دیوانی حەمدی/ڵ
Appearance
1
[edit]چۆن زمانی خامە نەشکێ نەپچڕێ ڕشتەی خەیاڵ | کاسەیی پڕ مێشکی کەللە بۆ نەبێ یەکسەر بەتاڵ |
حامیی قەومی زەعیف و عامیلی عەدل و ئەمان | وا لە کوێ چۆنی بنووسم چۆن بنێرم عەرز و حاڵ |
چۆن لەژێر ئەم سێبەری گەردوونی دوونە دەرنەچم | خەسمی مادەرزادی قەومم ساحبی عەزمە و کەماڵ |
چۆن لە ساحێب قودرەتی نەوعی بەشەر تەعنە نەدەم | بۆ لە بەختی ئێمەدا ئەمڕۆ هەموویان کەڕن و لاڵ |
بۆ بەژێر بەحرا دەڕۆن و ئاسمانان کەشف دەکەن | بۆ چی ناکەن کەشفی دەردی کوردی بێ چارەی شیمال |
سەیری ناکەن وەک نیگاری لەوحی تەئریخی بەشەر | نەقشی کوڕڕەی ئەرز ئەکا وەک بەحری ئەحمەر خوێنی ئاڵ |
کێ لە قانوونی بەشەردا دیویەتی ڕاستی بڵێ | بێ قەباحەت خوێنی ئەم کوردە لە کوللی کەس حەڵاڵ |
بۆ بە دارا بکرێ پیاوی تێگەیشتووی قەومی کورد | بۆ بنێژرێ نەوجەوانی پێگەیشتووی وەک نیهال |
لەحزەیێ نەبڕا لە بەدخواهانی ئەم قەومە فەرەح | خێر خواهیش نەبوو ئانێ وا بەبێ حوزن و مەلال |
درزی ئەرزێ هەر نییە ئێسکێکی کوردی تیا نەبێ | سەگ نییە نەیخواردبێ گۆشتی ژنێکی یا مناڵ |
وا بە خوێناوی سرشک و خامەیی خامی موژەم | ئەم عەریزەم نووسی نامەرد بۆم بەرە بادی شەماڵ |
بیبەرە مێشکی هەموو ئەفرادی قەومی کوردەوە | تا لە قوڕ نیشن لە ڕۆژی ماتەما ئال و عەیال |
ڕۆژی تەئریخی لە بیست و چواری مارتا واقیعە | ڕۆژی ماتەم ڕۆژی قوڕپێوانی کوردە کوللی ساڵ |
قەت برا نابێ گلە لەم قەومی خۆتانە بکەن | دەردەدارن بۆیە ناگەن بۆ ڕەفیقانیان بە باڵ |
دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە | نەک بکا نەقلت هەتا ڕۆژی حەشر جەڕی مەقال |
1925/3/24
2
[edit]شوعلەیی ڕۆژی فیراقە ئاگری برژانی دڵ | هەر نەسیبی دوژمنم بێ قرچەیی بریانی دڵ |
دڵ شکاوم فرسەتە قابیز بکێشە ئێستە ڕۆح | فەرقی پێ ناکەم ئەگەر بمرم لە هەوڵی ژانی دڵ |
ناوی عەشق ئەرز و سەمای هێناوەتە لەرز و سەما | بۆتە جارووکەش کەچی بۆ کولبەیی وێرانی دڵ |
ڕۆحی خاقان و گوڵی فەغفوور و مەغزی قەیسەرە | ئەم خەمیرە بۆیە غەڕڕایە نەشئەی فنجانی دڵ |
چاوی لەبڕێزی سرشکی شادییە ساغیرکەشی | قەهقەهەی مینا نەخاتە بەر کوڵی گریانی دڵ |
هەر ئومێدێکی چرۆیێ داغی هەریەک غونچەیێ | مەحبەسی ئەربابی مەعنا باغە وەک زیندانی دڵ |
میسلی نەی شێرانی دڵ هەر یەک نەوایێ لێ ئەدەن | وەک جلووسی ساڵی تازەی کردبێ سوڵتانی دڵ |
ئەمری سوڵتانان هەموو تەکلیف و قەید و زەحمەتە | تووڕەیی ئازادی و ختوونی شادییە فەرمانی دڵ |
دەرکی بێ چاو، حیسسی بێ دەست، سەیری بێ پێکەی ئەکا | ئافەرم بۆ دیدەن و بۆ حیسس و بۆ سەیرانی دڵ |
ڕۆحی بێ ئیدراک و وێڵ و هەرزەگەردم بۆ چییە | ساحبی تەمکین و دەرکە دەیکەمە قوربانی دڵ |
ڕۆح بە هاتووچۆیی ئەو وەک توتیی چۆتە قەفەس | بۆ فڕین ئامادەیی وەستاوە تا وەستانی دڵ |
سەیری کەن پووش و پەڵاشی ڕوویی لافاوی بەهار | عاشقی تەمسیل ئەکا کەوتۆتە بەر جەریانی دڵ |
سووڕەتی هەرچی کە چاوم دیویەتی گرتوویەتی | ڕۆژ دەڵێی زیزانەیە کەوتۆتە سەر خەرمانی دڵ |
میحوەری ڕۆحە و ڕەئیسی هەیئەتی بەزمی وجوود | با وجوودا عەرشی ڕەحمانە ئەڵێن عینوانی دڵ |
عەشقە، شۆرە، سەوزە، سوورە، شینە، عەیشە، شادییە | فیتنەها گرتوویەتی لەم سەفحەدا دامانی دڵ |
ئەو زەمانە بۆ هەموو دەردێ دەوایان دادەنا | ئەهلی حیکمەت دەردیان داناوە بۆ دەرمانی دڵ |
حەمدی ڕەنگە دڵ پەری بێ دەست لە کاری قەت مەدە | گرتنی شێتی دەبەخشێ هارییە بەردانی دڵ |
3
[edit]چاوم لە تۆ بڕاوە بڕاوە فەڕەح لە دڵ | تۆ ڕوو دەپۆشی بۆیە لە باغا نەماوە گوڵ |
بێ ڕوویی تۆ مەحاڵە بزانم زەمینی شیعر | ئیمکانی خوێندنی نییە بولبول لە زەوقی چڵ |