Jump to content

دیوانی حاجی قادری کۆیی/ێ

From Wikisource

1

[edit]
ئافتابی حوسنی تۆ ڕۆژە کە دێ و ئاوا دەبێ قامەتیشت وەک هیلالی یەکشەوە ئا وا دەبێ
کامە دانا مێزەری دانا و فێسی کردە سەر بێحەیا و سەرپەل و سەرخۆش و بێپەروا دەبێ
پادشاهێکم هەیە گەر من بکاتە دەرکەوان حاجیب و خەددامی من ئەسکەندەر و دارا دەبێ
داوی ناوە زولفی دوولانە لە هەردوو لامەوە دڵ گرفتارە ئەگەر لەم لا نەبێ لەو لا دەبێ
شەو لە بەزمی دولبەرم بەم تەعنە وا سووتاندمی چاوی دا پەروانە فەرمووی عاشقی هەر وا دەبێ
واسفی قەددی ئەتۆ خامەی دەبێتە نەیشەکەر ئەلفی قەددی موستەقیمی قافیەی باڵا دەبێ
سەرسپی و دڵ ڕەش بوو حاجی تا فەقێ بوو، ئێستەکەش ڕووڕەشێکە ڕیش سپی، خوا عالیمە هەر وا دەبێ

2

[edit]
مەتنی کوتوبی ئەم دووە با شەرحی کرابێ ئیشکالی ڕمووزی مەسەلەی قازیی مابێ
قازی هەڕۆ سینەت سوپەری تیری قەزا بێ وەک دینی ڕەوافیز بەدەنت بێ سەر و پا بێ
خۆت حاکمی ئەم مەسئەلەیەی، کەی دەبێ وا بێ پیری وەکوو تۆ ماهی هەبێ و ماکەری گابێ
بێ مروەتێ بەم مروەتە قەت مروەتی نابێ سەد دەفعە کەریش هەروەکوو تۆ مروەتی گا بێ
حاجی دەڵێ ئەم میسرەعە تەئریخییە قازی ئینسافی نییە، عاری چییە، مروەتی گابێ

3

[edit]
ئەی سولەیمانی زەمان و شەیخولئیسلامی ئەنام قاسیدی ڕێگەی هیدایەت هودهودی دانا دەبێ
من هومام و قوللەیی قافی قەناعەت جێگەمە لایقی پەیغامی ئەو پەرویزەیە عەنقا دەبێ
بۆ حوزووری قادری بۆ چی دەنێری ماکیان ماکیان ئەمری لە سەر شاهین لە کوێ ئیجرا دەبێ
وەختی پەیغامت خورووسێکی هەزار پۆپەم هەبوو دایە بەر شەق، قاسیدێ وا بێ جەوابی وا دەبێ
تا هەڵێنێ زاغی شەب تاووسی هێلکەی سوبحدەم مەزرەعەی چەرخیش لە توخمی نەجمی تا ئاوا دەبێ
دانەیی خەرمانی عومری تۆ لە مینقاری ئەجەل دوورە، سەرسەوز و موتەڕڕا بێ هەتا دونیا دەبێ

4

[edit]
دەڵێن یار دێتەوە بابی مەحەببەت، یا خودا وا بێ ئەگەر دوشمن دەڵێ: نابێ! موغەننی تۆ بڵێ: نا بێ
دەلەرزێ باغەبان سەروت لە ترسی قامەتی بەرزی گوتی ئەم نوکتە بارێکی گرانە تێ دەگەی نابێ
لە هیجرت هەردەمە سەیلی سروشکم ماجەرای چاوم بە ڕەنگێک ڕەنگی کرد، ڕەنگی جیهان باوەڕ مەکە وا بێ
لە ناکاو دڵبەرم فەرمووی هەڵستە ئێستەکێ واعیز لە بۆمان دادەدا وەعزێ؛ گوتم: باکت چییە با بێ
بە تەزمین فەردەکی نالیی دەهێنم تا ڕەفیقانم بزانن فەڕقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوهەر نابێ
«کەمەندی زولفی دوولانە، لە بۆ گەبر و موسوڵمانە دەکێشێ بێ موحابانە، چ لەم لا بێ، چ لەو لا بێ»

5

[edit]
گەر خەڵقی جیهان یەکسەرە فەریادڕەسم بێ وەڵڵاهی مەپوندار بە غەیری تۆ کەسم بێ
وا سۆزی دڵم ئاگری بەرداوەتە جەرگم تۆقیوە هەناسەش نەفەسێک هەمنەفەسم بێ
مورغی سەحەرم باڵ و پەڕی وەحشەتی ڕێگەی هەستان و فڕینم یەکە چەرخیش قەفەسم بێ
نادەم بە هەموو موڵکی سولەیمانی زەمانە لەم عالەمە ڕووتی چییە هەر گا هەوەسم بێ
هەر شەو بە دزی نەغمە لە سەر سیدرە دەکێشم با سابیت و سەییارەیی گەردوون عەسەسم بێ
حاجی کە نیگارم سەفەری کرد و نەمردم عەیبم مەکە وەک هاتەوە ئەم شەرمە بەسم بێ

6

[edit]
وا دیارە ڕەسم و قانوونێکی دەوران دادەنێ کوردی ئێمە گەردشی گەرمێن و کوێستان دادەنێ
ئەی ئەمیری کوردەکان بۆ ئێوە عەیبە و شوورەیی حیزەکی وەک ---- ---- دادەنێ
بۆ کەیە نامووس و عار و بۆ چییە ئیمان و دین خاچ و ئینجیلی لە جێی تەفسیر و قورئان دادەنێ
هەر کە تاجی نایە سەر تەختی لە کوردستان دەبێ خەرج و پیتاکی لە سەر گۆران و سۆران دادەنێ
مەدرەسە دەیکاتە جێی قیسیس و ڕەهبان و کەشیش بانگە ناقووسی، لە تەکیەش پیری مەتڕان دادەنێ
بۆ ئیهانەت کامی ساحیب عیززەتە عەزلی دەکا بۆ ڕەزیلی جووتیاری خۆی و گاوان دادەنێ
هەم لە جێی بەگزادەکان و جێی فڵان ئیبنی فڵان بۆ ڕیاسەت سەربەسەر ئەلقابی -- دادەنێ
هەر لە پاش چەند ساڵی تر تەسخیری بەغدادیش دەکا شارەزووری قشڵەیە، دەببۆ لە بابان دادەنێ
باغ و ڕاغی بولبولە دەیکاتە جێی زاغ و زەغەن گورگ و مام ڕێوی لە بێشە و لانی شێران دادەنێ
خانەتان وێران دەکا قەسر و قوسووری لێ دەکا بۆ ئەمەی نەچنە عەجەم ئێڵچی لە تاران دادەنێ
بۆ کوڕی چاک و کچی شیرینێ ڕای کێشێ بە زۆر کوللی شار و دێهکەدە جاسووسی پەنهان دادەنێ
تا بزانێ کێ نوێژی کرد و ڕۆژووی گرتووە بۆ سیاسەت کردنی پەنجا نیگەهبان دادەنێ
تا وەها بێ ئیتتیفاقی و سەرکەشی بێ شێوەتان تاجی کیبر و نیخوەت و غیرەت لە سەرتان دادەنێ
شارەزای ئەحواڵمانە --- بێگانە نین داغی سەد ساڵی هەیە ئەمڕۆ لە کوردان دادەنێ
خزمە بەسیە، تێ بگەن هەر بایە قەولی --- شاهی ئێران ڕادەکا سوڵتانی تووران دادەنێ
ئیستە مەعلووم بوو --- ---- --- زاهیرەن هەر کامیان تاعەت دەکا، نان دادەنێ
ڕێگر و حیز و دزە، ژن هەڵگر و ماڵانبڕە فایدەی چی نێوی کونیەی خۆی موسوڵمان دادەنێ
وا دەزانێ قەومی خۆی وەک دایە بەر شیر و تفەنگ قەسری دین ئاوا دەکا، بونیادی ئیمان دادەنێ
عەقڵەکی خوا داویە، گەر پیرەژن سەرفی بکا دەستی ڕۆستەم با دەدا، تووران لە ئێران دادەنێ
ئیستەکێ ئەییامەکە هەر میللەتێ هیممەت بکا مووری بێ مایە لەسەر تەختی سولەیمان دادەنێ
بەیتی حاجی چونکە ئەفسانەی تورکبازی نییە زۆر وەڕینە، با وجوودی دوڕڕ و مەرجان دادەنێ
سایلێکی مەککەیی دێت و بە مەکتووبی درۆ حیشمەتێک پەیدا دەکا، ماڵی فراوان دادەنێ
گەورە دەیخوێنێتەوە، هەم بەچکە دەینووسێتەوە بەیتەکانی من لە گۆشەی تاقی نیسیان دادەنێ
بیست و سێ بەیتە قەسیدەم هەر کەسێ گوێی لێ بکا پێ لە سەر تاقی مەهـ و ئەیوانی کەیوان دادەنێ

7

[edit]
حەبیبی جان لە سەر چی ئەم ڕق و کینە، هەتا کەی بێ بفەرموو دەنگی ساز و نەغمەیی موتریب، نەوای نەی بێ
بەری بوو دڵ لە عالەم تا لە نێو زولفت موقەییەد بوو ئیتر فەڕشی حەیات و خۆشی یەکبارە دەبا تەی بێ
بە بادم دا دڵ و دین عاقیبەت بۆ بادەیی چاوت دەمێکە توشنەیی هیجرم، بڵێن بادەی پەیاپەی بێ
لە نەزعی دەردی فیرقەت جانی زارم قەت خەلاس نابێ مەگەر لەم کەوسەری لێوە، بڵێ بۆ خەستە با مەی بێ
لە بەر سێوی جەمالت حەق نیە تەنها منم مەحرووم یەکێ لەیموون و یەک نارنجە، بۆ حاجی مەگەر بەی بێ

8

[edit]
ئێمەش دەمرین دەبینە خاکی سەرەڕێ ئەم ڕۆژ و شەوە تەنووری سوبحی دەگڕێ
دەسگا و دوکانی شارەکان دادەنرێ ئەمیان دەفرۆشێت و ئەوی تر دەکڕێ
ئەم مردووە باوکی یەخەیی دادەدڕێ ئەو بووکی نوێی هەیە کەوای بۆ دەبڕێ
بێ بستە فەلەک ئاشەکی وای ناوەتەوە بۆ هاڕدنی ئێمە چ عەجایب دەگەڕێ!
لادێیش ڕەزی ئاو دەدات و وەردی دەبڕێ حەیوانە دەزێ، سەگ دەوەڕێ، کەر دەزەڕێ
لوقمان لەمە دا شوانە ئەگەر خۆی بکوژێ گاوانە فلاتوون لە غەما گەر بدڕێ
ئەم دەستە کە چوو دەستەیەکی تازەیە دێ مەعلووم نەبوو ئەم کەشمەکەشە کەی دەبڕێ
عالەم هەموو مردن لە خەمی زانینی ئەم حیکمەتەیان نەزانی، هیچ لێی مەگەڕێ
لەم لاوە هەتا حاجی نەچێتە ئەو لا مومکین نییە تێ بگا لەوە، گەر بفڕێ!

9

[edit]
داغی کردم بە جەفا لالەڕوخێ، زیبایێ پیری کردم بە ستەم لامەزەبێ تەرسایێ
تیژبین وەقتی ستەم، گاهی کەرەم بێ بەسەرێ لە وەفا هیچنەزانێ لە جەفا دانایێ
یاری ئەغیار و بە خۆی موئمین و کافرسیفەتێ خزمی دوشمن ڕەوش و قاتیلی بێ پەروایێ
ناموسوڵمان سەنەمێ، خوێنی موسوڵمان ڕێژێ سەرکەش و بەدخوو و هەم دڵشکەن و خودڕایێ
قیسسەیی حاڵەتی ئەو کەشفە لە ڕۆم و عەجەما نییە وەک حاجیی بێچارە ئەبەد ڕیسوایێ