دیوانی حاجی قادری کۆیی/ا
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]گوتم بە بەختی خەواڵوو: بەسە ئەتۆ بی و خودا | لە خەو هەڵستە زەمانێ بچینەوە ئەو لا |
گوڕەی بەهارییە ئێستێکە شاخ و داخی وڵات | پڕە لە لالە و نەسرین و نەرگسی شەهلا |
لە گرمەگرمی سەحاب و لە هاژەیی باران | چیایە پڕ لە هەرا و نواڵە پڕ لە سەدا |
پڕە لە سەیل و لە گۆلاو و کانی ڕوویی زەمین | پڕە لە بەرق و بریقەی برووسکە جەووی سەما |
شکۆفە درهەمی شاباشی بای وەعدە دەکا | لە شەوقی مەقدەمی خەمڵیوە دار و بەردی چیا |
پیاڵەیی زەڕی نەرگس لە سەر کەفی سیمین | پڕە لە شەبنمی وەک دوڕڕ و لوئلوئی لالا |
گوڵیش بە پەنجەیی فەیرووزە جامی یاقووتی | لەبۆ نیساری موهەییایە پڕ لە زەڕڕی تەڵا |
لە شادی وەک سەفی شایی لە کێو و کەژ ئەزهار | هەژا بە خەلعەتی گوڵگوون و کەوتە ڕەقس و سەما |
چەمەن لە لالە میسالی خەتی ڕوخی دولبەر | سیاهـ چادری لێ بۆتە خاڵی سەر گۆنا |
لە کن بەنەوشە و خاو و هەڵاڵە و بەیبوون | هەڵاڵی پێستەیی خاوە عەبیر و موشکی خەتا |
چیا لە تەوقەسەری داڕژاوە تا کەمەری | چو زولفی سونبولی دەرهەم، چو پەرچەمی بەڕەزا |
بە جۆشی ئاگری گوڵناری کانی هەڵدەقوڵێ | میسالی دیدەیی وامیق لە حەسرەتی عەزرا |
قەڵاتی زیوی ڕوخاوە هەرەس بە تۆپی نەسیم | سوپاهی لالە و گوڵ چادری لە جێ هەڵدا |
لە گۆلەشینێ کە قاز و مراوی دێن و دەچن | نەزیری ماهـ و ستارەن لە قولزومی مینا |
شنەی نەسیمە سەدای ئاوی سافی سەر قەڵبەز | بە ورشەورشی گیا شەنگەبی بووە شەیدا |
خرینگ و هۆڕی قوڵینگ و قەتاری سی لە سەران | دەیێت و کەو دەفڕێت و شەهێن چریکە دەکا |
لە پیڕەپیڕ و لە سمکۆڵی پیرە گاکێوی | دەلەرزێ گاوی زەمین و دەترسێ گاوی سەما |
لە بستوو، دووکەڵی شینی تفەنگی نێچیروان | میسالی سونبولی زولفێکە تێک بچێ بە سەبا |
چیایە شێخ و کەوای سەوزە، مێزەری بەفرە | سیواکی چووزەرە ڕێواسە، تەیلەسانی گەڵا |
چەمەن لە لالە و ڕەیحان و نەستەرەن ئیمڕۆ | سوپێهر و سوبح و شەوە و ئافتابی وەختی زوحا |
چنار و عەرعەرە دەفزەن هەزارە نەغمەسەرای | گیاشی زاکیرە تەسبیحی شەبنمی لە ملا |
لە ژووری مێگەلی هەورە، لە ژێری مێگەلی مەڕ | شەبیهی گوڵشەنی خەزرایە توودەیی غەبرا |
لە کێو و کەژ کە سەر ئێوارە دێتەوە ماڵات | لە دەوری چادری ساحێبی مەوجی دا، وەستا |
لە حیلەحیلی کەحێل و لە باڕەباڕی مەڕان | لە دەنگی قۆڕەیی گاجووت و بۆڕەیی مانگا |
لە گورگەلوور و حەپەی سەگ، لە قاڕەقاڕی بزن | لە عەکسی دەنگی دوبارەی کە دێتەوە لە چیا |
لە ئۆحەئۆحەیی گاوان و قیڕەقیڕی شوان | لە بگرەبەردەیی کابان دەبێتە حەشر و حەلا |
مەلائیکەی سەری تاق و ڕەواقی مینایی | دەیێنە جونبوش و لەرزین، دەکەونە حەولەوەلا |
کە هەڵکرا شەوێ ئاگر لە کوللی ڕەشماڵێک | خەجڵ دەبن لە زەوایایی خەیمەیی والا |
عوتارید و زوحەل و ئافتاب و ماهی تەمام | خولاسە سابیت و سەییارە تا دەگاتە سوها |
سەبا! دەزانی ژیانم لە دوورییان مەرگە؟ | دەسا وەرە بە کزەی خۆت خەجڵ بکە عیسا |
ئەگەر منم لە فیراقیان کزەم لە جەرگەوە دێ | ئەگەر دڵە وەکوو جەرگم دەڵێی ئەوا سووتا |
لە پاشی ئەم هەموو داستانە بەختی خابالوود | میسالی ئەژدەری نووستوو بە ڕق لە خەو هەستا |
جەوابی دامەوە ئەمما جەوابەکی وا ڕەق | نەما مەجالی مەقال و موباحەسە لەم لا |
گوتی هەتاکو خەزان و بەهار و زستانە | مەداری عەیشی مەوالیدی عالەمی غەبرا |
بەهاری وا هەموو ساڵێکی دێتەوە ئەمما | ئەوانی دەچنە دیاری مەمالیکی عوقبا |
یەکێکی نایەتەوە؛ چوونیان هەر ئەو چوونە | لە شێخ و عالیم و جاهیل، لە پادشاهـ و گەدا |
مەکانە، شەوقی بە عێلاتە، پەشمە کۆنەهەوار | حەیاتە زەوقی بە ئەحبابە، بایە ئاب و هەوا |
ڕەفیقی کۆنە نەماون، جوانەکان پیرن | بە شەق دەڕۆن و لە داری دیارە شەققی عەسا |
لە دووسەدی یەکەکی زەحمەتە بناسییەوە | مەگەر بە ناو و نیشان و بە خزم و باب و برا |
کە بێی و بچیەوە ئێستا کأنَهُ دیسان | سەفەر دەکەی لە وەتەن دەچیە شاری جابولقا |
خولاسەیی قسە ئێستێکە مەسڵەحەت ئەمەیە | بڵێی بە وەجهی نەسیحەت، بە کاغەز و ئینشا |
ئەمان! کوڕانی ڕەفیق و برادەرانی وڵات | بە ئێوە هەر کە گەیی ئەم کەلامی بێ سەروپا |
لە پاش ئەوەی کە تەسیح و موتاڵەعەی بکرێ | بە یادی من لە بەری کەن لە ڕوویی میهر و وەفا |
هەتا لە خیتتەیی بێگانە فەخری پێوە بکەم | لە بەینی زومرەیی ئەحیا و مەجمەعی مەوتا |
ونی مەکەن وەکوو ئاساری نالی و کوردی | لە سەهوی دیدە بپۆشن، گوزەر بکەن لە خەتا |
نییە لە مومکینی ئیمکان خەتا و سەهوی نەبێ | بە غەیری خواجەیی دیوانی علَم الأسما |
ئەوی حەسوود و جەهوولن، لەئیم و ڕەخنەگرن | لە عەیب و ڕەخنەیی عالیم بەری دەبن ئودەبا |
ئەمانە زادەیی ئەفکار و خۆشەویستی منن | ئەگەر قەبیح و کەریهن، ئەگەر شەل و ئەعما |
میسالی فەرخەیی ژیشک کە پێی دەڵێ دایکی: | ئیلاهی قاقومە یا خەز، سەموورە یا دیبا |
شەبیهی جۆڵەکە ڕازی نەبێ بە سەردڕی خۆی | مەڵێن فەساحەتی کوردی بە فارسی ناگا |
بەلاغەتێکی هەیە، هیچ زوبانێ نایگاتێ | لە بێ تەعەسسوبی کوردانە بێ ڕەواج و بەها |
کە خۆتی تێ نەگەیێنی، لە نیکتەکانی نەگەی | دەڵێی هەمووی هەزەیانە، خودا بەڵای لێ دا |
بەڵام ئەوانی کە سەڕڕافی زێڕ و زیوی قسەن | بە شەهڕەوایی دەزانن، چ سککەیێکە ڕەوا |
چ حیکمەتێکە کە ئاساری کوردەنامووسی | نە کیمییایە نە عەنقا لە بەینی ئێمە نەما |
ئیلاهی نەیخەیە بەر چەنگی مەندەبووری لەئیم | نقوودی حاجی کە نەیدیوە خوسرەو و دارا |
ئومێدی وایە نەسیبی کەریمەکی وا بێ | بە خێری دایکی و بابی لە ڕێی خودا بیبا |
گەلێ قسەم لە دڵا بوو، حیکایەتم مابوو | کەچی لە بەختی کەچم خامە نووکی لێرە شکا |
2
[edit]ئەوە شاهەنشەهە بۆ عەبد و پاشا | موعەللەق خەیمەیی ئەفلاکی هەڵدا |
ئەتۆ مەسنووعی، چیت داوە لە سانیع؟ | لە زانینی ئەوە نادانە دانا |
موعەممایە جیهان ئیسمی موعەمما | مەکانی ئیسمە نەک جێگەی موسەمما |
بە بێ دینی جەماڵی بێ قەرینی | خەلایق سەربەسەر ئیمانی هێنا! |
بە با زولفی کە لەرزی تابەتا بوو، | لەگەڵ لەرز و لەگەڵ تا بوونە هەمتا |
موتاڵای دەوری زولفەینی موسەلسەل | ئەوەندەم کردووە لێم بۆ بە سەودا |
لە دەوری دوڕڕی دندانی بەقیمەت | ددانی کەندووە لوئلوویی لالا |
لە لای من پەشمە ئەم زەخمە هەتا کەی | بە زایع ناچێ ئەم سەبرە لە لای خوا |
زەمانی حاڵە حاجی حاسڵی تۆ | دەبێتە دوێنێ ئەمڕۆ میسلی فەردا |
3
[edit]بەستەیی زولفی نیگارێکم ڕەسەنبازی دەکا | سەففی موژگانی لە تابووری سوپای غازی دەکا |
سامیری گۆسالەیە توڕڕەی کە تەڕڕاری دەکا | ساحیری ئەسڵی هەیە غەمزەی کە غەممازی دەکا |
هەر وەکوو عیسا لە سەر بەحری هەوا کەوتە سەما | هەرچی مووسایی نەبێ چۆن نەفیی ئیعجازی دەکا |
من فەقێم و غەیری سیپارەم لە باخەڵدا نییە | ئەو کەسەی ساحێب قڕانە ئیددعای غازی دەکا |
ساغی لەم ڕێگایەدا کاری لە دین چی؟ سادقە | هەر کەسێکی عاشقە ئەلبەتتە ئەنبازی دەکا |
دڵ کە دەربەندی حەیا و نەنگ و نام و عارییە | ئەو قسووری کردووە دێ ئارەزووی نازی دەکا |
سەیری لەو تەننازییە قازی بە موفتی ناکرێ | سۆفی ئیمانی دەدا حاجی بە گیان ڕازی دەکا |
4
[edit]تا لە مەکتەب ئەو مەهەم دێ مەشقی ئەلف و بێ دەکا | چاوەکەم بوویتە دوێت و گریە سورخی تێ دەکا |
لێی مەپرسە مەسئەلەی نوقتەی دەم و موویی کەمەر | مووشکافە، بووعەلی باسی پەری و جین چێ دەکا |
ئەم هەموو دنیایە خاسسی حوکمی دوو دێوانەیە | من لە شارم غایەتی مەجنوون هەوای لادێ دەکا |
قەسری عومرم داتەپی داری لە سەر بەردی نەما | بانیی توولی ئەمەل ئیستێکە دەستی پێ دەکا |
خواجە خۆی پیرە، وەجاخی کوێرە، ماڵی بێ حیساب | پێم بڵێن، ئیشکالمە، ئەم کۆششەی بۆ کێ دەکا؟ |
شێخی من بەو غایەتە پشتی لە عالەم کردووە | سوورەتی خۆشی لە نێو ئاوێنە پشتی تێ دەکا |
ماچی دەست و پێی ئەمیری دەستگیری حازرە | شێتە حاجی ماچی پێو و دەستی دەست و پێ دەکا |
5
[edit]تَمنّیتُ منَ الدّهرِ نِدائی أزمِناً نادی | گوتی: هەرچی تەمەنناکەی لە دنیا غەیری من نادا |
لە سایەی زولفی ئەفشانی پەرێشان دێ خەتی مانی | لە تەسویری ئەگەر جارێ بە وەستایی قەڵەم دادا |
خەتی دەورەی ڕوخی داوە وەکوو مۆری سولەیمانی | خەیاڵی کردووە زولفی بە حیلە خاتەمی لادا |
لە ژێر قافی فیراقیدا وەها فەرسوودەیە جیسمم | لەگەڵ عەنقا قەرینم من لە ئیسمی بێ موسەممادا |
خەدەنگی دیققەتی حاجی قەسیمی جەوهەری فەردە | کەچی وەسفی دەمی هەر ما لە ژێر پەردەی موعەممادا |
6
[edit]کە تۆفانی سروشکم کەوتە غەوغا | بە مەهـ ماهی گوتی: یا حافظَ الله |
ئەمن عەنقاترم بۆ چی زەبوونم | لە لام وەک قافە باری تەنکی ئەسما |
دەزانن من کە بێ دار و دیارم | سەگی مەجنوونم و غەمخواری لەیلا |
لە دنیا هەر کەسێ مەقسودی عیشقە | بکا وەک من بە کوللی تەرکی دنیا |
کە دایهێنا و هەڵینا چاوی مەستی | ڕەوان فیدا دەکەم دڵ چاکی هێنا |
فەلاتوون تۆ دەڵێی دنیا قەدیمە | لە خمخانەت بنێن وەک خۆت لە خم نا |
ئەدی بۆ چی زەمینیش بۆتە گەردوون | لە سەیلی ئەشکی توندی بێ موحابا |
موسڵمانان سوخەن سەربەستە تا کەی؟ | لە دەست ئەو کافری بێدینی تەرسا |
لە هەردوو لاوە زولفی کەوتە گەردەن | نە لەم لا دەردەچێ حاجی نە لەو لا |
7
[edit]دەخیلت بم وەرە ساقی أدِر کأساً و ناوِلها | غەم و غوسسەی دڵم کەم بوو ولی افتاد مشکلها |
ئومێدی میسکی موشکینم صبا زان طره بگشاید | کەچی نەمزانی بەم دەردە چه خون افتاد در دلها |
بڵێ بمرە دەبێ بمری گرت پیر مغان گوید | کە چونکە خۆی خەبەردارە ز راه و رسم منزلها |
لە هیجرانی ئەتۆ بۆ من چه امن عیش چون هر دم | ئەجەل بانگمان دەکا زوو کەن که بربندید محملها |
لە بەحری عیشق و خەوفی موج و گردابی چنین هایل | بە هاواری دڵم ناگەن سبکباران ساحلها |
لە ئەووەڵ عیشقی ون کرد و به بدنامی کشید آخر | چلۆن پەنهان دەبێ سیڕڕێ کز او سازند محفلها |
ئەگەر تو موخلیسی عیشقی از او غایب مشو حافظ | کە حاجی بۆ سەفەر بڕوا دَعِ الدَنیا و أهمِلها |
8
[edit]دڵ هیلاکی نازتە با غەمزە تەدبیری نەکا | هەر دەبێ بمرێ مەگەر خەللاقی تەقدیری نەکا |
ئەی قیامەت قامەتی تووبا قیامم هەستە تا | داعیەی بەرزی لە گوڵشەن سەروی کشمیری نەکا |
من خەوی ئەو چاوە عەرزی ئیبنوسیرینم دەکرد | نوست و فەرمووی: هیچکەسێ تەفسیر و تەعبیری نەکا! |
من لە سایەی ئەم دەرە ناڕۆم هەتا ڕۆژم نەیێ | با بە کەیفی خۆی بکا بەدکار و تەقسیری نەکا! |
چونکە نرخی ماچی تۆی گۆڕی هەموو دەستەودوعان | خەتتی نەوخێزت وەکوو زولفت خودا پیری نەکا! |
پێی بڵێ بادی سەبا غەم لێرە بێکەس کەوتووە | دڵ بوو غەمخواری ئەمانە، لەحزەیێ گیری نەکا! |
ناحەقیی ئەو دەرحەقم، کەی دەیگرێ میزانی حەق؟ | کاتبی ئەعمال ئەگەر بێت و تەڕەفگیری نەکا |
غەیری دڵ ماوێژە کەس، تیرت لە ڕۆحی من کەوێ | تا بە جۆشی خوێنی حاجی سینە کەوگیری نەکا |