێت مەگەر بگری ڕێی کۆهساران |
پێم خۆشە تەماشای قەدت ئەی سەروی خەرامان
[edit]پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان | جارێ بە کەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان |
ئەو نەختە خەیاڵاتە کە وا ماوە لە سەرما | بێ میهری ڕوخت ڕەفعە بەیەک دەفعە لە سەرمان |
ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی | مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان |
بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت | تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان |
جێ زەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا | چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان |
زێوەر مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت | ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان |
ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن
[edit]ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن | هەر یەک بە جەماڵ یۆسفی با جاهـ و جەلالن |
غیلمانسیفەت سوندوس و ئیستەبرەق ئەپۆشن | سووڕەت بەشەرن مەعنی هەموو حوورخیسالن |
هەریەککە بە دۆش کاکۆڵی ئەفشان و بڵاوە | هەر سوبحدەمێ مونتەزیری بادی شەماڵن |
ئەم شارە وەکوو بەحر و لەنێویا کە موقیمن | بەعزێ سەدەفی گەوهەر و بەعزێکی لوئالن |
مەقبووڵی شەهەنشاهن و مەتبووعی سەلاتین | مەعلوومی عەوامە کە بەبێ شیبە و میسالن |
سووڕەتگەری چین بێتە ئەمێ سەنعەتی نابێ | هەر یەک مەلەکێ خاریجی ئیدراک و خەیاڵن |
غەممازن و پڕ نازن و مەحبووبی زەمانن | شەمس و قەمەرن، زوهرەیی باهۆش و کەماڵن |
شازادە و بەگزادە، هەموو ئەنجەبی خەڵقن | وەک خونچەیی پەروەردەیی ئاوێکی زوڵاڵن |
خۆت تووشی بەڵا قەت مەکە زێوەر کە ئەزانی | ئافاتی دڵ و دینن و مەنناعی ویساڵن |
لە عەشقی دوختەری ڕەز هەر لە کێوان
[edit]لە عەشقی دوختەری ڕەز هەر لە کێوان | بەجارێ بوومە شەیدای باخی مێوان |
مەیی وەک لالەیی نوعمان حەڵاڵە | بە فتوای من بەیادی لەعلی لێوان |
لە خەو هەستا بە زولفی ڕووی پۆشی | بەیانی کرد بە شەو عوششاقی شێوان |
دڵی بێچارە وەک کۆتر هەڵ ئەفڕێ | لە ترسی چنگی چاوبازی مەریوان |
ڕەقیب بای دایەوە بۆ فیتنەبازی | خوا بیخاتە بەر بای دەستی دێوان |
موژەت ئوردوویی چەنگیزخانە ئەمڕۆ
[edit]موژەت ئوردوویی چەنگیزخانە ئەمڕۆ | هەموو موڵکی دڵم وێرانە ئەمڕۆ |
لە دەست ئەو پەرچەمی وەک ماری زوححاک | هەموو تیفلی دڵێ بێجانە ئەمڕۆ |
مەگەر گۆیا هۆلاکۆیە دوو چاوت | لەگەڵ شەوقی کە پڕ فەرمانە ئەمڕۆ |
عورووسە یاخۆ دەقیانووسە ئەبرۆت | عەدوویی ساحێبی ئیمانە ئەمڕۆ |
موعەللیم دەرسی نازی ڕووتی پێ وت | کە وا چاوت لە ڕووت حەیرانە ئەمڕۆ |
عەبەس واعیز ئەکا مەنعم لە عەشقی | مەگەر دێوانەیی دیوانە ئەمڕۆ |
لە پەی کێوانە زێوەر هەر وەکوو شێت | فوغانی واسیڵی کەیوانە ئەمڕۆ |
دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ
[edit]دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ | شۆراوی سوروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئەمڕۆ |
لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی | ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئەمڕۆ |
کۆبوونەوە حەججاجی خەیاڵم لە مینای دڵ | شەیتانە ڕەقیب ڕەجمی لەلام ئەلزەمە ئەمڕۆ |
خاڵت حەجەرولئەسوەدە، بەرناکەوێ ماچی | دەستم کە بگاتێ سەبەبی ڕوتبەمە ئەمڕۆ |
جان و دڵی من بۆتە سەفا و مەروە لەبۆ تۆ | ڕاکەی لە دڵا جانە! کە جێی مەقدەمە ئەمڕۆ |
شەو تا بە سەحەر موزدەلیفەی حوجرەیە جێگام | ئەمما عەرەفەی کۆیی ئەتۆ جێگەمە ئەمڕۆ |
مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار | دوو ڕووکنیی شامیی و ئەڵێی پەرچەمە ئەمڕۆ |
لبيك و سعديك ئەڵێم: لەحزە بە لەحزە | یەعنی لە حوزوورت قەدەمم مەحکەمە ئەمڕۆ |
زێوەر وەکوو حاجی لە تەوافایە هەمیشە | ئەم تەوفی ویداعی نییە لەو بێ غەمە ئەمڕۆ |
نەوبەهاری باخی حوسنم مات و غەمگینم، مەڕۆ
[edit]نەوبەهاری باخی حوسنم! مات و غەمگینم، مەڕۆ | بۆ نمای قەددی لەتیفت چاو پڕئەسرینم مەڕۆ |
مەنبەعی عەیش و سەفای ساحیبدڵانی چاوەکەم | تەڵخە عەیشی ئێمە بێ تۆ، ڕۆحی شیرینم مەڕۆ |
زیندەگانی، شادمانی، واسیتەی هەردوو ئەتۆی | مەمکوژە -قوربان- بە هیجرت قووەتی دینم! مەڕۆ |
سەفحەیی دیدە بە خەتت و خاڵی تۆ ڕەنگین بووە | کۆڵەوارم سا مەکە ئەی -ئاسکی چینم! - مەڕۆ |
من حەیاتی عارییەم تەسلیمی غەمزەی چاوتە | تاقەتی دووریم نەماوە - باعیسی ژینم! - مەڕۆ |
نەشئەیی (زێوەر) بە پیاڵەی چاوی تۆوە باقییە | سا بە مەقسوودی ڕەقیبان -دیدە شاهینم! - مەڕۆ |
گوڵبوونی قەد بولبولی تەبع ئیختیاری کردووە
[edit]گوڵبوونی قەد بولبولی تەبع ئیختیاری کردووە | دڵ دیسان مەیلی هەوایی نەوبەهاری کردووە |
ئاهووی ساحێب خەتوخاڵ هاتە مەیدانی دەروون | بازی دڵ بۆیە خەیاڵاتی شکاری کردووە |
گەر ئەپرسی ڕۆژ ئەمەند بۆ چ دێتە دەر ئاوا ئەبێ | شەوقی ڕوخساری نیگارە بێقەراری کردووە |
دوێنێ چوومە سەیری گوڵشەن شیبهی ڕووی تۆم دی گوڵێ | گوڵ کە پێی زانی: هەزار جار ئیفتیخاری کردووە |
موژدە بێ بای وەعدە ئەنگووت، پێشڕەوی هات عەندەلیب | حەسرەتا هاوتەبعی یارم (دەی) فیراری کردووە |
مەکتەبی ڕوشدیەیی سینەم تیایە کەسبی غەم | ئەی درێغ! گوڵشەن لەجێی گوڵ بەرگی خاری کردووە |
بەس دوعاکاری ڕەقیب بە زێوەر ا خۆی کەوتە غەم | ئەو بەشێکە ڕۆژی قیسمەت حەق دووچاری کردووە |
مەیتەری عەقڵم کومەیتی نەفسی زنجیر کردووە
[edit]مەیتەری عەقڵم کومەیتی نەفسی زنجیر کردووە | وەرنە جووتەی نەحسی بۆ جەبهەی فەلەک گیر کردووە |
عومری من وا زۆر نییە ئێستە زەمانی عەیشمە | دەردی عەشقی نەوجەوانێ وا منی پیر کردووە |
ڕەنگی سوورم بوو بە زەرد و قەلبی ساغم بوو بە داغ | ساحیرێکە زاهیر و پەنهانی تەغییر کردووە |
قەت لە خۆم دا من گومان نابەم قەباحەت زەڕڕەیێ | موقتەزای تەبعییە ناحەق کە خۆی زویر کردووە |
کافرێکە دەفعەیێ جوابی سەلامێکی نەبوو | سەد کەڕەت نامەم بە خوێنی دیدە تەحریر کردووە |
کەس لەگەڵ زێوەر ڕەفاقەت ناگرێ ئەو ناعیلاج | خۆی بە وێڵداشی دەسیسە و مەکر و تەزویر کردووە |
خۆراک و خەو بەبێ تۆ یەکسەر لە من حەرامە
[edit]خۆراک و خەو بەبێ تۆ یەکسەر لە من حەرامە | هاودەم ناڵینی گەرمە، غەم هاوپشت و برامە |
بام بولبول هیچ نەخوێنێ با غونچە خۆی نەنوێنێ | ئەفشان نەکا گوڵ بێنی، دنیام توونی حەمامە |
شەو کە ئەچمە ناو جێگا، ئەڵێی ئەمخەنە جێ گا | لێم تێکچوو جێ و ڕێگا سوبحم تاریکی شامە |
وڵاتێکی بێ سەردار ئاگری تێ بەر بێ یەکجار | بۆ چی بڵێم، بەهار بێت دنیا کە بێ مەرامە |
هەر خەم دەخۆم دەماودەم بێ گریانێکی سەردەم | بۆ ئەم هیجرانی تۆیە فرمێسکی ناتەمامە |
دووریت سوروری لابرد، وەڵڵاهی نووری لابرد | ڕوخساری پاکی، بێ شک، چرایی خاس و عامە |
بێ ڕوویی تۆ ئەی شاهی زەمین، ماهی زەمانە
[edit]بێ ڕوویی تۆ ئەی شاهی زەمین، ماهی زەمانە | دەردی دڵەکەم خاریجی تەسویر و بەیانە |
مومکین نییە هەر دڵ کە کەمێ عەشقی تیا بێ | بۆ تیری موژەی تۆ کە نەبووبێ بە نیشانە |
وەک خەنجەری جەللادە دوو ئەبرۆیی هیلالیت | خوونڕێژ و دڵازاری هەموو پیر و جەوانە |
تیری نیگەهت نیعمەتە بۆ عاشق ئەبارێ | ئەم کونجی غەمی من هەمە، گوڵزاری جینانە |
ئاشووبی دڵی عالەمی، جیلوە مەنوێنە | بەم قەددی لەتیفەت کە ئەڵێی سەروی چەمانە |
مەیلت هەیە زێوەر کە کەمێ سەبری بمێنێ | پەخشانی مەکە توڕڕەیی شاهانە بە شانە |
لە بەختی من ستەمکار و لەئیمە
[edit]لە بەختی من ستەمکار و لەئیمە | لەلای خەڵقی وەفادار و کەریمە |
چ حاجەت من بڵێم، سەودازەدەی تۆم | بە حاڵی عاشقانی خۆی حەکیمە |
نیشانگای تیری ئاهم وەقتی دووری | سەری کورسی و پێی عەرشی عەزیمە |
لەگەڵ ئەو مەهجەبینەی من ڕەقیبم | دەڵێی تاووس و شەیتانی ڕەجیمە |
چراغی شادمانی من هەمیشە | لە ئەترافی شیمالی غەم موقیمە |
بەهەشت و کەوسەری من وەسڵی تۆیە | ئەما دووری لە تۆ ناری جەحیمە |
چلۆن لادەم لە ڕێگای عەشقبازی؟ | بە فەتوای من صراط المستقيم ە |
لەگەڵ زێوەر وەفاداری لەتیفە | کە چونکە جانفیدایێکی قەدیمە |
من لە سایەی حوسنی تۆ قەلبێکی پڕ شادم هەیە
[edit]من لە سایەی حوسنی تۆ قەلبێکی پڕ شادم هەیە | گەرچی هەر ساتێ لەلای تۆ زوڵمی بێدادم هەیە |
سواری ئەسپی کیبر و نازی، ناتگەمێ هەرچەند بڕۆم | ناعیلاجم وەک جەرەس ئەفغان و فەریادم هەیە |
ماهی عەشقت موشکیل و وەسڵت لەڕێی هات و نەهات | بێ شکە جەولانی بێشکە و شەوقی دامادم هەیە |
ئەمری حەربم بێتە سەر بەم ئەشکە سەددی ڕێت ئەکەم | تورکی موژگانت هەیە، من چاوم ئیمدادم هەیە |
چونکە قەت ناگەم بە کۆی تۆ وەک نەسیمی سوبحدەم | هەر سەحەرگاهێ تەمەننای نیعمەتی بادم هەیە |
ئەی خوا ڕەحمت ببێ وا پێم ئەڵێ خەوفت ببێ | شیری ئەڵماسی برۆ و چاوێکی جەللادم هەیە |
من وتم زێوەر بە خەندەی لێوی شیرین مردووە | پێی وتم: مەجنوونە، وەک تۆ چەندە فەرهادم هەیە |
قوربان لە تەمی ئاهی دڵی خەستە حەزەر کە
[edit]قوربان! لە تەمی ئاهی دڵی خەستە حەزەر کە | عیسا نەفەسی، هەستە بە لای ئێمە گوزەر کە |
ئەی چیهرە مەلەک حەیفە ڕەقیب بۆتە ئەنیست | لەو جەننەت و فیردەوسە ئەو ئیبلیسە بەدەرکە |
وا جەژنە خەلایق هەموو پڕ زەوقن و شەوقن | بەو خەندەیی شیرینە جیهان پڕ لە شەکەر کە |
جەژنانەیی من ماچی دەمی تۆیە کە بیدەی | تیفلی دڵی من غەرقی حەنای خوێنە، نەزەر کە |
ڕەغمەن لە حەسوودانی من و دوژمنی باڵات | ئەم جەژنە وەرە! ئەم غەزەلە تازە لەبەر کە |
ئەو دڵبەرە ڕەنگینە کە سەنگیندڵە دایم | ئەی ناڵەیی ناری لە دڵی خەستە ئەسەر کە |
دڵ کونکونە زێوەر بە خەدەنگی موژە دایم | لادە لە دڵی، ڕووحی ڕەوانی بە سوپەر کە |
بە دوو زولفی تەنافبازت ئەڵێن دوو بەچچەعەییارە
[edit]بە دوو زولفی تەنافبازت ئەڵێن دوو بەچچەعەییارە | بە دانەی خاڵەکەی سەر ڕوو ئەڵێن: هیندوویی گوڵزارە |
بە چاوی مەست و خوونڕێزت ئەڵێن یا بازە یا شاهین | ئەڵێن: ئەو تیپی موژگانە سوپای ماچین و تاتارە |
بە جیلوەی قەددی مەوزوونت ئەڵێن وەک تاوسی باخی | لەبەر شیرینیی نوتقت ئەڵێن لێوت شەکەربارە |
چۆن ڕەحمی ئەبێ ئەو دڵەڕەق هەر وەکوو سەنگە
[edit]چۆن ڕەحمی ئەبێ ئەو دڵەڕەق هەر وەکوو سەنگە؟ | کەی نوتقی ئەبێ ئەو دەمە وەک غونچەیی تەنگە |
ئەو چاوە بە شەڕ عاشقە، من تالیبی سوڵحم | گەر سوڵحە وەگەر جەنگە دەسا فەرموو درەنگە |
کاروانی سوروشکم کە لەگەڵ ناڵە ڕەوانە | عەیبی نییە تەزیینی ڕەهی قافڵە زەنگە |
ئەو کافرە ئیسلامی هەموو خستە هیلاکەت | ڕەنگە کە بزانێ هەموو جێ دەشتی فەڕەنگە |
ئەو نەشئە کە وا ساغیری چاوی بە دڵی دا | ئوستادی هەزار کووپەمەی و نێرگەلە بەنگە |
لایق نییە هەر موردە بڵێ زیندە بە عەشقم | دەریایی مەحەببەت بە خوا بەحری نەهەنگە |
گەهـ جادووە، گەهـ ئاهووە، گەهـ تاوسی مەستە | زێوەر چییە ئەو شۆخە لە سەد هەیئەت و ڕەنگە |
حەواسم هەر وەکوو زوڵفت چلۆن شێواوە شێواوە
[edit]حەواسم هەر وەکوو زوڵفت چلۆن شێواوە، شێواوە | دڵم وەک خاڵی ڕوخسارت چلۆن سووتاوە، سووتاوە |
ئەگەر تۆ سەیری سەرچاوە و گوڵستانت هەوەس دێنێ | سوروشکم ڕەنگی گوڵزارە. وەرە سەرچاوە، سەرچاوە |
لە بەختی من ڕەقیب یاڕەببی چەندە شووم و بەدبەختە | بەرەو ڕوو هەم شەرم ناکا؛ ئەڵێ: بەو لاوە، بەولاوە |
بە مەحزی خاکساریی دەفعی کینەی ناکرێ هەرچەند | سەرم وەک ئاسمان ئەرزی لەڕێیدا ناوە، داناوە |
ئومێدی چیم بە دنیا بێ هەتاکەی مەستی غەفڵەت بم؟ | زەمانی تۆبەیە، تا شیشەی پڕ بادە نەشکاوە |
فەلەک ئاش و زەمین بەرداش و ئینسان دانەیە، یاخۆ | ئەجەل باز و بەدەن کەبکە سەدای ها ڕاوە، هاڕاوە |
ئەلا ئەی باغەبان بۆ بۆنی گوڵ سەودازەدەم ئەمڕۆ | کە هەم بۆی یارە، وا زێوەر لە دەردا ماوە، داماوە |
تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە
[edit]تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە | شکاندی نرخی نەستەرەن بە زولفی موشکبارەوە |
چمە لە مەی لە نەی لە جام، ئەگەر بە لەنجە بێتە لام | بە ڕوویی تابدارەوە، بە چاوی پڕخومارەوە |
عەرەق نییە لە عالەما، کە لابەرێ لە دڵ غەما | جگە لە قەترەئارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە |
نیشاتی من جەماڵی تۆ، بەراتی من ویساڵی تۆ | خەیاڵی من لە خاڵی تۆ بە عیشوە لێم مەشارەوە |
عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من | کە شەق بەرێ ڕەقیبی من، وەرە بە سەد ویقارەوە |
فیدایی خەدد و قەددی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە | بە بولبول و بە چڵیەوە، بە قومری و هوزارەوە |
فەرەنگڕووی زەنگموو، عەجەمسیاق و ڕووسخوو | ئەناسرێ کە کوردە زوو بە پێچی لار و خوارەوە |
نیساری زولفی عەنبەری هەموو وڵاتی گوڵعومەر | بە عەرد و بەرد و دارەوە، بە ئاوی سەرچنارەوە |
ئەمن گەیاندمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعیری | ئەتۆ گەیانتە سامیری بە چاوی سیحرکارەوە |
دەمێکە شاعیران هەموو بە شیعری ئابدارەوە
[edit]دەمێکە شاعیران هەموو بە شیعری ئابدارەوە | ئەسیری دەستی دڵبەرن بە زولفی تابدارەوە |
دەمێکە وەسفی مەی دەکەن، غەزەل بە مانە تەی دەکەن | بەجارێ مەدحی نەی دەکەن، کە دێتە بەزمی یارەوە |
دەمێکە سەرفی عومر دەبێ، لە نەعتی ئاوی خۆشی گوڵ | بە بولبولی چەمەن خوسووس بە سەروی جۆیبارەوە |
تابی هیجرانم نەماوە نووری چاوانم وەرە
[edit]تابی هیجرانم نەماوە، نووری چاوانم وەرە | ساکینی بەیتولحەزەن بووم ماهی کەنعانم وەرە |
وام لەنێو زوڵماتی غەمدا هەر تەڕەف ڕێگام نییە | تا ڕەمەق ماوە لە عومرم شەمسی تابانم وەرە |
شەهسەواری موڵکی حوسنی، من پیادەی بەردەست | ئەسپی نازت وەرمەگێڕە، شاهی خووبانم وەرە |
کەوکەبی بەختم غورووبی کرد و بێکەس مامەوە | زوو بە دەرخە شەوقی ڕووت شەمعی شەبوستانم وەرە |
من نە تریاکی و نە بەنگیم. مەستی نەشئەی چاوی تۆم | چاوەڕێی دەردی خومارم سوبحی ڕەخشانم وەرە |
تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە
[edit]تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە | ئاشوفتەگیی و تیرەگیی بەختی سییایە |
ڕووی و لەب و مووی هەمدەم و ئامیزشی یەک بوون | غونچەی چەمەن و بوردی یەمەن، موشکی خەتایە |
شمشادی قەدی سەروی خەرامانە ڕەوانە | جێگیری دڵی پادشەهـ و شاهـ و گەدایە |
چاوی کە وەکوو دیدەیی بازێکە شکاری | دڵ وەک کەوی بێچارە گرفتاری بەڵایە |
زێوەر نییە دۆستێ کە ڕەقیب تووشی بەڵا کا | مەعلوومە سەوابی ئەمە وەک حەجج و غەزایە |
دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە
[edit]دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە | تووشی سەودا بووە تا ڕۆژی ئەزەل چاری نییە |
زاهید! ئەر دیدەیی تەڕ ئەشکی هەمەڕەنگی نەبێ | لێی گەڕێن مەنعی مەکەن میحنەتی دڵداری نییە |
نیشی زەخمی موژەیی دڵبەری کەم دیوە مەگەر | هەر کەسێ تا بە سەحەر ناڵە و هاواری نییە |
هەر کەسێ فەیزی قەدەمبۆسیی ئەتۆی بەرنەکەوێ | لە قیامی عەرەساتا ئەحەدێ یاری نییە |
بۆیە پەردەی لە سەر و ڕوویی فڕێ داوە نیگار | تا بڵێین خۆی چەمەنە حاجەتی دیواری نییە |
تا لە من دوورە هەوای کاکۆڵی موشکین، دڵەکەم | سەیری باغ و هەوەسی دیدەنی گوڵزاری نییە |
زێوەر ی دەربەدەر ئەمڕۆ لە فیراقت نەفەسێ | غەیری غەم خواردن و گریانی حەزین کاری نییە |
چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە
[edit]چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە | سەیری ڕوخسارت لەباتی لالەیی حەمرا بەسە |
ڕۆیین و دانیشتن و هەستان و وەستانێکی تۆ | بۆ منی بێدڵ لەجیاتی سینەمای بەغدا بەسە |
ڕادیۆم ناوێ کە گوێ بگرم لە دەنگی ساز و نەی | لەو دەمی پڕ شەککەرەت جوێندانی بێ مەعنا بەسە |
چیم لە باسی لەشکری ئینگلیز و ئەڵمانی هەیە | لەشکری موژگانی تۆ بۆ حەملە و دەعوا بەسە |
بێمە وەسفی قامەتت فیکرم ئەوەندە بەرز ئەبێ | بانگ ئەکەن -تەییارەچی! - جەولانی بۆ باڵا بەسە |
مەتلەعی شیعرم سەریحە من کە وا شیعەی عەلیم | حوببی ئالی ئەو لەباتی نیعمەتی دنیا بەسە |
گەهـ عومەر!؟ گاهێ عەلی زێوەر سەباتێکت نییە | بەسیە دووڕەنگی و ڕیایی مەسرەفی بۆیا بەسە |
دڵی من دەرحەقی تۆ هێندە سافە
[edit]دڵی من دەرحەقی تۆ هێندە سافە | وەکوو زاهید خەریکی ئیعتیکافە |
مەکە باوەڕ بە قەولی دوشمنانم | قسەی دوشمن هەموو لاف و گەزافە |
دوو زولفت مووبەموو هاتوون بەیەکدا | لەبۆ ئەم گەردنە تەوق و تەنافە |
لەگەڵ وەسڵم بە تۆ بوو ڕۆحم ئەڕوا | وەکوو نوونی مثني لای ئیزافە |
وەرە زێوەر نەسیحەت بگرە گوێ خۆت | لە ئەم ڕێگایە لادە ڕێی خیلافە |
تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە
[edit]تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە | من کە ئیسلامم حەواڵەی کافرستانم مەکە |
کونجی عوزلەت ئیختیارم کردووە مەمهێننە دەر | عاشقم دێوانە نیم سا بەردەبارانم مەکە |
نەقشی بەست حوببت لە دڵما، ئاسمان نایباتە دەر | سا کەمێ مەیلی منت بێ دڵپەرێشانم مەکە |
دێمە بەردەرگانەکەت تەنها بەبێ یار و ڕەفیق | جاربەجار بمخوێنەوە داخڵ بە نیسیانم مەکە |
چاوی مەستت شێخ و مەللا هەر دوو حەیرانی ئەبن | وا بە غەمزە ئەقڵ و دینت برد لە ئیمانم مەکە |
بێستوون کەی وەک دڵی من تیشەکاریی لێ کرا؟ | بۆ تەحەممول وێنەیی سامی نەریمانم مەکە |
تەبعی میڕڕیخت هەیە بەو تەلعەتی وەک زوهرەیە | موشتەریی تۆم تالیبم، مەهتووکی یارانم مەکە |
زێوەرە هەرجانفیدا بێ، دڵفیدا بێ سەرفیدا | مەمخەرە دەرد و موسیبەت تووشی هیجرانم مەکە |
ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە
[edit]ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە | ئەمشەو بە یادی چاوت مەیلم لەسەر شەڕابە |
من نامەوێ حیجاز و ڕاست و نەوای عێراقی | شۆر و قەتار و حەیران بۆ من بڵێن سەوابە |
ڕووی دڵبەرێکی کوردی نادەم بە میسر و تائیف | یەک بەیتی وردی نالی نادەم بە سەد عەتابە |
دڵ دەردەداری یارە، بیمار و بێقەرارە | بەینێکە ئینتیزارە، ئەحواڵەکەی خەرابە |
مەنعم مەکە لە ناڵین ئەی شۆخی دیدەشاهین | بۆ چاوەکانی مەستت، جەرگم ئەڵێی کەبابە |
مەوجوود نەبێ ئەمانە، یا ئەو برۆ کەمانە | زێوەر بە تیری میحنەت دووچاری سەد عەزابە |
ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە
[edit]ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە | بۆ هیجری ئەتۆ دەردی دڵم بۆتە شەرارە |
ساڵ ساڵ غەمی هیجرانی ئەتۆ زیاتر ئەبینم | ئەمساڵ دڵی من تالیبی ڕووی عوشرەتی پارە |
بێڕەحمی و بێمەیلی و ناپرسی لە حاڵم | لافاوی سروشکم کە دەڵێی سەیلی بەهارە |
قوربان سەبەبی قەتلی منە سوحبەتی ئەغیار | بنواڕە دەروونم کە وەکوو کوورەیی نارە |
بۆ عاجز ئەبم هەمدەمی ئەغیار و ڕەقیبی | گوڵڕەنگیی و گوڵ دیارە کە هەمسوحبەتی خارە |
چۆن سینەیی من مەرکەزی دینار و درەم بێ | لەعلی لەبی تۆم بێ کە بەهای چین و تەتارە؟ |
گەر عاجز و گەر زویر و ئەگەر خوڕڕەم و شادی | بمبەخشە لەڕێی نەشئەی ئەو چاوەخومارە |
دڵ بوو بە ئەسیری شەهی ئیقلیمی نەزاکەت | یاڕەببی بە تای پەرچەمی بیدەی لە قەنارە |
گەر زێوەر ئەڵێن بۆ چی نەکەوتە سەری کێوان؟ | دێوانە گەلێ تالیبی نێو کووچەی شارە |
سەبەب مەهجووریی دیداری یارە
[edit]سەبەب مەهجووریی دیداری یارە | دڵم پڕ خوێن و چاوم ئەشکبارە |
تەماشای عالەمم حەسرە لەسەر ڕووی | بە دڵدا بێ خەیاڵێ ڕووی نیگارە |
لە حەسرەت ڕووی نیگارینی هەمیشە | دەروونم پڕ لە ڕەنج و پڕ لە نارە |
نەسیمی گوڵشەنم بادی سەموومە | بڵێ: گوڵ، بێ گوڵی ڕووت عەینی خارە |
مەزاقم دەردی هیجرانی ئەتۆی دی | ئیتر شەککەر لەکن من زەهری مارە |
مەکەن لۆمەم ئەگەر سەحرانەوەردم | مەکانی ئاهووان و جێ شکارە |
بەهاری عوشرەتم زستانە بێ تۆ | بەبێ من تۆ خەزانت وەک بەهارە |
نەوەک هەر من گرفتاری نیگارم | هەزارێکی وەکوو من ئینتیزارە |
عەزیزان! باعیسی هیجرانە زێوەر | بەدایم سینەچاک و بێقەرارە |
هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ
[edit]هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ | ئەما ئەو ڕەنگە سەد ساڵیش لە حاڵی من نەکا یادێ |
هەتا شیرینی دەوران و موقیمی ڕوتبەیی نازی | بە ناڵە و شۆڕش و غەوغا هەموو کەس بۆتە فەرهادێ |
تەحەییور ماوم -ئەی یاران! - لە فەننی ناز و خودبازی | چلۆن فێر بوو کە منداڵیشە، بێ تەعلیمی ئوستادێ |
گەلێکم وت بەدڵ: دانیشە دنیا پڕ لە ئاشووبە | هەتاکوو عاقیبەت گرتی کەمەندی زولفی سەییادێ |
دڵم وەک بولبولی گوڵزاری کیشمیر و سەمەرقەندە | لە سەد ئاواز ئەخوێنێ بۆ گوڵێ گەر لێی بدا بادێ |
بەوێنەی کۆهکەن زایع بۆ ناڵە و شیوەن و شینم | کە ڕەحمێکی نەکرد ئەو کافرە جارێ بە فەرهادێ |
مەڵێن زێوەر بەخۆڕایی ئەناڵێنێ و ئەکا شیوەن | گرفتارە، بریندارە، بە تیغی چاوی جەللادێ |
گرتوومە لە عالەم سەنەمێ لالەعوزارێ
[edit]گرتوومە لە عالەم سەنەمێ، لالەعوزارێ | شیرین خەتوخاڵێ چ عەجەب دیدەخومارێ! |
سەد دڵبەری چینی بەفیدای نیمەنیگاهی | سەد حوور و پەری بێ بەفیدای عیشوەیی جارێ |
باری غەمی دڵ سەهلە بە تای پەرچەمی لاچێ | بیکا بە کەمەندی دڵی میحنەتزەدە بارێ |
کاکۆڵی سیا لازمە بۆ گەردنی زیوین | گەنجێ کە ببێ لازمە بۆ حارسی، مارێ |
مومکین نییە بێ ڕەنجی عەدوو گەنجی ویسالت | وەسڵی گوڵ ئەگەر بێ نییە، بێ ئافەتی خارێ |
ڕیشەی دڵی هەڵکەندووە ڕیشووی ڕەشی مشکی | گەر هۆشی بە ڕیشوەت نەدەمێ زەحمەتە چارێ |
کامی دڵ ئەگەر بێت و ڕەوا بێ لە لەبی ئەو | تا ڕۆژی قیامەت لە لەبم شەککەر ئەبارێ |
سەر کۆهی خەفەت کەوتووە زێوەر بە تەماشا | لەو کۆهی غەم و میحنەتە ئەو نایەتە خوارێ |
نیگارا تۆ لە هەر جێگە دیاری
[edit]نیگارا! تۆ لە هەر جێگە دیاری | لە ڕووتا گوڵ ئەکێشی شەرمەساری |
بە چاو نێرگس، بە دەم غونچە، بە ڕوو گوڵ | هەمیشە ساحیبی حوسنی بەهاری |
لە پەندی ئەهلی دانیش گوێم گرانە | کە مەنعم کا لە زاریی یا لە زاری |
لە وەسفی نازکیتا دەستەئەژنۆن | هەزارێکی وەکوو نالیی و ناری |
نەهاتیمە کە وەعدت دا نەهاتی | سپی بوو، کوێر بوو چاوی ئینتیزاری |
قەسەم بەو خاکی بەر پێی تۆیە قوربان | بەشم هەر زیللەتە و هەر خاکساری |
ئەگەر تۆ بێیتە لام سەر وا لە ڕێتا | ئەگەر من بێم ئەکەم هۆشم بە دیاری |
ئەزانی، بۆچ عەزیزی تۆ لەلای من | کە پەروەردەی هەوای ناو شاخ و داری |
کە نەتبێ عەشقی باد و ئاب و خاکت | لەلام هەر ناری گەردانەی هەناری |
کەوتمە داوی نیگارێ مەهجەبینێ دڵبەرێ
[edit]کەوتمە داوی نیگارێ، مەهجەبینێ، دڵبەرێ | ئیختیارم لا نییە گەر دین و ئیمانم بەرێ |
سونبولی تەڕ ڕائیحەی کەی نەوعی زولفینت ئەبێ | نافەیی ئاهوویی چین باجە کە ئەیخاتە دەرێ |
هەر سەحەرگاهان ئیفاقەی بێ زەمانی دەردەکەم | لەش بریندارم بە تیغی دڵبەرێ، قەدعەرعەرێ |
پێم بڵێ: بۆ حەلقەحەلقە پەرچەمت کەوتۆتە مل؟ | خۆ بە قانوون و نیزام زنجیر لە گەردن ناکرێ |
ئارەقی سەر ڕوومەتت ئابی حەیاتە، زەمزەمە | هەر کەسێ نۆشی بکا تا ڕۆژی مەحشەر نامرێ |
سینە کوورە، دڵ کەباب و باوەشێنی ناڵەیە | ئاوی وەسڵی ئەو نەبێ ئەم ئاگرە دانامرێ |
بۆ بەخۆڕایی ئەتۆ زێوەر ئەڵێی من موخلیسم | کوا ڕەفیقێ؟ کوا شەفیقێ؟ تا جەوابت بۆ بەرێ |
لە غەیرە خاڵییە مەجلیس نیگاری مەهجەبین با بێ
[edit]لە غەیرە خاڵییە مەجلیس نیگاری مەهجەبین با بێ | سوراحی گەردەنێ، چاوپیاڵە، یاری نازەنین با بێ |
لە زاهید دڵ بە ئازارم لە سەیری سۆفی بێزارم | لەنێو دەیری موغانا موغبەچەی بێ دەئب و دین با بێ |
بە ناسۆر کەوتووە، زەخمی دڵم بەو زوڵفە موشکینە | بە خەندەی لێوی شەککەرباری مەرهەم بۆ برین با بێ |
لە ڕێگای دیدەوە موڵکی دڵی خستۆتە ژێر حوکمی | ئەمیری بەحر و بەڕ، سەرداری خووبانی زەمین با بێ |
خەزانی فیرقەتی هات و گوڵستان مایەوە بێ گوڵ | لە سینەی بولبولی بێخانومان ناڵەی حەزین با بێ |
بە ئەشکی ئاڵ و زەرد و سووری من ڕەنگینە کاشانە | عەجایب مێرغوزارێکە غەزالەی دەشتی چین با بێ |
با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ
[edit]با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ | لازمە ئەو ئاسکە لەولا نەبێ، لەو لانە بێ |
دیدە وەختێ تۆی لەلا حازر نەبێ وا حەز ئەکا | بۆ نەزەر لەعل و دوڕی یەکتا نەبێ، یەک تا نەبێ |
عاریفی حەقبین چ باکی زینەت و ئارایشە | وای ئەوێ ناو شار و ناو دێ وا نەبێ، دێوانە بێ |
دۆستی و خزمی نەماوە بۆ ڕەفیقی خۆی فەلاح | حەز ئەکا بەو شەرتە گەر بێ گا نەبێ بێگانە بێ |
هەر کەسێ بۆ تەرکی دڵبەر دێ نەسیحەتمان ئەکا | ئەم دوعایەی لێ ئەکەم: یاخوا نەبێ، یا خوانە بێ |
شەمعی ڕووتە بۆتە باعیس زێوەر ئێستا دائیمەن | گەر لە خاتریا کەمێ پەروا، نەبێ، پەروانە بێ |
بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە کەی بێ دەوایێ بێ
[edit]بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە، کەی بێ دەوایێ بێ؟ | بەسەر چینچینی زولفی تۆ سەحەر بادی سەبایێ بێ |
پیادەی دڵ لە سەتحی ڕێگەتا پێچوپەنای ناوێ | بە ڕوخ ماتی مەکە خەوفت لە حوکم و ئەمری شایێ بێ |
بە دوو چاو و دوو ئەبرۆ و خەتت و خاڵی شەشدەری لێم گرت | لە بنیا داشی دڵ گرژاوە، سا ڕەببی گوشایێ بێ |
بە جان و دڵ، سەروماڵ، دین و ئیمان هاتمە کۆیی تۆ | بە ڕەسمی دوشمنی لاوە، خودا تووشی بەڵایێ بێ |
لە دڵما زەهری هیجرانت بە سەد پیاڵەی شەراب ناڕوا | چ نەفعی بۆ منە موتریب بە سەد ساز و نەوایێ بێ؟ |
لە بەختی من دوو ئەبرۆت هەر وەکوو شمشێری بوڕڕانە | بە من چی بۆ ڕەقیبان گەر وەکوو باڵی هومایێ بێ |
دەڵێ زێوەر هەتا ماوم لە وەسڵت نائومێد نابم | ئومێدم هەر هەیە جارێ کە تەئسیری دوعایێ بێ |
شوعاعی شەمس و شەوقی شەمع و لەمعەی بەدر ئەبێ ون بێ
[edit]شوعاعی شەمس و شەوقی شەمع و لەمعەی بەدر ئەبێ ون بێ | لە جێگایێ کە ڕوخساری نیگاری دڵبەری من بێ |
بە دوو ڕەشماری سەرشانی دەڵێی زەححاکی سەففاکە | لە قەتڵی کەس قوسوور ناکا ئەگەر ئینس و ئەگەر جین بێ |
ئەوا مردم بەسم سا تیرەباران کە بە موژگانت | لە سەرتا بۆ بەخۆڕایی هەموو ئەخلاقی بەهمەن بێ |
لە ڕێگای عەشقی تۆدا تووشی زیندان بم لەلام خۆشە | چییە با تالیعی سستی منیش وەک بەختی بێژەن بێ |
هەتا عیشقم لە سەردا بێت و هیجرانم لە ڕێدا بێ | لە کوللی ساعەتێکا هەر دەبێ چاوم لە مردن بێ |
کە چاوی مەست و خوێنڕێژی بە غەمزە مەیلی عاشق کا | دەبێ پیاڵەی شەرابی لەعلی ڕوممانیی سەروبن بێ |
ئەگەر زێوەر لە حوببی تۆ سەعاتێ قەلبی خاڵی بێ | ئیلاهی! ئەو دڵەی دەر دەم نیشانەی تیری دوشمن بێ |
بنواڕە نەوبەهار و هەوای تەراوەتی
[edit]بنواڕە نەوبەهار و هەوای تەراوەتی | نووساندی پێکەوە لەبی غونچە حەلاوەتی |
هێنایە شەوق و زەمزەمە تەیرانی سەر زەمین | سەرما بڕایەوە هەموو توندیی و سەلابەتی |
هەورەبرووسکە بۆتە سەقا ئاوڕشین ئەکا | تا، سەبزەزاری ئەرزی موجەللا بێ سەفوەتی |
ئەم عەردە مردووە هەموو ڕۆحی کرایە بەر | گۆڕاوە سەربەسەر هەموو دنیا قیافەتی |
بادی سەبا بە جیلوە قەدی گوڵبونی لەران | گوڵ زاری کردەوە کە بکا شوکری نیعمەتی |
وەک قەدەح چاوم لەسەر دەست دائەنێم نانووم شەوێ
[edit]وەک قەدەح چاوم لەسەر دەست دائەنێم نانووم شەوێ | شەستپەڕی ڕووت تا لەناو باخی زەمانا سەرکەوێ |
ئەنجوومی ڕوویی زەمین مەحون بە نووری تەلعەتت | وەک ستارەی ئاسمان مەحون شەفەق گەر دەرکەوێ |
موتتەسیل تا سوبحدەم غەرقی خەیاڵی ڕوویی تۆم | عاجزە، تۆراوە لێم، خۆ هەر نزیکم ناکەوێ |
عاشقان هەر یەک لە پێشتر خۆ بە قوربانت ئەکەن | ڕەببی قڕیان تێ کەوێ نۆبەم کە هەر بەرناکەوێ |
گەر چی دەرمانە نیگاهت بۆ برینی نێو دڵان | تەبعی ناسازە دڵی من ئەم دەوای پێ ناکەوێ |
کافر و ئیسلام موقابیل بوون لە شاری حوسنی تۆ | باعیسی چی بێ کە ئیسلام دەفعەیێ سەر ناکەوێ! |
زێوەر ی دڵ پڕ موسیبەت بەندە بۆ خزمەتگوزار | مەیکوژە ئێجگارەکی عەبدی وەهات دەس ناکەوێ |
حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ
[edit]حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ | لە ڕێگای عەشقی تۆدا گوم ببم یەک ڕەهبەرم ناوێ |
تەماشای زولفی ئاڵۆزاو و سەرمینایی گەردن کەم | لە سەحنی گوڵشەنا هیچ سەیری عوود و عەنبەرم ناوێ |
سەعاتێ هەمنشینی تۆ ببم ئەقسایی ئامالە | ئیتر حوور و قوسوور و لەحمی تەیر و کەوسەرم ناوێ |
بە وەعزی واعیز ئەمڕۆ چونکە عالەم حاڵی گۆڕاوە | هەتا موشکیی عەلیخانی بوەستێ مێزەرم ناوێ |
ئەگەر دوو سێوی زیوینی لە باخی سینەدا دەرخا | هەتاکوو ڕۆژی مردن شەرتە تەختی سەنجەرم ناوێ |
ئەسیری حوسنی تۆم، ئازادی تەعنەی عالەمم بیللا | لەباتی خاکی بەردەرگانەکەت سیم و زەڕم ناوێ |
تەقەی دەف، حەلقەیی دەروێش، ئەڵێی نانێکی بێ خوێیە | کە نووری مەعریفەت گوم کەم چراغی ئەختەرم ناوێ |
لەڕێی تۆفانی زیللەتدا حەیاتی عارییەت مەرگە | لەگەڵ بێحورمەتیدا بارەگاهی قەیسەرم ناوێ |
گۆڤاری گەلاوێژی ژمارەی ٦ ساڵی ٩
1948
ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ
[edit]ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ | ڕەنگە لە فەلەک جەمعی مەلائیک بنوێنێ |
تیغی خەمی ئەبرۆی ئەگەر بێتە بزووتن | زنجیری ئەمەل، ڕشتەیی ئیمان ئەپسێنێ |
هەر لەحزە بە شوعلە و ڕوخی گوڵئاتەشیی خۆی | لەم بۆتەیی سینە مسی قەڵبم ئەتوێنێ |
بونیادی خەیاڵم کە ئەشوبها بە دەماوەند | هەر لەحزە بە تیرێکی موژەی دای ئەڕووخێنێ |
وا سووڕەتی وا سیرەتی هەر عەینی کەماڵە | جارجارە بە شەرمێکەوە عاشق ئەدوێنێ |
خەرمانی وجوودی بە خوا دوورە لە ئافات | هەر کەس لە دڵا توخمی وەفای ئەو بڕوێنێ |
ئیعجازی مەسیحا لە لەبی پڕ شەکەرایە | سەد موردە ئەکا زیندە و زیندە ئەمرێنێ |
ڕووحت کە بەهای عیشوە و نازی ئەوە زێوەر | لەو کافرە خۆت لادە کە دینت ئەفڕێنێ |
چاوت شەهەنشەهێکە ئەبرۆت وەکوو وەزیری
[edit]چاوت شەهەنشەهێکە، ئەبرۆت وەکوو وەزیری | بۆ قەتڵی عاشقانت موختاریی و ئەمیری |
بە تیغی ناز و حوسنی جانم شکافتەیی بوو | جەرگم بووە نیشانەی هوجوومی دەستەتیری |
دەستەونەزەر ئەوەستن تابووری عاشقانت | موشتاقی حوکم و ئەمرن لە نوتقی وەک موشیری |
ئەم دەردی عەشقە هەر گا ڕێگەی بە جێگەیێ برد | مردن نەبێ کە لای با! ناڕوا بە دەردی پیری |
هەرگیز لە دەردی عەشقی زێوەر! نەکەی شکایەت | ئێستا تەقەڕڕوبت بوو بە واسیتەی ئەسیری |
یارێکی دڵازاردەری شۆخێکی بە کینی
[edit]یارێکی دڵازاردەری شۆخێکی بە کینی | ئافاتی دڵی عالەم و ئاشووبی زەمینی |
من تابی هوجوومی سەفی موژگانی ئەتۆم کوا؟ | دایم بە کەمانی خەمی ئەبرۆ لە کەمینی |
تۆ هەر نەوەکوو دوزدی مەتاعی خیرەدی و هۆش | سەرقافڵەیی جەردەیی بارخانەیی دینی |
وێنەت ئەکەم و نایکەم و دەیڵێم و دەناڵم | تۆ یا پەریی بێ پەڕی یا ئاهوویی چینی |
مەقسوودی و مەرغووبی و مەحبووبی قولووبی | شیرینی و ڕەنگینی و خەندە نمەکینی |
هێند خەندەیی ئابدار و لەتیفە بەتەراوەت | خەوفم هەیە بتوێتەوە لێوی شەکەرینی |
شامی غەمی هیجر و ئەلەمم دێتە نیهایەت | گەر دەربکەوێ ڕووی شەفەق و سوبحی جەبینی |
گەر ڕافزی و شیمە و گەر گەبر و یەهوودە | هەرچی هەیە وەڵڵاهی منم تابیعی دینی |
موددێکە کە دوور بووم و جەفادیدە و ڕەنجوور | نەتپرسی: کە کوا زێوەر و ئەشعاری مەتینی؟ |
بە قامەت سەروی بۆستانی بە تەلعەت ماهی تابانی
[edit]بە قامەت سەروی بۆستانی بە تەلعەت ماهی تابانی | لە بەینی ماهڕوویانا وەکوو بەدری نومایانی |
لە پێشا مەدرەسە و دەیر و خەراباتم لەلا یەک بوو | دوو میحرابی برۆت کێشامییە دینی موسوڵمانی |
لە حوزنا پیری کەنعانم، عەجەب سەبری جەمیلم بوو | بەدڵ موشتاقی بۆی وەسڵم ئەلا ئەی یۆسفی سانی! |
بە دەفعی سیحری چاوانت یەدی بەیزام هەیە ئەمما | لە ئەشکی خۆمەدا غەرقم بە سەیری ڕوویی تابانی |
بەشەر مەیلی بە شەڕ زۆرە جەفات گەر کەم ئەبوو ئەموت: | لە بەینی عالەمی ڕۆحانیان مەئمووری ڕەحمانی |
بەڵێ ڕۆژی بەعیدی تۆ بە عیدی غەیر ئەشوبهێنم | حەنایی پەنجەی و بەرگم لە سایەی ئەشکی ڕوممانی |
چ حاجەت تیری موژگانی لە من دا سەرف ئەکا ناحەق | کە من بۆ خۆم گرفتارم بە تای زولفی پەرێشانی |
کەلامی شەککەرین زێوەر وەکوو ئیعجازێ ئەنوێنێ | قەمەر دوو کەرت ئەکا هەر گا کە مەیلی بێ بە ئاسانی |
مووچەم غەمە ئەمساڵ لە جەزای خزمەتی جانی
[edit]مووچەم غەمە ئەمساڵ لە جەزای خزمەتی جانی | مایەم دوڕی ئەشکە لە بەهای لەعلی لەبانی |
قومری سیفەتم نالەکونان شام و سەحەرگاهـ | تا دوورە لە من قامەتی وەک سەروی ڕەوانی |
وابەستەیی یەک بوون و حەریفی شەو و ڕۆژن | زولفی لە ڕوخا ڕوخ لە دڵا دڵ لە میانی |
کەس باعیسی قەتڵم نییە لەم عالەمە ئیللا | چاوی ڕەشی، تیری موژەی، ئەبرۆیی کەمانی |
ڕوخسار و دوو ئەبرۆ و لەبی غونچە میسالی | وەک شەمعی شەو و ماهی نەو و لەعلی یەمانی |
باوەڕ بکە هەرچی کە بڵێم، شەرحی فیراقت | ڕەنگزەرد و نەفەسماندە وەکوو شەمعی بەیانی |
تەسدیقی غەمی زێوەری بێچارە کە ناکەی | جارێ وەرە خۆت بگرە بە ئەحواڵی ئەزانی |