دیوانی حەریق/ر
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]تەعاڕوفی بە سیگارە، شیعاری ئەهلی کوبار | سەبیلی عادەتی مەسدوودە بۆ ڕەواجی سیغار |
لە قاوی قاوەچی هەرکەس کە مەشرەبی چا بێ | بە دوودی قەننە قەناعەت دەکا فەقیر و هەژار |
میزاجی ئادەمی خاکی هەوا بە ئاویادا | عینانی سەبر بەدەس با گەییشتە کوورەی نار |
بە موڵکی وەحدەت ئەگەر ئاشنا بێ مونکیری حاڵ | دەزانێ عومری عەبەس بوو لە کەسرەتی ئەغیار |
زەڕی نەبێ سەمەرێکی نییە درەختی غەیر | ئەگەر بە بەرد و پلار سەرچڵی بخەیتە خوار |
درەختی موڵکی دڵم میوەیێکی کاڵی هەیە | خودا بکا بە تەحەممول بگا بە سەبر و قەرار |
بە داخ و حەسرەت و غەم دەچمە حەڵقەیی ماتەم | سەفایەکی نەبوو سەعییم لە تەرفی کۆیی نیگار |
لە وەختی عالەمی ئەڕواحەوە هەتا ئێستا | سەفەر دەکەم نەگەیشتم بە مەنزڵی دڵدار |
فیدای زیندەدڵانی تەریقی خووبانم | هەمیشە تازەدڵن وەک گوڵی هەمیشەبەهار |
لە چەشمەساری مەعاریف کەسێ نەسیبی نەبێ | هەمیشە چاوی تەڕە، زاری وشکە، لێوی بەبار |
حەریقی ئاگری غەم سیخی عومرمی سوتاند | کەبابی سینە بە ناپوختە هاتە مەجلیسی یار |
2
[edit]بێینە سەرباسی نیگاری گوڵعوزار | شۆخ و شەنگ و لالەڕەنگ و چاوخومار |
چاوی مەخمووری کە هەڵبێنێ بەناز | دڵ لەلای نامێنێ ئارام و قەرار |
پەرچەم و کاکۆڵی داوی دین و دڵ | گۆشەیی چاوی فریوی ڕۆژگار |
دڵبەر و خورسەند و شیرین و لەتیف | نیم نیگاهی شیبهی ئاهوویی تەتار |
لێوی لەعلی وا دڵی خستوومە خوێن | جۆگەلەی خوێنین لە دیدەم دێتە خوار |
ڕۆژ و شەو هەردوو مونافین پێکەوە | یاری من جەمعە لە لای لەیل و نەهار |
سینە پڕسۆزە بەڕووی نارینی نار | وەک تەنووری پڕ لە سۆز و پڕ شەرار |
تەرفی ئەم شارە چ خۆشە بۆ بەهار | لایێ گوڵغونچە لەلایێ لالەزار |
بێوەفایی هەر لەبۆ یار مایەوە | ئاخری هەر بێوەفایی کردە کار |
کەس وەکوو من بێبەش و مەئیووس نییە | باغ وەکوو من زەرد نییە وا بێژومار |
ئافەرین بۆ تەبعی سافت ئەی حەریق | بێ غەلوغەش ئێژی شیعری ئاودار |