دیوانی حەریق/ن
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]ئەی تۆبە لە دەس ڕۆژی فیراق و شەوی هیجران! | وەیڕۆ لە هەرا و کەشمەکەشی ساعەتی حیرمان! |
هەر خۆزگە بە پارم لە فیراقی خەمی یارم | هەر چاوەنواڕم لە نیگای دیدەغەزالان |
جاران بوو کە ماڵم دەچوو باقی بوو «کەماڵم» | ئەمجارە بەجارێ سەروماڵم چوو بەتاڵان |
تا سونبولی زوڵفت بووە پەرژینی گوڵی ڕووت | نەمدیوە لە دووریشەوە عیشوەی خەت و خاڵان |
بۆ سەبزەیی نەوخێزی خەتی لالەڕوخانم | هەوری خەفەتم حازرە بۆ دیدەیی گریان |
غونچەی ئەمەلم چونکە نەپشکوتووە ئەمساڵ | بولبول بە دڵم دێژێ کە سەدخۆزگە بەساڵان |
تۆ تاری سەری زوڵف و منیش ئەشکی بەحەسرەت | خۆش دێن لەیەک ئەو ڕیشتە و ئەو دانەیی مەرجان |
قەترەی عەرەقی شەونمی بەرگی گوڵی ڕووت بوو | وەمزانی کە مەرجانە لەسەر لەعلی بەدەخشان |
تا ڕیشتەیی زوڵفت بووە دامی دڵی مەیلم | مەجنونی دوجەیلم لە هەموو قەومێ هەراسان |
جەرگم بە دەمی تیغی برۆت بێرە بەشەرتێ | بدروی بە تەلی زولف و بە تای سووزەنی موژگان |
لەو چاکە کەوا دیومە کەوا چاکی دوو گیرفان | گیرفانی دەروونم بە خەیاڵ پڕ بوو لە عیرفان |
دڵ بۆیە سەوادی بووەوە زوو لە خەتی تۆ | منداڵ بوو کە فێر بوو لە خەتی لەوحەیی جانان |
تا ئایەتی حوسنی لە خەتی مەسحەفی ڕووت خوێند | ساحێبی سەواد و خەتە ناتیق بوو بە قورعان |
تەشریحی خەیاڵی فەلەکول ئەعزەمی وەجهت | تەسویری بەبێ گۆی زەقەنت نایەتە ویجدان |
خاڵت لە ڕوخت نوقتەیە بۆ مەرکەزی عالەم | زولفی وەکوو قەترەت بە کەشش هاتنە جەولان |
بۆ مەتلەعی بورجی قەمەر و شەمسی جەماڵت | کەوتوومە ڕەسەدخانەیی نێو چاهی زەنەخدان |
وەک مەنعی منی کرد لە تەوافی حەرەمی ڕووت | سا، ڕەببی لە ئیمانی کە سەرداری لەئیمان |
بازاڕی جەهل گەرم و هونەر سەردە ڕەواجی | عەسری خەزەفە حەیفە گوهەر بێنییە مەیدان |
هەریەک پەلی فرزەندێ دەژی شیعری حەریقی | تۆ بۆ چی لە کیس خۆتی دەدەی موشتەری نادان |
2
[edit]ئەم تاقمە شیرینە لە مەکتەب کە دیارن | جەللادی دڵی عالەم و ئاشووبی دیارن |
شیرین سەنەم و دڵبەر و فەتتان و عەیارن | خاڵی لە خەلەل، جوملە وەکوو نەقدی عەیارن |
شۆخن، هەموو شەنگن، هەموو گوڵ ئاتەشی ڕەنگن | ئامادەیی جەنگن، هەموو سەییادی شکارن |
ئاهووڕەوش و مەهوەش و شیرین حەرەکاتن | ناسک بەدەن و سیم تەن و لالەعوزارن |
گاهێ دەبنە ڕەهزەنی ئیمان و دڵ و دین | گاهێ وەکوو سۆفی هەموو مایل بە کەنارن |
گاهێ دەنوێنن ڕوخ و ڕووناکی دەکەن ڕۆژ | گاهێ بە دوو زولفەینی سیا وەک شەوی تارن |
زولف و ڕوخ و پەرچەم لەگەڵ ئەگریجە و کاکۆڵ | ئیعلانی حەڕەبیانە کە ئیسلام و کوفارن |
خاڵ و خەتی بێ حەد کە هەموو جەمعە لە سەر خەد | وەک زەنگی لەگەڵ حۆر و وەکوو زاغ و عوقارن |
کێ حەددی هەیە تالیبی گەنجی ڕوخییان بێ | یەک یەک کە هەموو ساحیبی زولفی وەکوو مارن |
مومتازی جیهانن هەموو هەم مونتەخەبی شار | ئاغالەر و بەگزادە و ئەسناف و کوبارن |
وەختێ کە دەکەن جیلوە لە مەیدانی حوسندا | وەک کەبکی خەرامان و وەک ئاهوویی تەتارن |
مەوزوون و لەتیف و خۆش و خورسەند و سەعیدن | مەتبوع و ڕەشیدن بە ئوسوول و بە ویقارن |
وەک موعجیزەیی موستەفەوی وانە لەلای من | بەو لەعلی نمەک ڕێژە کە وا شەککەر ئەبارن |
هەر ئەحمەد و مەحموودە خەیاڵی شەو و ڕۆژم | لەم مەکتەبی ڕوشدییە کە وا پڕ لە نیگارن |
هەرچەندە کە سوڵتانی جیهانن لە حوسندا | بۆ شبری ڕەقیبم حەسەن و حوسێنی هەژارن |
بەم هەیئەتی دەروێشییە ڕازیم و ڕەقیبان | دەستم لە یەخە ناکەنەوە چەندە شەرارن |
عاریز بوو لەسەر عاریزییان زوڵفی پەرێشان | بیعەینە دەڵێی حاڵ و مەحەل، لەیل و نەهارن |
پەیوەستە وەکوو دەستەگوڵی باغی جینانن | وەک غونچەیی نەشکوفتەیی نەورۆز و بەهارن |
ئەمما لەگەڵ ئەم حوسنە نییە حوسنی وەفایان | حەیفێ کە لەسەر ڕەنجی دڵی عاشقی زارن |
پارەی جگەرم کردە کەباب و مەزە بۆیان | تا دیومە کە وا ساحیبی دوو چاوی خومارن |
لەوحی دڵییان سادە لە میهر و لە وەفایە | بێ میهر و مەحەببەت هەموو بێ شەرت و قەرارن |
هەرچەندە کە بێ تالیع و بەدبەختە حەریقی | ئەشعاری بە ئیشعاری عەجەب پڕ لە شیعارن |