دیوانی حەمدی/ح
Appearance
1
[edit]نەیدیوە شەو بە عومری بووە ئافتابی سوبح | یا ڕەب چ ڕوو ڕەشە ئەوی نەیدی حیسابی سوبح |
زاهید نوێژی سوبحی قەزا کرد کە زلفی یار | لاچوو لە ڕوومەتی وتی لاچوو نیقابی سوبح |
گەردن کەچە موقابیلی گێسوو ملی نیگار | حەیفە شەوە کە مالیکی حەڵقە و ڕقابی سوبح |
جەبهەی کڵاوی دلبەری گرت شوعلەیی جەبین | ئیشغاڵی مەشریقی کە دەکاتن تەنابی سوبح |
زوهدی ڕیایی یەک شەوی زاهید بە دینی من | ناگاتە خێری یەک قەدەحی پڕ شەرابی سوبح |
ڕۆژی خەراپ و مەستە بە جامێکی ئافتاب | دەیدا بە شەو کە ساقی عالی جەنابی سوبح |
وەک ڕۆژە حەمدی ڕوومەتی هەرکەس سەحەرگەهان | دەشوا بە دەستی شەوقی لە چەشمە و سەرابی سوبح |
2
[edit]زمانی لاڵە خامەم هەر لە باسی ئەو دەمە ئەفسەح | قسەی بێ خوێم بە زیکری بستەی ئەو لێوانەیە ئەملەح |
وتم من نیمە ئیستیعدادی سەرداری وەکوو مەنسوور | وتم حەقت دەوێ ڕیسوا بە دارا کردنی ئەسڵەح |
بە چاوی چڵکن و تیری قەزاوە بێ لەگەڵ فکرت | ڕەقیب چۆنی دەکەی تەرتیب ئەمەندە فیتنەیە پەح پەح |
لە شانەم پرسی باسی توڕڕەیی میشکینی ئەگریجەت | ئەمەندەی وت ئەمە توولی هەیە نامەرد وەلاتەشرەح |
بەهای خوێنی منی پێ نادرێ گەوهەرشوناسی دەهر | کە کردوویە بە کانی لەعل و گوهەر کوچەیی مەزبەح |
بە خامۆشی لە کن پەروانە دەرسی حوزنی خوێند حەمدی | هەتا سووتن لە مەیدانایە نابن عاریفان ئەفرەح |
3
[edit]بێنە مەی ساقی دەخیلە مەی دەدا قووەت بە ڕووح | من دەکەم کەشفی دوو دنیا هەر بەیەک چاوی سەبووح |
شێخی من تۆبەی هەزاری وەک منی دادا بە من | تۆبەیێکی کرد کە بێتە حاشیەی تۆبەی نەسووح |
پیر ئەگەر مەیلی ببێ موشکیل گوشایە نووری مەی | مەیکە شانە گەر لە عالەمدا ببێ ساحێب فوتووح |
ئاگری زەردەشت بە ئاهی عاشقی دەکرێتەوە | هەر لە چاوی عاشقێکیش دێتەدەر تۆفانی نووح |
تیری موژگانی نەڕێژێ تا بە سورمەی نازی یار | دڵ عیلاجی ناکرێ بۆ ڕشتنی چاوی جورووح |
بەزمی مەیخانەم لە تەهلیلەی ڕیا پێ خۆشترە | حەمدی گەر پەیمانەگێڕی نازەنینی بێ سەمووح |
4
[edit]من لە ئەڵتافی درۆم پێ خۆشترە جوێنی سەریح | زەهرە شەککەر خەندەیی دڵ تاڵی لێوی دەم مەلیح |
سوحبەتی ڕۆشن زەمیرانە بدا سەفوەت بە دڵ | غەیری ئاوێنە بزانم چی دەکا تووتی فەسیح |
مشتەری مشتێ لە بارێ بۆ نموونە سەیر دەکا | کافییە بۆ ئەهلی دنیا تاقە یەک ئیشی قەبیح |
پەنجەی ئەبرۆی بوو کە باسی خستە ڕوو شەققولقەمەر | پێکەنینی خاسەتەن ئیعجازی نایە دەم مەسیح |
پەندی ناسح چارەسازی تینەتی بەدخوو نییە | کەی بە کەڵکی بڵح و نامەرد هاتووە نەوعی سەلیح |
تێگەیشتوو بۆیە حەمدی عاشقی خوبان دەبن | کاری زوشتی کەس نەدی بیکا کە ئینسانی سەبیح |
5
[edit]ئەهلی دنیا نین ئەوی پیاون لە کن ئەهلی سەڵاح | گەر دەڵێن پیاوین لە دنیا بۆ دەکەن خۆیان نیکاح |
نەشئەبازانی محەببەت وەک مەلەک کۆ بوونەوە | کوا لەبی مەیگون و دیدەی ساغیر و گەردن سوراح |
شەربەتی ڕەسمی گوشادی دەمتە خوێناوم دەسا | توخودا فەرمانی قەتڵم کە بە نوتقی ئیفتیتاح |
فرسەتە ئەمڕۆ بە دڵ خاکی بەسەر داکەم سروشت | توخمی غەم بڕوێنی بەڵکو بۆ سبەینێ وەک فەلاح |
بۆ لە پێستم دەردەکەی واعیز بە وەعزی هیچ و پووچ | بەختی من کردی جەنابیشت بە جەردەی بێ سیلاح |
من لەبەر تۆ هەر وەکوو شەونم هەڵەستم دەرکەوی | بۆ دەڕۆی وەک خۆر بەسەرما بێ سەلام و بێ سەباح |
مەسکەنی دێوانەگانی چاوی لەیلایانە بەڕ | سووچی فرمێسکە لە دەریای حەسرەتا بوومە مەلاح |
حەمدی شەرحی حاڵی خۆی بۆ چی بە بە نەزم و نەسر دەکا | عەشق ئەگەر مەیلی ببێ دەیکا بە حەرفێ ئینشراح |