Jump to content

دیوانی بێخود/ڵ

From Wikisource
308300دیوانی بێخود — پیتی ڵ1939بێخود

1

[edit]
ئارامی جانە، مەحرەمی ڕازی نیهانە دڵ یەعنی لە بەینی یار و منا تەرجومانە دڵ
عەرشی خودایە خاتری پڕ نووری موئمینان پێی بۆیە وا لەسەر سەری حەوت ئاسمانە دڵ
وریا بە! قەت پزیسکی گوناهی تخوون نەخەی بۆ تائیری مەحەببەتی حەق ئاشیانە دڵ
دایم لە دەرکی سینە بە یادی برۆی نیگار شمشێری وا بەدەستەوە وەک پاسەوانە دڵ
بێگانە بێتە ژوورەوە قەتعی سەری ئەکا گەر یاری ئاشنایە ئیتر میهمانە دڵ
ئاخۆ بە یادی نێرگسی بیماری کێیە وا ڕوخساری سووری زەردە، بەهاری خەزانە دڵ!
بیماری نازی غەمزەیی چاوێکی قاتیلە مەجرووحی مەوجی جەوهەری تیغی دەبانە دڵ
ئاخۆ لە حەسرەتی نەیی باڵایی کێیە وا دایم خەریکی ناڵە و ئاهـ و فوغانە دڵ!
چەوتاوی باری فیرقەتی باڵایی دڵبەرە پیرێکی بێ عەسایە، ئەگەرچی جەوانە دڵ
تیغی فیراقە قەتعی ڕەگی ڕووحی کردووە خوێن هەر وەکوو فوارە لە ڕووحی ڕەوانە دڵ
یەعنی لە داخی لالەیی ڕووی دەمگوڵێکە وا وەک ئەشکی من کە ڕەنگی ئەڵێی ئەرخەوانە دڵ
مەجنوونی گەردی ناقەیی لەیلایە، وەرنە بۆچ... وەک چاوی من هەمیشە لە شوێن کارەوانە دڵ
سیمورغی قافی مەحوی خەیاڵی میانە قەلب عەنقایی وەهمی میمی دەمی بێ نیشانە دڵ
کەوتۆتە داوی تۆوە بە مەنحووسی تێنەگەی تەیری هومایی سەعدە، نەڵێی ڕایەگانە دڵ
دانەی مەحەببەتی بدەرێو ئاوی سافی عەشق برسی مەیێڵە تۆ بی خودا، بێ زمانە دڵ
لەوساوە شوغڵی ڕابیتەیی ڕوویی یار ئەکا فکری ئەوەندە سافە وەک ئاوی ڕەوانە دڵ
بێ سوجدەیی هیلالی برۆی ئەو بەڕاستی زەرد و زەعیف و زار و کەچ و ناتەوانە دڵ
بێخود بە ئەمری ئەو بە لە دەیری مەجازییا ساقی مەیی حەقیقەتە، پیری موغانە دڵ
وەختی عورووجی حەققە، بەسە پەستیی بەتاڵ بۆ بانی مەعریفەت بە خودا نەردەوانە دڵ

2

[edit]
بِحَمْدِ اللّه بە بولبول مەشرەبێکی فازیل و خۆشحاڵ عەتای فەرموو خودا گوڵغونچەیێکی تازە و لێوئاڵ
ئەگەرچی ناوچەوانی پاکی قیبلەی ڕۆژپەرستانە هیلالی عیدی فیتریش دەرئەخا، ئەمما بە ئەبرۆی کاڵ
دەهان و مەقعەدی دوژمن قەعادەی بێت و بلوێری دەماری حاسیدی دەسرازە، ئێسقانی عەدووی خڕخاڵ
ئەگەر پێشکەش ئەفەرموون پێشکەشی بێت عەرشی ڕەحمانم بە توولی عومر و عیلم و فەزڵ و جاهـ و حیشمەت و ئیقباڵ
ئومێدم وایە بەدخواهی بەهەشتیی تەلعەتێکی وا بڵێسەی دۆزەخی بوخل و حەسەد بیکا بە کۆی زوخاڵ
بە تێغی شەرع و دیرعی وەرع و بەرزی عیلم و گورزی زوهد خودا بیکەی بەسەر هاوعەسری خۆیا وەک توهەمتەن زاڵ
کە ساڵی مەولیدیم پرسی، خیرەد فەرمووی وەکوو باوکی: بژی یا رب بجاه قائل عِش قَرناً او صد سال