Jump to content

دیوانی حەریق/ت

From Wikisource
310806دیوانی حەریق — پیتی ت1909حەریق

1

[edit]
ئەم خوسرەوی خووبانە کە وا دێتە نەزارەت شیرینە ئەگەر دڵ بڕفێنێ بە ئیشارەت
ئیسمێکی شەریفی هەیە مەنعە لە تەسەڕڕوف جیسمێکی لەتیفی هەیە لاییق بە سەدارەت
نەقدی دڵ و ڕووحم هەیە بۆ موژدە لە ڕێدا زۆر لاییق و شایستەیە بیدەم بە بەشارەت
میوەی ئەمەلم کاڵە بە دوو چاوەیی کاڵی کالایی خەیاڵم هەموو ڕۆییوە بەغارەت
لەو وەختەوە، تەخفیف کرا ئیسمی شەریفت من سووکی لەلام بۆتە نیهایاتی وەزارەت
نوقتەی دەهەنت وا دڵی هێناومە تەنگی جێگایی خەیاڵی نییە بۆ فکری بەکارەت
تۆ ساحیبی ئەم چاهی زەنەخدانە بی قوربان سەد یۆسفی کەنعانی دەبێ بێتە زیارەت
باکم نییە لەو خەنجەرە دەیکەی بە کەمەردا شمشێری برۆت جەرگی بڕیوم بە ئیشارەت
شەیتانی ڕەقیب دوشمنمە بۆیە کە ڕەحمان ڕەحمی نییە بۆ حاڵی دڵی پڕ لە مەرارەت

2

[edit]
ئەی دڵ وەرە شادی کە لەبۆ بەزمی ویسالت وا دیومەتەوە دڵبەرەکەی تازەنیهالت
موددێکە کە ئەی بولبولی گۆشەی قەفەسی غەم فەسڵت بووە لەم گوڵبەدەمەی نەوخەت و خاڵت
خامۆش و نمەدپۆش و موجەڕڕەد لە عەلایق نەمبیستووە ئاوازی دەمی تفڵی مەقالت
سا، هەڵسە لە شوکرانەیی ئەم موژدەیە ئەی دڵ ئامادە کە ئەسبابی تەڕەب ویسعەتی حاڵت
فەڕشی غەزەلت ڕاخە لەنێو حوجرەیی دڵدا فخر العلما بێنەرە دیوانی خەیاڵت
بۆ پێشکەشی ڕێی عەد بکە ئەوسافی جەمیلی خەرجی کە لەڕێی دەعوەتی ئەودا سەروماڵت
حەددم چییە عەددی بکەم ئەوسافی جەمیلی مردووت مرێ کرمانجی لەبۆ عەقڵ و کەماڵت
زاتێکە موبەڕڕایە لە ئەنواعی نەقایس ئیتر چ دەڵێی دەرحەقی، مەفقوودە مەجالت
پێی بێژە لەبۆ شەوکەتی تۆ فەخری زەمانە پابووستە ئەرز و فەلەکیش چەتری جەلالت
شایستەیی شانت کە رئیس العلمایە ڕێم ناکەوێ حەددم نییە تەعدادی خیسالت
تا ڕۆژی قییامەت لە جەلالا بی، جەلالی نەیبینێ ئیلاهی چ بەشەر ڕۆژی زەوالت
پەروازی نییە بولبولی دڵ بۆ تەڕەفی گوڵ تا دیویەتی پەروانە سیفەت شەمعی جەماڵت
مەقبووڵە لەلای فەخری زەمان شیعری حەریقی چت پێ هەیە ئەی موددەعی بێ بیکە سوئالت

3

[edit]
قوربان وەرە قوربانە، سا بمکە بە قوربانت ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت
ئازادییە ئەمڕۆژە، سا فەرموو بە ئازانە تیرت لە کەمانت خە بۆ قەتڵی شەهیدانت
جێژنانەیی مە ڕووحە کردوومە بە قوربانت تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت
تفڵی دڵی بێچارە موددێکە گرفتارە غەمخواری دڵ ئازارە بۆ ناوەکی موژگانت
ڕۆح و دڵ و دین هەرسێ مەجمووع بە یەکدەفعە قوربانی سەعاتێکی لەعلی لەبی مەرجانت
مەقسوودی من ئیزهارە بۆ ئەمسیلەیی مەدحت بۆ توحفەیی ئەوسافی ئەزهاری گوڵستانت
ئەی خوسرەوی پەروێزم، شیرینی شەکەرڕێژم فەرهادی دڵی کوشتم چاوی ڕەشی قەتتانت
موومکین نییە تەقسیمی زەربی عەدەدی زەخمت مینها کە لە تەقسیمدا، زەربی خەمی چەوگانت
دڵ تالبی ڕوخسارت، جان تالبی گوفتارت فرزەندی خیرەد ڕۆیی بۆ لەعلی بەدەخشانت
بۆستانە کەناری دڵ بۆ نەخلی قەدت قوربان دیدەم وکوو ڕووبارە بۆ سەروی خەرامانت
قەلعەی دڵەکەم قوربان نیشانەیە بۆ تیرت سینەم وەکوو سەحرایە، بۆ جیلوەیی مەیدانت
بۆو چاوە کە وا مەستە، دڵ سستە سەرم مەستە ئەم ئەبرووە پەیوەستە، بۆ قەتڵی موحیببانت
تەنهاکە حەریقم من بۆ شەمعی شەبوستانت مەمکووژە وەرە تۆخوا، سا تۆ، بە ڕەقیبانت

4

[edit]
تاریکە دڵم ڕەوشەنیی شەمسی هیدایەت نوقتەی دڵەکەم مەبدەئی هاتۆتە نیهایەت
ڕۆژم وەکوو شەو وایە بەبێ شەمعی جەماڵت سوبحی ئەمەلم چاوەنواڕە لە عینایەت
نامەی عەمەلم ڕووڕەشە، وەک سەفحەیی قەلبم غەیری ڕەشی ڕەنگی نییە خۆش حاڵ و حیکایەت
ئاهێکی جگەرسۆز و نیگاهێکی دڵ ئەفروز با بێ لە تەڕەف تۆوە بە تەئسیر و سیرایەت
بەرقی بەڕقی دوژمنی دین، مونکیری بەدبین کەی دێتە ئەسەر خەرمەنی هەستیم بە ڕیعایەت
عیسیان بە ئیزاعەی دڵ و نیسیان بە ئیتاعەت وەک جووتەبرا سوحبەتییان گەیوەتە غایەت
«سەیید» سەنەدە، شاهیدی «سادیقمە» محەممەد بێ سەیقەلی تۆ دڵ نییەتی دەرک و دیرایەت
ئەی پادشەهی موڵکی ویلایەت بە عەداڵەت مەزڵوومی شەڕی نەفسم و هاتوومە شکایەت
کەوتوومەتە ژێر دەستی شەیاتینی نفووسم دەستێ بدەرە دەستی شکەستم بە عینایەت
قوربان بە فیدای قاپی سەگی قاپییەکەت بم وەبزانە سەگم ڕامگرە بۆ حیفز و حیمایەت
وەک تازی لەدووی سەیدەوە من دەبمە توفەیلی بەو شەرتە کە وا پەس نیگەریت بێ بە عینایەت
حەیفە سەگی قاپیەت لە زییانا بێ زمانی بێ باکم ئەگەرنا لە هەزار جورم و جینایەت
بێ تۆشەم و هاتوومەتە دەرماڵی کەریمان هەرجارە بەبێ تۆشە دەچن ئەهلی ویلایەت
بورهان وەکوو کەنعان و شەرەفکەند کە میسر بوو کردت بە مەدینەی ئەمەل و کەعبەیی غایەت
هەم شەمسی بە ئیسنادی و هەم قوتبی بە ئیرشاد ئەو خەرقە بەسە بۆ نەزەری ئەهلی کیفایەت
هەم حازر و هەم غایب و هەم جەمع و پەرێشان ئەم جەمعە نەقیزەینە لە تۆ بوو بە ڕیوایەت
بۆ بەحسی سفاتت چ جەلالی چ جەمالی هەر عەقڵێ کە کول بوو هەموو کول بوو لە بیدایەت
سەد هەروەکوو مەنسوور و هەزاری وەکوو شبلی جاڕووکەشی دەرکن بەهەوای دەرک و دیڕایەت
سەر دانێ لە مەیدانی موریدانی حەریقی بۆ گۆیی شەقێن چاکە خوەشت کوت بە کینایەت